پەیامەکانی پشت نامەکەی بارزانی بۆ قاسم سلێمانی

وتار/ 09/11/2017 993 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس


ئیبراهیم عەباس
چەند رۆژێک دوای ئەو نامەی مەسعود بارزانی لە کۆتایی مانگی رابردوو بۆ قاسم سلێمانی ناردبوو، تێدا پرسەی خۆی بۆ کۆچی دوایی باوکی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران راگەیاندبوو، قونسڵخانەی ئێران لە هەولێر ئەو نامەیەی بڵاوکردووە.
ئەو کارەی قونسوڵییەی ئێران زۆر مەبەستدارەو پرن لەو پەیامانەی کە پیویست دەکات کۆماری ئیسلامی ئێران بە خەڵکی کوردستانیان بدات، بەتایبەت کە لە ٢٠١١ەوە بارزانی شانازی بەخۆیەوە ئەکات کە گوایە ئەو رێگرە لە بەردەم هیلالی شیعی و لەم پێناوەش ئیسرائیل نەوتی تاڵانکراوی کوردستانی بۆ بارزانی ئەفرۆشت و سعودییەش کۆمەکی دارایی بە بارزانی ئەبەخشی و تورکیاش هەماهەنگی هەموو کارێکی حزبەکەی بارزانی بوو.
گەر ئەو زانیاراینەی پارتی و ماڵی بارزانی راستبن کە لەرێگای رۆژنامەنووس و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئوردن ساڵح قەلاب لە کەناڵی العربیە الحدسی سعودی بڵاوکراونەوە کە گوایە تێکچوونی پەیوەندییەکانی بارزانی و ئێران بۆ رەتکردنەوەی ئەو داوایە دەگەڕێتەوە کە ئێران بەنیاز بووە لە حاجی عمرانەوە و بەرێگای فیشخابوو چەک بۆ بەشارد ئەسەد بنێرێت، و لەم رێگایەشەوە بارزانی خۆی لە بەرەی تورکیا قایمتر کردبێت و ئیسرائیل و سعودییەکان و دونیای عەرەبی سونەی رازی کردبێت، ئەوە دەکرێت رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرو دەرپەڕاندنی خێرای هێزەکانی پارتی لە کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، بەشێکی تۆڵەی ئەو هەڵویستانە بووبێت کە بەدرێژایی شەش ساڵ بارزانی بێ حساب کردن بۆ ئێران بەکەیفی خۆی هەر رۆژە لەسەر پەتێک و لەسەر حسابی ئێران یاری لەگەڵ ئەمریکییەکان و ئیسرائیل و تورکیاو سعودییەو دونیای عەرەبی سونە بەتایبەت کوەیت و ئیمارات و ئوردن ئەکرد.
ئەم ماوەیە بەشێک لە راگەیاندنی یەکێتی دزە بەو جموجۆڵانە ئەکات کە خودی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ مەرایی ئێران ئەیکەن و ئەیانەوێت لەسەر حسابی ئیهمالکردنی ئەمریکییەکان خۆیان لە ئێران نزیک بکەنەوە، بۆ ئەمەش پارتی ئەیەوێت بە مێژووی خۆیدا بچێتەوە ئەو مێژووەی کە پارتی تاکە هێزی کوردستانە کە لە ١٩٧٩ ەوە زۆرترین هاوکاری پارەو چەکی لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە، هاوکارییەکە بەجۆرێکە ئەو پێشمەرگانەی پارتی کە لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو چ لە شەری براکوژی حزبی دیموکرات چ لەگەڵ یەکێتی بە کوشتدراون، ئێران وەکو شەهیدی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ کردوون و مووچەی بۆ بریونەتەوەو کەس و کاری بە کوشتدراوەکان لای دەزگای شەهیدانی ئێران وەکو شەهید حساب کراون و هەموو ئیمتیازێکی مووچە و خوێندن و سەفەرو نەخۆشی و خانووی و جێگای حەوانەوەیان لە ئێران بۆ دابینکراوەو ئێستاش ئەو مووچە و ئیمتیازە بەردەوامە.
بڵاوکردنەوەی نامەکەی بارزانی لەلایەن ئێرانییەکان پەیامێکیشە بۆ ئەمریکییەکان و ئیسرائیل و سعودیە کە ئێستا بارزانی رووەو ئێران وەرچەرخاوەتەوەو بێگومانیش هەر جموجۆڵێکی پارتی و بارزانی رووەو ئێران لەلایەن راگەیاندنەکانی ئێرانەوە بەردیدی هەمووان دەخرێت، چونکە ئەو حزبەو سەرۆکەکەیان هێندە ئەوبەر ئەوبەری کردووە، کەس متمانەیەکی ئەوتۆی پێ نەماوە، ئاخر ریفراندۆم دەریخست کە بارزانی چەند ناکارامەیە بەجۆرێک بۆ مانەوەی خۆی ریسکی بە خاک و ژیان و قوتی خەڵکی کوردستان کردوو، بە ئاسانیش دۆڕا.
جموجۆڵی عەبادی بۆ هەرچی زووتر وەرگرتنی ئیبراهیم خەلیل و خابوورو رادەستکردنیان بە سوپای عێراق، کە ئێستا خاڵی ناکۆکی سەرەکی پارتی و حکومەتی ناوەندییە، ئەو خەونەی پارتی لە گۆڕدەنێن کە بەنیازن لەسەر حسابی دژایەتی ئەمرکییەکان پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بدەنەوە، چونکە لەم خاڵە ئەو هیلالە شیعییەی کە بارزانی شانازی پێوە دەکرد کە ناهێڵێت سەربگرێت، دەگاتە دوا خاڵی خۆی.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌