جیاوازییەکانی نێچیرڤان بارزانی چیین؟

وتار/ 16/11/2017 1738 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

 جیاوازییەکانی نێچیرڤان بارزانی چیین؟
ئیبراهیم عەباس


بەهۆ و بێ هۆ ناوە ناوە کەسە نزیکەکانی دەوری نێچیرڤان بارزانی و راگەیاندکارەکانی دەورو پشتی، ئەیانەوێت شیکپۆشییەکەی ئەو سەرکردەی پارتی وەکو جیاوازی ئەو بەرێزە وێنا بکەو راستییەکەشی جیاواز لە هەموو سیاسییە باڵاکانی تری هەرێم نێچیرڤان بارزانی وەکو کەسێکی جیاواز خۆی نمیاش ئەکات، ئەو کەسێکە لەبەردەم زوومی کامیڕاکانی دەزگاکانی راگەیاندن بەردەوام بەدوای ئەوەیە جیاوازتر لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی دەربکەوێت و هەر ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی جیاواز لەهەر کەسایەتییەکی بنەماڵە، لە هەندێک مناسەبەدا لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی دەربکەوێت. بەڵام ئایا بەراستی نێچیرڤان بارزانی لەچیدا جیاوازترە لەو رێبازە خێڵەکییەی بەزەبری هێزی دوژمنان و خیانەت لە میللەتەکەی خۆیان ئیرادەیان بەسەر خەڵکی کوردستان سەپاندووەو هاوشێوەی دوژمنەکانی کورد دەست لە کوشتن و بەکوشتدانی خەڵکی کوردستان ناپاریزن.

ئەو ساتەی ئیدریس بارزانی باوکی کۆچی دوایی کرد، تەمەنی نێچیرڤان بارزانی لە ٢١ ساڵ رەتی کردبوو، ئەم تەمەنەش بەپێوەرەکانی خوێندن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست تەمەنێکە کە ئەبوایە لە قۆناغی سێی زانکۆ بوایە، بەڵام بەراست ئەو ساتە نێچیرڤان لەو قۆناغەی زانکۆ دابوو؟ بێگومان نەخێرو هەر لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە دەستبەرداری خوێندن ببوو، بێ ئەوەی هیچ گرفتێکی ژیان و گوزەرانی هەبووبێت، یان توانای سەفەرکردنی بۆ خوێندن لە دەرەوە نەبووبێت.
پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئەی بۆچی دەستبەرداری خۆێندن بووە؟ بێگومان بەشێکی پەیوەستبووە بەو عەقڵە خێڵەکییەی خۆی و خێڵەکەی، کە خوێندن تێدا بەهایەکی نییە، بەشەکەی تریش پەیوەستە بەو سێڕاع و ململانێیە توندەی ناو ماڵی بارزانی، کە هەمیشە لەناو کوڕانی ئەو بنەماڵەیە هەبووەو هەیە و زۆرجار گەیشتۆتە دەستبردن بۆ خوێنی یەکتر یان روەدانانی یەکتر وەکو ئەوەی لە لەساڵی ١٩٧٤روویدا.

گەر لەرووی خانەوادەگییەوە هیچ جیاوازییەکی نەبێت، بێگومان لەناو پارتی نەک جیاوازی نییە، بگرە هەر وەکو پیاوانی تری خێڵەکەیەتی، چونکە لە تەمەنی ٢٣ ساڵییەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، ئەو پلەش بۆ نێچیرڤان بارزانی وەکو جێگری مامی و کەسی دووەم وابووە، بەکردەوەش شەش ساڵە جێگری سەرۆکی پارتییەو هەرگیز رەفتارو هەڵوێستێکی جیاواز نەک لە نێچیرڤان نەبیراوە، بەڵکو لە ١٩٩٣ەوە ئەوە نێچیرڤانە رێککەوتنی کوشت و راوەدونانی کوردانی باکوورو پەکەکە لەگەڵ تورکەکان ئەکات و ئەوە نێچیرڤان بارزانی بوو لە ئابی ١٩٩٦ نامەی مامی گەیاندە دەست سەدام و ٣١ ئاب ئەو لەهەموو پارتی زیاتر تێدا باڵادەست بوو.

بێگومانیش هەموو خەڵکی کوردستان ئەزانێت ١٦ ساڵە نێچیرڤان بارزانی لە هەڕەمی باڵای حکومەتی هەرێم دایە و چ پێش ٢٠٠٥ کە بارزانی لە پەڕلەمانی کوردستانەوە بووە سەرۆکی هەرێم دەسەلاتی رەهای حکومەت لای خۆی بووەو چی ١٢ ساڵی رابردووش ئەگەرچی بارزانی سەرۆکی باڵای جێبەجێکردن بووە بەڵام تێکەڵاوی کاری حکومەتی هەرێم نەبووە، لە کاتێکدا ئەو کەسە ١٦ ساڵە بێ هیچ لێپرسینەوەیەک سەرۆک وەزیران بووە، بەڵام نەک نەیتوانی بەو بودجە زەبەلاحەی کوردستان کارێکی گرنگی ستراتیژی بکات، بگرە حکومەتەکەشی ئیفلیج و قەرزدار کردووە.

ئەی ئێوە بڵێن بەراست نێچیرڤان بارزانی لە چی جیاوازە؟

تێبینی:

١/ لە ٢ ی ئایاری ئەمساڵ کاتێک وتارێکم لەسەر ئیدریس بارزانی باوکی نێچیرڤان نووسی، سیناریۆیەکی رێکخست کە گوایە کۆنترۆڵی رەوان و براکانی پێ ناکرێت، نێچیرڤان داوای لە بارزانی مامی کرد من دەستگیر بکات و بەکردوەش رۆژێک دواتر دەستگیرکرام.
٢/ لە ٥ تەموزی ئەمساڵ هەمدیسان لەسەر وتارێک لەسەر ئیدریس بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سیداد و مەسرور و مەسعود بارزانی رازیکرد بڕیاری تیرۆرکردنی منیان دا، بەڵام کاتێک بارزانی لە ٩ تەموز گەیشتە بەلجیکا بۆ رازیکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ ریفراندۆم و لەمەدا شکستیان هێنا، پیلانەکەیان گۆڕی بەلێدانم تا شێت بوون یان سەقەت بوون و کەوتنە سەرجێگا تامردن، کە بە موعجیزە پەوروەردگار فریام کەوت. ئەوەبوو رۆژی ١٠ی تەموز جەلادە تایبەتییەکانی بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بەسەر پەرشتی رەوان بارزانی و جێبەجێکردنی محەممەد سەلیم مزوری مودیر مەکتەبی عیسمەت ئەرگوشی لە ئاسایشی گشتی پیلانەکەیان جێبەجێکرد.
٣/ هەست دەکەم ئەگەر جیاوازییەک لە نێچیرڤاندا هەبێت ئەوەبێت نەتوانێت بێ فەرمانی بارزانی و سیداد بارزانی مامی و مەسروری ئامۆزای خەڵک تیررۆر بکات، بەڵام ئەوان ئەتوانن بێ نێچیرڤان بریاری لەم جۆرە دەربکەن، ئەگەرنا نێچیرڤان بارزانی لە هەموو شتێکی تر لە پیاوەکانی خێڵ و بنەماڵەکەی ئەچێت و هەرگیز جیاوازییەکی نییە!.


نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌