نامە پڕ لە پاڕانەوەکەی بنەماڵەی بارزانی بۆ ئەردۆغان

وتار/ 06/10/2017 1423 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

نامە پڕ لە پاڕانەوەکەی بنەماڵەی بارزانی بۆ ئەردۆغان
ئیبراهیم عەباس
ئەم نامە کراوە کە رێبوار کەریم وەلی نووسەری دەرباری نێچیرڤان بارزانی و بنەماڵە، بە تورکی بۆ رەجەب تەیب ئەرۆغانی نووسیووە، لوتکەی پاڕانەوەیە و نیشانی دەدات کە ئەو سیاسیانەی بە ئاگرو ئاسن و تەزویر خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە، چەندە بچوکن لە ئاست کەسێکی تورک. نامەکە ئەوەش دەردەخات کە بەهۆی داخرانی دەرگاو پەنجەرەکانی ئەردۆغان بەسەر بارزانیییەکاندا ناچاربوون لە میدیای تورکی ئەم نامەیە بۆ سوڵتان! بنێرن، چونکە نێچیرڤان بارزانی وتی دوو مانگە رێگام نادەن بچینە تورکیا.

هیوادارم بەوردی ئەم نامەیە بخوێنەوە، چونکە رێبوار کەریم وەلی دان بەو هەموو خۆبچوککردنەوەیەدا ئەنێت کە پارتی و بارزانی بۆ ئەردۆغان و تورک کردویانە.

...................................

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان

بەڕێز ئەردۆغان"پیاوی مەرد" بن

رێبوار کەریم وەلی

بەڕێز جەنابی سەرۆککۆمار پەشیمانم، چونکە بڕوام بەوە ھەبوو کە زاتی عالیتان رۆڵتان دەبێ لە کۆتایی ھاتنی ئەو ھەموو زوڵم و رەشەکوژییەی کە سەد ساڵە بەسەر میللەتی کورددا ھاتووە. پەشیمانم چونکە بڕوام پێتان کرد...
پەشیمانم چونکە ئەو زمان و دەستەواژانەی لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی گشتپرسی لە دژی ئێمە بەکارت ھێنا، بەھیچ شێوەیەک خزمەت بە برایەتی و ئاشتیی نێوان گەلی کورد و تورک ناکات.

ھەر لە رۆژی یەکەمەوە کە نزیکەی ٩٢ لەسەدی گەلی کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بەڵێ بوو، کاردانەوەی جەنابتان ئەوە بوو کە ئەم ریفراندۆمە ناشەرعی و پووچە! ئەی باشە بۆ کە ئێوە کە ویستتان سیستەمی وڵاتی خۆتان بگۆڕن و تەنھا ٥١.٤ لەسەدی دەنگتان ھێنا مەشروع بوو؟ بۆ ٩٢ لەسەدەکەی گەلی ئێمە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ناشەرعییە؟

تەنھا لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین؟
باسی تەمبێکردن و ئابڵووقەدانی کوردستان دەکەن. دەڵێن:"لە قۆناغی یەکەمدا کاتێک بارھەڵگرەکان بوەستێن، خەڵکی باکوری عێراق خواردن و جلوبەرگیان دەست ناکەوێ" بە برسی کردن و کەربەلایەکی دیکە ھەڕەشە لە یەکێک لە کۆنترین گەلانی دنیا واتا کوردستان دەکەن؟ مەگەر رزق و رۆزیی خەڵکی کوردستان لە دەست ئێوەدایە کە بتوانن ئەو قسەیە بکەن؟

بەڕێز جەنابی سەرۆککۆمار، دەمەوێ بەبیرتان بێنمەوە کە مێژووی گەلی ئێمە، پڕە لە برسیەتی، ھەڕەشە و رەشەکوژی، بۆیە ئەوە بۆ ئێمە شتێکی تازە نییە. پێتان وایە گەلی کوردستان بە ھەڕەشەی برسی کردن چۆک دادەدات!؟

ئینجا دووبارە ھەڕەشەی گرتنەوەی بۆڕیی نەوتمان لێ دەکەن. کاتێک سەرباری ناڕەزایەتیی بەغدا رێگەتان دا نەوتی کوردستان بگاتە بەندەری جەیھان و لەوێ لە کەشتی بار بکرێت، بگاتە نیمچە دورگەی مەکسیک و پارەکەی بڕژێتە حیسابی ھاڵک بانکی تورکی، بۆ ھیچتان نەگووت و ئەوکات بەلوعەکەتان نەگرتەوە؟ چەندتان لە پارەی نەوتی کوردستان دەستکەوت؟ ھاڵک بانک و ئەو کەشتییانەی نەوت کوردستان دەگوازنەوە ھی کێن بەڕاست؟

بەڕێز جەنابی سەرۆککۆمار، دەفەرموون:"لە خراپترین رۆژەکاندا لەگەڵیان بووین، بەس ئێمەیان ھەڵخەڵەتاند." بەشار ئەسەد، ناتانیاھوو، ئۆباما و تەنانەت گوولەنیش ئێوەیان فریۆدا و، دوایین کەسیش بەڕێز بارزانی ئێوەی فریو دا!! پێم سەیرە چۆن ئەو ھەمووانە توانیان وا بەئاسانی جەنابت لەخشتە بەرن؟؟

نەخێر جەنابی سەرۆککۆمار، سەرۆک بارزانی ھیچ کاتێک ئێوەی لە خشتە نەبرد. بەڵام پێموایە جەنابتان بۆ دەستھێنانی ئەو دەنگانەی کە بۆ سەرۆکایەتیی خۆتان پێویستتان بوو لە گەلی کورد بەدەستی بھێنن، گەلی کوردستانتان لە خشتەبرد. ئەو کەسەی کە ئێوە ئەمڕۆ دەڵێن:"خیانەتی لە وڵاتەکەمان کرد" واتا سەرۆک بارزانی، ئەدی ھەر ئێوە نەبوون بە سیفەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەدەستھێنانی دەنگی کوردانی باکور بانگھێشتی ھەڵمەتی پڕوپاگەندەتان دەکرد؟ مەگەر ئەوە ھەر ئێوە نەبوون کە لە گردبوونەوە جەماوەرییەکان بەیەکەوە"مەگری مەگری"تان دەگووت؟ ئایا ئەو کاتە بەڕێز سەرۆک بارزانی، سەرۆکی کوردستان نەبوو؟ ئەو رۆژانەی پێویستتان بە یارمەتیی ئەو ھەبوو لە ئانکارا فەرشی سوورتان بۆ رادەخست و ئاڵای کوردستانتان بۆ ھەڵدەکرد، خێرە لە پڕێکا شەرعییەتی لەدەست دا؟!

ھەڕەشەی ئەوەمان لێدەکەن کە ھەموو ئەو پردانەی لە نێوان تورکیا و کوردستاندا درووست بوونە، دەڕووخێنن، دەڵێن بژارەی سەربازیشمان لەبەر دەستە! دوای بەعس و داعش نۆرەی ئێوەیە کە کوردستان خاپوور بکەن؟ ئایا بەو سەربازانە دەتانەوێ شەڕی ئێمە بکەن کە چەندین ساڵە لە وڵاتی ئێمەن و پێشمەرگە دەیانپارێزێت؟ یان بەو حەشدی شەعبیانەی کە رۆژ نییە ھەڕەشەی شەڕ لەگەڵ تورکیایان بەدەمدا نەیەت، لەگەڵ ئەوان بە ھاوبەشی پەلامارمان دەدەن یان لەگەڵ ئەو داعشانەی کە سەربازانی تورکیایان بە زیندوویی سوتاند، دەبن بە ھاوپەیمان؟

بەڕێز سەرۆککۆمار دەمەوێ بەبیرتان بێنمەوە کە خوێنی پێشمەرگە و سەربازی تورک لەسەر خاکی کوردستان پێکەوە رژاوە، تێکەڵی یەک بوونە و بوونەتە ھاوخوێن.
پێمان دەڵێی:"قەرزتان دەدەینێ، بەڵام سەربەخۆ و بێ ئەوەی پرسمان پێبکەن دەچن ئەو ھەنگاوە دەھاوێن." ئایا گەلی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی پێویستیی بە فتوای ئێوە ھەبوو؟ گەلی تورک بۆ درووستکردنی دەوڵەتی خۆیان لە کێوە فتوای بۆ درا و ئیزنی لە کێ وەرگرت؟

. بەڕێز جەنابی سەرۆککۆمار، ئایا بەڕێز بارزانیەی کە ھەمیشە بۆ دابینکردنی ئاشتیی ناوخۆیی وڵاتەکەتان وەخت و ناوەخت پەنای بۆ دەبەن، بەس لەبەر ئەوەی گەلی کوردستانی سەرپشک کرد لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و پرسی بە ئێوە نەکرد بە خائیین و سەرۆک عەشیرەت ناو دەبن؟
بەڕێز جەنابی سەرۆککۆمار، من بە پەنابەری لەدایک بووم بە پەنابەری ژیام و رەنگبێ بەپەنابەریش بمرم، بەڵام دڵنیامە کە کوڕەکەم لەگەڵ ھەموو منداڵانی کوردستان لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا دەژین.

بەڕێز جەنابی سەرۆککۆمار،تکاتان لێ دەکەم ئەو پردانەی چەندین ساڵە بە مەشەقەت و کوێرەوری بۆ ئاشتی و برایەتی لە نێوان گەلی کورد و تورک و کوردستان و تورکیا درووست کراون، خاپوریان مەکەن. تکاتان لێ دەکەم تۆی رق و کینە لە نێوان کوردستان و تورکیا مەچێنن.
لە کۆتاییدا دەمەوێ قسەیەکی خۆتت بە بیر بێنمەوە کە دەیانجار لە جەنابت گوێم لێ بووە:"کاتی لەسەر تاتە بەردی مزگەوت داددەنێن بە سیفەتی سەرۆک نەمردووی، بگرە بە سیفەتی پیاوی مەرد لەوێی."
ئێوەش "پیاوی مەرد" بن

لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و حورمەتم

ئەم نامەیە بەزمانی تورکی نووسراوە وەرگێڕدراوە

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌