عەلمانییەت لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە..؟

وتار/ 02/05/2017 846 جار بینراوە

عه‌لی حاجی زەڵمی

عەلمانییەت لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە..؟

عەلمانییەكان دەیانەوێت عەلمانیەت وەك ڕێگەیەك بۆ خۆسەپاندن‌و دەستوەردان لەكاروباری ئاین‌و مامۆستایانی ئاینی بەكاری بهێنن
علی حاجی زەڵمی
دەمێكە وتراوە كە عەلمانییەت فیكرەیەكە لەدەرەوە وەرگیراوە بێ ڕەچاوكردنی باروودۆخی تایبەتی كۆمەڵگە موسڵمانەكان.. هێنانی عەلمانییەت وەك هێنانی ڕووەكێكە لە كەش و هەوایەكی جیاوازەوە بۆ كەشوهەوای خۆمان. لە حاڵەتی وا چی دەكەین؟ پێویستە ئەو ڕووەكە لە خانووی پلاستیكی دابنێین بۆ ئەوەی بژی، عەلمانییەتی كوردستان ‌و عەلمانییەتی باقیی وڵاتە موسڵمانەكانیش هەر وایە: عەلمانییەتی خانووی پلاستیكی، هەر بۆیەش دەبینین عەلمانییەت باوەڕی تاقمێكەو ناتوانێت ببێتە باوەڕی سەرجەم كۆمەڵگە، ئەو كەسانەش كە بانگەشەی بۆ دەكەن لەناو وەهمێك دەژین كە ئەوان قسەكەرن بەناوی جەماوەری پانوبەرین. ئەم وەهمەش تا ئەو كاتە بەردەوام دەبێت كە عەلمانییەت دەبێتە تەرحێك بۆ جەماوەر‌و لەڕێگەیەكەوە، ئەم حاڵەتە لەو وڵاتانە بینراوە كە هەڵبژاردن‌و پەرلەمانیان هەیە ئەگەرچیش هەڵبژاردنی ساختە بێت. لە كوردستانیش لەبەر ئەوەی جارێ ماوە ئەو ئیختیارە بدرێتە خەڵك: یان عەلمانییەت یان شەریعەت، عەلمانییەكان هێشتا ماویانە وەكو هاوڕێكانیان لە وڵاتە عەرەبییەكان بڵێن: زۆریی دەنگدەران مەرج نییە چونكە جەماوەر ناكامڵە.
بەڵام داماویی عەلمانییەتی كوردستان بەوە ناوەستێت كە لەناو خانوویەكی پلاستیكیی دوور لە كەشوهەوای كۆمەڵگە قەتیس بووە. داماویی عەلمانییەتی كوردستان ئەوەیە كە عەلمانییەت لە ئەورووپا چارەسەرێك بوو دژی خۆسەپاندن بەڵام ئەمان یان بەشێك لە عەلمانییەكان دەیكەنە ڕێگەیەك بۆ خۆسەپاندن‌و دەستوەردان لەكاروباری ئاین‌و پیاوانی ئاینی. داواماییەكی تری عەلمانییەتی كوردستان ئەوەیە عەلمانییەتی رۆژئاوا كاتێك سەركەوت كە بایەخی تاكی ڕۆژئاوا بە ئاین وەكو جاران نەبوو. وەنەبێت ئەو كاتەش بەرگریی كەنیسە نەبووبێت بەڵام سەردەمەكە بەڕەوتێكی تر دەڕۆشت. تا ئێستاش بایەخی ئاین بەتەواوەتی لەدەست نەچووە بەڵام كاتێك بایەخ بە ئاین كەمبێتەوە تەرحی عەلمانی زیاتر جێگەی قبووڵە. لە كوردستان‌و باقیی وڵاتانی موسڵمانان ئاین هێشتا بایەخێكی گەورەی هەیە هەر بۆیە كاتێك دەسەڵاتدارێك بیەوێت ئاینی زۆربەی خەڵك كە ئیسلامە یەكسان بكات بە ئاینێكی تر ئەوە جێگەی قبووڵ نابێت. ئەوەش جێگەی قبووڵ نابێت دەسەڵاتدار بڵێت بەلامەوە گرنگ نییە مرۆڤ ئاینی هەبێت یان نا، بشڵێت ئیسلام بەلامەوە گرنگ نییە. ئەوەتا دەسەڵاتداران ناچارن جاروبار بەدرۆش بێت بایەخی خۆیان بە ئیسلام پێشان بدەن. ئایا ئەمە كەشوهەوای گونجاوی عەلمانییەتە؟ بێگومان نەخێر چونكە ڕەشەبا لەم حاڵەتە لە دەسەڵاتەوە هەڵدەكات.
داماوییەكی تری عەلمانییەتی كوردستان ئەوەیە ئەوان كار بۆ عەلمانییەت دەكەن لەو كاتەی كەسانی زۆرن هەن بەڵكو حزبیش هەن كار بۆ پێچەوانەكەی دەكەن، واتە بەرەی دژە عەلمانییەت بەهێزەو وەكو ئەورووپای سەردەمی سەپاندنی قۆناغی نوێی عەلمانییەت نییە كە دەورو كاری پیاوانی ئاینی لاواز ببوو.

نوێترین نوسینەکانی عه‌لی حاجی زەڵمی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌