دەوڵەت لە پڕۆژەی ڕەوتە ئیسلامییەكاندا

وتار/ 30/03/2017 651 جار بینراوە

شۆڕش ئه‌نوه‌ر

دەوڵەت لە پڕۆژەی ڕەوتە ئیسلامییەكاندا

شۆڕش ئەنوەر


لە فكر و پڕۆژەی زۆرێك لە ڕەوتە ئیسلامییەكاندا كێشەی هەرە گەورەی ئەمڕۆی دونیای موسڵمانان غیابی كیان و دەوڵەتێكە كە شەرعی خوای گەورە لە ژیانی گشتییاندا جێبەجێ‌ بكات، وەكو ئەوەی وجودی قەوارەیەكی سیاسیی ئیسلامی پێشمەرجی هەر گۆڕانكارییەكی گەورەی ئیجابی چاوەڕوانكراو بێت لە ژیانی موسڵماناندا، ئەم زێدەرۆییكه‌رانە لە فكری سیاسیی ئیسلامیدا بەرمەبنای هەرەسی سەڵتەنەتی عوسمانی و شكستی پڕۆژەی دەوڵەتە یەك لە دوای یەکه‌كانی ناو دونیای ئیسلامە لە دوای هەرەسی سەڵتەنەتی عوسمانی، كە هەر لەو كاتەوە تا ئێستا ئەو دەوڵەتە تازانە بە شێوەیەكی گشتی شكستیان هێناوە لەوەی كە لە ئاست چاوەڕوانییەكانی موسڵمانان و هاووڵاتیانیاندا بن و بە جیاوازیی فیكر و ئایدۆلۆجیای سیاسییانەوە نەیانتوانی دۆخێكی ئیجابیی گەورە بخوڵقێنن و وەها لە هاووڵاتیانیان بكەن كە بیر لە گۆڕینیان نەكەنەوە .

تا ئێرە بەشی گەورەی فكری ئیسلامی سیاسی و پڕۆژەكانیان كاركردنە له‌سەر ئەوەی كە عەدالەت و مافەكانی مرۆڤ و خواستەكانی مرۆڤی موسڵمان دەرەنجامی بوونی چوارچێوەیەكە بە ناوی دەوڵەتێك كە فۆرمێكی دینی هەیە و لە ئامادەیی ئەو كیان و دەوڵەتەشدا بەشی هەرە گەورەی گرفتە ئاڵۆز و جۆراوجۆرەكانی ناو دونیای موسڵمانان كۆتاییان پێ‌ دێت و قۆناغێكی دیكەی ژیانكردن دەست پێ دەكات كە ناچێتەوە سەر دونیای پێشووتر، روونتر بڵێم كە لە فكری سیاسیی ئیسلامیدا دەوڵەت و ئامادەیی كیانێكی سیاسی پێشمەرجی چارەسەری گەورە گەورەیە لە ژیانی گشتیی موسڵماناندا تا ئەو سنوورەی كە دەشێ‌ وەها بخوێنرێتەوە كە وەزیفەی دین و كاری موسڵمانان لە درووستكردنی دەوڵەت و ئامادەكردنی كیانێكی سیاسیدا كورت دەبێتەوە!

نكوڵی لە بایەخی دەوڵەت و بوونی قەوارەیەك ناكرێت بۆ ژیان لە هەر كۆمەڵگایەكدا و بۆ هەر پڕۆژەیەكی سیاسی كە فكرێكی سیاسی لە پشتییەوە وەستابێت، بەڵام ئەوەی كە كۆی چارەسەری گرفتەكان ببەسترێنەوە بە بوونی دەوڵەت و قەوارەیەك لە ژیانی گشتیدا ئەمە خۆی گرفتێكی تری گەورەیە كە ئیسلامی سیاسی پێی بزانێت یان نەزانێت بووه‌تە هۆكاری درووستبوونی، كە بریتییە لە گرفتی غیابكردنی بەكولتووركردنی تێگەیشتن لە هەمبەر هەندێ چەمكی گەردوونی كە لە ڕاستیدا بوونیان لە هەر دەوڵەتێك و قەوارەیەكدا مایەی دەستپێكردنی ژیانێكی تازە و درووستە نەوەك خودی دەوڵەتەكە، لەوانە چەمكی عەدالەت و هاووڵاتیبوون و ئەو مافانەی كە كەرامەتی مرۆڤەكان دەستەبەر و پارێزراو دەكەن كە لە جەوهەردا ئەمە مەهامی دینە لە ژیاندا

بەڵام لە فكری سیاسیی رەوتە ئیسلامییەكاندا ئەوەندەی جەختكردنەوە لەسەر بوونی خودی كیان و دەوڵەتەكە كراوەتە ئامانج، ئەوەندە شووناسی ئەو كیان و دەوڵەتە جێگای بایەخپێدران نەبووە، ئەگەر لە پەراوێزیشدا قسە لە بارەی شووناس و ستراكتۆری ئەو كیان و قەوارەیەش كرابێ ئەوەندەی قسەكردنێكی حیكایەتخوانی بووە ئەوەندە ئیشكردنێكی مەوزووعی نەبووە لەسەر ئەو چەمكە گرنگانە تا لەناو ژیانی گشتیدا ببنە كولتوور و ببنە شێوازی ژیانكردنی رۆژانەی خەڵك تاوەكو لە ڕێگای شێوازی ژیانكردنی رۆژانەی خۆیانەوە دەوڵەت و كیانە سیاسییەكەش ناچار بكەن لەگەڵ شێوازی ژیانكردنی ئەوان خۆی بگونجێنێت، نەوەك هاووڵاتیان ببنە بارمتەی دەوڵەت !

 هەڵەكە لێرەوە دەست پێ دەكات هەڵەی ئەوەی كە لە پڕۆژە و فكری ڕەوتە ئیسلامییەكاندا بە گشتی ئەوەندەی فكری دەوڵەت و جەختكردنەوە لە ئامادەیی كیان و دەوڵەتێك كاری لەسەر كراوە كە ببێتە كولتوور تا موسڵمانان هەمیشە بە خەونی ئامادەكردنەوەی بژین، ئەوەندە پرۆسەی بەكولتوورکردنی ئەو چەمكانە ئامادەییان نەبووە كە دواتر و لە كاتی وجودی دەوڵەتەكەدا مەساری دەوڵەتەكە لە ژیانی گشتیدا دیاری دەكەن، بەبیانوی ئەوەی كەمادام ئەو دەوڵەتە شەریعەت جێبەجێ‌ دەكات ئیتر ئەمە لەخۆگری كۆی ئەو پێداویستی و خواستانەیە كە لە چاوەڕوانی ناو دونیای موسڵماناندا هەیە، وەكو ئەوەی كە شووناس وەزیفەی دەوڵەت تەنیا جێبەجێكردنی شەریعەت بێت كە لە فكری سیاسیی رەوتی ئیسلامیدا بریتییە لە لوتكەی پابەندی و چاكبوون و وەها وێنای كراوە كە بریتییە لە تاكەڕێرەوی هەرە درووستی پەیوەندیی نێوان خوای گەورە و بەندەكان و ئەوەی كە پەیوەندیداریشە پەیوەندیی نێوان بەندەكان وەكو هاووڵاتی تا سنوورێكی مەترسیدار غائیب و فەرامۆش كراوە، بەو مانایەی كە مافەكانی هاووڵاتییان و ئەركی دەوڵەت لەبەرامبەر هاووڵاتیان تائەندازەیەكی زۆر لەپەراوێزدا دەژیت، بەتایبەتیش ئەگەر لەو خەلفیەتە ئایدلۆجی و فیقهی حوكمرانی سیاسییە بكۆڵینەوە كە بۆ دەوڵەت درووستكردن لەفكری بەشێكی زۆر لەرەوتی ئیسلامیدا هەیە كە هێشتا لەژێر كاریگەریی ئەو توراسە فیقهیە سیاسە تەقلیدییەی ناو دونیای زانایانی موسڵمانە، دەبینین كە ئەوەندەی ئیشكردن بووە لەسەر تۆخكردنەوەی سنوورەكانی دەسەڵاتدارو پێدانی زۆرترین ماف پێیان لەسەر حسابی ماف و سنوری هاووڵاتییان هیچی تر نەبووە، بەسە بۆخراپی ئەو توراسە فقهیە سیاسیەی ناو دونیای زانایانی موسڵمان كە وەزیفەی دەسڵاتداریان وەكو پاسەوانی دین و ژینی خەڵك وێنا كردەوە كەئەلێرەوەیە زۆرجاران لە مێژووی دەسەڵاتدارانی ناو دونیای موسڵماناندا ئازادی بیروبۆچوونی موسڵمانان و گروپە جیاوازەكان بەر لەغەیرە موسڵمان كەوتۆتە ژێر پرسیارو هەرەشەی جددییەوە بەتایبەتیش ئەوكاتەی بۆچونێكی سیاسیی كەسێك یا گرووپێك و مەزهەبێكی ناو دونیای موسڵمانان جیاواز بووە لەو بۆچوون و تێڕوانینە ئایدۆلۆجی و سیاسییەی كە حوكمڕانان ویستوویانە فەرزی بكەن.

نوێترین نوسینەکانی شۆڕش ئه‌نوه‌ر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌