قه‌یرانى مووچه‌ خۆرانى هه‌رێم له‌ گفتوگۆى ناو په‌رله‌مانی عێراق

وتار/ 03/01/2017 906 جار بینراوە

زانا رۆستایی

قه‌یرانى مووچه‌ خۆرانى هه‌رێم له‌ گفتوگۆى ناو ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق
*زانا رۆستایی  
پێشه‌كى :
دواى سه‌ر هه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی و دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى جیهاندا, عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى به‌ بارودۆخێكى سه‌ختى ئابوورى تێپه‌ربوون له‌ ساڵه‌كانى (2015و2016), به‌ڵام عێراق به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ و ره‌سیدى هه‌یه‌ له‌بانكى مه‌ركه‌زى و ده‌توانێ قه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ربگرێت وێڕاى كۆمه‌ڵێك چاكسازى له‌ سیسته‌مى مووچه‌ , توانى قه‌یرانه‌كه‌ تێپه‌ڕ بكات بێ ئه‌وه‌ى یه‌ك مانگ مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌ران بێ ئومێدبكات .. به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى 2015 بریارى سه‌ربه‌خۆیی ئابوورى دا و ڕایگه‌یاند كه‌ داهاتى فرۆشتنى نه‌وت و خاڵه‌ گومرگیه‌كان نانێرێته‌وه‌ به‌غدا و به‌خۆى مووچه‌ و بوودجه‌ى خۆى دابین ده‌كات ,كه‌چى نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانى مووچه‌ دابین بكات به‌ڵكو هه‌رێمى كوردستانیشى خسته‌ ژێر بارێكى گرانى قه‌رز بۆ كۆمپانیاكان ..
له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ناوخۆ هیچ فه‌رمانبه‌رێكى هه‌رێم به‌كه‌س و كارى شه‌هیدان و كه‌مئه‌ندامانیشه‌وه‌ چارێگى مووچه‌كانى خۆیان وه‌رنه‌گرتوه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانێكى مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانى هاوڵاتیان و شه‌پۆلێكى ناره‌زایی و بایكۆتى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌, كه‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ى له‌ پارێزگاى سلێمانى په‌كخستوه‌ و له‌شوێنه‌كانى تریش به‌ ناته‌واوى به‌رێوه‌ده‌چێت و حكومه‌تى هه‌رێمیش پلانێكى دیارى كراوو ئیقناع كارى پێ نیه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه‌ ، ئه‌وه‌ش بێ ئومێدى په‌یدا كردووه‌ لاى خه‌ڵك و دۆخه‌كه‌ى ئاڵۆز تر كردوه‌ .
ئه‌م قه‌یرانه‌ چۆن سه‌رى هه‌ڵدا ؟
ره‌گ و ریشاڵى ئه‌م قه‌یرانه‌ دوایی دوور و قۆڵه‌ و بناغه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شێوازه‌ حوكمڕانیه‌ حیزبیه‌ى كه‌ له‌ (25) ساڵى رابووردوو له‌ هه‌رێم پیاده‌ كراوه‌ ، واته‌ ئه‌مه‌ى ئێستا رووده‌دات ده‌ره‌نجامێكى سروشتى ئه‌و جۆره‌ به‌رشێوه‌بردنه‌یه‌ كه‌ كابینه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم پیاده‌ى كردووه‌ و خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ :-
1-     نه‌بوونى پلانێكى ستراتیژى بۆ داهاتووى هه‌رێمى كوردستان به‌ڵكو رۆژ به‌ڕێ كردن بوه‌ ..
2-     ره‌چاونه‌كردنى بنه‌ماكانى حوكمرانى ره‌شید ( الحكم الرشید ) كه‌ هه‌موو به‌رنامه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ .
3-     قۆرخ كردنى ده‌سه‌ڵات و ئابوورى وڵات له‌لایه‌ن بازرگانه‌ سیاسیه‌كان كه‌ هه‌رێمى كوردستانیان وه‌كو مانگایه‌كى شیرده‌ر سه‌یركردوه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ له‌ كه‌مترین كاتدا زۆرترین شیرى لێ بدۆشن بۆ خۆیان .
4-     به‌ حیزبی كردنى داموده‌زگاكان و به‌كارهێنانى پله‌ و پۆسته‌ ئیداریه‌كان بۆ مل ملانێ حیزبیه‌كان هه‌ر له‌ كارگوزارى  فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان و وه‌زیره‌كان ..
5-     دامه‌زراندنى نایاسایی و به‌ده‌ر له‌ رێنمایی و دوور له‌ ستانداردى جیهانى بۆ زۆرترین كادیر و ئه‌ندامى حزبی حكومران به‌مه‌به‌ستى كۆیله‌كردن و مسۆگه‌ركردنى ده‌نگه‌كانیان بۆ كاتى هه‌ڵبژاردن ..
6-    ناشه‌فافی له‌ داهات و خه‌رجیه‌كان و نه‌بوونى یاساى بوودجه‌ له‌ساڵانى (2014-2015-2016) كه‌ نه‌بوونى یاسای بودجه‌ به‌كورتى واته‌ كه‌س نه‌زانێ چى هه‌یه‌ و چى لێدێت ؟ و كرانه‌وه‌ى ده‌ستى چه‌ند كه‌سێكه‌ له‌ سه‌روه‌ت و سامانى گشتى ..
7-     له‌ ناوبردنى كه‌رتى تایبه‌ت و خه‌ڵك فێرى مووچه‌كردن و له‌باربردنى كه‌رتى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارى و كردنه‌وه‌ى ده‌رگا له‌به‌رده‌م خه‌ڵك بۆ وه‌رگرتنى مووچه‌یه‌كى زۆر به‌رامبه‌ر ئه‌ركێكى كه‌م وه‌ك دامه‌زراندنى (20) كارگوزار  بۆ قوتابخانه‌ى گوندێك ..
8-     نه‌گه‌رانه‌وه‌ى هه‌موو داهاته‌كان بۆ خه‌زێنه‌ى گشتى به‌ڵكو هه‌ندێ له‌ داهاتى باج و بیره‌ نه‌وت و كه‌رتى گشتى بۆ كه‌س و حیزب ده‌روات ..
9-     شكستهێنانى سیاسه‌تى ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وت كه‌ نه‌بوه‌ هۆى به‌هێزكردنى ئابوورى كوردستان به‌ڵكو چه‌ندین ملیار دۆلار قه‌رزى هێنایه‌ سه‌ر هه‌رێم و ته‌نها چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك لێى به‌هره‌مه‌ند بوون ..
10-    نادادپه‌روه‌رى و نائه‌مینى له‌گه‌ڵ سامانى گشتى و لێپرسینه‌وه‌ نه‌كردن له‌گه‌نده‌ڵكاران و ده‌ستدرێژى كاران بۆ سه‌رزه‌وى و موڵك و ماڵى گشتى بوه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كێشه‌كان كه‌ڵه‌كه‌ ببنه‌ سه‌ریه‌ك و تواناى چاره‌سه‌رى سه‌خت بێت..
شكستى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كان :
كابینه‌ى هه‌شته‌مى حوكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ، كابینه‌ى بنكه‌ فراوان نه‌یتوانى چاره‌سه‌رێك بۆكێشه‌كانى هه‌رێم بدۆزێته‌وه‌ وكێشه‌سیاسیه‌كانى نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و په‌كخستنى په‌رله‌مانى كوردستان و ناردنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى بزووتنه‌وه‌ى گۆران, بارودۆخه‌كه‌ى ئاڵۆزتر كرد, بگره‌ بوونی شتێكی به‌ ناوی حكومه‌تی هه‌رێم خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌, چونكه‌ حكومه‌ت له‌ غیابی په‌رله‌مان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چاودێری و سه‌رچاوه‌ی متمانه‌ به‌خشین ,حكومه‌ت مانایه‌كی نیه‌, به‌ تایبه‌تیش وای لێهاتبوو به‌ (3-4) مانگ جارێك حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد .
حكومه‌ت له‌ جیاتی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌ بۆ كێشه‌كان, زیاتر خه‌ریكی بیانوو دۆزینه‌وه‌ بوو بۆ هۆكاری كێشه‌كان, له‌ جیاتی گێڕِانه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ حكومه‌ت ,گومانی زیاتری هێنایه‌ سه‌رخۆی ,له‌ جیاتی فشار خستنه‌ سه‌ر كۆمپانیا حزبیه‌كان و سه‌رمایه‌دارانی حزب كه‌ به‌هره‌مه‌ندی یه‌كه‌م بوونه‌ له‌ سه‌روه‌ت و سامانی هه‌رێم, ده‌ستی كرد به‌ داهێنانی ((پاشه‌كه‌وتی مووچه‌)) و ده‌ستی برد بۆ پاره‌ی كه‌س و كاری شه‌هیدان و كه‌م ئه‌ندامان و خانه‌نشینان و چینه‌كانی تر .
حكومه‌ت به‌رده‌وامیدا به‌ سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ,كه‌ له‌ رواڵه‌تدا دروشمێكی جوان بوو, به‌ڵام له‌ راستیدا ته‌نها له‌ قازانجی كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌داری حزب و كۆمپانیاكانیان بوو وه‌ گه‌وره‌ترین زیانی دا له‌ ژیان و گوزه‌رانی فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیان .
په‌نا هێنان بۆ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا :
دوای نائومێدبوونی هاوڵاتیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم وبۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی مووچه‌خۆران و گوێ نه‌دانی به‌ داواكاری و یاداشتنامه‌ و پێشنیاری لایه‌ن و رێكخراوه‌كان و نه‌بردنه‌ سه‌ری واده‌ و به‌ڵێنه‌كانیان، به‌ ناچاری به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ تایبه‌تی له‌ پارێزگای سلێمانی یاداشتنامه‌ و داواكاریه‌كانیان ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد كرد له‌ به‌غدا وداوایان كرد رێگا چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ رزگاركردنیان له‌و نه‌هامه‌تیه‌ی تێی كه‌وتوون ,بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئه‌وان نه‌بنه‌ قوربانی مل ملانێ سیاسیه‌كان .
فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئه‌ركه‌كانی خۆیان پیاده‌ ده‌كه‌ن و رۆژانه‌ ده‌وامی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ فه‌رمانگه‌كاندا, به‌ڵام حكومه‌ت له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ ناكات و مووچه‌كانانیان پێ نادات ,له‌ كاتێكدا له‌ هه‌موو پارێزگاكانی تر به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ داگیركراون له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن، به‌پێی ده‌ستووری عیراق هاوڵاتیانی عیراق یه‌كسانن ,هه‌مان ماف و هه‌مان ئه‌ركیان له‌سه‌ره‌ ,بۆیه‌ ره‌وانیه‌ هاوڵاتیه‌كی هه‌رێمی كوردستان جیاوازی پێ بكرێت له‌گه‌ڵ هاوڵاتیه‌كی شاره‌كانی تری عیراق .
ده‌ست بردن بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر هه‌ره‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌ره‌تایی ترین مافی مرۆڤ كه‌ مافی ژیانێكی به‌ كه‌ڕامه‌ته‌، مرۆڤ ئه‌گه‌ر گوزه‌ران و ژیانی كه‌وته‌ مه‌ترسی شته‌كانى تر نرخیان نامێنێت .
هه‌وڵه‌كانی نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا :
په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا كه‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق, له‌ روانگه‌ی هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان, به‌ تایبه‌تیش له‌ غیابی په‌رله‌مانی كوردستان, كه‌ به‌ ناحه‌ق په‌ك خراوه‌, هه‌ستمان كرد له‌م قۆناغه‌دا پێویسته‌ كه‌لێنی په‌رله‌مانی كوردستانیش پڕ كه‌ینه‌وه‌ و چیتر بێ ده‌نگ نه‌بین به‌رامبه‌ر برسی كردنی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كان .
به‌ تایبه‌تیش كه‌ رۆژانه‌ ده‌یان هاوڵاتی له‌ شاره‌كانی كوردستان په‌نامان بۆ ده‌هینن و چیرۆكی كاره‌ساتاوی ژیان و گوزه‌رانیان ده‌خه‌نه‌ڕوو و داوای هه‌وڵ و چاره‌سه‌ریمان لێ ده‌كه‌ن .
بۆیه‌ نه‌ده‌كرا چیتر ده‌سته‌وه‌ستان بمێنینه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین , بێ باكی حكومه‌تی هه‌رێم وخۆنه‌كردنه‌ خاوه‌ن له‌ كێشه‌كانی هاوڵاتیان و به‌ده‌مه‌وه‌نه‌هاتنی داخوازیه‌كانیان, زۆر جێی تێڕامان و سه‌یر دێته‌ به‌رچاو ,له‌ وڵاتانی دونیا كاتێك حكومه‌ت نه‌توانێت گرفتێكی له‌م شێوه‌یه‌  چاره‌سه‌ر بكات دان به‌ شكستی خۆیدا ده‌نێت و ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌ و ڕێگا خۆش ده‌كات بۆ كابینه‌یه‌كی تر كه‌ كاره‌كان بگرێته‌ ئه‌ستۆ, به‌ڵام له‌ هه‌رێم شتى وا ناكرێت ,به‌ڵكو سیاسه‌ته‌كه‌یان زۆر به‌ سه‌ركه‌وتووش داده‌نێن نازانین له‌ هه‌رێمی كوردستان شكست هێنان یانی چی ؟
گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران :-
ڕۆژی 24-9-2016 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌ (19) له‌سه‌ر داوای به‌ڕێز هۆشیار عبدالله‌ و ئیمزای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق ,بڕگه‌یه‌ك خرایه‌ به‌رنامه‌ی كاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ گفتوگۆ كردن سه‌باره‌ت به‌ گرفتی مووچه‌ خۆرانی هه‌رێمی كوردستان, له‌م دانیشتنه‌دا په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری عه‌ره‌بیش وته‌ی خۆیان پێشكه‌ش كرد ,تیایدا تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی نا هه‌مواری فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به‌ گشتی و مامۆستایان به‌ تایبه‌تی, كه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ مووچه‌كانیان به‌ ده‌ست ناگات و هۆشداریش درا كه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌ ڕه‌نگه‌ پرۆسه‌ی ئه‌م ساڵه‌ی خوێندن په‌كی بكه‌وێت.
له‌ وته‌كانیدا په‌رله‌مانتاران هۆكاری كێشه‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ مل ملانێی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و داوا كرا كه‌ ڕێگا چاره‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیانی كوردستان باجی هه‌ڵه‌ی سیاسیه‌كان نه‌ده‌ن و نه‌بنه‌ قوربانی مل ملانێ سیاسیه‌كان.
له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆكاندا و له‌ بڕیار و ڕاسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌ بڕگه‌ی (8-9) بڕیار درا به‌ ڕه‌وانه‌كردنی پێشنیاره‌كان بۆ لێژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان و میوه‌نداری كردنی به‌رپرسه‌ حكومیه‌كان بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ری, هه‌روه‌ها بڕیاردا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تی (هومام حمودی)جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامێتی چه‌ند كه‌سێك له‌ لیژنه‌ى نه‌وت و لیژنه‌ی دارایی ..ئه‌و لیژنه‌یه‌ پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی مانگێكدا ڕاپۆرتێك بداته‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هاوكات له‌گه‌ڵ گفتوگۆكانی پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ى   2017ی عیراقی.
لیژنه‌كه‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا و سه‌رۆكی لیژنه‌ نامه‌ی فه‌رمی ئاڕاسته‌ى هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ندی كرد بۆ ناردنی بیرو بۆ چوون و پێشنیاره‌كانیان , تا نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌( 23/11/2016) لیژنه‌كه‌ ڕاپۆرتی كۆتایی پێشكه‌شی په‌رله‌مان نه‌كردوه‌....

كێشه‌ی مووچه‌ له‌ گفتوگۆی پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌دا :-
له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی رۆژانی (7-8-9)ی تشرینی دووه‌می 2016 كه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كورد و عه‌ره‌ب باسی كێشه‌ی نه‌درانی مووچه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان وروژاند و به‌ش به‌ حاڵی خۆم ره‌خنه‌م له‌ چه‌ند مادده‌ و بڕگه‌یه‌كی پڕۆژه‌ یاساكه‌ گرت ,به‌ تایبه‌تیش له‌ مادده‌ی (9)ی پڕۆژه‌كه‌ كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ساڵی رابردوو كه‌ له‌ مادده‌ی (10) بڕگه‌ی (3) دا هاتبوو ((ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ندنه‌بوو به‌ پابه‌ندیه‌ دارایی و نه‌وتیه‌كانه‌وه‌ ئه‌وا لای به‌رامبه‌ریش ده‌توانێت پابه‌ندبێت)) مه‌به‌ستی له‌ هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌نده‌ .
ئه‌م بڕگه‌یه‌ له‌ مه‌یداندا تاقی كرایه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ی بریتی بوو له‌ چاوپۆشی هه‌ردوولا له‌ یه‌كتری, واته‌ به‌غدا گله‌یی ناكات له‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته‌كان و هه‌رێمیش داوای هیچ نه‌كات له‌ به‌غدا .. ئه‌مه‌ وه‌كو رێكه‌وتنێكی ژێربه‌ژێر بوو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێ بازرگانى سیاسی بوو به‌ڵام به‌ زیانى هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران بوون .
بۆیه‌ داوام كرد ئه‌م بڕگه‌یه‌ به‌ جۆرێك بنوسرێته‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌ت به‌ خۆدزینه‌وه‌ نه‌دات له‌ پابه‌ندبوون, چ بۆ هه‌رێم له‌ راده‌ست كردنه‌وه‌ی نه‌وت و داهات, چ بۆ به‌غدا بۆ ناردنی به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێم .
له‌ كاتی بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌كیش پێویسته‌ لایه‌نه‌كان په‌ناببه‌نه‌ به‌ر دادگای فیدرالی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان ,نه‌ك سزای فه‌رمانبه‌ر بده‌ن به‌ بڕینی رزقی خۆی و ماڵ و مناڵی, هه‌روه‌ها داوام كرد ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان شایانی لێپرسینه‌وه‌ و ئیجرائاتیش بوو ئه‌وا حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌توانێ رێ و شوێنی یاسایی بگرێته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر به‌رپرسه‌كانی هه‌رێم نه‌ك هاوڵاتیان .
به‌داخه‌وه‌ (هه‌مام حمودی) كه‌ سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد بڕیاری دا به‌شێك له‌ وته‌كانی من له‌ كۆنووس تۆمار نه‌كرێت چونكه‌ پێی وابوو هێرشی تێدابوو بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت !! هه‌ر چه‌نده‌ من ناوی هیچ لایه‌ن و به‌رپرسێكم نه‌هێنابوو .
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتارانی تریش بیروبۆچون و ره‌خنه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ خسته‌ڕوو , هه‌ر پێنج فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كه‌ به‌ پارتیشه‌وه‌ ,( ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتار حه‌نان فه‌تلاوی كه‌ له‌ دوای من قسه‌كانی كرد) هاوسۆزی زۆری پیشاندا به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌ئكیدی له‌ ناوه‌ڕۆكی قسه‌كانی من كرده‌وه‌ به‌بێ ناوهێنان .
ئه‌توانم بڵێم ئه‌م گفتوگۆیانه‌ كاریگه‌ری باشیان هه‌بوو له‌سه‌ر دروستكردنی رایه‌كی نیمچه‌ گشتی و هاوسۆزیه‌كی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان ,كه‌ ناكرێت ئه‌وان باجی هه‌ڵه‌ى سیاسیه‌كان بده‌ن و مافی ژیان و گوزه‌رانیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسی .
گرنگترین ئه‌و پێشنیارانه‌ى ئاماده‌كرا بوون :-
له‌ ئه‌نجامی ئه‌م گفتوگۆیاندا كۆمه‌ڵێك بیرۆكه‌و پێشنیار گه‌ڵاكراون بۆ دۆزینه‌وه‌ى ده‌رچه‌یه‌كى یاسایی بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم كه‌ بریتی بون له‌مانه‌ى خواره‌وه‌ :-
1-     له‌ یاساى بوودجه‌ى 2017 ئه‌و بڕگه‌یه‌ لابدرێ كه‌ رێگاده‌دات به‌ پابه‌ند نه‌بوونى هه‌رێم و به‌غدا و گۆرینى به‌شێوه‌یه‌كى ناچاركه‌ر كه‌ هه‌رێم ناچاربێت پابه‌ندبێت و به‌غداش ناچاربێت بووجه‌ بنێرێ ..
2-     له‌كاتى پابه‌ند نه‌بوونى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان یان حكومه‌تى ناوه‌ند په‌نا ببرێته‌ به‌ر دادگاى فیدراڵى.
3-     ئه‌گه‌ر رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌رێم نه‌كرا ده‌كرێت رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزگایه‌كى ناو هه‌رێم بكرێت له‌بابه‌تى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بێ ئه‌وه‌ى یه‌كپارچه‌ى هه‌رێم بخاته‌ مه‌ترسى .
4- دابین كردنی مووچه‌ و پێداویستی 100 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ وه‌كو به‌شێك له‌ سیسته‌می به‌رگری عیراقی .
پاش گفتوگۆكانی ناو لیژنه‌ دارایی و دانیشتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی و سه‌ردان و دیداری سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر پێشنیاره‌كان گۆڕانكاریه‌كی كه‌میان به‌سه‌ر داهات و حكومه‌تی هه‌رێمیش رۆژی پێش ده‌نگدان له‌سه‌ر یاسای بوودجه‌ له‌ رۆژی هه‌ینی 2/12/2016 به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ناڕه‌زایی خۆی له‌و پێشنیارانه‌ خسته‌ڕوو ئاماژه‌شی به‌وه‌ كردبوو كه‌ حكومه‌تی به‌غدا هیچ راوێژی به‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كردوه‌ له‌ كاتی دانانی پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ و داوای كرد له‌ به‌رامبه‌ر گێڕانه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێم بۆ به‌غدا حكومه‌تی ناوه‌ندی مووچه‌ی ته‌واوی مووچه‌ خۆرانی هه‌رێم دابین بكات كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار كه‌سه‌ هه‌روه‌ها قه‌رزی كۆمپانیاكانی نه‌وتیش كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ (150) ملیۆن دۆلاره‌ بداته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا داوای له‌ فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ولێر بۆ گفتوگۆ و پێدانی داتای دروست .
فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان وه‌ڵامی حكومه‌تی هه‌رێمیان دایه‌وه‌ كه‌ زۆر دره‌نگ وه‌ڵامتان داینه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامی بێ وه‌ڵامی و گرنگی نه‌دانی ئێوه‌ ئێمه‌ ئه‌و پێشنیارانه‌مان ئاماده‌كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی دابین كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم .
په‌سه‌ندكردنی یاسای بوودجه‌ و كاردانه‌وه‌كانی :
دواجار پاش هێنان و بردنێكی زۆر یاسای بوودجه‌ی عیراقی بۆ ساڵی 2017 له‌ رۆژ چوارشه‌ممه‌ 7/12/2016 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندكرا، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بایكۆت كرد و ده‌نگی به‌ یاساكه‌ نه‌داو هه‌ر چوار فراكسیۆنی یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ده‌ننگیاندا به‌ یاساكه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ناڕه‌زای بوونی خۆی ده‌ربڕی و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان ناچارنین پابه‌ندبن به‌و یاسایه‌ .
دواجار ئه‌و پێشنیارانه‌ی چوار فركسیۆنه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ گۆڕانكاریان به‌سه‌رهات و له‌ ناو یاساكه‌ جێگیر كران :-
م8/ یه‌كه‌م : به‌شی هه‌رێمی كوردستان 17% دیاری ده‌كرێت له‌ كۆی خه‌رجیه‌ راسته‌قینه‌كان كه‌ له‌ خشته‌ی (د/ خه‌رجیه‌ حاكمیه‌كان) كه‌ هاوپێچی ئه‌و یاسایه‌یه‌ و له‌ لایه‌ن وه‌زیری دارایی فیدرالیه‌وه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران خه‌رج ده‌كرێت (هه‌مان ده‌قی ساڵی رابردوو) .
دووه‌م : بڕی 17% بۆ هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت له‌ كۆی خه‌رجیه‌ راسته‌قینه‌كان (النفقات الجاریة‌ ونفقات المشاریع الاستثماریة‌) له‌ بوودجه‌ی گشتی عیراق كه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ دوای ده‌ركردنی خه‌رجیه‌ سیادیه‌كان . (ئه‌مساڵ هه‌ندێ بڕگه‌ی خه‌رجی سیادی زیادی كردووه‌) .
م8/ پێنجه‌م : بڕێك له‌ ترخانكراوه‌كانی هێزه‌ وشكانیه‌كانی سوپای عێراق دیاری ده‌كرێت بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وه‌كو به‌شێك له‌ سیسته‌می به‌رگی عیراق به‌ جۆرێك زامنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ بكات به‌پێی خشته‌ی ئاماده‌كراو به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ . (ئه‌وه‌ی خه‌تی له‌ ژێر دراوه‌ ئه‌مساڵ زیاد كراوه‌) .
م9/ سێیه‌م/ أ- : حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ له‌سه‌ری رۆژانه‌ به‌ لانی كه‌م (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خام له‌ نه‌وتی به‌رهه‌م هاتوو له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ بكات له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆ و داهاته‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی .
ب- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ له‌سه‌ری رۆژانه‌ به‌ لانی كه‌م (300) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاوی به‌رهه‌م هاتوو له‌ كێلگه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك بگوازێته‌وه‌ و له‌ رێی كۆمپانیای (سۆمۆ) به‌ بازاری بكه‌ن و داهاته‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی .
ج- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ له‌سه‌ری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات له‌ به‌شه‌ بوودجه‌ی خۆی كه‌ له‌ یاسای ساڵی 2017 بۆی ته‌رخان كراوه‌ كه‌ له‌ خشته‌ی (ه) به‌شی په‌یوه‌ندیدار به‌ (قه‌ربووی فه‌رمانبه‌ران و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی) كه‌ هاوپێچی ئه‌م یاسایه‌یه‌ به‌رله‌وه‌ی هیچ خه‌جیه‌كی تر له‌ به‌شه‌ بوودجه‌كه‌ی خۆی خه‌رج بكات .
د- له‌ كاتی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی (أ-ب-ج) له‌و به‌نده‌دا حكومه‌تی ناوه‌ندی پێویسته‌ له‌سه‌ری به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ بكات به‌پێی رێژه‌ی ئه‌و داهاتانه‌ی له‌ ئه‌نجامی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خام به‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌ (أ-ب) دیاری كراون، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ حكومه‌تی فیدراڵی هیچ پابه‌ندیه‌كی نابێت .
له‌ بوودجه‌ی 2017 چی به‌ ده‌ست هات بۆ هه‌رێم و چی به‌ ده‌ست نه‌هات :-
1-     مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی پارێزگاكان له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی په‌سه‌ند نه‌كرا كه‌ پێشنیاری فراكسیۆنی گۆران بوو .
2-     ژماره‌ی (100) هه‌زار پیشمه‌رگه‌ په‌سه‌ند نه‌كرا كه‌ پێشنیاری فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ بوو به‌ڵام ده‌قێكی نوێ نووسرا كه‌ ئه‌و مانایه‌ ده‌به‌خشێ .
3-     حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ ناچار نه‌كران به‌ پابه‌ندی به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی تر هه‌مان ده‌قی ساڵی پار دانرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوو ئه‌وا حكومه‌تی فیدراڵیش هیچ پابه‌ندیه‌كی له‌سه‌ر نیه‌ .
4-     ده‌قێكی نوێ دانرا كه‌ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات به‌ر له‌ هه‌موو خه‌رجیه‌ك مووچه‌ دابه‌ش بكات بۆ فه‌رمانبه‌ران .
5-     هه‌مان ئه‌و (550) به‌رمیل نه‌وته‌ی كه‌ ساڵی پار دانرابوو بۆ هه‌رێم ئه‌مساڵیش دانرایه‌وه‌ .
بێگومان مامه‌ڵه‌ى حكومه‌تى ناوه‌ند له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى كوردستان له‌رێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌یه‌ ,چونكه‌ مادده‌ى 117 ى ده‌ستورى عیراقی دانى ناوه‌ به‌ هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى وه‌كو هه‌رێمێكى فیدراڵى ,به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا له‌سیسته‌مى فیدراڵى هه‌ندێ دۆسێ هه‌ربه‌سه‌نترالى ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ده‌ستى ناوه‌ند, ئه‌مانه‌ش له‌مادده‌ى 110ى ده‌ستورى عیراقیدا باسیان لێوه‌ كراوه‌, كه‌ پێیان ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاته‌ ( حصریه‌ ) كان یه‌كێ له‌وانه‌ دیاریكردنى سیاسه‌تى دارایی یه‌ ، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌رووى ده‌ستوریه‌وه‌ ناوه‌ند سیاسه‌تى دارایی به‌شێوه‌یه‌ك دابرێژێت كه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بگرێته‌وه‌ ده‌ست خۆى و رێگانه‌دات پارێزگا و هه‌رێمه‌كان مه‌ترسى دروست بكه‌ن بۆسه‌ر ژیانى مووچه‌خۆران ..
له‌ هه‌رێمى كوردستان مامه‌ڵه‌ى سیاسى به‌ دامه‌زراندن و مووچه‌وه‌ كراوه‌ و بۆ مه‌به‌ستى ده‌نگ كرین و به‌هێزكردنى پێگه‌ى حزبه‌كان به‌كارهێنراوه‌ ,بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى ناوه‌ند به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ستێت لێپرسینه‌وه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێم بكات كه‌ مووچه‌ ناداته‌ فه‌رمانبه‌ران ,ئه‌گه‌ر وانه‌كات كه‌واته‌ ئه‌وانیش خه‌تابارده‌بن له‌م مه‌رگه‌ساته‌ى هاوڵاتیانى كوردستان تێی كه‌وتون .
ئایا به‌دواداچوونى مافى هاوڵاتیان له‌ به‌غدا خیانه‌ته‌ ؟
به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنى هه‌وڵى نوێنه‌رانى كورد بۆ به‌دواداچون و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى مووچه‌ خۆران له‌رێى به‌غداوه‌ لایه‌نێكى سیاسى و میدیاكانى كه‌وتنه‌ به‌شینه‌وه‌ى تۆمه‌ت و چه‌واشه‌كارى و به‌خیانه‌ت دانان و به‌هه‌ده‌ردانى خوێنى شه‌هیدان, بۆ ئه‌و لایه‌ن و په‌رله‌مانتارانه‌, گوایه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان له‌ناو ببه‌ن و پارێزگاى سلێمانى له‌ هه‌رێم داببرن و بگه‌رێنه‌وه‌ باوه‌شى به‌غدا . له‌كاتێكدا په‌نابردنه‌ به‌ر به‌غدا له‌ناچاریه‌ و له‌ ئه‌نجامى بێ ئومێدى بوه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ستابوایه‌ پێویست به‌ هیچى تر نه‌ده‌كرد .. 
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ى  رێگرى كردن له‌هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى بوودجه‌ى خه‌ڵكى كوردستان جێی سه‌رسوڕمانه‌ چونكه‌ له‌  حكومه‌تى هه‌رێم نه‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌ر ده‌دات و نه‌ رێگاش ده‌دات چاره‌سه‌ربكرێت ؟!..
 له‌ به‌غدا كۆمه‌ڵێك مافى ده‌ستورى خه‌ڵكى كوردستان هه‌یه‌, به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ڵناستێت و به‌دواداچوونى بۆ ناكات ,ئێمه‌ش تا ئه‌و رۆژه‌ى به‌شێكین له‌ عیراق نابێ له‌و مافانه‌مان خۆش ببین . گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌غدا ئه‌گه‌ر بۆ پله‌و پۆستى حزبی تایبه‌ت بێت یان بۆ رزگاركردنى حزبێكى دیاریكراوبێت عه‌یبداریه‌ ,به‌ڵام گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ گێرانه‌وه‌ى مافى خه‌ڵك, ئه‌وپه‌رى نیشتیمان په‌روه‌رى و دڵسۆزیه‌ , ئه‌وه‌ى رێگرى بكات له‌م هه‌وڵانه‌ ئه‌وان ده‌كه‌ونه‌ ژێر پرسیار ,چونكه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وامى بده‌ن به‌م بارودۆخه‌ نادادپه‌روه‌ریه‌ .
ئه‌م هه‌وڵه‌ تاچه‌ند سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت ؟
له‌راستیدا سه‌ركه‌وتنى ئه‌م هه‌وڵه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیراده‌ى سیاسیه‌وه‌, ئه‌گه‌ر به‌غدا مه‌به‌ستى بێت ,ده‌توانێت رێ و شوێنى یاسایی و ئیدارى وابگرێته‌به‌ر كه‌ گرفته‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات, چ به‌گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێم یان به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكاندا ، هه‌روه‌ها یه‌كده‌نگى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانیش رۆڵى زۆرى هه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌مداربوونى ئه‌م هه‌وڵه‌ و سوك كردنى بارى گوزه‌رانى هاوڵاتیانه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نێكى سه‌ره‌كى وه‌كو پارتى  دژایه‌تى بكات ,ئه‌وا بیانوى حكومه‌تى ناوه‌ندى ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ هه‌نگاوى چاره‌سه‌ر نه‌نێت, بۆیه‌ به‌پێویستى ده‌زانم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ گفتوگۆى زیاتر له‌ نێو سه‌رجه‌م فراكسیونه‌ كوردیه‌كان بكرێت وبه‌یه‌كه‌وه‌ بگه‌نه‌ رێگا چاره‌یه‌كى هاوبه‌ش .
به‌غدا بێ به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ ناكات :
بوودجه‌ى عیراقی 85%ى له‌سه‌ر داهاتى نه‌وته‌ و باجى خاڵه‌ سنوریه‌كانیش كه‌ داهاتى فیدراڵین, به‌شێكى ترى بوودجه‌ى گشتى پێك دێنن و له‌وڵاته‌ فیدرالیه‌كاندا داهاته‌ فیدرالیه‌كان هه‌مووى دێته‌وه‌ ناو یه‌ك ( كیسه‌ ) و له‌وێشه‌وه‌ دابه‌ش ده‌بێته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌رێم و پارێزگاكاندا . بیانووى به‌غدا بۆ برینى بوودجه‌ نه‌گێرانه‌وه‌ى ئه‌و داهاتانه‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم بۆ ناوه‌ند و به‌قسه‌ى ئه‌وان ئه‌و داهاته‌ى هه‌رێم لای خۆى گێراویتیه‌وه‌  یه‌كسانه‌ به‌و بوودجه‌ى كه‌ به‌ر هه‌رێم ده‌كه‌وێت ,بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارێزگایه‌ك داواى مووچه‌ و بووجه‌ بكات ,به‌غداش بێگومان بێ به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌ ناكات, به‌ لایه‌نى كه‌م ده‌بێ داهاته‌ فیدراڵیه‌كانى سنورى ئه‌و پارێزگایه‌ بگه‌رێته‌وه‌ ناوه‌ند, ئه‌مه‌ش كارێكى ئاسان نیه‌ ,چونكه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌م داهاتانه‌وه‌ گرتوه‌ و به‌ ئاسانى ده‌ست به‌ردارى نابن .
له‌لایه‌كى تریش ژماره‌ى ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ى له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ ,جیاوازه‌ له‌و ژماره‌یه‌ى كه‌ له‌لاى حكومه‌تى ناوه‌ندى هه‌یه‌ و به‌پێى یاسای بوودجه‌ى سالانه‌ دامه‌زرێنراون كه‌ نزیكه‌ى (680) هه‌زار كه‌سه‌ به‌لام هه‌رێم هه‌موو پێوه‌رێكى تێپه‌ڕاندوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ و زیاتر له‌ (1400000) كه‌سى دامه‌زراندوه‌, ئه‌وه‌ش گرفتێكى تره‌
له‌ كۆتاییدا : په‌رله‌مانتاران ئه‌ركی خۆیان جێ به‌جێ كرد كه‌ یاسادانانه‌ و چاودێری جێبه‌جێكردنیشی ئیتر ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدایه‌ كه‌ یاساكه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن و قه‌یرانی بێ مووچه‌یی فه‌رمانبه‌ران كۆتایی پێ بهێنن و له‌ حاڵه‌تی جێبه‌جێ نه‌كردنیشی دیسان په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ریانه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵكی روون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ هۆكاری جێبه‌جێ نه‌كران چی یه‌ و كێ یه‌ .. به‌ڕای به‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی 3 مانگ وه‌ك ئه‌زموون یاسای بوودجه‌ جێ به‌جێ بكات و بیانوی به‌غدا ببڕێت، ئه‌گه‌ر به‌ بێ كێشه‌ ته‌واو پابه‌ندیه‌كانی جێ به‌جێ كرد ئه‌وا باشه‌ و به‌رده‌وام بن له‌سه‌ری و ئه‌گه‌ر جێبه‌جێشی نه‌كرد ئه‌و كات خه‌ڵكی كوردستان گله‌یی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم نامێنێ و ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر شێوازی پێشووی .
هیوادارم ئه‌و جموجۆڵه‌ په‌رله‌مانیه‌ى نوێنه‌رانى كورد كه‌له‌ به‌غدا ده‌ستیان پێكردوه‌ , هێزێكى فشار بێت و هانى حكومه‌تى هه‌رێم بدات خۆى له‌و پرسه‌ بكاته‌ خاوه‌ن و بكه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌موو رێگا چاره‌یه‌كى گونجاو بگرێته‌ به‌ر له‌پێناو بژێوى و گوزه‌رانى هاوڵاتیانى كوردستان و چیتر بێ منه‌تى نیشان نه‌ده‌ن و هه‌موو رێگاكان دانه‌خه‌ن له‌به‌رده‌م داخوازى هاوڵاتیان .
*پرۆفایل
-      زانا سه‌عید رۆستایی  له‌دایك بوی هه‌ولێر 1969
-      بكالۆریۆس له‌ یاسا – زانكۆی سه‌لاحه‌ددین 1991-1992
-      ئه‌ندامی خولی دوه‌می په‌رله‌مانی كوردستان
-      ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان
-      ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ
-      سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری په‌رله‌مانتار

نوێترین نوسینەکانی زانا رۆستایی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌