لە پەیامەکەى ئەمەریکا بگەن ئەگەرنا .....

وتار/ 16/09/2016 2154 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

 دواى سەردانى بۆ ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و دیدارى لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە ، سکرتێرى یەکێک لە حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان بۆی گێڕاینەوە کە ئەمەریکیەکان لە دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان زۆر نیگەرانن ، وە بەو دۆخەى کە لە هەرێمیش هەیە ئەوان شتى جدى لەسەر هەرێمى کوردستان بینا ناکەن ، ئەو دیدارە مانگێک بەر لە ئێستابووە ، دیارە ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکیەکان  پەیامێک بووە بۆ ئەوەى بگاتە هەرێمى کوردستان ، چونکە دیدارەکانى بەرپرسانى هەرێم لەگەڵ ئەمەریکیەکان و وڵاتانى تریش هەرکیز شەفاف نین،  جگە لە خۆیان و میدیاکانى سەر بەخۆیان کەسی تر نازانێت لە نێوانى ئەمەریکیەکان و ئەو وڵاتانە و  بەرپرسانى هەرێم چى شاراوە باس دەکرێت ؟
 بەڵام لە دوا دیداریان شاندى باڵاى ئەمەریکا کە پێکهاتبوو لە جێگرى وەزیرى دەرەوە و برێنت مەکورگ نێردەى سە رۆکى ئەمەریکا بۆ شەڕى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش بە ئاشکرا پەیامى خۆیان گەیاندە پارتى و یەکێتى کە داواى یەکڕیزى نیوماڵى کوردیان لێکردوون .
ئەمەریکا وەک وڵاتێکى زلهێزى جیهانى لە ناوچەکە نەخشە ڕێگاى خۆى هەیە ،  لەوانەشە تەواوى بەرنامەى خۆى بۆ ئێمەى کورد  ئاشکرانەکات ، ئەوەى ئێستا پێشینەى کارەکانیەتى کۆتایهێنانە بە ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش لەمەشیاندا ئازادکردنى شارى موسڵ لە پێشى پێشەوەى کارەکانى ئەمەریکایە بەرلە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى لە وڵاتەکەى کە لەو زووانە ئەنجام دەدرێت .
ئەمەریکا و رووسیا لە پشتى پەردە رێکەوتن و بۆ دیاریکردنى نەخشە ڕێگاى خۆیان لەناوچەکە پێشبینى هەلوەشاندنەوەى سنوورەکانیش دەکرێت لەسەر دەستى ئەو دوو وڵاتە ، جا تا ئێستا نازانرێت بۆ ئێمەى کورد دووبارە بوونەوەى (سایکس بیکۆ)یەکى ترە ، وەیان گۆڕینى سیفەرێکى ترە بە لۆزانێکى شووم تر یان ریکەوتنامەى (کیرى  - لاڤرؤ ف) لەهەگبەیدا شتى بۆ کورد پێێە ؟
دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و پەیوەندى نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکان مژدانەى خۆشى بۆ گەلەکەمان پێ نیە ، دەمێکە دۆستانمان لە دەرەوە و ناوخۆى کوردستان هاوارمان بۆدەکەن کە دەبێت کورد ناوماڵى خۆى یەکبخات تا بۆهەر گۆڕانکاریەک کە دێتە پێشەوە ئامادە بێت ، بەڵام کورد نەک هەر ئەمەى نەکردووە بگرە رۆژ بەرۆژ بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت.
دوا پەیەیامى شاندى ئەمەریکى بۆ دوو لایەن زۆر روون و ئاشکرابوو یەکەمیان  ئاڕاستەى  یەکێتى و پارتى کرا بوەى ئەوان دوو هێزن خاوەنى هیزى چەکدارن دەبێت نیوانى خۆیان چاک بکەن ، هى دەومیش ئاڕاستەى خودى یەکیتى کرا بەوەى بەو دۆخەى ئێوەى تێدان ناکرێت چاوەڕوانى شتى جدى لە ئەمەریکا بکەن ، ئەگەرنا نەبوونى کات بیانوێک بوو بۆ ئەنجامنەدانى دیدارى شاندى ئەمەریکى لەگەڵ یەکێتى  .
ئەمەریکیەکان لەهەموو کەس باشتر دەزانن باڵانسى پەیوەندیەکانیان ڕابگرن ، بەڵام لە سیاسەتى ئەوان یەک شت هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئاستى فشارەکانیان سنوور دارە ،  واتا ئەو مافە بە خۆیان نادەن جگە لە داواى یەکڕیزى هیچ فشارێکى تر بکەن  ، کە ئەوانى لاى خۆمان لەو زمانە دبلۆماسیە نەرمە تێناگەن !!
ناشکرێت چاوەڕوانى ئەوە لە وڵاتان و دۆستەکانمان بکەین لەبەرامبەر کورد وەک کورد ووتەنى ( لەمەلیک مەلیکتر بن )
میژووى کورد پڕە لە تۆمارى ناخۆش کە شۆرش و سەرکردەکانى  نەیانتوایوە کەڵک لە دەرفەت و گۆڕانکاریەکان وەرگرن و کاتێکیش رووبەڕووى شکست بوونەتەوە کەوتونەتە لۆمە و گلەیی لە وڵاتان .
ئێستا کە بەرەو کۆتایی شەڕى داعش دەچین کاتى ئەوە هاتووە پەیوەندیەکانى هەرێمى کوردستان شەفافانە بێت ، لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەى خۆیان بە دۆستى ئێمە دەزانن و ئەوانەشى کە بە حساب دۆستن بەڵام لە ئەساسدا دژ بە ئەزموون و دەسکەوتەکانى کوردن ، لەهەمووشى گرنگتر ئەوەیە دەبێت کورد لە پەیامى وڵاتانى کاریگەر لەناوچەکە بگات ، بەتایبەت پەیامى ئەمەریکا کە هەمیشە بۆ ناوخۆى خۆمان داواى یەکڕیزیمان لێدەکات ، ئەوە نەکرێت دەبێت چاوەڕوانى باجى گەورەتر بکەین کە پێشتر چەندین جار ئەو باجەمان داوە .

نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌