ریفراندۆم و تەڵەی كەركوك

وتار/ 30/08/2017 873 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

ریفراندۆم و تەڵەی كەركوك 

عەلی  مەحمود محەمەد
ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك  بە بەشداری زۆرینەیەكی كەم  24 لە ئەندامەكانی لە كۆی 41 ئەندام بڕیارە  گەورە مێژوییەكەی دا لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شارەكە, وەلێ بڕیارەكە تاك لایەنە بوو, بێ بەشداریكردنی هیچكام لە نوێنەرانی توركمان و عەرەب, بڕیارێك لەسەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە كوردەكان و توركمانەكان چاوەڕوانی بڕیاری وابوون هەر یەكەیان بیدەن, وەلێ ئەم 95 ساڵە هیچ لایەكیان نە بۆیان رێكەوتبوو, نە دەشیان وێرا تاك لایەنە بڕیاری وا قورس  بدەن, كەركووك بۆ كورد و بۆ توركمانیش بە تایبەت لای ناسیۆنالستەكانیان  پیرۆزی تایبەتی گەورەی هەیەو بۆتە خاڵی گرنگی كێشەكان و خەونی لوتكە, ململانێ نەكردن لەسەری خاڵیان دەكاتەوە لە بوون, ئەم بڕیارە  كاریگەری لە سەر نەخشەی سیاسی ناوخۆی كوردستان دادەنێت, پارسەنگی هێزەكان نێوان حیزبەكان دەگۆڕێت, ژمارە  بەندی حیزبەكان دەگۆڕێت لە گەورەوە بۆ بچوكترین, هەندێك حیزب گەورە دەكاتەوە, هەندێكی دیكە بچوك, تەنانەت كاریگەری لە سەر  پێكهاتەكانیش دادەنێت بە حیزبەكانیشیانەوە, وە نەخشە و پێكهاتەی پەرلەمانی كوردستانیش لە داهاتوو دەگۆڕێت,وە باڵادەستی لایەنەكان بەسەر پرۆسەی ریفراندۆمەوەو  پارسەنگی هێزی نێوان بەڵێ و نەخێری ریفراندۆمی كوردستانیشی گۆڕی, كاتێك شارە پیرۆزەكەی ناسیۆنالیزم دێتە ناو پرۆسەكەوە, ئیتر نەخێر قورسە بێت.
 بە خێرایی ئەم هەنگاوە لە لایەن توركیا و بەرەی توركمانی و عەبادییەوە رەتكرایەوە, پێ دەچێت لە كاتژمێرەكانی  داهاتوودا ئەم بڕیارە  زۆری دیكە بهێنێتە قسە و هەڵوێستەكانی نەیارانی ریفراندۆم توندتر بكات لە وڵاتانی هەرێمەكە , چ توركەكان بێت یان ئێرانییەكان.
ئەم كاردانەوانە  لە كەركوك وەك شوێنەكانی دیكە بە ئارامی ناڕواتە پێش بە تایبەت لە رۆژانی  پێش ریفراندۆم و رۆژانی ریفراندۆم و و دواتریش بە تایبەت ئەو رۆژانەی بویسترێت بڕیارەكە بە پراتیك  بكرێت , لەوكاتەی هاوڵاتیان دەنگ بە بەڵێ دەدەن, شارەكە دەباتە ناو ململانێیەكی كۆتایی نەهاتوو, بۆیە  مانۆڕە سیاسییەكان و زیرەكی شاندی دانساندنكارو عەقڵیەتی سیاسی دانوساندكار  لە گەڵیاندا گرنگە, پێویست  دەكات شاندی گەورەتر لەوەی چوو بۆ بەغدا لە گەڵ نوێنەری توركمانەكان دانیشێت, چونكە تەڵە ترسناكەكەی ریفراندۆم   لێرەیە نەك لە بەغدا, دەبێت بە وریایی و ژیرییەوە مامەڵەی لە گەڵدا بكرێت و نەكەونە تەڵەی شەڕەوە, بچوكترین بارگرژی پرۆسەكە دەباتەوە خاڵی سفر, بە مایەش  لێی دەرناچنەوە.
كەركووك كێشەیەكی ئاڵۆزە  و توركمان لە پاڵ كوردەكان پێكهێنەرێكی سەرەكی پێكهاتەی شارەكەن, بە تایبەت لە ئاستی ناوەندی شار, لە سەردەمی نوێدا بە تایبەت لە سەدەی نۆزدەهەمەوە پێكهاتەیەكی سەرەكی و  گرنگ و بنیات نەری شارن و سەدان  ساڵی دواین بەشی زۆری كارگێڕییەكانی ناو شاریان بەدەستەوە بووە.
وەلێ ئەم تەڵەیە ئایا دەتوانرێت بە دانوساندن چارەسەر بكرێت ؟, لە كاتێك جەستەیان لێرە بێت و مێشكیان لە Beştepeی ئەنقەرە بێت, لەم بوارەدا ئەزمونی نوێ زۆرەو لە  زۆر قوناغی هەستیاری سیاسی كەركوك دا, توركیا كەڵكی لە توركمانەكان وەرگرتووە نموونە روداوە نەخازراوەكانی ساڵی 1959, لە لایەكی دیكەوە توركمانەكان كە بیری ناسیۆنالستی تۆڕانی بەسەریاندا زاڵە خەونی گەورە بە توركمانیكردنی شارەكەوە دەبینن بە سانایی تەسلیم بە ئەمری واقع نابن كە پشتیوانییەكی گەورەی هەرێمیش لە پشتیان بێت.
بۆ چارەسەری ئەمە چی بكرێت, لە كاتێك توركمانەكان بیانەوێت لە بایكۆت زیاتر كێشە دروست بكەن  و دان بە ئەنجامەكانی ریفراندۆم نەنێن, چونكە خەونی ئەوان بۆ شارەكە لە گەڵ ئەنجامەكانی ریفراندۆمدا نایاتەوە وە دۆڕانیش قەبوڵ ناكەن, ئەو خەونەی دەیان و سەدان ساڵەی بەم شارەوە دەیبینن بە دەنگدانێك لە بیری ناكەن و تەسلیم بە ئەنجامەكەی نابن, بە تایبەت ئێستا حەویجەو ریاز لە دەرەوەی پرۆسەكەن و لەو كاتەی كوردەكان بە چڕی دەنگ بە بەڵێ بدەن, كە پێشبینی دەكرێت بەهۆی ململانێ نەتەوەییەكانەوە لەم شارە دەنگی بەڵێ بگاتە ترۆپك, بۆ پێكهاتەی عەرەبەكان بە بوونی حەویجە و ریاز لە ژێر دەستی داعش بۆ خۆی كێشەكە چارەسەرە و دەكرێت وەك پوازی دەسەڵاتدارییەتی بۆیان جێ بهێڵرێت و مافی بڕیاردانی چارەنوسیان پێ ببەخشرێت بە مافی جیاكردنەوەی ئەو ناوچانە , دەبێت  واز لە خەونە ناسیۆنالستییە  مێژوییەكان بهێڵرێت , یان هەموو یان هیچ , ئەوەندەی ریالستییە لم قۆناغە بەدەست بهێنرێت, بە بڕوای من  دەكرێت كەڵك لە چەند نمونەیەكی چارەسەری بۆ شارەكە وەربگرترێت لە ئەزموونی جیهانەوە :
-      دابەشكردنی شارەكە بەسەر 4 كانتۆن " كورد, توركمان, عەرەب , سریان", هەر كانتۆنە دەسەڵاتداریەتی خۆی و حكومەتی خۆجییەتی خۆی هەبێت وەك برۆكسل, هەموو بڕیارەكان خۆیان بیدەن, ئەم پێشنیارە دەكرێت بكرێتە هەنگاوێك بۆ بەشداری پێكهاتەكان لە ریفراندۆمەكە, لە ئاستی كوردستانیش بەشداری پراتیكیان پێ بكرێت لە دەسەڵاتدا, سەقفی داخوازی توركمانەكان دوای كەركوك  زۆر بەرزە بێتەوە لە گەڵ دەسەڵاتخوازی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان نایاتەوە.
-      ئەزمونی بەرلین, شارەكە  وەك بەرلین, یان دەیان شاری دیكەی ئەوروپا دابەش بكرێت , ئەگەر پێكهاتەكان دیكە ئامادە نەبوون بێنە ناو پرۆسەكەوە , تەنها لەو بەشانەی زۆرینە رازین بە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت, دوای روخانی سەدام زیاتر نەخشەكان ئاسانتر بوونەتەوە  بۆ جیاكردنەوە, بە تایبەت دوای دروستكردنی گەڕەكە گەورەكان لە قەراغی شار  لە باكوری رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای شارەكە, چونكە ناكرێت لە ململانێیەكی بەردەوامدا ژیان سەركەوتوو بێت, بە تایبەت لە حزوری بیری ناسیۆنالیزمێك تا ئاستی فاشیست باڵا, وردە وردەش بە بوونی كێشەكە نەشونما دەكات.
-      دەركردنی هاتووەكان  بە ئەزموونی هەرێمی  Upper Silesiaنێوان ئەڵمان و پۆڵۆنییەكان ,كە لە  20-10-1921دا  بڕیاری لەسەر درا,  هەرچەندە پرۆسەی گۆڕانكاری كەركووك لە هەردوو قۆناغەكە (سەردەمی عوسمانی و بەعس) زۆر بەم شێوازە دەچێت لە تەتریك و تەعریب دا , لە ئەنجامدا پۆڵۆنییەكان لە دوای شكستی هیتلەر 3 ملیۆن ئەڵمانیان لە هەرێمەكە دەركرد , لە ئێستادا تەنها 153 هەزار ئەڵمانی لەو هەرێمە ماوە , لە روی مرۆڤایەتی و هێزیشەوە لە قازانج نییە دەست بۆ حالەتی وا ببردرێت و نا مرۆڤانەیە  , لە هیندستان و پاكستان و بەنگەلادیش و زۆر شوێنی دیكە دەیان نموونەی وا هەیە, مێژوو و باڵادەستی ئەمری واقع رۆڵ دەگێڕێت, وەلێ مرۆڤایەتی لێرە جێگای نابێتەوە  .

بە بڕوای من بۆ سەرخستنی ریفراندۆم لە شاری كەركووك, پێویستە سەرەتا دەست بۆ سیناریۆی یەكەم ببردرێت, حكومەتێكی خۆ جێی لەسەر بنچینەی كانتۆنەكان پێك بهێنرێت و بڕیاری  لەسەر بدرێت, ئەگەر سەری نەگرت, هانا بۆ سیناریۆی  بەرلینیانە لە دابەشكردنی شارەكە ببردرێت, واز لە خەونە ناسیۆنالستە ئەفسوناوییەكان بهێڵرێت , لەوانەیە پرسیار بكرێت ئەدی چەندین ساڵە چۆن ئەم نەتەوانە پێكەوە ژیاون با بەردەوام بێت, ئەمە راستە ئەوكاتەی ناسیۆنالیزم واز لە خەونەكانی خۆیان بهێنن, لە كاتێكدا شار بەهەشتی خەونی ئەوانە بۆ بەدەستهێنانی و گەیشتن پێی ئامادەن جهەنەم بۆ ركابەرەكانیان بخولقێنن, دابڕان و لێكنەكەوتن باشترین چارەسەرە ئەگەر رێك نەكەوتن بۆ پاراستن لە  تەڵەی خوێنی كەركووك.

نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌