ديسان ئیمرالى گۆمەکەى هەژاند
وتار/
13/09/2016
918 جار بینراوە
هیوا سەید سەلیم
دواى ساڵ و نیوێک لە گۆشەگیرى سەر (ئۆجالان)، کە دەوڵەتى
تورکیا لە ٥ى نیسانى ٢٠١٥ بە فەرمى قەدەغەى خستبووە سەر دیدارى کەسوکار و شاندى
دانوساندکارى ئیمراڵى لەگەڵ (ئۆجالان)، وا بۆ جارێکى تر( ئۆجالان) دەرگاى دیدارى بەڕوودا
دەکرێتەوە، کە پێشتریش ئەو قەدەغەیە بۆماوەى ساڵانێکە خرابووە سەر پارێزەرەکانى،
تا ئێستاش پارێزەرەکانى ناتوانن سەردانى بکەن و دیدارى لەگەڵ ئەنجام بدەن.
ئەگەرچى پێشتر لە چوارچێوەى پرۆسەى ئاشتى کە قۆناعى دووەمى
بە فەرمى دواى بانگەوازەکەى (ئۆجالان) لە
نەورۆزى ٢٠١٣ دەستیپێکرد تا تەمووزى ٢٠١٥ بە بەردەوامى شاندى دانوساندکارى هەدەپە
و حکومەتى تورکیا و کەسوکارى لەو دوو ساڵە دیدارى ڕاستەوخۆیان لەگەڵى ئەنجام داوە،
بەڵام لەو ساڵ و نیوەى دوایی جیهان لە ئیمراڵى بێخەبەربوو.
لەو
ماوەیە نەک هەر کەس زانیارى لەسەر ئۆجالان نەزانیوە بگرە گومانیش دەکرا کە گیانى(ئۆجالان
) کەوتبێتە مەترسیەوە، بەتایبەت دواى ئەوەى وابڵاوکرایەوە کە لە چوارچێوەى کودەتاى
١٥ تەمووز هەوڵێک هەبووە کە ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز لە ڕێگاى هیلکۆپتەرێکەوە خۆیان
گەیاندبێتە بەندیخانەى ئیمراڵى.
ئابلوقەى سەر دیدارەکانى ئۆجالان چۆن شکا؟
کۆتایی
مانگى ئابى ئەمساڵ هاوسەرۆکایەتى کۆماجفاکێن کوردستان (کەجەکە) لە پەیامێکیدا
داواى دەسپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى دەکات، هاوسەرۆکایەتى کەجەکە لە پەیامەکەیاندا دەڵێت
"لەسەر داواى چەند دەوڵەتێک و چەند لایەنێکى دۆست لە باشوورى کوردستان و هەروەها
لەسەرداواى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە)، ئەوان بانگى ئاشتى لە دەوڵەتى تورکیا
دەکەن".
بۆ وەگەڕخستنەوەى ئەو پرۆسەیەش داواى نیشاندانى هەنگاوى
نیازپاکى لە دەوڵەتى تورکیا دەکەن ، لەو داوایانەى کە کەجەکە لە دەوڵەتى تورکیایان
هەیە، ناردنى شاندێکى پەرلەمانتارانى تورکیایە ، کە داوا دەکەن نوێنەرانى هەدەپە لەو
شاندە هەبێت کە دەچێتە ئیمراڵى بۆ ئەنجامدانى دیدار لەگەڵ ئۆجالان، کەجەکە ئەو هەنگاوە
بە دەستپێکى زیندووکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى دەبینێت .
ئەو داوایە و پەیامەى کەجەکە هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانێکى
(مارک تۆنەر)ى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا، کە داواى لە تورکیا و پەکەکە
کردبوو بۆ زیندوکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى بگەڕینەوە سەر مێزى گفتوگۆ، لە ناوخۆى تورکیا
و باکوورى کوردستانیش هەدەپە پشتیوانى لە بانگەوازەکەى کەجەکە کردوو و ڕاشیانگەیاند
"هەرچى دەکەوێتە سەرشانى ئەوان بە سەرکەوتنى ئەو پرۆسەیە ئەوان ئامادەن جێبەجێی
بکەن" .
لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەش لە تورکیا و ئەوروپا بۆ هەڵگرتنى
گۆشەگیرى سەر (ئۆجالان)دەستدرایە ئەنجامدانى چەندین چالاکى مەدەنى، لە شارى ئامەد
مانگرتن ڕاگەیەندرا، تا دوا جار وەزارەتى ناوخۆى تورکیا ڕایگەیاند، کە ئامادەیە بۆ
جەژنى قوربان ڕێگا بەدیدارى کەسوکارى( ئۆجالان )بدات تا بچنە ئیمراڵى، دیدارى ئیمراڵى
کە ١١ ئەیلول ئەنجامدرا بۆ ڕۆژى دواتر پەیامى (ئۆجالان ) لە ڕۆژێکى شوومى مێژووى
تورکیا کە بە ڕۆژى کودەتاى ١٢ ئەیلول ١٩٨٠ ناسراوە لە لایەن (محەمەد ئۆجالان) خوێندرایەوە هەر ئەو
ڕۆژەش کۆتایهێندرا بە مانگرتن.
ئایا پەیامەکەى (ئۆجالان) دەبێتە دەستپێکى زیندووکردنەوەى
پرۆسەى ئاشتى ؟
پرۆسەى
ئاشتى لە نێوان دەوڵەتى تورکیا و گەلى کورد لە باکوورى کوردستان بە شێوەیەکى فەرمى
بە دوو قۆناغ ئەنجامدراوە .
قۆناعى
یەکەم کە بە کۆبوونەوەکانى ئۆسلۆ ناسراوە، لە ساڵى ٢٠٠٩ دەستیپێکرد و دوو ساڵى خایەند،
ئەو پرۆسەیە بە نهێنى ئەنجامدراوە و میت نوێنەرایەتى دەوڵەتى تورکیاى کردووە، قۆناغى دووەمیش کە وەک پێشتر باسمانکرد لە ٢٠١٣
دەستیپێکرد و لە تەمووزى ٢٠١٥ دواى ئۆپراسیۆنى سوپاى تورکیا بۆسەر هێزەکانى پەکەکە
کۆتایپێهات، قۆناغى دووەم تەکانیکى باشى دایە پرۆسەکە، بەوەى پەیامە ١٠ خاڵیەکەى ئۆجالان
کە لە نەورۆزى ٢٠١٣ خوێندرایەوە کرایە بنەماى دانوساندنەکە و لێژنەى دانووسان لە
لایەن هەردوو لا دروستکرا و بەرهەمەکەشى واژۆکردنى یاداشتى لێکتێگەیشتنى (دۆڵمەباخچە)
بوو کە لە ٢٨ شوباتى ٢٠١٥ لەنێوان شاندى دانووساندکارى دەوڵەت و هەدەپە ریکەوتنى لەسەر
کرابوو .
بەڵام ڕیککەوتنامەى (دۆڵمەباخچە) نەک هەر نەبووە هۆى سەرکەوتنى
پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا، بەڵکوو خوێندنەوەى
جیاجیا بۆ ئەو ڕێککەوتنامەیە دەکرا، بەتایبەت لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتدارانى ئەکەپە،
بەشێوەیەک کە لەلایەن ئەردۆغان ڕاگەیەندرا "کە شتیک نیە ناوى ڕێککەوتنى دۆڵمە باخچەوەیان پرۆسەى ئاشتى" بێت.
ئەو
هەڵوێست و خوێندنەوەى (ئەردۆغان ) هۆکارى لەباربردنى پرۆسەى ئاشتى بوون، نەک ئەوەى
لێرەو لەوێ دەوترێت کوژرانى دوو پۆلیس کە پەکەکە خستیە ئەستۆى خۆى، هۆکارى شکستى
پرۆسەى ئاشتیى بووە، بەهەر حاڵ پرۆسەکە لەباربردرا، لەو ماوەیەشدا کورد هەمیشە
داواى زیندووکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى دەکرد، بەڵام ئەو داوایەى کورد یەکلایەنە بوو،
تورکیا نەک بەپیرداواکە نەهات، بگرە دواجار بیناڵى یڵدرم، سەرۆک وەزیرانى تورکیا وتى "شتێک نەماوە بەناوى
ئاشتى و ماشتى".
تورکیا نەک پرۆسەکەى ڕاگرت بگرە لەو ساڵ و نیوە بە دڕندانەترین
شێوە ڕووبەڕووى داخوازییەکانى کوردبووەوە و شەرى سەرتاسەرى ڕاگەیاند و هەزاران کەسى
لە خەڵکى مەدەنى و سەرۆک شارەوانیەکان و کادیرانى هەدەپەى ڕاپێچى زیندانەکان کرد،
لەو بارودۆخە شڵەژاوەى تورکیا جارێکى تر (ئۆجالان) لە ئیمرالیەوە بانگى ئاشتى ڕادێرا،
ئەو دەڵێت "ئەگەر دەوڵەت جدى بێت
باشاندێک بنێرێت بۆ ئیمراڵى بەشەش مانگ پرۆسەى ئاشتى سەردەکەوێت".
ئۆجالان ، ئەمجارەشیان نەخشەڕێگاى ئاشتى دانایەوە، بۆئەوەى
وەک جاران هیچ لایەک لە دەوڵەت و لەکورد یەکترى بە شکستى دانواسانەکان تۆمەتبار نەکات
(ئۆجالان ) داواکارە شاندێک بچێتە ئیمرالى، پێشتریش کەجەکە داوایکردبوو ئەو شاندە
پێکبێت لە (نوێنەرى حزبەکانى ناو پەرلەمان بە نوێنەرى هەدەپە و نوینەرانى کۆمەڵگاى
مەدەنى و عەلەوییەکان و ڕۆشنبیران) ئەو
داوایەى کورد بۆ ئەوەیە لایەنى سێیەم لە نێو پرۆسەکەدابێت، لە هەمووشى گرنگتر پێش
پەیامەکەى (ئۆجالان) قەندیل ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر دەوڵەتى تورکیا نیازپاکى نیشان
بدات ئەوە هەرچى بکەوێتە سەرشانى ئەوان ئەوا ئامادەى جێبەجێکردنى دەبن .
لەو قۆناغە چى دەکەوێتە ئەستۆى دەوڵەت و پەکەکە؟
لەهەموو قۆناغەکانى دانووستان دەوڵەت یەک داواى لە کورد
هەبوو ئەویش ئەوەبوو کە دەبێت پەکەکە چەک دابنێت، لەبەرامبەردا پەکەکە دەیوت ئێمە
چەک بێدەنگ دەکەین تا لە نیەتەکانى دەوڵەت دڵنیادەبین، (چەکدانان و چەک بێدەنگکردن)
خاڵى ناکۆکى نێوان هەردوولابوو، بەڵام گرفتى ئەساسى ئەوەبوو کورد لە هەنگاوەکانى دەوڵەت
بەگومان بوو، بۆیە ئێستاش داواى نیازپاکى نیشاندان لە دەوڵەت دەکات، لەبەرامبەر ئەوەدا
دەڵێن ئێمە ئامادەى هەموو شتێکین.
لەهەموو قۆناغەکانى دانوستان کورد دەسپێشخەرى کردووە و
تورکیاش پرۆسەکەى لەبار بردووە، بەڵام چونکە کورد لە پرۆسەى ئاشتى دەستکەوتى هەبوو
وا جارێکى تریش( ئۆجالان ) گۆمەکە دەهەژێنێت و بانگى ئاشتى دەدات، لە هەمووشى
گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت دەوڵەتى تورکیا بزانێت (قەندیل و ئامەد و ئیمرالى) تەواوکەرى
یەکترن، مراهەنە لەسەر لێکترازانیان خەونە و نایەتەدى، هەربۆیە دواى ڕاگەیاندنەکەى
کەجەک و پشتیوانى هەدەپە لەو دەسپێشخەریە وا ( ئۆجالان ) دێتە سەرخەت و گۆمەکە دەهەژێنێت.
نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم
-
هیوا سەید سەلیم
11/09/2019
-
هیوا سەید سەلیم
18/08/2017
-
هیوا سەید سەلیم
19/05/2017
-
هیوا سەید سەلیم
10/05/2017
-
هیوا سەید سەلیم
12/04/2017
-
هیوا سەید سەلیم
16/02/2017