روانگەیەکی جیاواز لەسەر کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک

وتار/ 15/11/2017 568 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

روانگەیەکی جیاواز لەسەر کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک
ئیبراهیم عەباس
ئەگەرچی لە ناخەوە باوەڕم بەو راستییە هەیە کە بەخشین بەشێکە لە بەها بەرزەکانی مرۆڤ و هیچ چاکەکارییەک بەبێ بەخشین واتای نییە، بەڵام ئەم روانگە تەنها بۆ خەڵکی سادە راستەو کاتێک سیاسەت و فەرمانڕەوایی تێکەڵی پرسی کۆکردنەوەی هاوکاری و پیتاک ئەکرێت، زۆربەی جار بابەتەکە لە بەخشین و چاکەکاری لائەدات و تێکەڵی بەرژەوەندی جۆراوجۆر ئەبێت و دواجار ئەبێتە شکاندن و روشاندنی کەرامەتی مرۆڤ و سەرئەنجامیش شکاندنی ئیرادەی مرۆڤەکانی لێدەکەوێتەوە.

تابلۆی لەمێژینەی کورد و گیرۆدەبوونی خەڵکی کوردستان بەدەست شەڕی جۆراوجۆر کەبەردەوام نەهامەتی گەورەی لێکەوتۆتەوە، بەس بووە بۆ ئەوەی سەرانی کورد لەشۆڕشە چەکدارییەکاندا بەناوی خەڵکی کوردستانەوە دەرۆزە بکەن و ئیرادەی میللەتێک بشکێنن، هاوکات ئەو کاتەی سەرانی کورد بەدەرۆزە نەبێت پارەیان دەستنەکەووتووە، لە ئێستاشدا کە دەستیان بەسەر داهاتەکانی خەڵکدا گرتووە، بەبەرنامە و بەردەوام لەڕێگای بەدەرۆزەبوونی خەڵکی کوردستانەوە خۆیان بە بەخشەرو چاکەکار نمایش ئەکەن.

سەیر بکەن چی سەرکردەو رابەرو سەرۆکێکی دونیا قبووڵ ئەکات خەڵکەکەی لەپەنای وەرگرتنی پیتاک و هاوکاری بێ ئیرادەو ملکەچ بکرێت، جگە لەسەرانی کورد؟ ئەزانن کاتێک کارەساتێکی سروشتی لە وڵاتانی خۆرئاوا یان وڵاتانی گەشەسەندووی ئاسیا رووئەدات، بەدەر لەوەی حکومەت بەخێرایی بەهانای هاونیشتمانیان ئەکەوێت، لە بونیاتناوەی ژیانیشیاندا هاوکاریان ئەبن، بەڵام لە کوردستان لەکاتی نەهامەتییدا حکومەت نەک گوێ بەهاوکاری خەڵکەکەی خۆی نادات، بگرە بۆ هەندێک پێداویستی سادە ئیرادەشیان ئەشکێنن و میللەتێکیان لەسەر خاکێکی بەپیت و بەرەکەت و دەوڵەمەند کردووە بە سواڵکەر.

لە کاتی قاتوقڕییەکەی ١٩٦٦ کاتێک هیندستان لەگەڵ پاکستان لەشەڕدا بوو، ئەوساتەی ئەندێرا گاندی سەرۆک وەزیرانی هیند بوو، لە دۆخێکدا خەڵکی ویلایەتەکانی هیند لەبرسان ئەمردن، کەشتییەکی پڕ لە ئاردو خۆراکی ئەورپییەکان ئەگاتە کەنارە ئاوییەکانی هیند، بەڵام سەرۆک وەزیران رێگانادات ئەو هاوکارییە داخلی ناو هیندستان ببێت و هەمووی بۆگەن ئەبێت و فرێ ئەدرێت و ئەبێتە خۆراکی ماسییەکان. کاتێکیش لە ئەندێرا ئەپرسن بۆچی بەو لوتبەرزییەوە کۆمەک بۆ خەڵکی هیندستان رەت ئەکەنەوە؟ لەوەڵامدا ئەڵێت هیندییەکان پێیان خۆشە لەبرسان بمرن نەک بێ ئیرادەبن، ئەشڵێت ئەمە دوای حکومەت و پەرلەمان و خەڵکە کە لەسەر دیوارەکان ئەیاننووسی باشترە لەبرسان بمرین بەڵام میللەتێکی دەرۆزەکار نەبین.

ساڵی ١٩٤٥ لە کەنارە ئاوییەکانی ژاپۆن کاتێک جەنەراڵێکی ئەمریکی ئیمزای تەسلیمبوونی بە ئیمپڕاتۆڕیەتی یابان دەکرد و مەرجەکانی قەدەغەکردنی کەلوپەلی سەربازی بەسەر یاباندا سەپێنرا، ئیمپڕاتۆڕ ئەڵیت یابانییەکان چ شتێکیان لێ قەدەغە نەکراوە، جەنەراڵە ئەمریکییەکە ئەڵێت هەرچی پێداویستی مرۆڤ بێت ئەتوانن دروستی بکەن. ئیمپڕاتۆر خێرا ئیمزای تەسلیمبوون ئەکات و بەپەلە کۆبوونەوە بە خاوەنکارو کەسانی ئەکادیمی وڵاتەکەی ئەکات، داوایان لێ ئەکات شەو و رۆژ بخەنەسەر یەک بۆ ئەوەی بەڵای شەڕو نەهامەتی لەسەر خۆیان لابدەن و موحتاجی هیچ وڵاتێک نەبن، لەرۆژگارێکدا کە یابان لە شەڕیکی گەورەدابوو، لە دۆخێکدا دوو شاری گەورەی وەکو هیرۆشیماو ناکازانکی بە بۆمبی ئەتۆم ویران کرابوون.

ئەم دوو نموونە بەسن کە تێبگەین ئێمەی کورد لە لەلایەن چ جۆرە تایپێک لەسەرکردە رێبەرایەتیمان کراوە، لەلایەن سەکردەگەلێکی بێ ئیرادە، کە لە نەزانی و بێ ئیرادەیی خۆیانەوە چێژ لە زەلیبوونی مرۆڤی کورد ئەبینن، هەر بۆیە ناوی رەمزە حیزبییەکانی خۆیان ئەکەن بەناوی رێکخراوی خێرخوازی، بێ ئاگا لەوەی کە ئەمە شکاندنی ئیرادەی میللەتێکە کاتێک بەردەوام خەڵک فێری دەرۆزەو دەستپانکردنەوە بکەیت، وەکو ئەوەی هەر رۆژەو بەناوێک لەو وڵاتە دەوڵەمەندە بە پیتە بۆ شکاندنی کەرامەتی ئینسان دەستدەکرێت بە دەرۆزە بەکەسانێک کە ئەتوانن کار بکەن و ژیانێکی سەربەرزانەیان هەبێت، نەک کۆمەک بەکەسانی نەخۆش و کەم ئەندام و ئاوارەو لێقەوماو.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌