جارێکی تر، بودجەی هەرێم

وتار/ 25/01/2021 564 جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس

جارێکی تر، بودجەی هەرێم

سەرکۆ یونس*
لەدوای حەوت ساڵ حکومەتی هەرێم،لەڕێگەی هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە، لەهەوڵی ئەوەدایە بۆ ساڵی دارایی(2021) پرۆژەیاسای بودجە، ئامادە بکات.

کۆتا پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم،ساڵی(2013)بوو، بڕەکەی بەزیاتر لە (15) ترلیۆن دینار خەمڵێنرابوو، لەو ساڵە بەدواوە حکومەتی هەرێم، نەیتوانیوە خاوەنی بودجەی ساڵانە بێت.
بــێ گومان ئەمەش بەهۆی چەندین کێشەوقەیرانی سیاسی و ئابوری ودارایی و شەڕی داعش، کۆتا قەیرانیش سەرهەڵدانی کۆرۆناڤایرۆسەوە بووە.

هەرێم،جگەلە وەستان و ڕاگرتنی بەشەبودجەی وەبەرهێنان،لە خەرجی بەگەڕدا (المصروفات التشغيلية) نەیتوانیوە بەتەواوی مووچەی مووچەخۆران دابین بکات،لەساڵی (2020)دا تەنها پێنج مووچەی دابەشکردووە، جگەلە لەیەک مانگ،چوار مووچەکەی تر بە لێبڕینەوە دابەشکراوە.

بودجە،ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دارایی هەر حکومەتێکە، لەماوەی ساڵێکدا، خەرجی وداهاتەکانی بەژمارە دیاری دەکرێن. قەبارەی بودجە، دەرخەری ئاستی پێشکەوتن وگەشەپێدانی ئابوری وڵاتە.
بودجەی گشتی، ئامڕازێکە بەدەست حکومەتەوە، تالە ڕێگەیەوە ئامانجە، ئابوری و دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بهێنێتە دی،بێ گومان لەژێر چاودێری پەرلەماندا.
حکومەتی هەرێم،لەهەوڵدایە چ بەڕێکەوتن بێت لەگەڵ بەغدا، چ بەپشت بەستن بێت بەداهاتی نەوت وداهاتەکانی تری ناوخۆو خاڵەسنورییەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەگەر بتوانێت قەرز بکات، هەرچۆنێک بێت بۆ ئەم ساڵی دارایی خاوەنی بودجەی یاسایی خۆی بێت.هەرچەندە کارێکی هەروا ئاسان نی یە و ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە.

لەلایەکی ترەوە، بەرزبونەوەی نرخی نەوت،یارمەتیدەرێکی ڕاستەوخۆیە بۆ داهاتی هەرێم،هەرچەندە نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەئاستی پێویستدا نی یە، داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم، بەڕێژەی کەمتر لە(30%)دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت،پێویستە چاکسازی لەم بوارە گرنگ و ستراتیژییەدا بکرێت.

باشترین بــژاردە، بۆ بودجەی هەرێم،ڕێکەوتنە لەگەڵ بەغدا بەمەرجی دروست نەبوونی کێشە بۆ ئەوەی بتوانرێت هەرێم، خاوەنی پرۆژە یاسای بودجە بێت.
.
بودجەی گشتی عێراق، بۆ ساڵی دارایی(2021)ماوەی مانگێکە لەئەنجومەنی نوێنەرانە، تا ئێستا خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و بڕیارە لەمانگی شوباتدا پەسەند بکرێت و ببێت بەیاسا.
لەم پڕۆژەدا، پشکی هەرێم بە(12.67%)ی کۆی بودجەی گشتی دانراوە ولەگەڵ بەشەبودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان.بەمەرجی ڕادەستکردنی(250)هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ ودەروازە سنورییەبازرگانییەکان.

وەفدی حکومی گەشتوەتە بەغدا، لەسەر پرسی بەشەبودجە ونەوتی هەرێم گفتوگۆ دەکەن. بڕیاریشە وەفدی سیاسی هەرێم، سەردانی بەغدا بکەن وکۆبونەوە و ڕێکەوتن لەگەڵ لایەنەسیاسییەکان بکرێت،تا لەپەرلەمانەوە ئاستەنگ وکێشەی بۆ دروست نەکرێت و پرۆژەکە چۆن هاتووە هەر بەوشێوەش ببێت بە یاسا.

گومانی تێدا نی یە، لەهەر حاڵەتێکدا بێت،پرۆژەی بودجەی هەرێم پڕکەموکورتی یە،بەپێ ی پێوەرە زانستییەکان ئامادەناکرێت،چ لەڕووی کاتەوە بێت یان لەڕووی پێکهێنەرەکانی بودجەوە بێت، لە خەرجی و داهاتەکان.

لەلایەکی ترەوە، بەمەبەستی ئامادەکردنی بودجە، حکومەت بەبڕیاروڕێنمایی دەستی کردوە بە سەپاندنی باجەکان و ڕێکخستنەوەیان،تالەم ڕێگەیەوە بتوانرێت باجەکان ببنە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتەکان، لەناو بودجەی گشتیدا،کەبەداخەوە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە، ئەم سەرچاوە سەرەکییەی داهاتەکان گرنگی پێ نەدراوە.
هەروەها لەهەوڵی ئەوەدایە،داهاتی دەروازە سنورییەکان بەتەواوەتی کۆبکاتەوە.


هەرچۆنێک بێت،ئەگەر توانرا هەرێم، خاوەنی بودجەی (2021) بێت ،ئەوا بودجەکە، سیفەتی کەمکردنەوە و سنوردارکردنی خەرجیەکان و زیادکردنی داهاتەکان لەخۆ دەگرێت،واتە بودجەیەکی تەقەشوفییە!
ئەوەی گرنگ وجێ ی بایەخە بەلای مووچەخۆرانەوە،نەمانی لێبڕین و دابەشکردنی مانگانەیە، بەبێ دواکەوتن.

*ئابووریناس

نوێترین نوسینەکانی سه‌ركۆ یونس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌