جەژن و کۆرۆنا و مووچە
وتار/
13/05/2021
472 جار بینراوە
سهركۆ یونس
جەژن و کۆرۆنا و مووچە
ســـــەرکۆ یونس*
ئەم جەژنە، دووەمین جەژنی ڕەمەزانە، کەلەگەڵ
ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت، بەڵام جەژنی لێبڕینی مووچە و قەیرانی دارایی، هەربەردەوامە
و لەگەڵی ڕاهاتووین.
سەرەڕای گەشتنی ڤاکسین و دابەشکردنی بەسەر
هاونیشتیمانیاندا، هێشتا ڤایرۆسەکە جێگای مەترسی یە و بەردەوامە.
هەرچەندە بەغداو هەولێر، ڕێکەوتنیان لەسەر
بودجەی ساڵی دارایی2021 کردووە، پشکی هەرێم بەیاسا دیاریکراوە، بەڵام وادەردەکەوێت،
مەسەلەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەر بەردەوامە و دەبێت دەست وگیرفان و
پێداویستیەکانمان، لەگەڵی ڕابهێنین.
بەشەبودجەی هەرێم، بەپێ ی یاسای بودجەی
گشتی عێراق، بۆ ساڵی دارایی 2021 نزیکەی (11)
ترلیۆن و پێنج سەد ملیار دینارە، بەمەرجی پێدانی بەهای 250 هەزار بەرمیل نەوت، بەنرخی
سۆمۆ و نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان.
زیاتر لەشەش ساڵە، بەرزکردنەوەی مووچەی
فەرمانبەران ڕاگیراوە و هیچ ڕێکەوتێک دیاری نەکراوە، بۆ دەستپێکردنەوەی بەرزکردنەوەی
مووچە.
بڕی پارەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم،
بەبێ چاکسازی نزیکەی 894 ملیار دینارە و بەسیستەمی لێبڕینی ڕێژەی 21% نزیکەی 752 ملیار دینارە.
ڕەوشی ئابوری و جموجوڵی بازاڕ لەم
مانگەدا، بەهۆی زۆری خواستی کریارانی ڕەمەزانەوە، تاڕادەیەک گەرموگوری پێوەدیار
بووە و پێدانی مووچەش زیاتر هاندەر بوو بۆ خواستی بەکاربەران.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی دەرکردنی زەکات
لەماڵ ودارایی و سەرفیتەرەی ڕەمەزان، بەشێوەیەک بڕێکی زۆر لەپارە کەوتووەتە دەست چینی
هەژاران و کەمدەستان، لەبەرئەوەی ئەم چینە لەبنەڕەتدا ئارەزووی بەکاربردنیان بەرزە،
جارێکی تر قەبارەی خواست گەورەتر بووە و بازاڕ گەرمتر بووە.
حکومەتی هەرێم، بەڵێنی داوە، مانگانە
لە بیست وپێنجی هەموو مانگێک مووچە دابەشبکات، ئەم بەڵێنە جۆرێک لەجۆرەکان بازاڕ جێگیر
دەکات و دڵنیایی دەدات بەکڕیارو فرۆشیاران و بەشێوەیەکی گشتی بازاڕ.
لەبەرئەوەی زیاتر لەشەش ساڵە، هەرێمی
کوردستان خاوەنی بودجەی ساڵانەی خۆی نەبووە، بەشەبودجەی تەرخانکراو بۆ بواری وەبەرهێنان
نەبووە، پرۆژەئابورییەکان بەڕێژەیەکی گەورە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێ بەجێکراون،
چەندین هۆکاری تر، وای کردوە ئابوری هەرێم بەقورسترین باردا گوزەر دەکات.
بەداخەوە ڕێژەی بێکاری لەهەرێمدا، زیاتر
(20% بۆ 30%) ی کۆمەڵگایە، ئەگەر بەم بارودۆخەوە ساڵی 2021 تێبپەڕێنین، ڕێژەکە زیاتر
بەرز دەبێتەوە و مەترسیەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لەلایەک بەهۆی کاریگەریەنێگەتیڤەکانی
کۆرۆنا لەسەر کەرتەئابورییەکان و لەلایەکی ترەوە بەهۆی زۆری دەستی کاری خاوەن بڕوانامەی
زانکۆیی ونەبوونی هەلی کار، ڕێژەی بێکاری بۆ دوو ئەوەندە و زیاتریش هەڵدەکشێت..
هەرچی دیاردەی هەڵاوسانە، دیسان ڕێژەکەی
لەئاستی مەترسیدایە و وابەستە بەئابوری وبازاڕی عێراقەوە، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر
دۆلار، دیاردەکەی گەورەتر کردووە، ڕێژەی (20% بۆ 25%) بەهای دینار بەرامبەر دۆلار
داشکێنراوە. بەمەش ڕێژەی هەڵاوسان بەرزبوەتەوە و بارگرانییەکە لەسەرشانی چینی هەژاران
و مووچەخۆرانە، هەر ئەمەش وای کردووە رێژەی هەژاری لەعێراق و هەرێمدا بەرزببێتەوە
بۆ ئاستێکی مەترسیدار.
دیاردەی ووشکەساڵی لەهەرێمدا، وادیارە
یەکێکی تر دەبێت لەکێشەکانی بەردەم حکومەت و خەڵک، پێ دەچێت هاوینێکی بێ ئاو و پڕ
کێشە بەرۆكمان بگرێت. زەرەروزیانەکانی ووشکەساڵی بارگرانییەکی ترە بەسەر ئابوری هەرێمەوە.
لەکۆتایـــدا، بۆئەوەی جەژن جگەلە بۆنەئایینیەکە،
ببێتە بۆنەیەکی گشتگیرو ئومێدبەخش، پێویستە حکومەت و لایەنەسیاسیەکان، تەنها پەیامی
جەژنە پیرۆزە نەنێرن بۆ خەڵک و هاونیشتیمانیان، بەکردار هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی
کێشەوقەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بەتایبەتی...
*ئابووریناس
نوێترین نوسینەکانی سهركۆ یونس
-
سهركۆ یونس
05/09/2021
-
سهركۆ یونس
05/09/2021
-
سهركۆ یونس
09/08/2021
-
سهركۆ یونس
22/07/2021
-
سهركۆ یونس
28/06/2021
-
سهركۆ یونس
10/06/2021