مامۆستای ئاینی لەنێوان شەقام و دەسەڵاتدا

وتار/ 01/01/2018 1119 جار بینراوە

یاسین عبدالله‌ وه‌رتی

مامۆستای ئاینی لەنێوان شەقام و دەسەڵاتدا
یاسین وه‌رتی
بۆچی مامۆستایانی ئاینی نابنە بەشێک لە خۆپیشاندانەکان؟!

لەگەڵ دان نان بەوەی زۆرێک لە مامۆستایانی ئاینی لە ئاست گەورەیی پێگەو پەیامی ڕاستەقینەی خۆیاندا نین، بەڵام دەستەبژێرێکی باشیش هەن جگە لە ئەرکی فەرمی خۆیان ڕۆڵ و کاریگەری گەورەیان هەیە بەسەر دەوروبەری خۆیاندا ، بەیەک چاو سەیرکردنی هەمووان هەڵەو ستەمێکی گەورەیە، ئەوە لەلایەک .
لەلایەکی ترەوە ئەو چاوەڕوانیەی بەشێک لە خەڵک هەیانە لە مامۆستایانی ئاینی بۆ پێشەوایەتی بابەتێکی وەک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان یان بوونە بەشێک لێیان، دەتوانم بڵێم لەجێی خۆیدا نیەو لەگەڵ تایبەتمەندی و ئەرکی مامۆستای ئاینی دا یەک ناگرێتەوە .
ئەمە جگە لەوەی دۆخی مامۆستایانی ئاینی و ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکان و سروشتی کۆمەڵگاو دەسەڵات لە کوردستان ئەوە هەڵناگرن .
لەوانەیە خوێنەری بەڕێز لەو قسانەی من وا تێ بگات کە مامۆستای ئاینی نابێ قسە لەسەر ڕووداوو پێشهاتەکان بکات و کاریگەری بەسەر سیاسەت و کاروباری خەڵکەوە هەبێت! بێگومان واناڵێم ...
بەپێچەوانەوە دەبێ مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵ و کاریگەری یەکجار گەورەیان هەبێ بەسەر هەموو کایەو بوارەکانی ژیانەوە، لەنێویشیاندا سیاسەت و ڕای گشتی و خۆپیشاندان .
بەڵام چۆن و لە چ ئاستێکدا؟
بەڕێزان
مامۆستای ئاینی ڕێبەرو ڕێپیشاندەری ئاینی موسڵمانانە بەگشتی، بەهاوڵاتی و دەسەڵات و سیاسی و کاسبکارو گەنج و پیرو ئافرەت و پیاوو .... هتد، ئەرکی ئەو بریتیە لەوەی لەڕێی مینبەرو مزگەوتەکەیەوە ، لەبەر ڕۆشنایی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) وشیاری و ڕێنمایی بداتە خەڵک و ڕاست و چەوتیان بۆ ڕوون بکاتەوە، هەڵوێستی ئیسلامیان لەبارەی پرسە جیاوازەکان بۆ ڕوون بکاتەوە و پێوەرێکی ڕوون و ئاشکرایان بخاتە بەردەست بۆ ناسینەوەی شەرعی و ناشەرعی، حەڵاڵ و حەرام، چاک و خراپ، پاک و ناپاک، ... هتد، بێ ئەوەی دەست نیشانی کەس و لایەن و فڵان و فیسار بکات، بێ ئەوەی جیاوازی لەنێوان هیچیاندا بکات ، بێ ئەوەی پشتیوانی یان دژایەتی حیزبێک یان دەستەیەک یان بەرەیەک بکات ، دەبێ ئەو حوکمدانە بداتەوە دەست خەڵک ئاخۆ بەو پێوەرو یاسا شەرعیانە کێ باش و کێ خراپە، دەبێ پەیامەکە ئەوەندە ڕوون بێ، بەبێ دەست نیشان کردن و ناوهێنان گوێگر بەئاسانی بتوانێ هەم خۆی هەم خەڵکی و هەم حیزب و حکومەت و هەم ڕووداوەکان هەڵبسەنگێنێ و خاڵی ڕەش و سپی هەرکامیان بدۆزێتەوەو هەڵوێستیان بەرامبەر وەربگرێ .
ڕوونتر بڵێم، مامۆستای ئاینی لەسەریەتی سیماو خەسڵەتەکانی سیاسەت و دەسەڵاتی دروست، ڕەفتارو ڕەوشتی تەندروست لەڕوانگەی ئیسلامەوە بۆ خەڵک ڕوون بکاتەوە، لەو ڕێیەشەوە هەم ئامۆژگاری دەسەڵات بکات و پەیامی خۆی پێ بگەیەنێ، هەم هاوڵاتیش تێ بگەیەنی دەسەڵات و حیزبەکان لەچیدا خراپ ڕۆیشتوون و هەڵوێستی چۆن و چی بێ بەرامبەریان .
مامۆستای ئاینی (لەبەر خۆی نا بەڵکو لەبەر پێگە ئاینیەکەی) نابێ دابەزێتە ناو وردو درشتی ڕووداوو پێشهاتەکانی ڕۆژ، نابێ لەسەر مینبەر ناوی حیزب و ڕێکخراوو سەرۆک و هونەرمەندو ... هتد بێنێ، جا مەدح و سەنایان بکات یان نەفرەت و دژایەتیان بکات .
هەر بۆیە ڕای من ئەوەیە پێگەی مامۆستای ئاینی ئەوە دەخوازێت نە بەشداری خۆپیشاندان بکات، نە ببێتە ئامرازێکیش بەدەست حکومەتەوە بۆ کپکردنی خەڵک و خۆپیشاندان، مامۆستای ئاینی بەو پێگە ئاینیەی هەیەتی نابێ ببێتە پاشکۆی دەسەڵات و نابێ بکەوێتە ژێر فشاری شەقامیش، دەبێ خاوەن پەیامی خۆی بێت و هەوڵ بدات کاریگەری بەسەر هاوڵاتی و بەسەر دەسەڵاتیشەوە هەبێت، دەبێ وتاری مامۆستای ئاینی وەک ئاوێنەیەک بێت هاوڵاتی و دەسەڵات و هەموو چینە جیاوازەکان ڕاست و چەوتی خۆیانی تێدا ببینن .
باشترین شوێنیش بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە مینبەری مزگەوتە، خۆ ئەگەر مامۆستای ئاینی بۆی ڕەخسا و گوێی لێگیرا لەشەقامیش (قسەی خۆی) بکات، یان دەنگی بگاتە کاربەدەست و دەسەڵاتداران و قسەی حەقیان بەگوێدا بدات نابێ بەسەریدا باز بدات .
هیوادارم ئەو پەیامە وەک خۆی بگات، خوێندنەوەی هەڵەی بۆ نەکرێت ...

نوێترین نوسینەکانی یاسین عبدالله‌ وه‌رتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌