كەركوك و ئاڵای كوردستان و دەوڵەتی كوردی

وتار/ 23/03/2017 971 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

كەركوك و ئاڵای كوردستان و دەوڵەتی كوردی
عەلی مەحمود محەمەد


لە  قۆناغی گەشەی شار و كۆچی لادێ نشینانی  كوردی دەوروبەری كەركوك بۆ شار , كە لە قۆناغی سەرمایەداریدا بە  تایبەتیش لە  دوای شۆرشی 14 تەموزدا  چووە پێشەوە , كەركوكی لە شارێكی 30 هەزارییەوە گۆڕی بۆ شارێكی سەدان هەزاری  و دواتر ملیۆنی , بە ملمڵانێی  كوردە  هەژارە پەراوێزخراوەكان  و  توركمانە دەوڵەمەندە دەستڕۆیشتووەكان لە كەركوك دەستی پێكرد, كاتێك كوردەكان لە لادێوە لە بەر هەژاری و  چەوساندنەوەی ئاغا و دەرەبەگ و شێخ و كوێخاكان و  بێكاری ( زیاد بوونی ژمارەی  دانیشتوان بەهۆی دۆزینەوەی لیقاح و دەرمانی نوێ , پەیدابوونی ئامێرەكانی كشتوكاڵ كە شوێن كاری دەستی جوتیارانی گرتەوە) دەهاتن بۆ كەركوك ئەوا حەماڵی و كەناسی كرێكاری گەچ و كرێكاری بیناسازی و دەستفرۆشی سەرجادە  و فەڕاشی ......چاوەڕوانی زۆربەی زۆریان بوو, لە گەڕەكەكانی قەراغ شارەكان و حەسارە گەورە داڕماوەكان , لە خانوە قەرەباڵغەكان بەكرێ نیشتەجێ دەبوون , توركمانەكانیش شوێنە گرنگەكانی كارگێڕی و كۆمپانیای نەوت و بازرگانی و بازاڕ و هەموو جومگەكانی ئابوری شاریان بە دەستەوە بوو كە لەسەردەمی عوسمانییەكانەوە بۆیان مابوەوە, لە گەڕەكە جوانەكان و ناوەندی شار لە خانوی سەربەخۆدا ژیانیان بەسەر دەبرد, زمانی توركمانیش زمانی شار بوو , دەوڵەمەندەكانی شار بە توركمان و كورد و عەرەبەوە  بەكاریان دەهێنا, واتا زمانی هەژاران و دەوڵەمەندان , پرۆلیتاریا و بورجوازی  جیا بوو لەم شارە , هەر بۆیەش هەمیشە  هەستی چینایەتی لەناو دانیشتوانە كوردەكەی شاردا زاڵ بووە., هەمیشەش بارگرژی نەتەوەیاتی كە لە ناوەڕۆكدا چینایەتی بوو لە نێوان زۆربەی كوردە هەژارەكان و كەمایەتی توركمانی دەوڵەمەندی تۆڕانیدا هەبووە.
دوای روخانی بەعس بەهۆی  نەمانی لادێكانەوە, هەموو كوردە گەڕاوەكانی پارێزگای كەركوك هاتنە شارەوە , ئەگەر توركمانەكان گەڕەكێكی كۆماری ساڵی 1958ی كەركوكیان  بە غەدر دابێتە قەڵەم و بە تەجاوز بۆ سەر مافی مێژویی خۆیان زانیبێت بۆ سەر شارەكە , دوای كودەتای بەعس شاییان بۆ وێران كردنی كردبێت, ئەوا ئەمجارە بەرەو روی دەیان ئەوەندە بونەوە, كە هەمووشی هاووڵاتی پارێزگاكەن و پێشتر  لادێشین بوون لە گوندو شارۆچكەكانی پارێزگاكە, سەرتاپای شار بووە خانوی تەجاوزی كورد, ئەمە بە تەواوی نیگەرانیانی كردووە لە كورد و بە دزینی شارەكەی دەزانن , لە كاتێكدا لە قۆناغی گەشەی شاردا مافی هاوڵاتیانی لادێكانی پارێزگاكەیە بێتە شارەكەی خۆیانەوەو تیایدا نیشتەجێ بن.
 پەیوەندی بەهێزی پارتی لە گەڵ  توركیا و بە یاریكردنیشی لەسەر دۆسیەی بەرەی سونە نەیتوانی نەیاری توركمانەكان بۆ كاری كوردەكان لە شارەكە بە گشتی و  هەڵدانی ئاڵای كوردستان  لە قوڵای شارەكە  بەتایبەتی بشارێتەوە, هەرچەندە ینك لەم بڕیارەدا باوەڕ ناكەم پرسی بە هیچ لایەكی تر كردبێت, توركمانەكان و توركیا و عەرەبی سونە  راستەوخۆ بەرەو روی پرۆژەكە بونەوە كە هێشتا بڕیاری  ئەنجومەنی پارێزگای لەسەر نەدراوە , توركیا راستەوخۆ هاتە  ناو كایەكەوەو بە هەڕەشەكردن دژی وەستایەوە, گوێی بەو بۆرییە نەوتانە  نەدا بە خاكەكەیدا تێدەپەڕن, ئەمەش باشترین وەڵامە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لە داهاتوودا كە ببێتە پراتیك.
لێدوانی  كوردەكان بەوەی ئەم ئاڵایە ئاڵای توركمان و عەرەبیشە  كە لە راستیدا لای من وا نییە نەك لای توركمانێكی كەلە رەقی تۆرانی مێشك پڕكراو بە بیری ناسیۆنالستی ئەوا هەر وا نییەو جێگای بڕوا نییە, بۆیە باشترە  دەسەڵاتدارانی كەركوك بەدوای دەستەواژەو هەوڵی دیكەدا  بگەڕێن بۆ رازیكردنی نەیارانی بڕیارەكەیان نەك بەوەی بڵێن ئەم ئاڵایە  ئاڵای  هەمووانە , باشترە تەوافقێكی سیاسی لەسەر بكرێت , بە بەخشینی شتێك لە بەرامبەر وەرگرتنی شتێكی دیكەدا  .
ئەوەندەی من ئاگادار بم , تا ئێستا هەڵوێستی توركمانە شیعەكان و  عەرەبە شیعەكان  وەك هەڵوێستی  ئێران تا رادەیەك بێدەنگییە , هەرچەندە وردە وردە وا بێدەنگییەكە دەشكێنن و  دژ دەوەستنەوە  وەك بەیانەمەكەی عەسائیبی ئەهلی حەق, ئیتر نازانرێت دوای دەنگۆی راكێشانی بۆڕی نەوت لە كەركوكەوە  بۆ ئێران , ئێران چرای سەوزی  بۆ ئەم بڕیارەی ینك  لە كەركوك  هەڵكردووە یان نا ؟؟؟, لەبەر ئەوەی ینك هێزی یەكەمی بێ مونافسە لە شارەكە بڕیاری زۆرینە  لای ئەوە , بۆ بەهێزكردنەوەی خۆی پێویستی بەم مانۆڕانە هەیە , وەلێ مەرجیشە 100% سەركەوتوو بێت .
دوای نەیاری توركمان و عەرەبی سونە   و توركیا  هەڵوێستی كوردەكان  بە تایبەت ینك چۆن دەبێت؟ , ململانێكە دەبەنە پێشەوە تا رادەی بارگرژی ,؟ یان پاشەكشەی پێدەكەن لە بەرامبەر هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ؟؟؟, ئەگەر پاشەكشە لە هەڵدانی ئاڵایەك بكەن, نابێتە شكستێكی گەورەو لە داهاتوودا لە هەر بڕیاردانێكی گەورەتر  سڵ  بكەنەوە وە لایەنەكانی  بەرامبەریش بە غروری  زیاترەوە  بەرەو روی هەر بڕیارێكی كوردەكان ببنەوە , ئەدی سبەی چۆن دەتوانن بڕیاری قورستر وەك لكاندنی كەركوك بە هەرێمی كوردستانەوەو راگەیاندنی  دەوڵەتی كوردی بدەن ؟, بۆیە  ئەم تاقیكردنەوە لەناكاوە ئەنجامەكەی  قورس  دەبێت بە تایبەت  بۆ یەكێتی كە بڕیاردەرە و بە تایبەتیش دوای مانۆڕە سەربازییەكانی هات لە شارەكە .
دەبێت بزانین ئێمە لەسەردەمی دادپەروەری جیهانیدا دەژێین,  ئەم دۆسیەیە بە سانایی بەسەر ناسیۆنالیزمی توركماندا  تێ ناپەڕێت, كە بەردەوام لە كێشەدا بووە لە گەڵ كورد لە شارەكە, چەندە كەمایەتییەكی بچوكیش بن ناتوانرێت گوێیان لێ  نەگیرێت لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی شارەكە, بۆیە دەبوایە  پێشتر گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیارە  لە گەڵیان بكردرایە(هەڵدانی ئاڵالەسەر قەڵا كردویەتییە كردار)  ,ئاخر لە بڕیاری 4 جار 6ی تاڵەبانییەوە و زانینی كەركوك بە عێراقێكی بچوككراوە,  دەگەڕێیتەوە بۆ 1 بە 1 بڕیارێكی قورسە( دابەشكردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ هەر نەتەوەیەك 6 كورسی پێش هەڵبژاردنەكان) .
بە بڕوای من باشترین  رێگا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كەركوك  ئەوەیە یان رازی بوونە بە چارەسەری تاڵەبانیانە بۆ ئەبەد , یاخود  كەركوك چارەسەرێكی برۆكسلیانە  یان بەرلینیانەی مۆدێرنی  بۆ  بكرێت, بۆ ئەوەی دور كەوینەوە لە بەڵقەنە كردنی شارەكەو  خولقانی كارەساتی جەرگبڕ,,ئەگەر دەمانەوێت  چارەسەرێكی هەتا هەتایی بۆ پێگەی شارەكەو دوا رۆژی بكەین لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا , دەنا ململانێكە بەردەوام  دەبێت , خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین  ئاڵای  كوردستانیش جگە لە بوونی بە ئاڵای  وەلید شەریكەو عیرفان كەركوكی نابێت بە ئاڵای توركمان و عەرەبی شارەكە , ئاگاداربین بە شەڕ و ململانێی ناسیۆنالستەكان ئەم بەرمیلە باروتە لە كەركوكدا نەتەقێنرێتەوە , سەرەتا ئاسانە وەلێ چارەسەری كۆتایی زەحمەتەو هەمووی تێدا دەسوتێت .
ئێستا لە دوڕیانێكداین هەم پاشەكشە  گران و جەربگڕەو باجی دەوێت چونكە متمانە نامێنێت, هەمیش بارگرژی زیاتر مەترسی كارەساتی گەورەی  شەڕی نەتەوەیی لێدەكرێت.

نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌