بۆ ساڵیادی شەهیدی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی (كاوە گەرمیانی)
وتار/
07/12/2016
779 جار بینراوە
ئەبوبەکرهەڵەدنی
بۆ ساڵیادی شەهیدی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی (كاوە گەرمیانی)
(كاوە) و (گەرمیان) دوانەیەكی چەند جوانن بەیەكەوە، من دڵنیام
ڕێكەوت نەبوو شانازیە لە پێدە شتە كاكی بە كاكی و گڕسەندوەكەی گەرمیانەوە
ڕۆڵەیەكی سەلار و سالاری وەك (كاوە)ی بت شكێن هەڵكەوێ .هەر وەك سەربەرزی
بوو بۆ كاوەش كە لە گەرمیانەوە گڕوكاڵی دەست پێكردو هەر لەویش بە گەورەیی
سەری نایەوە ... دەزانم سۆمای چاوی باوكی ڕەحمەتی (كاوە) ڕوو لەوێ بوو،
كاوە بێت و هەروا دەرچوو و ئاواتەكەی هاتەدی و قەڵەمە چەكوچ ئاساكەی (كاوە)
كۆشكی زوحاكە خوێنخۆرەكانی هێنایە لەرزین..
گەرمیانێكی سوتاو بێ بەشكراو .. گەرمیانێ چۆن دەیان ( ڕیشەو و حەمە
ڕەش)ی بەعس بەزێن و جاش تۆقێنی هەڵخستبێ، كاوەیەكمان پێویست بوو تا ڕووی
ڕاستەقینەی گەندەڵكارو مافیاكانی سەردەمی دەسەڵاتی كوردیمان بۆ هەڵماڵێ...
تا گیانی شەهیدان و ڕوحی ئەنفالكراوان ئاسوودەكات.. ئاخر ناكرێ لە دوای
ڕوبارێ خوێن لەسەر خاكێكی سوتماك كراو .. لە بن قەڵا سەربەرزەكەی شێروانەوە
و بەدیار ڕیش چەرمووە دەروون پاك و دایكە ڕەشپۆشەكان و دەزگیرانە
چاوەڕوانەكانی گەرمیانی ئەنفالستانەوە هەلپەرستان گەرا دابنێن و ڕەنجی
هەموان بەبادەن.. دایە سنۆبەر شیری حەڵاڵت داوەتە كاوە و بەڕاستی دایكی،
چونكە ناپلیۆن وتەنی ئایندەی كوڕ دایك دیاری دەكات ..
خاتوو (شیرین)ی بەجێ ماوی ئەنفالم مێردەكەت مەرد ژیاو مەردانە مرد
هەرچەندە وەك یارانی ئەشكەوت دەیانگووت ئامێزی ژیانی هاوسەریتان كەم بوو
بەڵام پڕ بایەخ بوو... (ئامەد) گیان خۆت ئامادەكە بۆ ئایندە و دەبێ گیا
لەسەر پنجی خۆی بڕوێتەوە...
( كاروان و كارزان ) دەزانم لە كاوەی براو هاوڕێتانەوە وانەی گەورەتان وەرگرتوە و كاروانەكەی كارزانانە رێژە پێ دەدەن ..
( پەروین ئاوات و ڕۆناك) چەند خۆشبەختن (كاوە) خاڵۆی نەوەكانتانە چونكە كوردوتەنی ( خاڵ خوارزای خۆی مەزن دەكات ) ...
(مام عبدوڵا)ی میرخاسم بەوەفابووی بۆ برازاكەت ڕێپێوان و گردبونەوە و
ناڕەزایەتیەكم نەبینیوە نەعرەتەی پڵنگ ئاسای گەرمیانیانەت نەبیستم .
كاوە گیان تۆ هەر چەندە كتێبخانەكەت سادەو ساكار، ماڵەكەت كوخێكی
بچكۆڵانە و بەرگ و جلەكەت شڕۆڵەو تەنانەت نۆكاو سەمونەكەی ئەو ئێوارەی كە
تیایدا بە ناهەق شەهیدیان كردی نەیانهێشت نۆشی بكەی هەموو هەژارانە بوون ،
بەڵام تۆ سەرقافلەی زەنگین و دەوڵەمەندەكان بووی، چونكە هەموو دونیا بۆت
خرۆشا، دایكان بۆت گریان.. كچانی وڵاتم وێنەی تۆیان لەسەر سینەو دڵیان دانا
... ڕۆشنبیران و هاوبەشەكانت داهۆڵی ناحەزان و بكوژانی تۆیان شەق و شڕكردو
كردیانە پەندی زەمانە..خوێنی بە ناحەق ڕژاوت دەبێتە ئاگرو پوشوو ئەمڕۆیان
سبەی زوو یان درەنگ تەلاری ئەهریمەنەكان لەبن دێنی. تێر بنوو كاوەگیان ..
ئومێدم بەقاپی سۆز و بەزەیی پەروەردیگار زۆرە كە كرۆكی پەیامەكەی، ڕاوەستان
و نەخێرە بە ڕووی ستەمكارو بەرگری كردنە لە ستەملێكراوان بەهیچ شێوەیەك نا
ئومێدت ناكات و پاداشتی ماندووبونت دەداتەوە..
كاوەكەم تۆ داستانێكی ئەوینت بۆ نیشتیمان تۆمار كرد، لە نیشتیمانەكەی
تۆدا بە تابڵۆیەك نوسراوە ( دز و درۆزن و خوێن مژ و مرۆڤكوژ و تاڵانچی و
گورگی لە پێستی مەڕدا خۆیان حەشارداو بۆیان نییە بێنە ژوورەوە )
كوێستانیەكی دەستەبراو هاوخەمی كاوە و گەرمیانیەكان..
نوێترین نوسینەکانی ئەبوبەکرهەڵەدنی
-
ئەبوبەکرهەڵەدنی
29/12/2023
-
ئەبوبەکرهەڵەدنی
16/06/2020
-
ئەبوبەکرهەڵەدنی
19/05/2020
-
ئەبوبەکرهەڵەدنی
21/03/2020
-
ئەبوبەکرهەڵەدنی
07/02/2020
-
ئەبوبەکرهەڵەدنی
14/01/2020