هۆکارە ڕاستەقینەکانى نەدانی مووچە!

وتار/ 13/09/2016 7083 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

دواکەوتنی مووچە و کەمکردنەوەی بۆ چارەگ و نیوە و دواجار هەر نەدانی، یاریەکی سیاسییە و هیچ پەیوەندی بە ( برینی بودجە لە لەلایەن عێراق، دابەزینی نرخی نەوت، زۆربوونی ژمارەی ئاوارە، شەری داعش) و هیچ بەهانەیەکی ترەوە نییە.
 ڕاستە کۆمەڵە گرفتێکی دارایی ڕووبەڕووی کوردستان بوونەتەوە، بەڵام ئەم ئاستەنگ و گرفتانە نەهی ئەوەن مووچە بکرێتە چارەگ و نەهی ئەوەشن مووچە دوا بکەوێت یان هەر نەدرێت.

نامەوێت قسە لەسەر داتا و ئامار و بری ڕاستەقینەی ئەو داهاتانە بکەم، کە ئابووریناسان، پەرلەمانتارە دڵسۆزەکان و پسۆڕانی بواری حوکمرانی کوردی، ڕۆژانە لەسەر هەقیقەتی داهاتی نەوت و داهاتە جۆربەجۆرەکانی کوردستان ئاشکرای دەکەن، بەقەد ئەوەی دەمەوێت لەسەر ئەو ڕاستیانە هەڵوەستە بکەم کە هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو مۆتەکەیە کە بەناوی نەبوونی مووچەوە بوونەتە بەڵا بۆ گیانی خەڵکی کوردستان.
لەسەر دەستی ئەو گروپە سیاسییەی کە لە هەڕەمی سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکانن.

دیقەت بدەن، کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەراستی ١٩٩٤ بوو بە دوو کەرتەوە، هەر دوولای شەرکەری شەڕی ناوخۆ "پارتی و یەکێتی" توانیان مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەر و مامۆستایانی خۆیان بدەن، دواتریش کە لە ١٩٩٧ەوە دوو ئیدارەیی "ئیدارەی پارتی لە هەولێر و ئیدارەی یەکێتی لە سلێمانی" سەریانهەڵدا، نەک هەر مووچە، بگرە دەیانتوانی لەگەڵ سەرفکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، دەیان و سەدان پرۆژەی خزمەتگوزاری بکەن، بەجۆرێک تا ٢٠٠٥ کە کابینەی پێنجەمی حکومەتی یەکگرتوو پێکهاتەوە.
 پارتی و یەکێتی خەریکی مزایەدەکردن بوون لەسەر ئەوەی کامەیان لە سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆی، خزمەتی زیاتری بە خەڵک و مووچە خۆران و ئاواکاری کوردستان کردووە، لەکاتێکدا ئەوسا، نە کورد قەترە نەوتێکی هەبوو بیفرۆشێت نە بودجەی حکومەتی عێراقیشی هەبوو.

ملکەچی خەڵک بۆ حزبە فەرمانڕەواکان، دەستدانە تفەنگی برا دژی براکەی! بوونە هۆی ئەوەی ئەمرۆ سەرکردەکانی کورد، سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت، نەک هەر مووچە نەدەن و پارەکانی کوردستان بۆ بەرژەوەندییە کەسی و حزبی و بنەماڵەیەکانیان بەکاربهێنن، بەڵکو بەتەمای جەولەیەکی تری شەری براکوژی، هەرچی پارە و سامان هەیە بیشارنەوە، بەو تەمایەی هەمدیسان هاوشێوەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کوردستان بەخوێنی براکان سووربکەنەوە و لەو ڕێگایەش گرەنتی مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەنەوە.

بەهانەکانی نەدانی مووچە ڕوونن، هەڕەشەکانی چەند وەزیرێکی حکومەت و وتەبێژەکەی حکومەت لە مامۆستایان و فەرمانبەران ئاشکران، برسیکردنی خەڵک و پەکخستنی بازارەکان، نکۆڵی نەکراون، بڕو ژمارەی داهاتە بێشومارەکانی کوردستان ناشاردرێنەوە، بەڵام کاتێک ئەو نوخبە سیاسییەی ڕێژەیان لە پەنجەکانی دەستی یەک مرۆڤ تێپەرناکات، بەئاسانی بۆیان چووە سەر، شەڕی ناوخۆ هەڵبگرسێنن و دوایش خۆیان بە بێ تاوان وەسف بکەن، کاتێک بۆیان لوا پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی پەک بخەن، کاتێک نەترسان لە جیاتی یاسا کار بەجۆرە حکومێکی قەرەقووشی بکەن، ئیتر باکیان بە ژیانی و کەرامەتی خەڵک نەما و تا ڕای گشتیش داوای مافەکانیان نەکەن، هەرگیز بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی ڕێژەی داهات، کاریگەری لەسەر دابینکردنی مووچە و ژیانێکی شایستە بۆ هیچ کەسێک ناکات.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌