ڕیفراندۆم و موسا و كەعبە
وتار/
14/07/2017
720 جار بینراوە
یعقوب كاكل
ڕیفراندۆم و موسا و كەعبە
یعقوب كاكل
پرسی گشتپرسی لە ئیستادا خەریكە بە جۆرێكی تر ناكۆكی لە نێوان هێز و لایەن و جەماوەریشدا دێنێتە ئاراوە ، بە شێوەیەك سیاسەت بەم پرسە گشتیەوە ئەكرێت كە هیچ كاتێك لە میژووی كوردا كەموێنە بووبێت، ئەو حزبانەی یان ئەو كەسایەتیانەی سەردەمانێك بووە گەنجێتی و توانای خۆییان لە پێناو پرسی سەربەخۆییدا بە خەرج داوە ( بە راست بوو بێت یان نا) وە سەربەخۆییان كردۆتە دروشم و مەنهەجی حزبییشیان ، سەییر لەوەدا !، ئەوەیە كە هەر ئەم هیز و كەسایەتیانە وەهایان لێ كراوە كە كەنارگیری ئەو هەموو خواست و هیوایەوە ببن و لاشیان قێزەون بكرێت !، ئەمە ئەو یارییەیە كە هێزگەلێك ئەیكەن ، جا خۆی ئەگەر گشتپرسی ئەكرێت خێرە بۆ ئامادەكردنەكەی پرس بە هەمووی ناكرێت و هەڵاوێردن پیادە بكرێت !!؟ خێرە ،سیاسەت كردن بەم بابەتەوە بە بێ سڵەمینەوە مانای چییە ؟
موزایەدە و فرۆشتنەەوەی سەروەری و بە نەیارانی یەكدی بووەتە كاڵایەكی ڕۆژانە بازارمان ...بۆ؟ ، مادام پرسەكە بۆ گشتە پێویستیشە بە گشت بكرێت و بۆ گشتیش بێت، خۆ ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئیستادا ئەوەندەی ئارەزوویەتی نەیارەكانی بە نەخیر دەنگ بدەن بە ریفراندۆمێك كە خۆی سازی كردووە ئەوەندە مەبەستی نیە( كە زۆرینەی رەها كە لەگەڵ سەربەخۆیی و جیابوونەوەن) دەنگی بەڵێ زۆر بێت ، بەڵگەییش بۆ ئەوەی خودی ئەو ساڵانەیە كە بارزانی خۆی بە گەرمی باسی ریفراندۆمی تیدا كردووە و هەر خۆیشیان تەبەنیان نەكرد ، بەڵكو هەڵیان گرت بۆ ئەمرۆیەكی ئاڵۆز، لە بواری دژواری ئابووری و خراپی پەیوەندی سیاسی ناوخۆ و بە بنبەستگەیشتنی زۆرێك لە كێشەكە سیاسیەكانی نێوان هێزەكان، بۆنمونە : لە ساڵەكانی 2014 و 2016 و 2017 دا باس و خواسی ریفراندۆم لە لایەن بارزانیەوە كراوە ، بەڵام وەك ئیمساڵ جدیەتی بەو شێوەی بارزانی و پارتی ئەیانەوێت تیادا نەبووە، هەر بە نمونە بۆ لە ساڵی 2014دا ئەم پرسە بە جدی نەهێنرایە ئاراوە ؟ هەر خودی بارزانی بوو بۆ كەناڵی( بی بی سی ئینگلیزی ) ووتی: دەبێت لەماوەی چەند مانگێكدا ڕیفراندۆم ئنجام بدرێت !!، ئەوەیش لە كاتێكدا هێزەكان كۆكتر و بارلەمان كارا و سەرۆكایەتی هەرێمیش شەرعی و دۆخی ئابووری خەڵكیش باشتر بوو؟ بۆ نەكرا ...!!؟ ئەمە نەك جێگەی پرسیار بەڵكو گومانیشە !.
لە قورئانی پیرۆزدا كاتێك موسا پێغەمبەر بۆ ماوەیەك لە گەلەكەی دوور دەكەوێتەوە و هاوورنی برای وەك جێنشین و جێگر لە شوێنی خۆی دەستبەكار دەكا ، بەڵام لە كاتی نەبوونی موسادا گەلەكەی تووشی لادانی بیروباوەری بوون و بە فیتی كەسێك كەوتنە بتپەرستی ، دیارە هاورونیش زۆر هەوڵی لەگەڵدا دابوون بەڵام سوودی نەبووە و بەشێكی زۆر لەم گەلە گوێڕایەڵیان بۆ هاوورن ئەنجام نەداوە ، كاتێك موسا دەگەرێتەوە دەبینێت وا گەلەكەی تووشی لادان بوون زۆر توڕە دەبێت و پەلاماری سەرو ڕیشی هاورونی برای دەدات و دەڵێت: ئەمە چیە ڕووی داوە !؟ هارونیش زۆر بە سیاسیانە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: برای خۆم بۆ دوژمنم پێ خۆش دەكەییت و لێم توڕە دەبیت !!؟ من ترسام بەرەنگاریان ببمەوە گەلەكەم تووشی تەفرەقە و بەشكردن و جیاوازی بكەم ، بۆیەش نەمكردووە و چاوەڕێم كرد هەتا بگەڕێیتەوە ، ئەمە ڕووداوێكە بۆ ئەم ریفراندۆمە دەكرێت سوودی هەبێت ، چونكە: هیچ شتێك یان هیچ بابەتێك ( تەنانەت سەربەخۆییش) بەدیل و بارتەقای تەفرەقە و جیاوازی و پارچەپارچەبوونی گەل و نەتەوە نیە، خۆ لە ئەسڵدا سەربەخۆیی بۆ مەبەستی یەكریزی و یەكگرتنی گەل و نەتەوەیە ، چ جای بتەوێت لە ڕێگەی پارچەبوونەوە بگەیتە دەسەڵات و سەربەخۆیی !!.
نمونەیەكی تری گرنگ پێویستە، دیسان سوودی هەبێت بۆ ئەم ڕاڕاییەی ریفراندۆمەكەمان ، ئەوەیە: كاتێك لەسەردەمی لاوێتی پێغەمبەر محمد( صلی الله علیە وسلم) بە پێنج ساڵ لە بوونی بە پێغەمبەر ،هۆزەكانی دانیشتووی مەككە و دەوروبەری لەكاتی تۆژەنكردنەوەی بینای كەعبەدا و بەتایبەت لە ئانی دانانی بەردە ڕەشەكەدا دەبێتە كێشەیان و هەر هۆزە و خۆی بە شایستە تر دەزانی بۆ ئەوەی شانازی هەڵگرتن و دانانی بەردە ڕەشەكەی پێ ببرێت ،
لەمكاتەیشدا زانیان دەمەقاڵییان بێ ئەنجامە و ڕێكەوتن لەسەر ئەوەی هەركەسێك یەكەم كەس بێتە ناو كەعبە ڕازی بن داوەرییان بكات ، بۆیە هەر ئەو كاتە پێغەمبەر هاتە لایان و ئەوانیش هەموویان بە داوەری ئەو ڕازی بوون و ئەویش عەباكەی خۆی داگرت و بەردە ڕەشەكەی لەسەر دانا و هەر سەرۆك هۆزە و چمكێكی عەباكەیان گرت و هەمویان پێكەوە بەشدار بوون لە دانانی بەردە ڕەشەكەدا ، جا هەموومان ئاواتمان سەربەخۆییە هەموومان حەز ئەكەیین بەشدار بین لە بونیاتنانی دەوڵەت و پشكمان هەبێت لە دروستكردنی ووڵاتێكی تۆكمەی سەربەخۆمان ، ( كە مافی خۆیشمانە بە هەموو ئاراستە جیاواز و حزب و گروپە ئایینی و مەزهەبی و كۆمەڵایەتیەكانەوە) ئیتر بۆ فێڵ لە یەكتری بكەیین !،
ئەی نازانین یان ناترسین لە كاتی ئەو فێڵەدا لەبەرامبەر ، بەرامبەریش پەنا بباتە بەر فرت و فێڵ و تۆڵە بەرامبەر بە هەنگاوە ناحەكیمانەكانمان!!؟، ئێستە لە نەبوونی حەكیمێكدا كە بێ تەرەف بێت لە نێوانمان دا هەمووشمان متمانەمان پێ بێت، ماوینەتەوە ، دەسا خوایە ئەو حەكیمی چارەی دەردەمان بۆ نازڵ بكەی ، كە بەردی بناغەی بونیادنانی سەربەخۆییمان لە دەست بگرێت و لە شوێنی خۆی دایبنێت .
نوێترین نوسینەکانی یعقوب كاكل
-
یعقوب كاكل
16/07/2018
-
یعقوب كاكل
08/08/2017
-
یعقوب كاكل
14/07/2017