جەنابی سەرۆك دەست بەجێ داوای لێبوردن بكە !!!!

وتار/ 15/04/2017 872 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

جەنابی  سەرۆك دەست بەجێ داوای لێبوردن بكە !!!!
عەلی مەحموود  محەمەد
لە ئێستادا ئەوە 14 ساڵی تەواوە ,  لە پای ئەو تاوانانەی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان لە رابردوودا  ئەنجامی داوە , داوا دەكرێت داوای لێبوردن بكات , ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی بوو , لەو مانگە سەرەتاییەی بونە سەرۆك كۆماری وڵات بە پێی پیتی ناوەكانیان, دەبوایە ئەو ئەركەیان جێبەجێ بكردبایا, بەشێك لەو كەماسیانە دەكەوێتە ئەستۆی هەموو ئەوانەی لەو كاتە لە بەغدا بوون , سەرەتا عەقلیەتی كورد لەو ئاستەدا نەبوو ئەو كارە بكات, تەنانەت ئەندامەكانیان لە ئەوروپا زیاتر لە هەمووان دژ بەو داوایە دەوەستانەوەو كەوتنە جنێو بارانكردنمان كاتێك داوایەكی وامان كرد , لایان نەنگی بوو سەرۆكە نموونەیەكەی ئەوان  ئەو داوایە بكات و بەو ئەركە هەڵبستێت, نەیانزانی دوا رۆژ مێژوو دەڵێت شایانی ئەوە نەبوون بەو ئەركە هەڵبستن, دواتر بۆ دوو خول تاڵەبانی سەۆك بوو , دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو روی كرایەوە , وەڵام هەر وەڵام نەبوو , مەعسومیش هات , داواكارییەكە هەر بەردەوامە, ئەویش هەر بێدەنگە.
لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە , شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان, لێبوردەیی لە گەڵ  تاوانە گەورەكاندا سەری خۆی هەڵگرت.
مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە  لە ناو خوێن و ئێسك و پروسكدا غەرق  بووە, بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە داد پەروەرییە,دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون, بە بێ یەكەم  ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و قەتیش  بەدی نایات , وەك ئەوەی سیاسییەكانی كورد لەمڕۆدا دەیكەن , لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە تاوانەكان و دادپەروەری دێت , تاوانبار و قوربانیان لە ئاوێنەی  دەرخستنی هەقیقەت و راستیەكانی رابردوەوە  وەك ئەوەی  هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە تاوانەكانی رابردوو بشورێنەوە. كارێكی  زۆر ناشایستەو ناڕەوایە  داوا لە قوربانیانی  تاوانەكان بكرێت ئاشتەواویی بكەن , لە كاتێكدا هێشتا دادوەری  بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستییەكان و هەقیقەتی تاوانەكان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستییەكان!!.
لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە با فێر بین كە " باسكردنی سەرچاوەی تاوانەكان ,دانپێنان ,قەرەبووكردنەوە,دان نان بەو شتانەی  كە رووی دا, هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەكانی بابەتەكە, ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی  كە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی  ڕەسمی تا ناكۆكییەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە, لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی"كۆمسیۆنی حەقیقەت  و پێكهاتنەوە  لە باشووری ئافریقا" ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد دەكات , كاتێك قوربانیان یان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك  و داوای لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات ."پێكهاتنەوە –چارلس ڤیلا –ڤیسیستۆ ".
قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان كەوتوونە, بەڵكە  خۆی  لە پاداشتی  مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە, نابێت لە یادمان بچێت كە بژاردن  هەم  قەرەبووكردنەوەیە و  هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی  تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمەش  لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە, لە كاتێكددا نە قەرەبو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەكان لە ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, راستە  ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە , وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەكەن .
قەرەبووكردنەوە كەرامەتی  مرۆڤایەتی  و هەندێك لە  زیانە مادییەكان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە, بۆیە  مافی قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای  سازش هەڵنەگرتنی  قوربانیانی كوردستانە, كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات  لە ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت , دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن .
دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی كارەكانی ڕابردووی تاوانەكان هەلبَێت, عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و  قەربووی قوربانیان  دەكاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەكان ڕابردووی سەدام,  بەڵكە لە بەر پابەند  بوونییەتی  بە بەرژەوەندی گشتییەوە  و  كاركردنیەتی  بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكان بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە  بۆیان و متمانەیان دەداتێ  بەوەی  عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش  هێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان .
بە داوی  لێبوردن كردن  بەرپرسیارێتی  هەڵگرتنی  ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون , تاكە  زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران , دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری  فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتییە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت , بەڵكە  خۆ پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی , پاككردنەوەی  دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە ,ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت  پەیرەو كرا, كوردیش چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی نوێ كە ئێستا ئێوەی بەڕێز  سەرۆكین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتدارییەتی داهاتوو .
سەرۆكی شیلی چەپگەرا  لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی یان داوای لێبوردنكردن  بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی ڕاستڕەوی پێشوو  بە سەركردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە  لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008   درێژەی كێشا  ,كەچی خۆی  و بیروباوەڕەكەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوو كە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی  بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار , بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو  ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە  .
قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ  قەرەبووی  مادی, هەر یەكەیان  نامەی سەرۆك  كۆمار"یوهانز راو" یان پێگەیشت ,   كە لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی ناز ی هیتلەر   كردبوو."تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی ".
لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل  داوای قەرەبووی  ماوەی  داگیركاریشی  كردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوزی , نەك تەنها قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان, ئەمەش بۆ كورد  جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە كاری لەسەر بكرێت, لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر كراوەو سامانەەكەی تاڵان كراوە .
لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكدارییەكان بوون , لە كەمبۆدیاش بەهەمان سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا, لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش  ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی  كرد, هەرچەندە ئێمە هەنگاوەكەیمان بە ناتەواو زانی  داوای لێبوردنەكان پێویستە بە نوسراو بڕیاری فەرمی دەرچن , بلێر داوای لێبوردنی لە سەردەمی كۆیلەداری و  ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان كرد.
ئەو قەرەبوە مادیانەی  بە بێ  یاسا و ئاشكرا كردنی ڕاستیەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە  دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت لە بڕی سڕینەوەی  رابردووی خوێناوی  ,كوردیش پێویستی  بە خوێن بایی عێراق  نییە,  بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆكەكەیەوە بە فەرمی و بڕیاری رەسمی  داوای  لێبوردنی لێ بكات, بەڕێز مەعسومیش  كە  هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە  ئەركە لەسەری بەمكارە هەڵبستیت و وەك ئەو سەرۆكانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە  نامە بۆ یەك بە یەكی قوربانیانی جینۆساید  لە كوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی  بنێریت , ئەمە وەك تاك  وەك نەتەوەش داوای لێبوردن لە كورد  و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و سائیبە .... بكرێت.
چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ  بە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە  لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆكەوە  نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات  لە 14ی 4.

نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌