ئایا ھەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی جێگەی مەترسین؟

وتار/ 10/03/2016 723 جار بینراوە

د.زمکان عەلى

ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی ئابوری و سیاسی بۆتەوە و لە جەنگێگی قورسدایە لەگەڵ گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). سەرباری ئەمانە و لەماوەی چەند ڕۆژی پێشوودا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانییەوە ھەرەشەی ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستانی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران بەرژەوەندی بازرگانی گەورەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە (ھەرێمی کوردستان بازارێکی گەورەی ساغکردنەوەی کاڵا ئێرانییەکانە و پێگەی کارکردنی چەندین کۆمپانیای ئێرانییە) و ھەروەھا لەسەروو بەندی سەرھەڵدانی داعش و ھەڕەشەکانی بۆ سەر ھەولێری پایتەختی ھەرێم کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم دەوڵەت بوو کە ھاوکاری سەربازی گەیاندە ھێزی پێشمەرگە دژی پێشڕەوییەکانی داعش. ھۆکاری ئەم دژبەیەکە چییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان؟ ھەڵوێستی دژواری سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئێرانی بەرامبەر بە ھەرێم لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟ تا چ ڕاددەیەک ھەڕەشەکانی ئێران جدین و جێگەی مەترسین؟ دەکرێت بە شێوازی جیاواز وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێنەوە. ئەمەی خوارەوە تەنھا یەکێکە لەو شێوازانە.  

سەرچاوە ناوخۆییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران  

 دژبەیەک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا تایبەت نییە بە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو سیفەتێکی سەرەکی ھەڵسوکەوتە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسڵامییە بەرامبەر بە زۆرێک لە ھێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان (جگە لە گرووپ و حکومەتە شیعە مەزھەبەکانی ناوچەکە). ھۆکارێکی بوونی دژبەیەک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا ناوخۆییە و دەگەرێتەوە بۆ بوونی دوو جۆر حکومەت و ھێزی سیاسی جیاواز لە دونیابینیدا و ھەروەھا ململانێ لەسەر دەسەڵات لە نێوان ئەم ھێزانەدا لە ناوخۆی ئێراندا.  لە کاتێکدا موحافزکارە تەقلیدی و توندرەوەکان باڵادەستن لە سەنتەرە دینییە-سیاسیە گرنگەکانی وەک بەیتی ڕەھبەری و ئەنجومەنی پاراستنی دەستور و ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ھەروەھا لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا (بە تایبەتی سوپای پاسداران و سوپای قودس و دەزگا ھەواڵگرییەکان)، ھێزێکی سیاسی دیکە کە بریتییە لە ھاوپەیمانی پراگمات و ریفۆرمخوازەکان لە ئێستادا ڕادەیەکی زۆر دەسەڵاتیان ھەیە بەسەر حکومەتی فەرمی کۆماری ئیسلامیدا ( سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان).
حکومەتی فەرمی ئیران بە سەرکردایەتی حسن روحانی ھەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران دەدات لەگەڵ ھێزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان و پێی وایە کەوا ململانێی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی رووبەررووبوونەوە خزمەتی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران ناکات. نوخبەی پراگمات و ریفۆرمخواز لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا تێدەگەن لەوەی کە ئارامی لە ژینگەی دەرەکی ئێراندا ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دواجار بەھێزبوونی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەمە لەکاتێکدا سیاسەتی ھەڕەشەکردن ئێران دەکاتە سەرچاوەی مەترسی و ھەڕەشە بۆسەر ووڵاتانی دراوسێ و تاران تووشی گۆشەگیری دەکات. بە پێچەوانەوە، موحافزکارەکان بە سەرکردایەتی عەلی خامنەیی، سەرکردەی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و بەھێزترین تاکی ئێرانی لە ڕووی دەسەڵاتی سیاسییەوە، پێیان وایە کە ھاوپەیمانی پراگمات و ریفۆرمخوازەکان بە ئامانجن بۆ بەکارھێنانی سیاسەتی دەرەوە لە پێناو بەدەسھێنانی دەسەڵاتی ناوخۆیی. موحافزکارەکان تێدەگەن کە رووحانی و ھاوپەیمانەکانی بەڵێنی لابردنی ھەڕەشە دەرەکییەکانی سەر ئێران و باشرکردنی باری ئابووری ووڵاتیان داوە بە ئێرانییەکان و لەو رێگەیەشەوە دەیانەوێت زۆرترین دەنگی ھاوڵاتیانی ئێرانی بۆ خۆیان بەدەست بھێنن.
 لە ڕاستیدا روحانی تا راددەیەک سەرکەوتوو بوو لە وەرگێڕانی گەشتن بە ڕککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ھێزە جیھانییەکان بۆ سەرکەوتنی ناوخۆیی و بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی و ھاوپەیمانەکانی لە دوو جومگەی گرنگی سیاسی ووڵاتدا: پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان( کە ھەڵدەسێت بە دیاریکردنی جێگرەوەی خامنەیی لە داھاتوودا). لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی دووی ئەمساڵدا، رووحانی و ھاوپەیمانەکانی توانیان کۆتایی بە کۆنتڕۆڵی تەواوی موحافزکارەکان لەسەر پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان بھێنن. بەڵام بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی ناوخۆیی رووحانی و ھاوپەیمانەکانی موحافزکارەکان نیگەراندەکات نەک تەنھا لەبەر ئەوەی دەسەڵاتیان لە ناوخۆی ئێراندا سنوردار دەبێت، بەڵکو دەترسن لەوەی کەوا پەیڕەوکردنی میانڕەوی لە سیاسەتی دەرەکیدا لە گرنگی بوونی ئەوان و سەرتاسەری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کەمبکاتەوە، بەتایبەتی لە ڕووانگەی ھاوڵاتیانی ئێرانەوە. کاردانەوەی موحافزکارەکان بریتییە لە سوود وەرگرتن لە پەیرەوکردنی سیاسەتی دروستکردنی بارگرژی نێودەوڵەتی و  رووبەرروبوونەوەی دەرەکی لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و شەرعییەتیان لە ناوخۆدا. زمانی ھەڕەشە و گووتاری تووندی موحافزکارەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ئامانجە بۆ زیندووکردنەوەی بەھا سەرەکییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و وەبیرھێنانەوەی ھاوڵاتیانی ئێران بە گرنگی و دەسەڵات و شەرعییەتی ئەو ڕژێمە لە ناوخۆی ئێران و پەکخستنی ھەوڵەکانی روحانی و ھاوپەیمانەکانی بۆ
ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ رکابەرە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تاران (سعودیە و ئەمریکا بەنموونە).

 ڕەنگە ئەم لێکدانەوەیە بە تەواوی جێبەجێنەبێت بەسەر ھەڕەشەکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەرکردەکانی سوپای پاسداران ( کە ھاوبەش و ھاوپەیمانی سەرەکی موحافزکارەکانی ئێرانن) و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تاران ھەموو ھەلێک دەقۆزنەوە بۆ بەکارھێنانی زمانی ھەڕەشە بەرامبەر بە لایەنە دەرەکییەکان لە پێناو وەبیرھێنانەوەی ھاووڵاتیانی ئێران بەوەی کە ئەوان (موحافزکارەکان) دەسەڵاتی سەرەکین لە ناوخۆدا و ھەروەھا پارێزەری نیشتمان و بەھا پیرۆزەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامین. تا ئەو ڕادەیەیی گوتاری ھەڕەشە ئامێزی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی تاران پەیوەستن بە پاراستنی دەسەڵات و شەرعییەتیانەوە لەناوخۆی ئێراندا، ئەو ھەڕەشانە جێگەی مەترس و بایەخ پێدان نین و زیاتر بۆ بەکاربردنی ناوخۆیین.
فرەناسنامەیی و ئاسایشی نەتەوەی ئێران  
 ڕەنگە ھۆکارێکی تری ھەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان پەیوەندی بە نیگەرانی تارانەوە بێت سەبارەت بە ئەگەری ھاوکاریکردنی لایەنێکی سیاسی ھەرێم (بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان) بۆ حزبی دیموکراتی ئێران کە ماوەیەکە دەستی کردۆتەوە بە جموجۆڵی سیاسی و سەربازی لە نێو سنورەکانی ئێراندا. لە ڕاستیدا جیاوازی دینی و ئەتنکی سەرچاوەی کێشەن بۆ تاران بەڵام لە ئێستادا ھەڕەشەی گەورە نین لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران. تەنھا %٥٠ دانیشتوانی ئێران فارسن و نەتەوە و گروپە ئەتنیکییەکانی وەک کورد و عەرەب و ئازەری و بەلوچ پێکھێنەری سەرەکی کۆمەڵگای ئێرانین. حکومەتە جیاوازەکانی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر شکستیان ھێناوە لە بەدەسھێنانی ئینتما و وەلای بەشێکی زۆر لە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران کە لە پێگەی جوگرافی ھەرە ھەستیار و ستراتیژی ئێراندا نیشتەجێن. لە ڕووانگەی ئەمنی تارانەوە، رکابەرە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی ئێران بەردەوام لە پیلانگێڕاندان لە پێناو یارمەتیدان و ھاندانی کورد و عەرەب و بەرلوچ و ئازەرییەکانی دژی دەسەڵاتی تاران لە ناوچە سنورییەکانی ئەو ووڵاتە. 
زۆرجار بە بێ بوونی بەڵگە تاران ووڵاتە دراوسێکانی تۆمەتبار دەکات بە دروستکردنی ئاڵۆزی لە ناوخۆی ئێران و پاڵپشتی کردنی کردەوەی سەربازی دژی دامودەزگا حکومییەکانی ئێران. بەڵام تاران تێدەگات کە کێشەی نەتەوەکانی ئێران کێشەیەکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە سیاسەتی ڕەتکردنەوەی دابینکردنی مافە کلتوری و ئابووری و سیاسیەکانی نەتەوە غەیرە شیعە و فارسەکانەوەیە. بەڵام زۆرجار بەمەبەستی دوورخستنەوەی بەرپرسیارێتی لەخۆی و شێواندنی راستییەکان، تاران بەباشی دەزانێت کە لایەنێکی دەرەکی تاوانبار بکات بە ھاندان و یارمەتیدانی ئاڵۆزی و پێکادانی ناوخۆیی. تا ئەو ڕاددەیەی گوتاری ھەڕەشە ئامێزی سەرکردەکانی ئێران بە ئامانجن بۆ ناردنە دەرەوەی کێشەکان، ئەو ھەڕەشانە جێگەی مەترسی نین بۆ لایەنی دەرەکی.
ھەر ھێژێکی کوردی بتوانێت کۆمەڵگای کوردی لە ئێران بجوڵێنێت دژی دەسەڵاتی  تاران ئەوا دەبێتە سەرچاوەی ھەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئاسایشی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە کوردییەکانی ئەو ووڵاتە. بەڵام نە حزبی دیموکراتی ئێران ئەو توانایەی ھەیە و نە دەزگا ئەمنییە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی رێگە بەو جۆرە کردەوانە ئەدەن. شاردراوەش نیە کەوا لەبەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان نیە بە توانا سنوردارەکانییەوە و ھەروەھا ئەو کێشانەی کە رووبەرروی ئەم حزبە سەرەکییە بوونەتەوە لە ھەرێمی کوردستاندا کە بیر لەوە بکاتەوە حزبی دیموکراتی ئێران بجوڵێنێت دژی دەسەڵاتی تاران و دواجار زەبەڵاحێکی ئیقلیمی وەک ئێران بکاتە دوژمنی خۆی. تاران نیگەرانە لە پەیوەندییەکانی بارزانی لەگەڵ ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ھەروەھا بەرەی تورکیا و سعودییە لە ناوچەکەدا (بروانە خوارەوە)، بەڵام سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئەو راستیەش دەزانن کە بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەکی ھەرێمی کوردستان رێگە بە بارزانی نادات کە یاری بە ئاگر بکات. ئێران دراوسێیەکی بەھێزی ھەرێمی کوردستانە و ڕاددەیەکی بەرچاو لە کاریگەری ھەیە بەسەر پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناو ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی جموجۆڵی ھێزە نەیارەکانی ئێران لەو ھەرێمە. لەم لایەنەوە، ھەڕەشەکانی تاران بۆ ھێرشکردنە سەر کوردستان، بە پاساوی ئەوەی بارزانی بە پارەی سعودیە ئەیەوێت پشێوی و نائارامی لە ناوخۆی ئێران دروستبکات  (وەک محسن رەزایی- سەرکردەی پێشوی سوپای پاسداران و ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی ڕژێم لە ئێستادا) دەڵێت، بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی و ناردنە دەرەوەی کێشە ناوخۆییەکانە.
ئەو ساتەی کە کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم دروستبوو، وا چاوەڕوان دەکرا کە تاران بێتە سەرخەت و ئیدانەی رێگەگرتن لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەولێر بکات لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە. بە پێچەوانەوە، کۆماری ئیسلامی وەفدی ناردە لای بارزانی و بە فەرمی وەک سەرۆکی ھەرێم مامەڵەی لەگەڵداکرد. لەوانەیە تاران بیەوێت جۆرێک لە ھاوسەنگی ھێز لە ھەرێمی کوردستاندا ڕابگرێت تا بتوانێت بە باشی مومارەسەی دەسەڵاتی خۆی بکات بەسەر سیاسەتی ھەرێمدا، بەڵام ھێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوردستان تا راددەیەک مەحاڵە لە ئێستادا. لە خراپترین حاڵەتدا، ئێران بەشێوەیەکی سنوردار تۆپبارانی ناوچە سنورییەکان دەکات لەگەڵ ھەرێم کە ئەمەش ھەڵسوکەوتێکە خەڵک و دەسەڵاتدارانی ھەرێم پێی ئاشنان.

ململانێی جیۆستراتیژی و ھەڕەشەکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستان
 ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە قووڵایی ستراتیژی ئێران و ھەربۆیە سەیر نییە گەر کۆماری ئیسلامی نیگەران بێت لە زیادبوونی ھێزو کاریگەری رکابەرە ئیقلیمییەکان و ئاکتەرە نێودەوڵەتییەکان لەم ھەرێمەدا. ئێران حکومەتی ھەرێمی کوردستان ( کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێستادا تێیدا باڵادەستە) بە شەریک و ھاوپەیمانی سەرەکی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەزانێت لە ناوچەکەدا. ھەروەھا، تاران پێیوایە کە لە ململانێی و جەمسەرگیری ئیقلیمیدا سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی بەرەی سعودییە-تورکیا دەکات کە بەرەی دژ بە کۆماری ئیسلامیە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێوەیەکی تا ڕاددەیەک ئاشتیانە ھاوسەنگییان  لە پەیوەندییەکانیاندا پاراستووە. وەفدی ئێرانی بەردەوام سەردانی سەرکردایەتی پارتی دەکەن و بە پێچەوانەشەوە  سەرکردەکانی پارتی دیموکرات لە کۆماری ئیسلامیدا پێشوازیان لێدەکرێت. کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بە ھەولێرە لە شەری دژی داعش (کە دوژمنی سەرسەختی تارانە) و ھەروەھا دوا ھەنگاو ئێران لەم ساتدا بییەوێت بینێت بریتییە لە کردنەوەی بەرەیەکی جەنگ بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان. شەر و ململانێکانی ئێران لە سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن فشارێکی دارایی و ئەمنی گەورەیان لەسەر شانی کۆماری ئیسلامی دروستکردووە و ھیچ ھیوایەکیش نییە کە ئەو جەنگانە بە زووی کۆتاییان پێبێت. لەسەر ئەم بنەمایەش، دەکرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە پەلاماردانی ھەرێمی کوردستان ھیچ سودێکی بۆ تاران نییە جگە لە ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە لە دژی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ھەرێمەکەدا. 
دەکرێت ھەڕەشەکانی ئێران بۆسەر ھەرێم دەرئەنجامی رێککەوتنامەی سەربازی نێوان حکومەتی ھەرێم (بەسەرکردایەتی پارتی دیموکرات) و ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت بۆ ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لەشەری دژی داعش لە لایەن واشنتۆنەوە. پێدەچێت تاران لە لایەنی شاردراوە و نادیاری رێککەوتنامەکە نیگەرانبێت و پێی وابێت کە رێککەوتنێک ھەیە لە داھاتوودا بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا. بەڵام لە ھەمان کاتدا تاران ئەوەش دەزانێت کەوا بوونی ئەو رێککەوتنامەیە بە بنەمای ھاوپەیمانیەتیەکی ستراتیژی لە نێوان کوردستانی سەربەخۆ و ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەرەنتی نییە بە تایبەتی لە سایەی ئاڵوزییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندییە ھەمەلایەنەکانی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لە پێش دروستبونی کوردستانی سەربەخۆ و بوونی بە ھاوپەیمانی ستراتیژی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ھەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان تەنھا بۆ ترساندنە و جێگەی مەترسی راستەقینە نین.     

دەرئەنجام  
ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانن لە شکستەکانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانە سیاسی و ئاببورییەکانی ئەم ھەرێمە، لە کاتێکدا کە مەترسیەکانی داعش لەسەر گیانی پێشمەرگەکانی کوردستان کۆتاییان نەھاتووە. لەسەروو ئەمانەشەوە و لە چەند ڕۆژی رابووردوودا چەند سەرکردەیەکی کۆماری ئیسلامی ھەڕەشەی وێرانکردن و ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستانیان کردووە. بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، ھەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی پێدەچێت زیاتر بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی و ناردنەدەرەوەی کێشە ناوخۆییەکانی ئێران و ترساندنی بەشێک لەسەرکردایەتی ھەرێم بێت. بە کورتی، ھەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی جێگەی مەترسی جدی نین.    

نوێترین نوسینەکانی د.زمکان عەلى

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌