بۆچی نابێت تۆمەتبارانی جینۆساید لە راگەیاندنەكان قسە بكەن
وتار/
21/03/2017
882 جار بینراوە
عەلی مەحمود محەمەد
بۆچی نابێت تۆمەتبارانی جینۆساید تاك لایەنە لە كەناڵەكانی
راگەیاندنەكان قسە بكەن
عەلی مەحمود محەمەد
لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئەوەی هاشا لە تاوانی جینۆسایدی هۆلۆكۆست بكات بە بڕیاری حكومەت سزا دەدرێت , تەنانەت
كەس بۆی نیە گفتوگۆ لە سەر جینۆساید نەبوونی هۆلۆكۆستیش بكات , ئینكاركردن لە جینۆساید بوونی تاوانەكە بۆ خۆی تاوانەو بە
یاسا سزای بۆ رێكخراوە, ئەرمەنەكانیش ئەم داوایەیان خستە بەردەم پەرلەمان و ئەنجومەنی
پیرانی فەرەنسا, بەڵام مخابن رەتكرایەوە , كەچی ئێمە لە وڵاتی خۆمان و لە لایەن كەسانی
داواكراو هەڵهاتوو لە دادپەروەری و دادگا ئەم هاشا كردنە لە رێگای كەناڵەكانی راگەیاندنەوە
بەڕێوە دەچێت, تەنانەت هەندێك منبەری مزگەوت بوونەتە منبەری ئینكاركردنی جینۆسایدی
ئێزیدییەكان .
م ع جاشێكی تۆمەتبارە ناوی لە لیستی 258 تۆمەتباركەی ئەنفال هەیە , بە ئاشكرا لە رێگای كەناڵەكانی
راگەیاندنەوە شانازی دەكرد بە كوشتنی پێشمەرگەی سۆسیالستەوە لە كوردستان , كەسیش نەبوو
سزای بدات, بگرە سەركردەی حیزبێك ماڵەكەی بردە بن ماڵەكەی خۆی و خانووی تەجاوزی بۆ
دروست كرد لە تەنیشت ماڵەكەیەوە , حیزبە كۆنەكەشی خانوو و موچەو حیمایەی بۆ بڕییەوە
هەڕەشەشیان لە قوربانیان كرد سكاڵای لەسەر تۆمار نەكەن, كەچی لە وڵاتێكی ئەوروپی وەكو
هۆڵەندا رۆژنامەنووسێك چوو چاوپێكەوتنی لە
گەڵ ساز بكات ئەوە زیاتر لە چەند ساڵێكە خۆی
لێ شاردۆتەوە, لە ماڵپەڕێكی كوردیشەوە كوڕەكەی لە بری باوكی وەڵامی دایەوە !!!!, سەیر ئەمەیە بۆ هۆڵەندیەكە
خۆیان دەشارنەوە بۆ كوردییەكە باسی دادگای ئازادە كەن , وەك ئەوەی لاهای پایتەختی
دادوەری جیهانی نەبێت.
تاریق رەمەزان یەكەمجار پەیوەندی بە منەوە كرد بۆ ئەوەی
چاوپێكەوتنی لە گەڵ بكەم , كە داوای ئەوەم لێی كرد با ئێمە سكاڵای لەسەر تۆمار بكەین
لە بەریتانیا بۆ ئەوەی پاك بێتەوەو بێتە پاڵتاك بێ تاوانی خۆی راستەوخۆ بۆ خەڵك بسەلمێنێت ناڕازی بوو, بگرە لای هەندێك داواكارییەكەی منی پێ پێشێلی مافی
مرۆڤ بوو , كەوتمە بەر شاڵاوی نوسینیش , كەچی لە رێگای كەسێكی دڵسۆز بە كوردەوە
چاوپێكەوتنێكی بڵاو كردەوە خۆی لە تاوانەكانی شوشتەوە( بەڵگەی قسەكانم لایە).
م ق بە ئاشكرا لە كەناڵێكی راگەیاندنی نوسراوەوە وتی
بمزانیایە ئەوانەی لە 6 ئازاری 1991ی شاری
هەولێر خۆپیشاندانیان كرد شوعین هەمویانم دەكوشت, كەس لە گوڵ خراپتری پێ نەوت,
داواكاری گشتیش وەك ئەوەی نە بای بینیبێت
نە باران , ئەمە لە كاتێكدا كاری داواكاری گشتی بوو یەكسەر سكاڵای لەسەر تۆمار
بكات.
هونەرمەندێكی خوا لێخۆش بوو داوای نۆبڵی ئاشتی كرد بۆ تۆمەتبارێكی ئەنفال رەخنەمان
لێی گرت وتمان ئەو تۆمەتبارە سپی نییە رەشە , كەچی ئێستاش لەسەر ئەو رستەیە وەك
تاوانبار سەیرمان دەكەن, ئاخر كاری سیناریۆ
نوس نییە شهادەی بێ تاوانی تاوانبارێك بدات , بەڵكە ئەوە دوای خۆ پاككردنەوە دێت لە رێگای پرۆسەی دادگاییكردنەوە
.
دەیان چاوپێكەتن تا هەنووكە لە گەڵ تاوانبارانێك كراوە ,
كە سەرجەمیان رۆژنامەنوسانی دڵسۆز كردویانە و من شكم لە پاكی و دڵسۆزیان نییە, كەچی
هەموو جارەكان چاوپێكەوتن و لێدوانەكان بە
قازانجی تۆمەتباران تەواو بووە, كەچی هەر ئەمانەن ناوێرن بچن لە رێگای دادگاوە خۆیان پاك بكەنەوە لە تۆمەتەكان و سەربەرزانە
بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگا, تا هەنووكە وەك هەڵاتویەك لە بەرامبەر دادوەری ماونەتەوە .
من بە تۆمەتبارێكم وت كە دواتر كوژرا و ناوی لە لیستی 258 تاوانبارەكەی ئەنفالدا
هاتبوو ( ئەمانە تۆمەتبارن , بەڵام تاكەی نابن بە تاوانبار؟؟), تۆ وەك تاك سكاڵات
لەسەر نییە لە دادگای باڵای تاوانەكان لە لایەن بنەماڵەی قوربانیانەوە, بەڵام ناوت
لە رێگای پەرتوكێكەوە چۆتە لیستەكەوە دەوەرە بڕۆ بەردەم دادگا و بێ تاوانی خۆت دەربخە
, وتی كەی دادگای ئازاد دانرا ئەوجا دەچم, كابراكانی بەریتانیاو هۆڵەنداش ناچنە بەردەم
دادگای ئەو وڵاتانە كە بە هەموو پێوەرێك لەو ئازادە ئازادترن ئێمە لە كوردستان
داوایان دەكەین, ئەمە بهانەكانە .
ئەگەر بڕیار وایە هەر تۆمەتبارێك وەك پێگەی خۆی چاوپێكەوتن
بكات لە كەناڵەكانی راگەیاندن, وەك ئەوەی هەبووە, نەك راگەیاندن بەكار بهێنن بۆ خۆ پاك كردنەوەو بەخشینەوەی تۆمەت و دابەشكردنی بەسەر خەڵكی دیدا , زۆر ئاساییە راگەیاندن كاری دەرخستنی راستییەكان و دەربڕی قسەی هەموو بەشەكانی دۆسیەكە بێت
(تاوانبار , قوربانی , دادگا) , نەك شوێنی خۆ پاككردنەوەی تۆمەتباران و
داواكراوان.
زۆر گرنگە رۆژنامەنووسەكان وەك ئەوەی لە گەڵ فرانس ڤان ئانراتی بازرگانی چەكی
كیمیاوی هۆڵەندیدا كرا بیانەوێت لە رێگای
بەرنامەكانیانەوە راستییەكان دەربخەن , ئەوە جێگای پێشوازییە , كە دواتر بوە هۆی ئەوەی
داواكاری گشتی دۆسیەی لەسەر بكاتەوە , بەڵام دیدارەكان بۆ ئەوەبێت تاك لایەنە قسە بكات و بۆ ئەوە خۆی پاك بكاتەوە لە
تاوانەكان و بێ بەڵگە تۆمەت دابەش بكات , ئەوە قەت رێگا پێدراو نییە , نابێت رێگا بدرێت راگەیاندن بەو رۆڵە هەڵبستێت, ئەوكاتە كاری دادگا دەكات .
ئاخر تا ئێستا جگە یەك تۆمەتبار بە ناوی خدر قامیشی قسەی
تا رادەیەك راستی كرد لە چاوپێكەوتنێكی لە گەڵ رۆژنامەی ئاسۆ, كۆنە رەفیقە جاشەكانی
خۆی هەڕەشەیان لێی كرد و پێیان راگرت, هەرچەندە دانیشتوی هۆڵەنداش بوو, خۆ ئەویش دەتوانێت لە هۆڵەندا بچێتە بەردەم دادگا و خۆی پاك بكاتەوە لەو تۆمەتەی پێوەیەتی, نەك بۆ راگەیاندنێكی
كوردی قسە بكات,شوێنی ئەو دان پێدانانە دادگایە .
تەنها
دادگایە شوێنی پاككردنەوە لە تاوانەكان لە كاتی دەرخستنی بێ تاوانی, نەك كەناڵەكانی
راگەیاندن, كەناڵەكان تەنها با جێگای دان پێدانانەكان بێت بە راستییەكان, ئەگەریش
لە رێگای كەناَلەكانەوە دان بە راستییەكان
دەنێن و ئامادەن بەرەو روی دادپەروەری ببنەوە ئەوە جێگای پێشوازییەو, ئەگەریش بڕیار
وایە تۆمەتباران كەڵك لە راگەیاندنەكان بۆ پاك كردنەوەی خۆیان وەربگرن , ئەوە دەبێت
بنەماڵەی قوربانیان و رێكخراوەكان و
چالاكوانانی بواری جینۆساید و مافی مرۆڤ و
رۆژنامەنوسی ئەو بوارە رێگا نەدەن كەڵك لە
ئازادی وەربگرترێت بۆ شێواندنی دۆسیەكانی دادوەری .
نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد