چەند سەرنجێکی خێرا لە سەر هێڵە سوورەکەی ئێن ئاڕ تی (هاوڕەگەزبازی) ...

وتار/ 01/04/2017 2947 جار بینراوە

یاسین عبدالله‌ وه‌رتی

چەند سەرنجێکی خێرا لە سەر هێڵە سوورەکەی ئێن ئاڕ تی (هاوڕەگەزبازی) ...
گومان لەوەدا نیە کە هاوڕەگەزبازی لەناو کۆمەڵگا جیاوازەکان و کۆمەڵگای کوردیش دا بوونی هەیەو لە ڕابردووش دا هەبوە ، هەروەها لەوەشدا ناکۆک نیم کە ئەو مەسەلەیەش وەک زۆر بابەتی تری کۆمەڵایەتی پێویستە قسەی لەسەر بکرێت و ڕێگەی دروست بۆ چۆنیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵیدا بخرێتە ڕوو .
بەڵام ئەوەی جێی ڕەخنەو ناڕەزایی توندە لە ئێن ئاڕ تی و ستافی بەرنامەکە، ئەوەیە:
یەکەم : بەرنامەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی زۆر هەڵەو ناڕاست ڕۆیشت، لەجیاتی ئەوەی هاوڕەگەزبازی وەک جۆرێک لە لادان و ڕیزپەڕی و نەخۆشی بناسێنێ کەچی زۆربەی بەرنامەکە بۆ هاندان و ڕێخۆشکردن و ئاسایی کردنەوەی بوو .
دووەم: بوونی چەند ڕەگەزبازێک کرایە بیانووی بانگەشەو ڕەوایی دان بەو کارە، ئەوەش زۆر هەڵەو نابەجێیە، چونکە هەرگیز بوونی حاڵەت یان دیاردەیەک لەناو کۆمەڵگا و حەزپێکردنی لەلایەن کەسانێکی دیاری کراوەوە مانای ئەوە نیە ئەوە شتێکی ئاسایی و دروسته، بەڵکو دەبێ لەڕوانگەی ئاین و زانست و زانستە کۆمەڵایەتیەکان و ئاسەوارەکانی لەناو کۆمەڵگادا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و لەسەر بنەمای ئەوە حوکمی لەسەر بدرێت .
خۆ ئەگەر هەرچی حەزوئارەزووی ڕیزپەڕ هەیە وەک لایف ستایل سەیربکرێت و داوای پیادەکردن و ڕێ پێدانی بکرێت ئەوا دەبێ بەنگ کێشی و لەشفرۆشی و قومارچێتی و زۆر شتی تریش بەڕەسمی بکرێن چونکە داواکاریان لەسەرەو لەوانەیە بشڵێن حەزێکی ناچاریە !!
سێیەم: ئەوانەی وەک هاوڕەگەزباز لەبەرنامەکەدا قسەیان کرد هەم خۆیان هەم قسەکانیان زۆر جێی گومان بوون ، بەنمونە بەشێکیان وەک بە شێوەزاریانەوە دیاربوو خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبوون کەچی وەک نمونەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان خرانەڕوو ، هەروەها ئەوانەی لەتاریکیدا قسەیان کرد هەم خۆیان هەم چیرۆکەکانیان جێی باوەڕکردن نەبوون ، ئێمە چۆن بزانین چیرۆک و قسەکانیان ڕاستەقینەن ؟!، چۆن دڵنیابین ئەوانە تەنها ئەکتەرو ڕۆڵگێڕی کەناڵەکە نەبوون؟! ڕاسته ئەوان پاساوی خۆنەناساندنیان هەیە بەڵام ئێمەش پاساوی باوەڕنەکردنی قسەی ئەوانمان هەیە چونکە ڕاگەیاندنە کوردیەکان سیناریۆی لەوجۆرەیان زۆر ئەنجام داوە ، تەنانەت ئەو کەسەی لەهەولێریش چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرا هەندێک قسەی لەلای من جێی باوەڕکردن نەبوون ، بەنموونە هەر کە لە ئوتێلەکە هاتنەدەر گووتی: ئەو هەموو خەڵکە چین بۆتەماشای من ئەکەن؟! بێ ئەوەی کەس دیاربێت !!!
چوارەم: خاڵیکی تر کە زۆر قورس لەسەر ئەتەکێتی ڕۆژنامەوانی ئێن ئاڕ تی دەکەوێت ئەوەبوو ، لەلایەکەوە نوسیبووی بەرنامەکە بۆ سەرووی تەمەنی ۱٦ ساڵیە ، لەولاشەوە لەگەرمترین کاتی بینین دا بەرنامەکەی پەخش کرد ، لەسەعات ۷ بۆ ۸ ی ئێوارە کە منداڵ و هەرزەکاریش لەوکاتەدا بەخەبەرن و سەیری تەلەفزیۆن دەکەن .
پێنجەم: خراپی و قێزەونی هاوڕەگەزبازی لەوەدایە:
۱- لە بیروباوەڕو ئاینی خەڵکی کوردستان و ئاینەکانی تر و یاسا کارپێکراوەکانی ئەو هەرێمەش دا حەرام و قەدەغەکراوە ، ئەوەش بێ حیکمەت و هۆ نیە .
۲- پێچەوانەی سروشتی مرۆڤ و پەیوەندی ئاسایی نێوان نێرو مێیە ، تەنانەت لەگەڵ شێوەی ژیانی ئاژەڵ و گیان لەبەرانی تریش ناکۆکە .
۳- هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی خێزانی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی .
٤- سەرچاوەی چەندین نەخۆشی ترسناک و گواستراوەیە .
لەکۆتاییدا:
هاوڕەگەزبازی حاڵەتێکی نائاسایی و نەخۆشیە لە ژیانی هەندێک مرۆڤدا ، پێویستە هەوڵی نەهێشتن و چارەسەرکردنی بدرێت ، ئەوانەشی کە گرفتارو ئالودەی ئەو حاڵەتە بوون پێویستە بەچاوی بەزەییەوە وەک نەخۆش تەماشا بکرێن و هەوڵی چارەسەرکردن و گەڕانەوەیان بدرێت بۆ حاڵەتی ئاسایی، هەروەها لەهەموو حاڵەتێکدا پێویستە پارێزگاری لەژیان کەسایەتیان بکرێت ، بەڵام ئەوانەی کە دەست درێژیان ئەنجام داوە یان کاری مافیایی و بازرگانیان بەو دیاردەیەوە کردوە دەبێ وەک تاوانبار سەیربکرێن و سزا بدرێن .

نوێترین نوسینەکانی یاسین عبدالله‌ وه‌رتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌