چیرۆکە ئازاراوییەکانی نادیە موراد

وتار/ 17/09/2016 933 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

(دوای 3ی ئاب، کاتێک بردیانین بۆ بنکە یه‌ک، کە چووینە ناو بارەگاکە، بەسەدان ئافرەتمان بینی دانیشتبوون، کچێکی ئێزدی کە خەڵکی گوندەکەی ئێمە نەبوو، پێگوتم: لەو رۆژەوە کە هێناویانیتە ئەم بارەگایە، تا ئێستا زیاتر لە 4000 هەزار  کچ و ژنی ئێزیدی هێنراونه‌ته‌ ئێرە، لەناو ئەواندا رۆژانە داعش کچ و ژنەکانی هەڵبژاردووە و بردوویانن بۆ دەستدرێژی کردن و فرۆشتنیان.

بەڵام من باوەرم نەکرد. چونکە کاتێک داعش گرتیانیان و پێیان وتین ئێوە سەبایەن "کۆێلە"ن، نەمدەزانی سەبایە چییە؟!.

دوای سێ رۆژ مانەوەم لەو بارەگایەی داعش لە موسڵ، هەمان رۆژ زیاتر لە 130 داعش هاتن بۆ بارەگاکە، دەستیان کرد بە هەڵبژاردنی کچانی تەمەن نۆ ساڵ بەرەو سەرووتر. داعشێک منی هەڵبژارد، کە کەسێکی قەڵەوی پرچ درێژ بوو، ناوی سەلوان بوو. لە باوکم گەورەتر بوو، گوتی هەستە من تۆم دەستنیشان کردووە. بردمی بۆ بارەگایەکی تر و رادەستی پیاوێکی تری کردم کە ناوی حاجی سەلمان بوو، سەرکردەیەکی سەربازی داعش بوو، لە بارەگاکەیدا شەش پاسەوان و شۆفێرێک هەبوو.

 شەوی یەکەم داوای لێکردم ئایینەکەم بگۆرم، وتم ئەگەر دەستدرێژی سێکسیم ناکەنەسەر بەڵێن بێت ئاینەکەم بگۆڕم. وتی نابێت. دەبێت ئاینەکەش بگۆریت و دەستدرێژی سێکسیشت دەکەمە سەر. گوتم ئەمشەو نەخۆشم، "نەخۆشی مانگانەی ژنان" ئەو شەوە دەستدرێژی نەکردمە سەر. بەڵام شەوی دووەم دەسدرێژی کردە سەرم).

ئەمانە کورتەی ئەو لێدوان و دیمانەن کە نادیە موردا، خەڵکی گوندی کۆجۆی شەنگال بۆ راگەیاندنەکان و کۆرو کۆبوونەوە نێودەوڵەتی و سەرۆکەکانی جیهان کردوونی، نادیە ئەو کچە ئێزدییە کە دوای 2014/8/3 خۆی و خەڵکی گوندەکەیان و دەیان هەزار کەسی ئێزدی دەڤەری شەنگال، کەوتنە دەست هێزەکانی داعش، دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بێ تەقە و هیچ بەرگرییەک، ناوچە ئێزدییەکان و سەدان کلێمەتر چوار گۆشەی خاکی کوردستان لە شەنگالەوە تا رەبیعە بۆ داعش بەجێهێشت.

ناوەراستی ئەم مانگە نادیەی 21 ساڵ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو باڵوێزی نیازپاکی دەستنیشانکرا و کاندی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2016ەشە. بەدرێژایی دووساڵی رابردوو، ئەم کچە راستگۆیە، بێ پشتیوانی حکومەتی هەرێم و ئەم حزبەی شەنگالیان بۆ داعش بەجێ هێشت، توانیویەتی بە دیمانە راشکاوەکانی، بە فرمێسکە ناخ هەژێنەرەکانی، زۆڵم و زۆر و ناهەقی دەرهەق بە ئێزیدییەکان بگەیەنێتە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی. هەرئەوەندەش نا،  سەرکردەی دەیان وڵات و شێخی ئەزهەر و سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانی بینییووە.

دەستنیشان کردنی نادیە وەکو باڵۆزێزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکان، دیاردەیەکی دەگمەنی نێودەوڵەتییە و جێگای هەڵوێستەیە کە کچێکی بێ کەسی، بێ دایک و باوک و بێ خزم و کەس و کار بتوانێت بگاتە ئەم پلە بەرزە. راستە نادیە بەتەنها مایەوە، بەڵام توانی زۆڵمی سەر کەمەنەتەوەکەیان بگەیەنێتە دونیا، ئەو زوڵمەی سەرکردە خێڵەکییەکانی کورد هۆکاری بوون، کاتێک کەسوکاری نادیە و دەیان هەزار کەسی ئێزیدیان بۆ داعش جێهێشت. هەر بۆیەش زۆربەی سەرکردەکانی دونیا لە وڵاتانی عەرەبیەوە تا یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکا و کەندا، ئامادەبوون بەدەم خەمەکانی نادیە و ئێزیدییەکانەوە بچن، تەنها سەرکردە خێڵەکییەکانی کورد نەبێت، لەجیاتی پشتگیری دژایەتیشی دەکەن.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌