یەكێتی دوای ماڵئاوایی جەلال تاڵەبانی

وتار/ 05/10/2017 931 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

یەكێتی دوای ماڵئاوایی جەلال تاڵەبانی


كه‌مال چۆمانی
دوای مردنی جەلال تاڵەبانی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان توشەی كۆمەڵێك ئالنگاریی دەبێتەوە. ئالنگارییەكان زۆرن، بەڵام سەختترین ئالنگاریی بۆ یەكێتی، چۆنییەتیی رێكخستنەوەی پەیوەندییە عێڕاقیی و هەرێمییەكانە.
یەكێتیی لە چەند ساڵی رابردودا، بە هۆی پەیوەندیی ستراتیجیكی لەگەڵ ئێران و شیعەی عێراقدا، هەرچەندە لەسەر ئاستی ناوخۆ روبەڕوی كێشەی قوڵ دەبوەوە، بەڵام ئێران و شیعەش بە هۆی ئێرانەوە لە بەغداد هەمیشە باری لاری یەكێتییان راستدەكردەوە.
لە مەسەلەی ریفراندۆمدا، یەكێتیی هەڵەیەكی كرد، هەرچەندە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ویستی لەڕێی بەیاننامەیەكەوە راستیبكاتەوە بەتایبەت كاتێك بینی ئێرانییەكان زۆر توندن و زیاتریش لە بەرهەم ساڵح نزیكدەبنەوە، بەڵام پێدەچێت ئاسان نەبێت پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران بگەڕێنەوە سەردەمی تاڵەبانیی.
یەكێتیی بەو تێگەیشتنە پشتیوانیی ریفراندۆمی كرد كە لەژێر پەردەوە توركیا لەگەڵ بێت و دواتریش ئەمریكاش ئاسان رازیببێت، بۆیە نیگەرانیی خۆی لە ئێران بە هۆی نزیكبونەوەیان لە بەرهەم ساڵح، بە پشتیوانیی ساویلكانە لە ریفراندۆم و مەسعود بارزانیی وەڵامدایەوە. ئێران بەقوڵیی لەناو یەكێتییدا هەیە، هەرچەندە یەكێتیی بیەوێت خۆی داببڕێت لە ئێران، ناتوانێت. ئێران هەڕەشەیەكی گەورە دەبێت لەسەر یەكێتیی ناو یەكێتی و زۆنی یەكێتی.
لە چەند ساڵی رابردودا، میدیای ئێرانی هەمیشە توند بوە لەسەر پارتی، بەڵام لەگەڵ ریفراندۆم لەسەر یەكێتییش توند بونە. بە رۆژێك دوای مردنی تاڵەبانیی، میدیای رەسمیی ئێران هێرشدەكاتە سەر یەكێتیی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و قوباد تاڵەبانیی.
ئەو راپۆرتەی ئاژانسی تەسنیمی فارسیی سەر بە حكومەتی ئێران، لە راپۆرتێكی رەسمییدا كە تەعبیر لە سیاسەتی ئاژانسەكە و تەنانەت وڵاتەكەش دەكات، زۆر بەتوندیی رەخنە لە یەكێتیی دەگرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مەدحێكی لە رادەبەدەری جەلال تاڵەبانیی. واتا؛ ئێران سیاسەتی خۆی بەرانبەر یەكێتیی لە دوای مام جەلالەوە دەگۆڕێت.
لە كۆتایی راپۆرتەكەدا، تەسنیم هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و قوباد تاڵەبانیی لە میراتی سیاسی و سیاسەتی حەكیمانەی جەلال تاڵەبانیی "تەنها میراتە مادییەكە"ی تاڵەبانییان بۆ خۆیان بردوە و هیچ لەو پیاوە لەباری ئیدارەدانی سیاسەتی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە فێرنەبونە.
دوای ماڵئاوایی یەكجارەكیی جەلال تاڵەبانی، یەكێتی پێویستە بەتەواوی سیاسەتی ئیقلیمیی خۆیدا بچێتەوە. ئەگەر هەرێمی كوردستان بەشێك بێت لە عێراق یان دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت، ئێران و توركیا نابێ دوژمن بن. كورد لە دوژمنایەتیی هەریەكێكیان زۆر لەدەستدەدات، بەڵام هیچ بەدەستناهێنێت. بێگومانیش نابێت وەك جاران تەسلیم ببن، بەڵام تەسلیمنەبون پەیوەستە بە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆو چەسپاندنی دیموكراسیی و حوكمی قانون و بەدامەزراوەییكردنی دامەزراوەكان. تاوەكو پەیوەندیی ئیقلیمیی و عێڕاقیی و ناودەوڵەتیی لەلایەن هێزەكانەوە رێكبخرێن نەك لەلایەن حكومەتی هەرێم و دەزگا شەرعییەكانەوە، هەرگیز كورد نابێتە خاوەنی ستراتیجێكیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و هەمیشەش هێزەكان وەك داردەستی هێزە ئیقلیمییەكان دەمێننەوە

نوێترین نوسینەکانی كه‌مال چۆمانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌