تارمایی چەپ بە ئاسمانی پاریسەوە
وتار/
21/04/2017
814 جار بینراوە
عەلی مەحمود محەمەد
تارمایی چەپ بە ئاسمانی پاریسەوە
عەلی مەحمود محەمەد
بڕیار وایە 23ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لە فەرەنسا
بەڕێوە بچێت, وڵاتی فەرەنسا لە زۆربەی وڵاتانی
رۆژئاوا زیاتر ریز بەندی چەپ و راست لە هەڵبژاردنەكان و لە مشتومڕی سیاسی بەخۆوە دەبینێت,
ئاخر دەستەواژەی چەپ لە فەرەنسا لە دایك بوو لەوكاتەی لەسەر پێشنیاری پەرلەمانتاری
گەل لە فەرەنسا ئیمانۆیل جۆزیف سپیس(1748-1836) دەستەواژەكە دیاریكرا پەرلەمانتاران بە پێی بیروباوەڕیان لە پشتیوانی گەل جێگای خۆیان لەناو
پەرلەماندا گرت, لەوساوە چەپ لەگەڵ گۆڕانكاری و دادپەروەری كۆمەڵایەتیدا بووە, پێچەوانەكەی
بۆ باڵەكەی دیكە راست بووە كە راستە, هاوكات بیری سۆسیالستی لە هەموو وڵاتانی دیكە
زیاتر زادەی فەرەنسایە, لە بابۆفەوە ( فرانسۆ نۆیل بابۆف كە لە سەر بیری یەكسانی
خوازی لە 27ی ئایاری 1797 لە سێدارە درا) تا بیر جۆزێف برۆدۆن (1809-1865), شارل فۆریی (1772-183), لویس
ئۆگست پلانكی (1805-1881) و بۆ شۆرشی فەرەنسا و راپەڕینەكانی یۆلی 1830 و 1848 و كۆمۆنەی
پاریس لە 18ی ئازاری 1871 و شۆرشی قوتابیان لە ساڵی 1968 تا راپەڕینی بێدارانی شەوی
ساڵی 2016, بەشیوەی گشتی مێژوی دوو سەدەی رابردووی فەرەنسا ئاوێنەی ململانێ سیاسیەكانی
دوو سەدەی رابردووی جیهان بووە, مێژووی فەرەنسا
كورتكراوەی مێژووی جیهان بووە لەو 228 ساڵەی رابردوودا, هەر بۆیەشە ماركس دوو پەرتووكی
نایاب و بەناو بانگی خۆی كە هەژدەهەمی برۆمێردی
لوێس پۆناپارت و شەڕی ناوخۆیی فەرەنسا لەسەر پەرەگرتنە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە نووسیوە,
دەتوانین بێ دودڵی بڵێین هەر سێ شۆرشە گەورەكەی فەرەنسا ( شۆڕشی فەرەنسا 1789, كۆمۆنەی
پاریس 1871 , شۆرشی بەهاری 1968ی قوتابیان) كاریگەریان لەسەر رەوتی روداوەكانی جیهان
داناوە لە دوو سەدەی رابردوودا.
چەپی فەرەنسا لە ساڵی 1830 ەوە خۆیان لە گروپی نهێنی
بچوك بچوكدا رێك خستووە,كە بەردەوام راودەنران
لە لایەن دەسەڵاتەوە كە پارێزەری چینە باڵاكان بوون لە ئەرستۆكرات و پیاوانی ئاینی,
ئەم بزوتنەوەیە بەردەوام لە تێكۆشانی بێ وچاندا بوو بۆ گۆڕانكاری لە سستەمی سیاسی و گەیشتن بە دادپەروەری كۆمەڵایەتی
و دامەزراندنی كۆمارێكی عەلمانی, تا لە ساڵانی 1879 پارتی كرێكارانی سۆسیالستی فەرەنسی
و لە ساڵی 1880 یەكەم پارتی ماركسی بەناوی پارتی كرێكارانی فەرەنسا دادەمەزرێت, سۆسیالستەكان
لە كۆنگرەی شاری توری 1920 وەكو ئێستای فەرەنسا دەبنە دوو بەشەوە, بەشە بچوكە ریفۆرم خوازەكە دەبنە سۆسیال دیموكرات و بەشە گەورە
شۆڕشگێڕەكە دەبنە حیزبی شیوعی,لە ماوەی نزیك نیوەی سەدەی فەرەنسا لە دوای جەنگی جیهانی
دووەمەوە بەهۆی رۆڵی پاڵەوانانەی شیوعییەكان لە خەبات دژ بە فاشیزم دەوترا لە نێوان
دیگۆلییەكان و شیوعییەكان هەموو پارتەكانی دیكە بچوك بوون تا ساڵی 1967 سەركردایەتی
چەپ و زۆربەی جارەكان پارتی یەكەمی وڵات بووە تا ساڵی 1958 , لە 1981ەوە رێژەی دەنگەكانی نزیك 75% دادەبەزێت بەهۆی
مردنی سەركردە كارێزماییەكەی مۆرێس تۆرێزو نەگرتنە دەستی دەسەڵات لە دوای شۆڕشی
قوتابیان لە ساڵی 1968 دا.
هەموو كات گۆرەِپانی چەپ لە فەرەنسا شوێنی هەموو باڵ و قوتابخانەكانی تێدا بۆتەوە, پێكهاتەی
رابەرایەتی كۆمۆنارەكان باشترین نموونەیە بۆ ئەو فرە پێكهاتەیەی ناو چەپ كە تا ئێستا
لەم وڵاتە بەو شێوەیەیە .
جارێكی دیكە خەریكە تارمایی سۆسیالیزم ئاسمانی فەرەنسا
دادەگرێتەوە, وەلێ بە دوبارە بونەوەی مێژوو نا, لە رێگای ئەندامگیری حیزبییەوە نا,
بگرە لە رێگای جەمسەر بەندی داواكاری و خواستەكانەوە لە شەقامەوە لە رێگای هەڵمەتەكانی
هەڵبژاردن و پێشكەش كردنی ئەلتەرناتیفی دەسەڵاتەوە, جەمسەر بەندیەك پێش چەند هەفتەیەك
خەون بوو, بێدارانی شەوی پاریس بە دیار بێداری خۆیانەوە خەو بردیانییەوەو ناردیانیەوە
بۆ ماڵەوە, تارماییەكە هەر نەهات , كرێكارانی یاخی شەقامەكانی پاریس هەر نەیان
توانی تارماییە سورەكە بەدیبكەن, كەچی ئێستا داواكارییەكانیان بووە تارمایی گۆڕانكاریەكان
و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی كاندیدە چەپەكاندا بەرجەستە بوو, بەم هۆیەوە هەموو هێزە كۆنەپەرستەكانی
وڵات لە پارێزەرانی سستەمی سیاسی باڵادەست و نوێنەرانی بازاڕەكانی سەرمایەداری و سەرمایەی
دارایی و كۆمپانیا زەبلاحە فرەنەتەوەییەكان , وەك گا كە رقیان لە رەنگی سورە
ترساندووە, تەنانەت هەموو كاندیدەكانی حیزبی دراو بە وتەی هامونی كاندیدی سۆسیالستەكانی
یەك خستووە,بگرە ئەوانەشی گوایە دڵیان بۆ چەپ لێدەدا ناچار كرد داكۆكی لە سستەمی سیاسی
باو بكەن, هەر بەوەندەشەوە نا بگرە 25 هەڵگری
نۆبڵ لە ئابوری لەسەر ئاستی جیهان پەیوەست بوون بەم كەمپەینەوە .
چەپەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا, لە كۆی 11
كاندید , بە 4 كاندید بەشداری هەڵبژاردنی
كۆماری فەرەنسا دەكەن كە ئەوانیش بریتین لە هەر یەكە :
1- فلیب
پۆتۆ 50 ساڵ, كرێكاری پێشوی كۆمپانیای فۆرد و ساندیكایی, سەرۆكی پارتی نوێی دژ بە
سەرمایەداری (ترۆتسكیستی پێشو), لە بانگەشەی هەڵبژارندا خۆی وەك كرێكارێك دەناسێنێت نەك وەك سیاسییەك , مرۆڤێكی سادە و موخاتبێكی بە
توانا.
داوای
كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ و 32 كاتژمێر كار لە هەفتە و مافی لەباربردنی
منداڵ و دەستەبەركردنی دەستخستنی دەرمان دژ بە سكپڕی بە خۆڕایی دەكات, رادەی پشتیوانییەكانی2%
بۆ 2,5%ی دەنگەكانە.
2- خاتوو
ناتالی ئارتۆ 47 ساڵ ,مامۆستای ئابوری , ترۆتسكیست وتەبێژ و كاندیدی پارتی خەباتی
كرێكار, داوای قەدەغەكردنی دەركردنی كرێكار لەسەر كار و زیادكردنی كرێ و موچەی
1800 ئیرۆ بۆ خانەنشینان و وەدەستخستنی هۆیەكانی بەرهەم هێنان لە لایەن كرێكارانەوە
دەكات, رادەی پشتیوانییەكانی 0,5%ی دەنگەكانە .
3-بینۆ هامون 49 ساڵ , وەزیری ئابوری پێشو لە
كابینەی فرانسۆ هۆلاند, سەرۆكی لاوانی سۆسالست , پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا, لە 29 یەنایەری 2017 بە هێنانی 58,88%ی دەنگی
ناو پارتەكەی بوە كاندیدی پارتی سۆسیالست بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری وڵات , دەرچونی
كودەتایەك بوو بەسەر باڵی راستی ناو حیزب بە ساندەرزی فەرەنسا ناو برا, لە كاتێك
پرۆسەی بردنەوەكەی و كاردنەوەی باڵی راستی ناو حیزب لە بەرامبەری لە شێوەی جیمی كۆربین
سەركردەی چەپگەرای پارتی كرێكارانی بەریتانیا خۆیان نمایش كرد, هەر بۆیە باڵی راستی ناو حیزب ملیان بە ئەنجامی
هەڵبژاردنەكە نەدا و لێی هەڵگەڕانەوە , دەكرێت لە داهاتوودا باڵی راستی ناو پارتی
كرێكارانی بەریتانیا بە سەركردایەتی بلێر هەمان پرۆسە جێبەجێ بكەن,هامون بە بەرنامەیەكی
چەپتر لە هەر یەكە لە بیرنی ساندەرز كاندیدی
سۆسیالست خوازی ئەمەریكا لە پارتی دیموكرات و جیمی كۆربین سەرۆكی پارتی كرێكارانی
بەریتانیا هاتە مەیدان ,وەلێ بەهۆی ژینگەی سیاسی لە وڵات نەیتوانی لەم قۆناغەدا هەمان
رۆڵی سیاسی ئەوان بگێڕێت, بە تایبەت بە بونی میلنشۆن .
هامون خاوەند بەرنامەیەكی سۆسیالستی ژینگەییە, داوای گۆڕینی كۆماری پێنجەم بۆ كۆماری شەشەم دەكات
بە قۆناغ,گرنگی دان بە كەرتی تەندروستی و پەروەردەو دیاریكردنی 750 ئیرۆ موچەی بنەڕەتی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی
فەرەنسا ئەوانەی داهاتی مانگانەیان كەمترە لە 2185 ئیرۆ لە مانگێكدا وباج خستنە سەر
رۆبۆتی كارگاكان وموچەی 600 ئیرۆ بۆ بێكاران و 200 ئیرۆی مانگانە بۆ ئەوانەی لانی
كەمی كرێ وەردەگرن, دروستنەكردنی زیندانی
نوێ لە وڵات, هەڵوەشاندنەوەی یاسای كاری هەموار كراو, زیاد كردنی لانی كەمی كرێ و
كەمكردنەوەی سەعاتی كار و ,,,,, كۆتایی هێنان بە بەكار هێنانی ئۆتۆمۆبیلی گازی تا ساڵی2025 و دەستبەرداربوون
لە بەرهەم هێنانی كارەبا لە رێگای وێستگەی ئەتۆمی بۆ ساڵی 2050.
هامون لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی توانی لاوانی دژ بە جیهانگیری و سەرمایەداری وهەوادارانی
سۆسیالیزمی راستەقینە بۆ كەمپەینەكەی رابكێشێت, نەیارانی بە سۆسیالستی خەیاڵی و سۆسیالستی
بێ گەرد توانجی لێ دەدەن.
دوای سەركەوتنی وەك كاندیدی پارتی سۆسیالست بۆ پۆستی سەرۆك
كۆماری فەرەنسا, تەنها بل قاسم و كریستیان تۆبیرا لە وەزیرەكانی حكومەتەكەی هۆڵاند
ا پشتیوانیان لێی كرد, ئەوانی دی هەموو بە سەرۆكەكەیانەوە پەیوەست بوون بە كەمپەینی
ماكرۆنەوە, كە ناڕاستەوخۆ بووە كاندیدی باڵی راستی ناو سۆسیالستەكان, هەمان رێگای
كلنتۆن و شرۆدەر و بلێر و رینزی گرتە بەر.
هامون لە ئێستادا بەهۆی پشت لێكردنی باڵی راستی دەسترۆیشتوی
حیزبەكەی بەرەو پەراوێز دەڕوات و بۆتە پێنجەم
ركابەر, بەردەوامە لە دیدارەكانی, راشكاوانە رایگەیاند لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكان
دەنگ بە میلنشۆن دەدات, واتا هەڵوێستی تەواو پێچەوانەی هۆلاندی گرتە بەر, بیەر لۆران
سكرتێری حیزبی شیوعی فەرەنسی كە پشتیوانی میلنشۆنە داوای بەیەك گەیشتنی هامون و میلنشۆنی
كرد لەوكاتەی هامون چوارەمین بوو و میلنشۆنیش پێنجەم, بارودۆخەكە گۆڕا دواتر, ئەوەی
هامونی كردە پەراوێزەوە میلنشۆن بوو نەك باڵی راستی ناو سۆسیالستەكان.
هامون پێی وایە ماكرۆن و لۆبان و فیۆن كاندیدی پارتی
دراون بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری وڵات.
4 -ژان لۆك میلنشۆن تەمەن 65 ساڵ مامۆستا
دواتر رۆژنامەنوس و پەرلەمنتار و سیاسەتمەدار , لە دایك بووی شاری تەنجەی مەغریب
,بە ترۆتسكیزم چووە ناو جیهانی چەپگەراییەوە, 31 ساڵ لە گەڵ سۆسیالستەكانی كاریكرد
تا بووە وەزیر لە كابینەی سۆسیالستەكان, پێشتریش بچوكترین پەرلەمنتاری وڵات بوو, لە
2008 هەمان رێگای ئۆسكار لاڤۆنتینی سوری ئەڵمانی گرتە بەر و جیابوەوە لە حیزب, كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری لە هەڵمەتی (la France insoumise) موعجیبە بە هەردوو شۆڕشگێڕ
ماكسمیلیان رۆبسبیاری فەرەنسی و شافێزی فەنزوێلی,
ئەمیش وەك كۆربین و ساندەرز لە دەرەوەی دەزگای
سیاسی بەهێزەوە سەركەوت و بووە یەكێك لە كاندیدە بەهێزەكانی پۆستی سەرۆك كۆماری وڵات,
هەرچەندە پارتی چەپ و حیزبی شیوعی و چەند دەستەو رێكخراوێكی دیكە پشتیوانی بەهێزی
لێدەكەن.
توانای وتاردان و قسە كردن و قەناعەت پێكردنی لە هەموو كاندیدەكانی دی زیاترە و خاوەند رۆشنبیرییەكی بەرفراوان و باڵایە, هاوكات لە هەموو كاندیدە بەهێزەكانی دیكە
پاكتر و جەماوەریترە, راپرسییەكان دەریدەخەن راستگۆترین و پاكترن و نزیكترینە لە
داخوازییەكانی خەڵكەوە لەناو كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆماری.
لە كاندیدە بەهێزەكان ماكرۆن و مارین لۆبان و فرانسیۆ فیۆن
پاكترە, كە هەموو گلاونەتە گەندەڵیەوە,
توانیویەتی وەك ساندەرز گەنجان بۆ خۆی
رابكێشێت و ببێتە هیوایەك بۆ دادپەروەری لە
وڵاتدا.
پەیمانگای ئیفۆب فودسیال راپرسیەكی ئەنجامدا دەركەوت میلنشۆن
لە روی جەماوەرییەوە لە پێش هەموو سیاسییەكانەوەیە , ئەگەر بگاتە خولی دووەم ئەوا
لێیان دەباتەوە تەنانەت ئەگەر ئیمانۆیل ماكرۆنیش پێشبڕكێی بكات.
میلنشۆن لە ئێستادا سەنتەری چەپی ریشەییە لە وڵات, تارماییەكەی
هەموو پارێزەرانی سستەمی دەسەڵات و سەرمایەداری ناو خۆو دەرەوەی ترساندووە.
میلنشۆن دەیەوێت چی بكات؟
میلنشۆن لە رێگای بەرنامەكەیەوە, دەیەوێت لە بواری دیموكراسی
, دادپەروەری كۆمەڵایەتی, ژینگە پارێزی و ئاشتی جیهانی كۆمەڵێك گۆڕانكاری بكات,
گرنگترینیان بریتین لە كۆتایی هێنان بە دیاردەی بێلانەیی و چارەسەری پزیشكی و ژیانی
شەرافەتمەندانە بۆیان ,دیاریكردنی شەكەت بوون وەك نەخۆشیەكی كاركردن, دەرنەكردنی
كرێكاران لەسەر كار, كەمكردنەوەی موچەی بەرپرسان, خانەنشینی بە موچەی تەواو, زیادی
كردنی لانی كەمی كرێ بۆ 1326 ئیرۆ كە 16% زیاترە لە پێشوو, و كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵی, بنەبڕكردنی بێكاری
و پشتیوانی كەرتی پەروەردەی گشتی و خوێندن
بە خۆڕایی و هاوكاری قوتابیان لە قۆناغی خوێندنی زانكۆ, كەمكردنەوەی سەعاتی كار لە
35 كاتژمێرەوە بۆ 32 كاتژمێر لە هەفتەدا, سەپاندنی باجی 90% بەسەر ئەوانەی داهاتیان
لە 33 هەزار ئیرۆ زیاترە لە مانگێكدا.
بە گشتیكردنی كەرتی كارەباو راگرتنی دروستكردنی وێستگەی
ئەتۆمی نوێ و كۆتایی بەكار هێنانی لە ساڵی 2050 , بە گشتیكردنەوەی كەرتەكانی فرۆكەوانی
و پەیوەندی و دروست كردنی بانكێكی زەبلاحی حكومی.
دەرچون لە پەیمانی ناتۆو چاكسازی یەكێتی ئەوروپا ئەگەر
نا هەنگاو نان بەرەو فرێكست لە رێگای راپرسیەوە وەك بەریتانیا, كشانەوە لە پەیمانامەی
بازاڕی ئازاد, كۆتایی هێنان بە قۆناغی كۆماری پێنج, وڵات بەرەو قۆناغی كۆماری 6
ببات, واتا ئەوەی دیگۆڵ تێكی دا, ئەو راستی بكاتەوە,دەسەڵاتی زیاتر بدات بە پەرلەمان
لە رێگای گۆڕینی سستەمی نیمچە سەرۆكایەتی وڵات بۆ پەرلەمانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن
بە پێی یاسای رێژەیی یەك بازنەیی لە وڵات, گەڕانەوە بۆ دیموكراسی راستەوخۆو هەڵگرتنی روحی پەیامەكانی
كۆمۆنەی پاریس, دابەزاندنی تەمەنی دەنگدان بۆ 16 ساڵ .
"" كۆماری پێنجەم لە 5 ئۆكتۆبەری
1958 بنیات نرا لە سەر بنچینەی گۆڕینی سستەمی سیاسی وڵات لە پەرلەمانیەوە بۆ نیمچە
سەرۆكایەتی لە لایەن دیگۆڵەوە "( كۆماری یەكەم 1792-1804- كۆماری دووەم
1848-1852 , كۆماری سێیەم 1870-1940, كۆماری چوارەم 1946-1958) ."".
تارماییە سورەكە
بەهۆی ئەوەی هەردوو حیزبی دەسەڵات لە 59 ساڵی رابردوو لە
سەردەمی دامەزراندنی كۆماری پێنجەوە, لە ئۆكتۆبەری
1958ەوە , دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ئەوساڵە پارتە راستەكان سەركەوتنی گەورەیان
تۆمار كرد, بۆ یەكەم جارە لەم ئاستە نا جەماوەریەدا
دەبن, كە تەنها نزیك 25%ی دەنگدەرانیان لە پشتە, پارتی سۆسیالست لە ساڵی 1967 ەوە یەكێكە
لە دوو هێزە سەرەكیەكەی وڵات, لە 12ی مارسی 1967ەوە سەركردایەتی چەپی لە حیزبی شیوعی
وەرگرتەوە , كە پێشتر ئەو حیزبە لە ساڵی 1945 نەك سەركردایەتی چەپی دەكرد, بگرە بە
هێنانی 26,1%ی دەنگەكان بووە پارتی یەكەمی وڵات , ئێستا بەهۆی ململانێی ناوخۆیی و
پشتیوانی نەكردن لە كاندیدی حیزب لە لایەن باڵی راستی دەستڕۆیشتوی ناو حیزبەوە, سیاسەتی
سك گوشینی هۆلاند, هیچكات وەك ئێستا بەم ئەندازەیە لە قەیراندا نەبوونە.
هاوكات پاشە كشەی چەپ و راستی ناوەند بە هۆی بڵاوبونەوەی
گەندەڵی لە ناو توێژی دەسەڵاتدار, نەك لە بەرامبەر ناڕەزایی خەڵك خۆیان چاك نەكرد بگرە فیۆن بە كۆمەڵێك گەندەڵییەوە
بەشداری پێشبڕكێكە دەكات وەك نوێنەری راستی نەرێتی, سۆسیالستەكانیش بە دوو كاندیدەوە
بەشداری دەكەن, هامون بە سیاسەتی جیا لە دەسەڵاتدارانی ناو حیزب, ماكرۆنیش بەناوی
سەربەخۆ و نە چەپ و راست ەوە بەشدارن, لە بەرامبەر ئەمانەدا كاندیدانی دەرەوەی سستەم لە پێشەوەن بە تایبەت
لۆبان و میلنشۆن , بە تایبەت ئەوكاتەی میلینشۆن بە بەرنامەیەك كێرڤی دەنگدەرانی سەركەوت,
دەسەڵاتداران بەهۆی نەهاتنەوەی بەرنامەی هەڵبژاردنەكەی لەگەڵ بەرژەوەندیەكانیان كەوتنە
هاوار.
هەموو پارێزەرانی سستەمی كۆن و كۆمارە نا دیموكراتیكەكەی
5 كۆبونەتەوە, بۆ ئەوەی رێگری لەو گۆڕانكاریانە بكەن كە لە گەڵ ویستی كرێكارە یاخیەكانی
پاریس و لاوە ئازادیخوازەكانی بێدارانی شەودا یەك دەگرێتەوە.
سستەمە سیاسیەكەی فەڕەنسا وەك ئەو كەوڵە رزیوەی لێهاتووە,
هەر رۆژەی لە لایەكەوە دەدڕێت و ناشرینیەكانی دیوی ناوەوەی دەردەكەوێت, بەرز بونەوەی
رێژەی بێكاری بۆ ئاستی 10% بەتایبەت لە ریزی توێژی لاوان و بەرینبونەوەی نا یەكسانی لە نێوان 99%ی كۆمەڵگا و 1%ی كۆمەڵگا,
سستەمی سەقەتی هەڵبژاردن و مایە پوچی دیموكراسی نوێنەرایەتی, گەندەڵی سیاسەتمەداران,
درێژە كێشانی قەیرانی ئابوری , هەموو ئەمانە وایان كرد, ئەلتەرناتیفی سیاسی بۆ سستەم ببێتە خواستی زۆرینە, بە شێوەیەك پارتە دەسەڵاتدارەكانی 46 ساڵی
رابردوو, لە هەڵبژاردنەكەی 23ی ئەبرێلدا , تەنها نزیك 25%ی دەنگەكان دەهێننەوە,
گۆڕانكارییەكان بەشێوەیەكە بۆرجوازی فەرەنسا
حەسرەت بۆ نەخشەی سیاسی تازەی ئیسپانیای دراوسێی بخوازێت, لەم نێوەدا ئەگەر تا
مانگێك لەمەوپێش تارماییە سورەكە بای هەڵبژاردن نەیهێنابێتە سەر ئاسمانی پاریسی
شاری روناكی, ئەوا ئەمڕۆ تارماییەكە دەركەوتووە هەموو وەك گایەكە لێی دەڕەوێنەوە,
لە هەموو لایەكەوە پەلامارەكە دەستی پێكردووە تا گەیشتۆتە ئاستی نەیارانی دوێنێ
ململانێی خۆیان كۆتایی پێ بهێنن بۆ ئەوەی یەكگرتووانە قۆچ لە سورەكە بدەن .
هەرچەندە ئەوەی رونە كە بۆرجوازی فەرەنسی مایەپوچی سیاسیە
هیچی تازەی نییە پێشكەشی بكات بۆ خۆرزگار كردن و پاراستنی دەسەڵات, بۆیە لە ئەرشیفە
كۆنەكاندا بەدوای دەستەواژە سیاسییەكاندا دەگەڕێت تا لە تارماییە سورەكە بیانترسێنێت.
ئەوی رونە لۆبی دارایی و سەرمایەدارانی وڵات بێدەنگ نابێت
وا بە سانایی لاوان و خانەنشینان و كرێكاران و .... لە دەوری بەرنامەیەكی چەپ كۆببنەوەو
بە پێكەنینەوە چەپڵە بۆ گۆڕانكاری لێبدەن.
ئەو رەنگە سورەی ئاسمانی پاریس , تەواوی بۆرژوازی لە
بزنسمانەكان و بانكەكانی راچەڵەكاند, ئەمڕۆ چەپ بە رەنگی شینیشەوە بۆیان بۆتە دێو
لەبەر چاوی ئەوان هەر سور دەخوێنێتەوە, لە ئەرشیفەكانی رابردوەوە بەدوای دەستەواژەكاندا
دەگەڕێن تا هانی خەڵك بدەن وەك خۆیان لێی بڕەوێنەوە.
هەرچەندە راگەیاندنی راستگەراكان دان بەوەدا دەنێن میلنشۆن
كارێزمای رازیكردنی هەیە و ویقاری زیاترە لە كاندیدەكانی ئەوان, وەلێ بە هەموو
توانایەكیانەوە هەوڵی ناوزڕاندنی دەدەن و تانەی سیاسی لێدەدەن.
سەرمایەداری دەسەڵاتداری فەرەنسی ئەمڕۆ لە ناخۆشترین كاتەكانیدایە,
نیوسەدە زیاترە فەرەنسا هەڵبژاردنی وا پڕ لە كێشەی بۆ سەرمایەداری بەخۆوە نەبینیوە, پارتەكانی بەرەو شكست دەرۆن, بۆیە لە هەوڵدان لە
رێگای فیۆن راستی -پارێزگاری تاتشەری, ماكرۆن نزیك لە خەتی سێ (بلێر-كلنتۆن) متمانە
بۆ خۆیان بگەڕێننەوە, بۆ ئەم مەبەستەش دەست لە هیچ ناپارێزن, تا لایەنەكانی بەرامبەر
بە تایبەت میلنشۆن تێك بشكێنن, كە 9 ساڵ لەمەوبەر
وەزیری پارتەكەی خۆیان بوو.
بۆیە
سەرمایەدارانی وڵات كەوتونەتە دژایەتی راستەوخۆی میلنشۆن, با چەند نموونەیەكی
بچووك لەو پەلامارانە ببینین, رۆژامەی لۆفیغارۆ كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای داسۆ بۆ دروستكردنی فرۆكە خاوەنێتی ,
4 لاپەڕەی بۆ دژایەتی میلنشۆن تەرخانكردووەو
ستایشی فیۆن دەكات , رۆژنامەكە بە شۆڕشگێڕی ئەمەریكای لاتینی ناوی دەبات و رایدەگەیەنێت
ناوبراو دەیەوێت خەرجی گشتی بە رێژەی 270 ملیار دۆلار زیاد بكات وە 120 ملیار دۆلار باج زیاد بكات, وە ئەوانەی
داهاتیان لە 400 هەزار دۆلار زیاترە لە ساڵدا پارەكەیان لە گیرفان دەربكات, رۆژنامەكە ئەمە بە مەترسی دەزانێت, لە شوێنێكی
دیكە بە مەترسی خاوەندی پڕۆژەی بۆ تێكدانی فەرەنسا ناوی دەبات.
هەرچی رۆژنامەی ۆڵ ستریت جورناڵە رایگەیاند راستە جیهان
دەترسێت لە دەرچونی لۆبان, وەلێ میلنشۆنیش مەترسیدارە, كەچی رۆژنامەی لۆمۆند بە مەترسیداری فەرەنسای نوێ ناوی دەبات, وەلێ رۆژنامەی
لیزا ئیكۆ بە سەرچڵی فەرەنسای نوێ ناوزەدی دەكات.
هاوكات فیۆن بەرنامەی ئابووری میلنشۆنی بە بەرنامەی دەسەڵاتی كۆمۆنیستی ناوبرد, فیۆن لە
دوا وتەیدا داوای یەكێتی كرد لە بەرامبەر هەڕەشەی شیوعیەت كە میلانشۆن نوێنەرایەتی
دەكات.
هاوكات فرانسۆ هۆلەندی سەرۆك كۆمار كە پشتیوانی لە ماكرۆن
دەكات, دوای زیادبوونی پشتییوانی لە میلنشۆن وتی(( هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆنی ناخۆشی
لێ دێت)), لە كاتێكدا هۆڵاند میلنشۆنی بە مەترسیتر لە لۆبان زانی, ئەمەش بەهۆی ئەوەی
هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرەو پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندی دەزگای سیاسی چینی باڵادەست
دەڕوات لە وڵات.
ماكرۆنیش پێی وایە میلنشۆن (مەترسیدارە), هەموو ئەمانە بۆ
خەڵكی رون ناكەنەوە ترسناكی میلنشۆن لە بەرنامەكەیەتی كە تەنها بۆنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی
و ژینگەیەكی پاكی لێ دێت, یاخود لە رەخنە گاڵتە ئامێزە جەرگبڕەكانیوەیەتی , یاخود
لەوەدایە, قۆناغ بە قۆناغ سیاسەت لە وڵاتدا سورتر دەبێتەوە.
دوای هەڵبژاردن چی بكرێت ؟
یەك شەمە 23ی ئەبرێل, 47 ملیۆن فەرەنسی لە رێگای 67 هەزار
سندوقی دەنگدانەوە دەنگە دەن, 4 كاندید پێشبڕكێیانە بۆ پلە بەندی یەكەم و دووەم ,
لەم نێوەدا ئەگەر ئەنجامی میلنشۆن دەرچوون
بێت , بێشك كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی
داهاتووی بەریتانیا دادەنێت, وەكو ئیندیبیندت رایگەیاند ئەگەر سەركردەكانی پارتی
كرێكاران كێشە بۆ جیمی كۆربین دروست نەكەن , ئەوا كۆربین پارتی كرێكاران بەرەو سەركەوتن
دەبات, ئەگەریش نا وەك هامونی لێدەكەن.
لەم هەڵبژاردنەی فەرەنسا پێشبینی دەكرێت چەپی ریشەیی 30% بۆ 33%ی دەنگەكان
بەدەست بخات, لە دوای مۆریس تۆرێزەوە (1900-1964) سەركردەیی بەناو بانگی حیزبی شیوعی فەرەنسی , چەپی فەرەنسا, سەركردەی
كارێزمایی وەك میلنشۆنی تێدا هەڵنەكەوتووە .
بەهۆی سیاسەتی تەقەشوفی ئابوری حكومەتی هۆلاندەوە, بە تایبەتی
دوای جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی لە سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر داهات زۆرەكان و هەمواركردنەوەی
یاسای كار , دەنگدەرانی پارتەكەی وەك پێشوتر
لە یۆنان لە حالەتی پاسۆك بەرەو سیریزا و ئیسپانیا لە حالەتی سۆسیالستی كرێكاری بەرەو
پۆدیمۆس رۆیشتن هەروەها ئەمەریكا لە حالەتی
بیرنەر ساندەرز, ئەمەو پێشبینی دەكرێت دەنگدەرانی زیاتری هامون و كاندیدە چەپەكانی
دی ,لە دوا چركەكاندا بەرەو میلنشۆن بێن و دەنگی زیاتر بهێنێتەوە, دەنگدەرانی لە كۆتادا
لەسەر بنچینەی دەنگدانی بە بەرهەم دەنگ بە
میلنشۆن بدەن, چونكە تازە هامون فریای ململانێی گەورەكان ناكەوێت .
راپرسییەكان زەحەمەتە وەك ئەوەی هەیە بیپێكێت, بەهۆی زۆری ژمارەی ئەوانەی خۆیان یەكلا
نەكردۆتەوە, پەلامارە سەربازییەكەی پاریس كە هەمیشە داعش و ئیسلامییەكان تەواوكەری
باڵی راستی فاشیزم بوونە , بەشداری گەنجان
بۆ یەكەمجار لە دەنگدان و هەڵەی راپرسییەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا لەوە پێش.
لە كاتی دەرنەچووندا, پێویستە كەمپەینی فەرەنسایی یاخی بە
یەكگرتووانە بەردەوام بێت , كەمپەیی میلنشۆن تەنها كەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری
نەبێت,, تەنانەت بە كۆكردنەوەی گروپەكانی دی ئەوانەی ئێستا لە دەرەوەن یان كاندیدیان
هەیە, لە دەوری خۆی كۆبكاتەوەو درێژەی پێ
بدرێت , كە لە ئێستادا 423,627 ئەندامی هەیە, لە فەرەنسای ئێستادا نزیك دوو لەسەر
سێی هاووڵاتیانی فەرەنسا باوەڕیان وایە ململانێی چینایەتی راستییەكی رۆژانەیە, ئەمەش
20%ی زیاترە لە ئایار و یۆنی 1968ی فەرەنسا
كە لە جەرگەی راپەڕینی بەهاری 1968 قوتابیاندا بوو, بۆیە زەمینەی گەشەی زیاتری چەپ لە هەموو كات زیاتر لە بارە , ئەمەو لۆبان بەشێك لەبەرنامەی ئابوری چەپەكانی كردۆتە
بەرنامەی خۆی, بۆیە بەشێك لە چینی كرێكاری فەرەنسی دەنگی پێ دەدەن, پێویستە كار بۆ
ئەوە بكرێت دەنگەكانی لێوەربگرترێتەوە.
هەڵمەتی هەڵبژاردنی فەرەنسا سەلماندی, چەپ لە هەموو كات
و شوێنێك لەم جیهانە , بۆی هەیە لەماوەی كورتدا بەرەو دەسەڵات هەنگاو بنێت, چونكە
تاكە لایەنە ئەلتەرناتیفی بۆ سەرمایەداری پێییە.
لە كۆتادا
دەڵێین فەرەنسا یۆنان نییە ,یۆنانێك خاوەند 10,955,000 دانیشتوانە, ئابورییەكی قەیراناوی
قەرزاری زیاتر لە كۆی بەرهەمی نەتەوەیی وڵات, بەرهەمی نەتەوەییەكەی 193 ملیار دۆلار
و 100 ملیۆن دۆلارە, هەرچەندە خاوەند پارتێكی بەهێزی وەك سیریزا بوو بە تەنها
35,46%ی دەنگەكان و 145 كورسی لە كۆی 300 كورسی پەرلەمانی یۆنانی بەدەست هێنا,وەلێ
فەرەنسا خاوەند 66,991,000 ملیۆن دانیشتوان و ئابورییەكی 2 ترلیۆن دۆلاری و420ملیار
دۆلار و 440 ملیۆن دۆلارییە, هەرچەندە َ پارتە پشتیوانكەرەكانی میلنشۆن تەنها لە كۆی 577 كورسی پەرلەمان خاوەند 10 كورسین,
بۆیە بە دەرچوونی میلنشۆن 10 یۆنانی دیكە زیاد دەكات , كە كاریگەری لە سەر دەیان وڵاتی دیكەی فەرەنسی زمان هەیە و تەكانی گەورە بە شۆڕشە سورەكان لە جیهان دەدات.
نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد