كەركوك بە بەڵكەنە مەكەن

وتار/ 30/03/2017 678 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

كەركوك بە بەڵكەنە مەكەن

عەلی مەحمود محەمەد

كاردانەوەی توركمان و عارەبەكانمان بینی لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بەشێوەی فەرمی لە شارەكە لە رۆژانی رابردو, هاوكات جۆش و خرۆشی نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشمان بینی, كە چۆن بە حەماسەوە لە بەردەم كامیراكان دەجوڵانەوە, بە دوایدا كاردانەوەی سەرۆكایەتی هەرێمیشمان خوێندەوە, كە كاردانەوەكەی زۆر لە كاردانەوەكەی دەچوو بەرامبەر بە خۆپیشاندانەكانی خەڵك دژ بە سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری ئەنجامیان دەدا, كە داوای لێیان كرد بۆ خۆیان هەڵبپەڕن ئەوان گوێ لە هەڵپەڕینی ئەوان ناگرن, ئەمە لە كاتێكدا لە جیهاندا حكومەت هەبووە بە خۆپیشاندانی بە هەڵپەڕینەوە روخاوە, وەك ئەوەی ئەو خەڵكە هەمان ئەوانە نەبن كە بە ساڵان لێیان دەپاڕِانەوە نوزەیەك بكەن بەرامبەر بە بەعس و بە ئەیڕەقیبەوە هەڵپەڕن و شایی بكەن, سەرۆكایەتی هەرێم بڕیاری هەڵدانی ئاڵای وا بچوك كردەوە كە شایانی گەورەكردنەوە نەبێت و رەخنەی توركمان و عەرەبەكانیشی بە هەند وەرنەگرت زۆری نەمابوو بیان نێرێت بۆ هەڵپەڕین, وەلێ بۆ خۆیان 200 كیلۆمەتر دوورن لە ئێش و ئازاری خەڵكەكەو مەترسییەكانی بارگرژییەكە .
ئەم كێشەیە كێشەیەكی سیاسی ئاڵۆزە وا بچوك نییە كە سەرۆكایەتی هەرێم و پارێزگای كەركوك و نوێنەرانی كورد لە پارێزگاكە هەستی پێدەكەن, زیاتر لە یەك سەدەیە ململانێی نەتەوایەتی لەم شارە بەردەوامە لەسەر خاوەندارێتی بۆ شارەكەو پێگەی جوگرافیایی شارەكە لەو نیشتمانەی بڕیار وایە بەشێك بێت لێی , چارەسەركردنی دۆزی كەركوك پێویستی بە چارەسەرێكی تەوافقی هەیە بۆ ئەوەی دور كەوینەوە لە كاردانەوەی نەخواستراو كە ئەگەری هەیە پەرە بستێنێت, لە شەڕی نەتەوایەتیدا لەوانەیە بۆ كاروباری سەربازی كەمایەتی و زۆرایەتی رۆڵ ببینێت, وەلێ مرۆڤایەتی ئێستا رابردوو نییە بە بێدەنگی بتوانیت سەركەوتنێكی سەربازی بەسەر نەتەوەی بەرامبەرت بە دەست بهێنیت, بە تایبەتیش توركمان و عەرەب كە پێگەی هەرێمایەتیان لە كورد بەهێزترە, لەم 14 ساڵەی رابردودا كات زۆر بوو قسەكان بە راشكاوانە بكرێن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشانە لە بری ئەوەی شەڕ لەسەر پاوانكردنی پۆستە ئیدارییەكان و تاڵان كردنی سامانی ژێر زەمینی شارەكە بكرێت .
لە نیو سەدەی رابردوو شەڕی نەتەوەیی لەم شارە خولقاوە, ئەو شەڕەش زەمینەی نەتەوەیی و چینایەتی خۆی هەبوو, ئەنجامی كەڵەكەی ململانێی چەند دەیەی لەوە پێش بوو, وە دواتریش بەردەوام دنەی شەڕ دراوە لەم شارە لە لایەن ناسیۆنالستەكانی توركمان و كوردو عەرەبەوە لە پێناو هژمۆنیا بەسەر شارەوە, ئاخر ئەم ناسیۆنالستانە هەر گڕی باوەگوڕ گوڕ دەبینن لە خۆشی ئیمتیازاتەكان شێتە بن, بە گەرمایی ئاگرەكە دڵیان بە نەوت و خاكەكەی خۆشە, ئێمە بەرەو روی ناسیۆنالستێكی توركمانی و عەرەبی سونی دەبینەوە كە زۆر كەلە رەقترن لە ناسیۆنالیزمی كوردی و مێژووی كاری سیاسیشیان كۆنترە, بە چەند رستەیەكی سادە ناتوانرێت كۆتایی بەم كێشەیە بهێنرێت .

دەبوایە پێش بڕیاری هەڵكردنی ئاڵا لێكتێگەیشتن لە نێوان پێكهاتەكان هەبوایە, نابوایە پارێزگای كەركوك ئەم بڕیارە گەورەیەی بێ گفتوگۆ لە گەڵ پێكهاتەو لایەنەكانی دیكە بدابایا, ئاخر بڕیاری وا گەورە كەی لە جێی خۆیەتی بە بڕیاری تاكەكەس بدرێت تەنانەت حیزبەكەشت بە فەرمی خاوەندارێتی لێ نەكات, بڕیاری وا پێویستی بە پشتیوانی هەمەلایەنەهەیە, راستە لە كاتی سەركەوتنی بڕیارەكە وەك پۆینت بۆ پارێزگاری كەركوك دەنوسرێت, وەلێ لە پاشەكشەشیدا بەسەر هەموو گەلدا دەشكێتەوە, وەك لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو چۆن گەل كرایە قوربانی حەزی هەندێك سەركردەی سیاسی بەرەو جینۆسایدمانیان برد.
ئێستا ناسیۆنالستەكان لە هەرچوارلاوە بە خۆیان ئاڵاكانیانەوە دنەی خەڵكی هەژاری شارەكە دەدەن بۆ شەڕە ئاڵا, لە كاتێكدا زۆریان هەر لەو شارە ناژێن, بگرە ناوێرن بە میوانیش سەردانی شارەكە بكەن .
راستە زۆر دور نین لە مێژووی تاوانەكانی بەڵكان و حەزی بە بەڵكەنە كردنی كەركوك, وەلێ لە بیرمان نەچێت, دوای روداوەكانی بەڵكان دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگاكانی یوگسلافیاو روانداو .. دامەزراوە, بۆ چارەسەركردنی كێشەكە پێویستمان بە ماندیلایە نەك دراگان نیكۆلیج و ئەوانی دی, كەسی ئاشتیخوازمان دەوێت كاربكات بۆ ئاشتی و پێكەوە ژیان, نەك نیكۆلیجێك بۆ دادگاكان.
دەبێت بۆ دەسەڵاتداران خەڵكی كەركوك گرنگ بێت نەك نەوت و غازو خاكەكەی, ئەوەش پێویستی بە چارەسەرێكی هاوچەرخانە هەیە, نەك گەڕانەوە بۆ شەڕی نەتەوەیی.

نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌