پەرلەمان قوتابخانەیەکی ئەهلی نیە
وتار/
21/07/2017
1097 جار بینراوە
پەیمان عیزەدین
پەرلەمان قوتابخانەیەکی ئەهلی نیە
پەرلەمان قوتابخانەیەکی ئەهلی نیە، کەی قازانجی هەبو بۆخاوەنەکەی کراوە بێت و کەی کەوتە سەر زەرەر دایبخات
داخستنی پەرلەمان و ڕێگری لە سەرۆکەکەی بە بڕیارێکی حیزبی تەنیا ئاماژەیە
بۆ خاوەندارێتی پارتی بۆ پەرلەمان و وەرنەگرتنی هەڵوێستیش لەبەرامبەر پارتی
ئاماژەیەکی ڕونترە بۆ قایلبونی هێزە سیاسیەکان بەو خاوەندارێتیە.
لە واقعێکی لەم جۆرەدا بڕیاردان لە کارا کردنەوەی پەرلەمان ئاوا ئاسان
نیە،پەرلەمانی کوردستان لەناو هەمان واقعی هەژمونی حیزبی و دەسەڵاتداری
پارتی بەسەر هەولێردا کارا دەبێتەوە ، هیچ جۆرە زەمانەتێک نیە بۆ هێزێکی
سیاسی کە خاوەنی ئەو بڕوایە بێت کە پەرلەمان دەبێت گوێرایەڵی فەرمانی حیزب و
پاراستنی بەرژەوەندیەکانی پارتی بێت و تەنیا لەبەر دەستبردن بۆ یاسای
سەرۆکایەتی هەرێم ڕوبەڕوی داخستن ببێتەوە.
لەبەرامبەریشدا لەسەر زاری جێگری پارتی دیمەکراتەوە بە شانازی و منەتەوە
بوترێت ئەوان بە داخستنی پەرلەمان لە نێوان خراپ و خراپتردا خراپیان
هەڵبژارد، کەواتە لەداخستنی پەرلەمانیش خراپتر هەیە کە پارتی دەستی بۆ ببات
ئەگەر پەرلەمان و هەر هێزێکی سیاسی توخنی بەرژەوەندیەکانی پارتی بکەون. بۆ
داهاتو و لە ئەگەری کاراکردنەوەی پەرلەماندا زەمانەت چیە پارتی بژاردە
خراپترەکە جێبەجێنەکات؟
لەم دۆخەدا بەرامبەر ڕازیبونی بێ مەرجی پارتی بۆ کارابونەوەی پەرلەمان چی بکرێت؟
کە بە بڕوای من ئەمە کلیلی کاراکردنەوەی دروستی پەرلەمانە ، کە دەمانخاتە بەردەم دوو حاڵەت:
یەکەم- ئایا کاراکردنەوەی پەرلەمان لەسەر مەرج و بێ مەرجی پارتی وەستاوە ؟
بەو مانایەی کلیلی دەرگای پەرلەمان لای پارتیە و پارتەکانی تر گوێگری
پەرلەمانن .
دووەم-یان کاراکردنەوەی پەرلەمان لەسەر مەرجی پارتەکانی تر وەستاوە؟
کە لە حاڵەتی یەکەمدا پەرلەمان کارا نەکرێتەوە زۆر باشترە بۆ پڕۆسەی سیاسی و
چەسپاندنی دیموکراسیەت ،چونکە بە قایلبونی هێزە سیاسیەکان بۆ کاراکردنەوەی
پەرلەمان بە تەنیا لەبەر تەنازولکردنی پارتی لە مەرجەکانی و ڕازیبونی بە
کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوا جگە لەوەی کۆی ئەو هێزانە دەکاتە پاشکۆی پارتی
،لە هەمان کاتدا هیچ بەهایەک بۆ پەرلەمان و دامەزراوە شەرعیەکان و دەنگی
هاوڵاتیان ناهێڵنەوە.
پەرلەمان دەبێت چۆن کارا بکرێتەوە؟
لە حاڵەتی دوەمیشدا کە کارا کردنەوەی پەرلەمان بە مەرجی هێزە سیاسیەکان
بێت(کە گۆڕان و کۆمەڵ ڕۆڵی سەرەکیان دەبێت)، ئەوا پێویستە مەرجەکان لە
بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حیزب لەسەر
پەرلەمان وچەسپاندنی پایەکانی دیمەکراسیەت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و
ڕێزگرتن لە دەنگی هاوڵاتیان بێت. بۆ ئەمەش پێویستە گرنگترینی مەرجەکان
ئەمانە بن:
١-پەرلەمان لە دەستپێکی کارەکانیدا ئیدانەی داخستنی پەرلەمان و ڕێگری لە
سەرۆکی پەرلەمان بکرێت و بە یاسایەک ڕێوشوێنی سزادانی هەر هێزێکی سیاسی
دیاری بکرێت کە جورئەت بکات دەست بۆ کارێکی نایاسایی لەو جۆرە ببات، لە
هەمان کاتدا داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکرێت بۆ پەکخستنی
کاروبارەکانی هەرێم و بێرێزی کردن بەرامبەر دەنگەکانیان.
٢-هەڵوەشاندنەوەی هەمو ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی پەرلەمان دراوە بە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکانی هەرێمیشەوە.
٣-هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و پڕکردنەوەی ئەو پۆستە تا هەر
بڕیارێک لە پەرلەمانەوە دەردەچێت ،بە شێوازێکی یاسایی کۆتا پلەکانی بەدەست
بێنێت ،بەمەش زەمانەتی یاسایی بونی بڕیارەکان و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ
دەکرێت.
٤-دەرکردنی یاسایەک بۆ بڕیاردان لەسەر بە دەوڵەت بون و دەستنیشانکردنی
هەنگاوەکانی بە دەوڵەتبون و سەربەخۆیی بە جۆرێک سەقفێکت زەمەنی دابنرێت بۆ
جێبەجێکردنی ئەو گەنگاوانە.
٥-دامەزراندنی هێزێکی پێشمەرگەی نیشتیمانی لە هەولێر بۆ پاراستنی پەرلامان و
پایتەختی هەرێمی کوردوستان لەهەر کودەتا و دەستبەسەراگرتنێکی حیزبی.
بەدەر لە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە ،کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێتە هۆکارێک بۆ
زیاتر سەپاندنی دەسەڵاتی حیزب بەسەر پەرلەماندا و درێژەدانە بە هەمان
ململانێی سیاسی ناڕەوا کە جگە لە گاڵتەکردن بە چارەنوسی گەلێک هیچی تر
نابێت.
پهیمان عیزهدین
نوێترین نوسینەکانی پەیمان عیزەدین