بۆچی سەرجەم موستەشارەكان بەشدارن لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؟؟؟
وتار/
14/04/2021
606 جار بینراوە
عەلی مەحمود محەمەد
بۆچی سەرجەم موستەشارەكان بەشدارن لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؟؟؟
عەلی مەحمود محەمەەد
لە رێكەوتی 20-6-1987دا, بیرۆی باكووری پارتی بەعس, كۆبونەوەیەك دەكات, لەو
كۆبونەوەیەدا بڕیارێك دەدات تیایدا ژیانی
گەلێك بە تەواوی دەگۆرێت, ئەویش بڕیاری
شوومی ژمارە 4008 بوو, ئەم بڕیارە بە مانفیستۆی جینۆسایدی گەلی كوردستان دێتە ژماردن, سەرەتایەكە بۆ دەستپێكی جینۆسایدكردنی
خەڵكی كوردستان بەشێوەی سستەماتیك و نەخشە بۆ داڕێژراو, لەم كات و رۆژەوە كوشت و بڕو دەركردن خرایە چوارچێوەی بڕیاری فەرمییەوە,
بە پێی بڕیارەكە سەرجەم ئەو گوندانەی تاكو رێكەوتی 22-6-1987 دەستیان لێنەدرابوو
دەبێت بڕوخێنرێن, هەموو ناوچەكانی دەرەوەی شارەكان بكرێنە ناوچەی قەدەغەكراو, گوندی
قەدەغەكراو هەموو ئەو گوندانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربازیدا بوو لەو
كاتەدا, كە رژێم تەنها سەنتەری شارەكان و بەشێك لە رێگاكانی بەدەستەوە مابوو, لە
روی ئاسایشەوە نابێت ئەو ناوچانە هیچ مرۆڤ
و ئاژەڵێكی تێدا بمێنێت و ژیانی تێدا یاساغ
كرا, هاتو چۆو كشتوكاڵی تێدا قەدەغە كرا, هێزی ئاسمانی چاودێری زەوییە كشتوكاڵیەكان
و رێگاكانی بە چڕی دەكرد, ئەوەی بەربكەوتایە ژیانی لێ دەسەندەوە, سیاسەتی زەوی
سوتاندن پەیڕەو كرا, هێزەكان دەستكراوە كران بۆ كوشتنی خەڵكی ئەو ناوچانە لە زەوی
و ئاسمانەوە, بڕیارەكە هەوڵدانێك بوو بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەیان لێ بكوژرێت, بە تفەنگ یان تۆپ یان رۆكێت وە یاخود لە ئاسمانەوە بە جۆرەها كۆپتەرو فڕۆكەی جەنگی پیراتۆز, بە چەكی ئاسایی یان
هیشۆیی و كیمیاوی, یان لە كاتی دەستگیركردندا لەسەر رێگاو بانەكان یان لە هێرشەكاندا
بۆ ناوچەكانیان گولە باران بكرێن, ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 ساڵ بۆ 70 ساڵ بوو, بڕیاردرا لە سێدارە بدرێن لە دەرەوەی
دادگا, دەستنیشان كران بۆ لەناو بردن, بێ ئەوەی یەك كەسیان لێ دادگایی بكرێت, بەمەش
دۆسیەكانیان نەچووە خانەی یاسای تاوانەوە, ماف و توانای هیچ داكۆكیكردنێكی یاساییان
لە خۆیان نەبوو.
لێرەوە زۆربەی دەستكەوتەكان كە تاڵانی لادێنشینانی
كوردستان بوو, كە بەدەست دەهێنران لە سەروەت
و سامان بۆ فەوجی جاشەكان و هێزەكانی حكومەتی
عێراقی بوون بە پێی بڕیارەكە, هێزەكان عێراق بە تەواوی دەستكراوە
كران بۆ فەرهودو تاڵانی, بە تایبەت فەوجەكانی جاشەكان, كە ئەوان دواتر ناوی ئەنفالیان
لێ نا, بە پێی بڕیاری 4008 تەقەكردن ئازاد بوو بۆ بەئەنقەست كوشتنی هاووڵاتیان, بە
تایبەتیش خاڵی 5ی بڕیاری 4008, گفتوگۆی زۆر لەسەر بوو, بەردەوام تەئكیدی لێكراوەتەوە,
ئەو خاڵە بریتی بوو لە ئیعدامكردنی گشتی " هەموو ئەو كەسانەی لەو گوندانە دەستگیر دەكرێن, دەبێت لێكۆڵینەوەیان
لە گەڵدا بكرێت لە لایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە,
ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 70 ساڵە پێویستە ئیعدام بكرێن پاش ئەوەی زانیاری
بە كەڵكیان لێوەردەگرترێت و لە كاتی خۆیدا ئاگادار بكرێینەوە".
هەرچی خاڵی حەوت لە بڕیاری 4008
بوو, جاشەكانی سەرپشك كرد لە تاڵانكردن" هەموو ئەو شتومەكانەی كەوا فەوجەكانی
بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەكانیان دەستیان دەكەوێت بۆ خۆیان دەبێت تەنها چەكە قورسەكان
و چەكی ئەسناد و چەكی مام ناوەندی نەبێت, چەكە سوكەكان بۆ خۆیان دەبێت, ئێمەی لێ
ئاگادار كەنەوەو تەنها ژمارەكانیان تۆمار بكەن. پێویستە لەسەر فەرماندەی جحافلەكان
چالاك بن و بۆ ئاگاداركردنەوەی هەموو موستەشارەكان و فەرماندەی سرییەكان و مەفرەزەكانیان,
وە بە وردی ئێمە ئاگادار بكرێینەوە لە چالاكیەكانی فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی.".
لە رێكەوتی 8-9-1987 بە نووسراوی ژمارە 5731ی بیرۆی باكوور, بڕیار درا تەنها
50%ی پێكهاتەی فەوجە خەفیفەكان لە بارەگا جێگیرەكانیان و رەبایەكان بمێننەوە, ئەوی
دی بەكار بهێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەكراوەكان, بۆ ئەوەی پەلاماری پێشمەرگەو
دانیشتووانە سڤیلەكەی بدەن, لە هێرشەكاندا جاشەكان پێش سوپا كەوتن, بەشداریان كرد لە پەلاماری هاووڵاتیانی سڤیلی لادێ
نشین, خانووی هاووڵاتیانیان روخاند, مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەیان وێران كرد, لە
تاڵانیش دەستیان نەپاراست, بڕیاری 4008یش لەو بارەوە ئازادیانی كرد لە تاڵانكردن, واتا
بەردەوام چارەكی كۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەكان لە ماوەی ئەو 364 رۆژەدا لە ئەركدا
بوون لە پانتایی جوگرافیای كوردستان, وێڕای چارەكێكی دیكە زیاتریان بەردەوام لە
بارەگاو رەبایەكاندا پارێزگاری حكومەتیان دەكرد و بۆسەیان دادەنایەوە لەسەر رێگاكان
بۆ پێشمەرگەو هاووڵاتیان, دەیان و سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو بۆسانە ئەنجامدا"
چونكە ئەوان لە مانگدا 15 رۆژ دەوامیان دەكرد",
بۆیە هەموو لە تەواوی پرۆسەی ئەنفالەكان و قۆڵەكانیەوە بەشدار بوونە, سەرەتا جاشەكان
وەك چاو ساغ و شارەزا چونەتە گوندەكان و هەڵەت و شیو دۆڵ و ناو ئەشكەوتەكان و سەر
چیاكانیان كۆنترۆڵ كردوە, دواتر سوپا, بەمەش دەردەكەوێت تەواوی فەوجە جاشەكان لە
پرۆسەی ئەنفالدا لانی كەم چەندین جار بەشدارییان كردووە لە تاوانەكەو تۆمەتبارن بە
ئەنجامدانی جینۆساید, ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نووسرابێت یان نا,
ئەوانەی نووسراون ئەوانەن یان مەدالیای ئازایەتیان وەرگرتووە, یاخود سكاڵایان لەسەر
تۆمار كراوە, یاخود نویان لەو تاك و تەرا بەڵگە نامانەدا هاتووە دەستیان بەسەردا گیراوە.
تەواوی شایەدحاڵەكانیش ئەوە دەرەخەن,
كە زۆرینەی خەڵك یان لەلایەن جاشەكانەوە راستەوخۆ دەستگیر كراون لە كاتی خۆ شاردنەوە, یاخود
لە لایەن ئەوانەوە تەسلیم كراونەتەوە, یاخود پڕۆپاگەندەی درۆیان كردووە بۆ خۆ بە دەستەوەدان
, لە كاتێكدا لە هەموو قۆناغەكانی ئەنفال,
ئەمنی پارێزگاكان پێشتر ئاگادارایانیان
كردۆتەوە كە لێبوردن هاووڵاتیانی ناوچەی
ناو پرۆسەی ئەنفال ناگرێتەوە .
ئەگەر لەناو ئەو 423 كەسەی وەك تۆمەتباری ئەنفال ناویان هاتووە,تەنها 258یان
كورد بن, كە زیاترە, ئەوا لەوانەی ناویان تۆماركراوە 60,9%ی كوردن.
سەیر كەن تەنها لە پرۆسەی ئەنفالی 8, بە پێی بەڵگەنامەیەك ,لانی كەم 163 فەوجی
جاشی خەفیفە, بە 65,375جاشەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەیان
كردووە.
دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال
هێما بیركارییەكان بۆ ژماردنی تاوانەكانی ئەنفال كڵۆڵە, هێندە تاوانەكان زەق
و گەورەو زۆرن, یاساكانیش لە ئاستیدا زەبوونن بۆ پێناسی یاساییان, بەڵگەنامەو فلیم
و دیدنامەكان لاوازن, كۆمەڵكوژی, كوشتنی مەیدانی, دورخستنەوەی بە زۆری دانیشتووان,
زیندانیكردن و كوشتنی تەواوی ئەو خەڵكە سڤیلە پاش گرتنیان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندی
كۆكردنەوەی تۆپزاوەو شوێنەكان دی, دواتر كوشتنیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان, تەرمی بەشێكیان
لە موسڵ و سەماوە دۆزرایەوە و لە لایەن پسپۆری نێودەوڵەتی مایكل تربیل و ئەوانی دییەوە
دەرهێنرا, زۆرینەیان تا ئێستا گۆڕەكانیشیان نەدۆزراونەتەوە, بێبەریكردن لە پێداویستییەكان
ژیان, ئەشكەنجەدان, دەستدرێژی سێكسی و پەلاماردان و لاقەكردن, سزادانی گروپ بە هۆی
جیاوازی نەتەوەییەوە, پەلاماردانی ناوچەی سڤیل بە چەكی كۆكوژی كیمیاوی و هیشۆیی و
چەكی كلاسیك, پەلاماردانی گوندەكان و بێهۆكار روخاندنی نەخۆشخانە و قوتابخانەو مزگەوت,
بەزۆر گواستنەوەو سەپاندنی نیشتەجێبوونی زۆرە ملێ لە ئۆردوگاكان و بێبەریكردن لە هەلی
كار و پێداویستی ژیان, توندوتیژ جوڵانەوە لە گەڵ هاووڵاتیانی سڤیل تا ئاستی كوشتنی
بە ئەنقەستی بە كۆمەڵیان, بێرێزیكردن بە تەرمی مردووەكانیان, مردن بەهۆی برسێتی و تێنوێتی و گەرما و بێ دەرمانی و پیسییەوە, نەبوونی بێبایەخترین
كەرەستەی ژیان لەناو زیندانەكان, هێرش بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل كە هیچ بەشداریەكیان
لە چالاكی سەربازی نەبووە, وێرانكردنی ماڵیان و تاڵانكردنیان, جیاكردنەوەی ژنان و پیاوان
و رێگا گرتن لە بەیەك گەیشتنیان, بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت, توندوتیژی بە نەخشە, زیانی
جەستەیی و عەقڵی, وێرای مردن زۆرێك لە ئەنفالكراوان تووشی كەمئەندامی بوون لە زیندان,
بێهۆكار پەلاماردانی خەڵكی سڤیل, كوشتنی بە دەستی ئەنقەست, كوشتنی نابەجێ, بێبەشكردنی
توند لە هەموو پێداویستییەكی تەندروستی و ژیان, دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامان لەناویاندا
بەروبوومی كشتوكاڵی هەڵگیراو, نەهێشتنی سەرەوەت و سامانی ئاژەڵداری, كوێركردنەوەی
كانیاو پڕ كردنەوەی بیرەكان, پەیڕەوكردنی سیاسەتی زەوی سوتاندن, بۆردومان كردنی
گوند بە خەڵكەكەیەوە, لە زیندانەكان و شوێنەكانی كۆكردنەوە ئاوی خواردنەوەی پیس, كەمی
خۆراك و برسیكردن, نەبوونی دەرمان و چارەسەری پزیشكی, سەپاندنی ژیان لە گەرمای بەتیندا,
تەعریبكردن.......ئەمانە نموونەیەك كەم بوون, تا شوێنپێی هەموو قوربانییەكان هەڵنەگرترێت
ناتوانرێت هەموی بنوسرێتەوە, بۆیە بەڵگەنامەو
فلیم و دیدنامەو نووسراوەكان ناتوانن دەربڕی گەورەیی تاوانەكە بن, كاتێك ئامادەی هەڵدانەوەی
گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەبیت دەزانیت چ تاوانێك ئەنجامدراوە, دەزانیت چ جەهەنەمێك لە ژێر
بیابانەكان شاردراوەتەوە.
دادگای دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای
تاوانەكان لە رۆژی دووشەممە رێكەوتی 21-8-2006 دەستی پێكرد,لە 61 دانیشتندا,
كۆی گشتی 1193 سكڵاكەرو دیدەر و پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی, سكاڵاو شایەدییان پێشكەش
كرد, لەوانە 52 سكاڵاكەر, 10 رزگاربووی گۆڕی
بە كۆمەڵ, 8 دیدەر, 4 پسپرۆی بیانی "
كلایكۆلون سنۆ
1928 ئۆكلاهۆما وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا......زانای
بواری زانستی بایۆلۆژی,پسپۆر لەسەر ئاستی جیهان, گۆڕی بە كۆمەڵی كرۆمی هەڵدابوەوەو كاری لەسەر قوربانیانی كیمیابارانكردنی گوندی فرجینی كردبوو كە چەكی كیمیاوی
تێدا بەكار هاتبوو, ئەسفەندیار ئەحمەد شكری توێژینەوەی لەسەر ئەو ئاوارانەی دیار بەكر و ماردین كردبوو, كە كیمیاوی لێیانی دابوو, مایكل كۆمفر ترەمبیل پسپۆر
لە بواری پزیشكی رێوشوێنی دیاردە سزاییەكان لە موسڵ و موسەنا گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوانی هەڵداوەتەوە, بە هاوكاری پسپۆڕانی ئەمەریكی و كۆستاریكی
و ئوسترالی و كەنەدی, دۆگلاس سكوتی- ئەمەریكی پسپۆر لە بواری چەك و زانستی سزایی",
راستەوخۆ بەشدارییان لە دادگاییەكە كرد و
وتەیان پێشكەشكرد لە بەردەم دادوەرەكان, لە رێكەوتی 24-6-2007 بڕیاری دادگا دەرچوو, لە رێكەوتی 4-9-2007 بڕیاری
كۆتا درا, تاوانكاران بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی سزا دران.
لە پرۆسەی دادگاییەكە حەوت تۆمەتبار دادگاییكران, وە ژمارەیەك تۆمەتباریش لە
هەنگاوی یەكەمدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن لێ ئامادە نەبوون وەك لە دوو نامەی
دادگای باڵای تاوانەكاندا ناویان هاتووە " بە پێی نووسراوی ف2 1445 رێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان, بڕیاری گرتن بۆ 24 كەس
دەرچوو, كە بریتی بوون لە" نزار خەزرەجی,
یونس ئەلدرب, ئەیاد خەلیل زەكی, رەمزی مەحمود, سەعید مەحمود باریكە, قاسم دڕەیی, معتەسەم
بەرزنجی, یاسین رەئوف, تەحسین شاوەیس, قاسم ئاغای كۆیە, بایز عەبدالڕەحمان, عەلی ئەحمەد
رەشید, نیعمە فارس, حەمید شەعبان, نەجم عەبدوڵا دوری, عیسمەت سابیر, عەدنان جەباری,
جیهان موسا, رەفعەت گلی, عوسمان شێخ سەعید, شێرزاد ساڵەح, تۆفیق جەبار قارەمان, حوسێن
شێخ سەعید, حەسیب حەمە ئینجە".
هەروەها "لە رێكەوتی 21-12-2005, بە پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەكان ژمارە ف2 1474, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار دەكات كە بریتین لە" سەعید مەحمود باریكە, عەدنان
جەباری, شێخ رەئوف, شێخ جەعفەر, شێخ رەمەزان, قاسم دڕەیی, جیهان موسا, معتەسەم بەرزنجی,
رەفعەت گلی, یاسین رەئوف, غەسان شێخ سەعید, تەحسین شاوەیس, شێرزاد ساڵەح, قاسم
ئاغای كۆیە, تۆفیق جەبار قارەمان, بایز عەبدالڕەحمان, حوسێن شێخ سەعید, عەلی ئەحمەد
رەشید, حوسێن حەمە ئینجە".
حەوت كەسەكەی دادگایی كران, پێشتر زیندانیبوون, بریتی بوون لە: سەدام حسێن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور
عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتكریتی سەرۆك كۆماری
عێراق كە رۆژی شەممە رێكەوتی 30-12-2006 لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر هەڵگیرا, عەلی
حەسەن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتكریتی بەرپرسی بیرۆی
باكوری پارتی بەعس, لیوا روكن سابیر عەبدالعەزیز حوسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری هەواڵگری
گشتی سەربازی, فەریق روكن حوسێن رەشید محەمەد عەرەب ئەلتكریتی یاریدەدەری ئەركانی
سوپا بۆ كاروبارەكانی ئۆپەراسیۆنەكان, لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەكەم, تاهیر
تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سكرتێری لیژنەی كاروباری بكوور و پارێزگاری موسڵ , عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ ساڵەح
خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری رێكخراوی هەواڵگری رۆژهەڵات.
تۆمەتباران بەم شێوەیەی خوارەوە, پاش
ساغبونەوەی تاوان لەسەریان سزا دران: عەلی حەسەن ئەلمەجید 5 سزای لە سێدارەدان, یەك زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی, یەك سزای
15ساڵ زیندانی,2 سزای زیندانی 10 ساڵی و 2سزای زیندانی 7 ساڵی.
لیوا روكن سوڵتان هاشم 4 سزای
لەسێدارەدان, 2 سزای زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی, 1 سزای زیندانی 15 ساڵی,
یەك سزای زیندانی 10 ساڵی و 2سزای زیندانی 7ساڵی.
فەریق روكن حوسێن رەشید 4 سزای لەسێدارەدان و سزایەكی 7 ساڵی زیندانی.
سابیر عەبدالعەزیز حوسێن 3 سزای
زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەكی زیندانی 10 ساڵی.
عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ 2
سزای زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەكی زیندانی 10 ساڵی.
تۆمەتبار تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف
ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری
لە تاوانی ئەنفالی بۆ دەرچوو.
ناوبراوان بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید
و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە پرۆسەی تاوانی ئەنفال تاوانبار كران.
تاوانباران عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ لە رێكەوتی 30-3-2013 لە گرتوخانەی موسڵ و سوڵتان هاشم یش لە نەخۆشخانەیەكی شاری ناسریە لە رێكەوتی
19-7-2020 مردن و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانیان لەسەر جێبەجێ نەكرا.
هەروەها لە رێكەوتی 20-5-2007 دادگای باڵای تاوانەكان بە فەرمی لیستێكی بە 423
ناوی راگەیاند وەك تۆمەتبارانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال, كە تاكو ئێستا بڕیاری
گرتن و دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانە جێبەجێ نەكراوە چ لە عێراق یاخود كوردستان, كە 258 كەسیان هاووڵاتی هەرێمی
كوردستانن, چ بە لیست, وە چ بە كەسی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە, تاكو هەنووكە هیچ یەكێك
لەو تۆمەتبارانە بانگ نەكراون بۆ لێكۆڵینەوە, دووجار رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
لە رێگای داواكاری گشتییەوە لە شاری هەولێر سكاڵای لەسەریان تۆماركردووە, وەلێ لە
ژێر فشاری كەسانی دەسترۆیشتووی دەسەڵاتدارەوە داوكاری گشتی بێ ئیرادە كراوەو لە
سكاڵاكە نە پرسراوەتەوە.
بەهانە بۆ لێپرسینەوە لە تۆمەتباران,
لێبوردنە گشتیەكەی بەرەی كوردستانی ساڵی 1991 ە, بەڵام لێبوردنەكەی بەرەی كوردستانی ساڵی 1991 بە پێی بڕگەی شەشی یاسای
دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی هیچ شەرعیەتێكی
نییە, هەر لێبوردنێك پێش جێبەجێردنی ئەم یاسایە
دەرچوبێت بۆ تۆمەتبارانی دوو توێی تاوانەكانی
بڕگەكانی 11 و 12 و 13 و 14 دادگای باڵای تاوانەكان, كە بریتین لە تاوانەكانی جینۆساید
و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی پێشێلكردنی یاسا عێراقیەكان, بە
پێی بریارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی لەسەر تاوانباران عەلی حەسەن مەجید
و سوڵتان هاشم و .... تاوانی ئەنفال تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە
جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە, ئەم تاوانانەش بە تێپەڕ بوونی كات كۆن نابن و بەسەر ناچن و بنەمای نێودەوڵەتییان هەیە, زمكان" زەمان و مەكان"
تۆمەت لەسەر تۆمەتبار هەڵناگرن, وە تاوانی
نێونەتەوەیشن, لەسەر ئەو بنەمایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزراوەو ئەم جۆرە
تاوانانە لە تایبەتمەندیەتی, تۆمەتبار بۆ كوێ هەڵبێت دەربازی نابێت لە سزا, تەنانەت ناكرێت پەنابەریشی پێبدرێت , تۆمەتباری ئەنفال مافی پەنابەری سیاسیان پیچ نادرێت, بە پێی
رێكەوتننامەی قەدەغەكردنی جینۆسایدی ساڵی 1948, چونكە بەشدارن لە تاوانی جینۆساید,
وە سزا دەسەپێنرێت بەسەر هەموو كەسێكی بەشدار لە پرۆسەی پاكتاوی بە كۆمەڵ, نابێت
رزگاریان بێت لێی, بەو پێیەی ئەمانیش كەسانێكن
بەشداربوونە لە ئەنجامدانی تاوانەكە, بۆیە وەك بەشداركەرێك لە پرۆسەی كۆكوژی دەبێت
دادگایی بكرێن و تاوانباران لە سزا دەربازیان نەبێت.
بۆیە ئەمانەلێبوردن نایانگرێتەوە, بەم هۆیەشەوە ئەو بڕیارەی بەرەی كوردستانی
هیچ بنەمایەكی یاسایی و هێزێكی نییە, بەداخەوە جگە لە دەسەڵاتدارانی كوردستان لە عێراقیش بڕیارەكە جێبەجێنەكراوە, هاتووانی ناو لیستەكە
لە بەغدا پۆستی سەربازی و تەشریعیان وەرگرتووە
و چونەتە پەرلەمانەوە و فەرماندەیی گرنگیان لە سوپا وەرگرتووە, یاسای بنەبڕكردنی
پارتی بەعس ئەمانی لێ دەركراوەو بڕیارەكانی نەیانی گرتۆتەوە.
نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد