تۆپه‌كه‌ی كاكه‌ حه‌مه‌ و جنێوه‌كه‌ی مالیكی

وتار/ 31/01/2017 664 جار بینراوە

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی

تۆپه‌كه‌ی كاكه‌ حه‌مه‌ و جنێوه‌كه‌ی مالیكی
مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی


له‌میانه‌ی لێدوانێكی رادیۆییدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا "كاكه‌ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود" سكرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان باسی له ‌ناكۆكییه‌كانی نێوان حیزبه‌كانی كوردستان كردووه ‌و به‌حوكمی ئه‌وه‌ی خۆی شایه‌تحاڵی پشت په‌رده‌ی كۆبوونه‌وه‌كانه‌ به ‌كه‌ماڵی ئیسراحه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: ناكۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه ‌نییه‌ لایه‌نێك وتبێتی خزمه‌تی خه‌ڵك ده‌كه‌م و ئه‌نده‌رپاس دروستده‌كه‌م و لایه‌نێكی تر رێگه‌ی نه‌دابێت، به‌ڵكو ناكۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر پشكی حیزبه‌كان له ‌نه‌وت و داهاتی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه ‌هه‌ندێكیان كه‌میان به‌رده‌كه‌وێت و هه‌ندێكی تریان زۆر!

ئه‌م تۆپه‌، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌یه‌، تاكو ئێستاش زرمه‌كه‌ی له ‌گوێچكه‌ی حیزبه‌كاندا، هه‌ندێكیان په‌خشنامه‌یان بڵاوكرده‌وه ‌و هه‌ندێكی تریشیان به‌ڕێوه‌ن بۆ ده‌ركردنی په‌خشنامه‌، هه‌ندێك له‌و كه‌سایه‌تییه‌ حیزبیانه‌ش كه‌ به ‌كه‌سی ریزی سێیه‌می حیزب دا‌ده‌نرێن ده‌ستبه‌جێ ئیستفزاز بوون و وه‌ڵامی كاكه‌ حه‌مه‌یان دایه‌وه‌.
 
بۆ ئێمه‌ی چاودێران، كاكه‌ حه‌مه‌ قسه‌یه‌كی له ‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌ئلوفی سیاسه‌تی كوردی نه‌كردووه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ نازانین ئایا حیزبه‌كان پاڵاوتگه‌ی نه‌وتیان هه‌یه‌ یان نا وه‌ك كاكه‌ حه‌مه‌ ده‌ڵێت، به‌ڵام خۆ زۆر دڵنیاین له‌وه‌ی هه‌موو حیزبه‌كان وه‌ك یه‌ك وان و له‌ جه‌وهه‌ری سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه ‌و پاشخانی گوتاریاندا وه‌ك یه‌ك بیرده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك یه‌ك بڕیار ده‌ده‌ن، وه‌ك یه‌ك له‌خه‌می هاوڵاتیدان، هه‌ڵبه‌ت من باسی جه‌وهه‌ر ده‌كه‌م، نه‌ك قیژه‌ قیژی سه‌ر شاشه‌كان.

جیاوازی نێوان حیزبه‌كان زۆر رێژه‌ییه‌، حیزبێك بۆیه‌ دیكتاتۆر نییه‌، چونكه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ به ‌ده‌سته‌ڵات. بۆیه‌ گه‌نده‌ڵ نییه‌ "كه‌من پێموایه‌ هه‌موو كه‌س گه‌نده‌ڵه‌ تاكو به‌رائه‌تی ده‌سه‌لمێت، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌"، چونكه‌ ده‌می نه‌گه‌یشتوه‌ به ‌ترێكه‌، كه‌چی ده‌ڵێت: ناخۆم ترشه!

ئێمه‌ وا نه‌وه‌یه‌كمان به‌ڕێكرد، ده‌توانن پێم بڵێن یه‌ك جیاوازی نه‌وعی له‌نێوان حیزبێك و حیزبێكی تردا چییه‌؟ ده‌توانن پێم بڵێن: یه‌ك پرۆژه‌ی جیدی و كاریگه‌ری حیزبێك هه‌یه ‌و رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی لێگیراوه‌؟ ده‌توانن پێم بڵێن: حیزبی ئه‌لیف، له‌به‌ر ئه‌م هۆكار و خاڵانه‌ له ‌حیزبی ها‌و باشتره‌؟ ده‌توانن پێم بڵێن فڵان به‌رپرس له‌ فڵان به‌رپرس پاكیزه‌تره‌؟ ده‌توانن پێم بڵێن: به‌رپرسی فڵان حیزب ده‌ستبه‌رداری كۆشك و ته‌لار و پاره ‌و سامان و كۆمپانیاكانی بوو له ‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییان؟

كه‌واته‌ جیاوازی حیزبه‌كان رێژه‌ییه‌، گومانی تێدانییه‌ كه‌ هه‌ركات ده‌م گه‌یشت به ‌ترێكه‌، حسابه‌كان ده‌گۆڕێن. دكتۆر عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت: مرۆڤ كاتێك تاوانێك ده‌كات، دواتر هه‌زاران پاساوی لۆژیكی ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ی پێ پاساو بدات؟

بۆنمونه‌: ئه‌گه‌ر كاروانی ئۆتۆمبیَله‌ جام ره‌شه‌كانی به‌رپرسانی یه‌كێتی و پارتی ناشیرین و دزێو بێت، به‌رپرسانی حیزبه‌كانی تر بۆیه‌ كاروانی ئۆتۆمبیَلی جام ڕه‌ش به‌كارناهێنن، چونكه‌ نیانه‌، نه‌ك چونكه‌ ناشیرینه‌. بۆیه‌ كاتێك ده‌گه‌نه‌ ئه‌و شوێنه‌ بتوانن ئۆتۆمبیَلی جام ره‌ش به‌كاربێنن، ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئینجا پاساوی ده‌ده‌ن. پاساوی لۆژیكی قه‌ناعه‌ت پێكه‌ریش ده‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش سروشتی مرۆڤه‌، زۆر زۆر به‌ده‌گمه‌ن، ته‌نیا پێغه‌مبه‌ران و زاهیده‌كان له‌و خه‌سڵه‌ته‌ دوور بوون.

كه‌واته‌ له‌ڕووی پێوانه‌كردن به‌واقیعی حاڵ، كاكه‌ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود قسه‌یه‌كی ناڕاستی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ئه‌و له‌ناو جه‌رگی سیاسه‌ت و كه‌والیسی سیاسه‌تی ئه‌م حیزبانه‌وه‌ قسه‌ی كردووه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ بوونه‌ته‌ بار به‌سه‌ر مێژووی ئێمه‌وه‌.

پێویسته‌ ئێمه‌ وشیاربین له‌وه‌ی حیزبه‌كان بتوانن به‌رائه‌تی خۆیان به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك و دووان و به‌قسه‌ی چه‌ند په‌رله‌مانتارێك كه‌ خۆیان پێویستیان به‌ دادگاییكردنه‌ به ‌ئێمه‌ بفرۆشنه‌وه ‌و ئێمه‌ش وه‌ك كائینێكی ده‌سته‌مۆ بڵێن: سمعنا واگعنا..!.

هه‌ر له‌م میانه‌یه‌دا، مالیكی به‌شێوازێكی دیپلۆماتی جنێوێكی گه‌وره‌ی به‌ سایكۆلۆژیای جاشانه‌ی كورد دا، كاتێ وتی: كورد سه‌ربه‌خۆیی ناوێت، به‌ڵكو ژیان و گوزه‌رانێكی خۆشی ده‌وێت!

ئێمه‌ ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی و مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و زمانناسی بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی مالیكی بكه‌ین، تێده‌گه‌ین چ جنێوێكی به ‌كورد داوه.

مالیكی به ‌زمانی حال و قال ده‌ڵێت: كورد میلله‌تێكه‌ هه‌موو ئامانجی خۆی له ‌گه‌ده‌یدا ده‌بینێت، شكۆی نه‌ته‌وه‌یی ناوێت، به‌ڵكو ژیانی خۆشی ده‌وێت، گیرفانی پڕ ده‌وێت نه‌ك سه‌ری به‌رز. باشه‌ كام سیاسی كورد به‌و قسه‌یه‌ی مالیكی ئیستفزاز بوو؟ كامیان لێی تێگه‌یشتن و مویه‌ك له‌ جه‌سته‌یان جوڵا.

مالیكی به ‌رواڵه‌ت بۆ دژایه‌تی بارزانی ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كات. یاری له‌سه‌ر ژێی ناكۆكییه‌كانی ناو شه‌قامی سیاسی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام به‌مانا جه‌وهه‌ری و قوڵه‌كه‌ی جنێو به ‌كورد ده‌دات كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌و هه‌موو قوربانیدان و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌، هێشتا سه‌ربه‌خۆیی ناوێت و ژیان و گوزه‌رانی ده‌وێت. یانی كورد بێ ئامانجه‌ و له‌ ژیاندا ته‌نیا سكی تێر بێت هیچی تری ناوێت! ئایا ئه‌وه‌ سوكایه‌تی نییه‌ به‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ‌ریزی نه‌ته‌وه‌كاندا؟ دۆسته‌كانی مالیكی بۆ ئه‌و جنێوه‌ پڕ به‌لاغه‌یه‌ی مالیكی چی ده‌ڵێن؟

دواجار ده‌پرسم: له‌نێوان لێدوانه‌كه‌ی كاكه‌ حه‌مه‌ و جنێوه‌كه‌ی مالیكیدا، ئێوه‌ بۆچی به‌وه‌ی كاكه‌ حه‌مه‌ ئیستفزاز بوون و گرژبوون؟ به‌ڵام به‌جنێوه‌كه‌ی مالیكی مویه‌ك له ‌له‌شی زه‌به‌لاحتان نه‌جوڵا؟ مه‌گه‌ر له‌به‌رئه‌وه ‌نییه‌ كه‌ قسه‌كه‌ی كاكه‌ حه‌مه‌ هه‌قه‌ بۆیه‌ ره‌قه‌؟ جنێوه‌كه‌ی مالیكیش، به‌حسابی ئێوه‌ شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ بارزانیدا و ئێوه‌ هه‌قتان به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌؟ دڵنیام پاساوێكیش هه‌یه‌ بۆ بێده‌نگبوون له‌مالیكی، لغایه‌ فی نفس یعقوب!

نوێترین نوسینەکانی مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌