دەسەڵاتێکى فاشیل و میللەتێکى بێدەنگ

وتار/ 04/09/2016 1548 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

هەرێمى کوردستان و دۆخە سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیەکەى کەوتۆتە نێوانى دوو دیاردەى زۆر خراب و مەترسیدار، ئەویش دەسەڵاتێکى شکستخواردوو و بێبەرنامەى تا ئاستى ئەوەى دەتوانین بڵێین حوکمڕانیەکى فاشیل لە لایەک ومیللەتێکى بێدەنگ و دەستەمۆکراو لەلاکەى تر .
بۆ هەردووکیان یەک کۆمەڵ هۆکار هەیە کە ناچارماندەکات بەیەکەمیان بڵێین فاشیل و بە دووەمیشیان بڵێین بێدەنگ ، سەبارەت بە یەکەمیان ئەگەر بێین بەو دەسەڵاتە بڵێین فاشیل دەبێت چاوەڕوانى ئەوە بکەین  یەکسەر دونیایەک تۆمەتت بۆ درووست دەکرێت،  بەوەى چۆن دەکرێت بە حوکمڕانى خۆماڵى بووترێت فاشیل ؟ جا هیواش هەیە یەک دونیا موزایەدەت لەسەر دەکات بەوەى دەسەڵات بەرهەمى خوێنى شەهیدانە چۆن دەکرێت بە فاشیل ناوى ببەین ، بۆیە واباشە زانستیانە لە ووشەى فاشیل بکۆڵیتەوە بزانین فاشیل چیە و بە کێ دەوترێت فاشیل؟
چەمکى فاشیل ماناى سەرنەکەوتوو دێت ، دەکرێت کەسێک لە ژیانى تایەتى خۆى لە نێو خێزان  یان لە خوێندن وەیان لە کۆمەڵگادا کەسى فاشیل بێت ، بەهەمان شێوەش ئەوانەى بەرنامەیەک بۆخۆیان دادەنێن لە جیبەجێکردنى بەرنامەکەیان سەرکەوتوونابن دەتوانین بڵێن ئەوانە لەوبەرنامەیە فەشەلیان هێناوە ، فاشیل تۆمەت نیە بگرە هەلسەنگاندنە بۆ شکستى کەسێک یان حزبێک وەیان حکومەتێک .
حکومەتێک وەیان پێکهاتەى حکومەتێک جا حزبێک بێت یان چەند حزبێک ، کاتێک لەئاست ئەو بەڵینانەى کە بە خەڵکى دەدەن شکست دەخۆن ، وەیان بەڵینەکانیان نابەنەسەر جا بە هۆکارى خودى یان بابەتى بێت ، دەتوانرێت بەو دەسەڵاتە بووترێت دەسەڵاتى فاشیل .
لە دونیاى دیموکراسى دەسەڵاتى فاشیل نایەت پێداگرى لەسەر مانەوەى لە کورسى حوکمڕانى بکات ، واتا میللەتەکەى لێى قەبوول ناکات بەباش و بەخراب هەر دەبێت ئەو حوکمى بکات ، بۆیە لە حاڵى شکست و فەشەلهێنان بەرلەوەى خەڵک پێی بڵێت فەرموو خوات لەگەڵ ،  ئەو دێت داندەنێت بە شکستەکەى خۆى ، جا یان لەناو حزبەکەى دەرفەتى حوکمڕانى دەدرێتە کەسێکى تر یان ئەوەتە حزبى تر بە پیى یاسا کە براوەى دواى ئەوە دەسەڵات وەردەگرێت ،  یان پەنا بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە دەبردرێت .
حوکمڕانى هەرێمى کوردستان  بەتایبەت لەو دوو ساڵەى دوایی ، ئەگەر زۆر خاترى بگرین دەبێت بڵێین نموونەى حوکمڕانى فاشیلە ، لەوانەیە بپرست بۆچى ؟ ئایا بەڕاست ئەو حوکمڕانیە فاشیلە یان تۆمەتە بۆى هەڵدەبەسترێت ؟ ئەگەر وایە فاشیلە کێ لێی بەرپرسە ؟  ئەى  لەبەرامبەر ئەو شکستەى حوکمڕانى خەڵکى کوردستان هەڵوێستى  چیەو چى  دەڵێت ؟
حکومەتێک کە پێکهاتەکەى بریتى بێت لە پێنج حزبى براوەى هەڵبژاردن ئێستا نەک لایەنى کەمى رێکەوتن بۆ حوکمڕانى ئەو هەڕێمە لە نێوانیان نەمابێت، بگرە هەرهەموویان دژى یەکتر کاربکەن ئەو حکومەتە ئەگەر فاشیل نەبێت چیە ؟
حکومەتێک لەبەرامبەر ئەو هەموو قەیرانە سیاسى و ئابووریانە دەستەوەستان بێت و بەردەوام بەڵێن بدات و جێبەجێى نەکات ،  تۆمەت نیە ئەگەر بەو حکومەت بووترێت شکستخواردوو .
حکومەتێک چاوى شکستەکانى خۆى نەبینێت ، حکومەتێک بەڵێنەکانى خۆى لەبیرچووبێتەوە ، حکومەتێک ئەمرۆ شتێک بڵێت و سبەى لێی پەشیمان بێتەوە ، حکومەتێک شکستەکانى خۆى بخاتە ئەستۆى خەڵکانى تر ئەو چ حکومەتێکە ؟
ئەوە ئەو حکومەتەیە کە باسمانکرد ئەى باشە هۆکارەکانى پشتى بێدەنگى خەڵک چیە ؟ ئایا بێدەنگى نیشانەى رازى بوونە یان بێدەسەڵاتى ؟
ئەگەر بێین خوێندنەوەیەکى واقیع بۆ دۆخى بێدەنگى خەڵکى کوردستان لەبەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتیە و بێبەڵێنیەى حکومەت بکەین ، دەگەینە ئەو ڕاستیەى کە حکومەت بۆ بێدەنگکردنى خەڵک سیاسەتێکى زۆر سەرکەوتووانەى پەێڕەوکردووە ، بەوەى زۆر خراب ئیستغلالى مەترسیە دەرەکیەکانى کردووە بۆ بێدەنگکردنى خەڵک ، نموونەش ئەو پێشمەرگانەى کە بوونەتە قەلغانى پاراستنى هەرێم لەبەردەم ئەو مەترسیانە لە خرابترین دۆخى ژیان دانە لە مووچەى کەم و ژیانى خراب و گەندەڵیکردن لەو هاوکاریانەى بەناوى پێشمەرگە دێتە ئەو هەرێمە ،  لە لایەکى تریش دەسەڵاتدارەکانى ناو حکومەت دەزانن لە دۆخە هەستیارەکان میللەت لەوان خەمخۆرتر و دڵسۆزترە ،  بۆیە خراب کەلکیان لەو بێدەنگیەى چین و توێژەکانى خەڵک وەرگرتووە .
هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن بێدەنگى میللەت نیشانەى رازى بوونى نیە بە دەسەڵاتى حوکمڕانیەکى فاشیل ، بەڵام کات و زەمان بۆ شکاندنى ئەو بێدەنگیە تا ئێستا لەبارنەبووە ، ئەگەرنا ئەو پەندە کوردیە زۆر ڕاستە کە دەڵێت:  (جام کە پڕبوو لێی دەرژێت )
خاڵیکى تریش کە زۆر پێویستە وەک هۆکارى پشتى بیدەنگى خەڵک ئاماژەى پێبکەین ،  ئەویش بریتىیە لە پێشەنگایەتى ، لەدونیادا وەزیفەى حزبى سیاسى و سەندیکاکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنیە کە پێشەنگایەتى ناڕەزایەتى چین و توێژەکانى کۆمەڵگا بکەن ، بەڵام لەکوردستان ئەمانە خۆیان لەو وەزیفەیە دزیوەتەوە خەریکى بەرژەوەندى و کارى لابەلان .

نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌