بەرەو خۆماڵیکردنی فەتوا و بەرهەمەکانی زانست

وتار/ 23/12/2016 874 جار بینراوە

نازم عەبدوڵڵا

بەرەو خۆماڵیکردنی فەتوا و بەرهەمەکانی زانست
نازم عەبدوڵڵا
هەموو گەل و نەتەوەیەک با خاوەنی یەک باوەڕ و ئایینیش بن، کۆمەڵێ دابونەریت و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، کە جیاوازە لە دابونەریت و تایبەتمەندیی گەلانی تر، ئەم تایبەتمەندییەش لە ئیسلامدا ڕێزی لێ گیراوە، بۆیە دوای قورئان و فەرموودە ڕاستەکانی پێغەمبەر (د. خ) ئەگەر لەگەڵ ئەو دوو سەرچاوەیەدا تێک نەگیرێت، بە یەکێک لە سەرچاوەکانی شەریعەتی ئیسلامی دادەنرێت، بەڵام پێویستە هەڵوەستەیەک لەسەر ئەوە بکەین، کە بۆچی زۆربەی کات زانایان و شارەزایانی گەلی کورد بۆ فەتوادان یان یەکلاکردنەوەی بابەتێک لە جیاتی ئەوەی ڕا و سەرنجی خۆیان هەبێت پەنایان بردووە بۆ ڕا و لێکۆڵینەوەی زانایانی تر، کە بە هۆی جیاوازیی زمان و وڵاتەوە هیچ شارەزاییەکیان لە دابونەریت و کێشە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی ئێمەدا نییە. ئەمەش وای کردووە فەتوا و فیقهی وڵاتی ئێمە زۆربەی چاولێکەری و دوور لە واقیع بێت!
ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار، هۆکاری یەکەم بوونی دەسەڵات و هێز، کە هەموو کاتێک ئەو کەسانەی شارەزا و زانا بوون لە هەموو گەل و نەتەوە جیاوازەکان ڕوویان لە پایتەخت و ئەو شوێنانە کردووە، کە سەرچاوەی هێزی سیاسی و ئابووری بووە، زانا و شارەزایان زیاتر توانیویانە لەو شوێنانە ڕا و سەرنج و زانیارییەکانیان باشتر ساغ بکەنەوە و باشتر گوێیان لێ گیراوە، ئەمەش ناو و ناوبانگی باشی لەناو جیهانی ئیسلامی و لای موسڵمانان بۆ درووست کردووە، لەو سۆنگەیەوە لە هەموو وڵاتانی جیهانی ئیسلامی زانستخوازان ڕوویان تێ کردوون و زانیارییان لێ وەرگرتوون. ئەوانی تریش لە چوارچێوەی ئەو واقیعە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە فەتوایان داوە و ڕا و سەرنجەکانی خۆیان خستووەتە ڕوو، کە ئەو زانستخوازانەی لە شوێنەکانی وەک کوردستانەوە ڕۆیشتوون ڕێڕەو و باری سەرنجی ئەو زانایانە بهێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان و بە تێپەڕینی کات بیکەن بە مەزهەبی سەرەکی لە وڵاتانی خۆیاندا، سەرجەمی ئەو شوێنانەش لە سەردەمی حوکمڕانیی ئیسلامیدا پایتەخت و سەرچاوەی هێز بوون، یان وڵاتانی عەرەبی، یان تورک بوون و هیچ کاتێک ڕێک نەکەوتووە کوردستان ببێت بە پایتەختی حوکمڕانیی ئیسلامی و بەو هۆیەشەوە ببێت بە سەرچاوەی زانست، لەو سۆنگەیەوە دابونەریت و عەقڵی کوردەواری بە جیهانی ئیسلامیدا بڵاو ببێتەوە، جگە لەمەش زۆرجار دەسەڵات لەبەر هۆکاری سیاسی برەوی بە ڕێڕەوێکی تایبەتی داوە و پشتیوانیی لێ کردووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکەیدا سەقامگیری بکات.

هۆکاری دووەم، متمانەبەخۆنەبوونە، وەک ئاماژەمان پێ کرد کەسانی شارەزا و هەڵکەوتوو ڕۆیشتوون بۆ پایتەخت و ئەوانەشی هەولومەرجیان بۆ نەڕەخساوە، یان لەبەر هەر هۆکارێک بێت لە وڵاتانی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام ئەم زانایانە فەتوا و لێکۆڵینەوە و بەرهەمە زانستییەکانیان لە چوارچێوەی یەکێک لە زانا ناودارەکاندا بووە، کە خۆی سەپاندووە لەم وڵاتەدا، ئەمەش وای کردووە ڕایەکانیان کەمتر ڕەنگدانەوەی دابونەریتی واقیعی کوردستانیان پێوە دیار بێت.
بۆیە ئێستا ئەرکی سەرشانی شارەزایان و بانگخوازانی هەرێمی کوردستانە لە ڕا و سەرنج و فەتوا و بەرهەمە زانستییەکانیاندا ڕەچاوی واقیعی هەرێمی کوردستان بکەن، خۆیان لەو بابەت و نموونانە بەدوور بگرن کە لەگەڵ واقیعی کوردستاندا ناگونجێن، هەوڵ بدەن فیقهێکی واقیعیی خۆماڵی بهێننە کایەوە.

نوێترین نوسینەکانی نازم عەبدوڵڵا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌