بارگرژی نێوان پەکەکەو پارتی خەتای یەکێتی ‌و گۆڕانە!

وتار/ 05/11/2020 465 جار بینراوە

شوان محه‌ممه‌د

بارگرژی نێوان پەکەکەو پارتی خەتای یەکێتی ‌و گۆڕانە!

شوان محه‌مه‌د
ئەگەر هۆکارێکی بارگرژی نێوان پەکەکە و پارتی ئەو پەیوەندییە نا جۆر و نا ڕۆشنە سەربازی و ئەمنی و ئابوریەی نێوان تورکیا و پارتی بێت، ئەوا لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم، هۆکارێکی تری  یەکێتی و گۆڕانە!.
لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لەلایەن مەسرور بارزانی، پۆستی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و لاهوری شیخ جەنگیەوە، سروشتی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە، سەردەمی پێش ئەم قۆناغە کە هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفاوە بەڕێوە دەبرا، سەرباری هەموو تێبینییەکان، ئەم کەسایەتیانە پێش ئەوەی هەر شتێکی تربن، کەسایەتی سیاسی بوون، بەڵام ئێستا لەم قۆناغە نوێیەدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەلایەن کەسانی ( ئەمنی ) یەوە بەرێوە دەبرێت، ئەم فیگەرانەی ئێستا جگە لە بێ ئەزموونی سیاسیان، هاوکاتی تێڕوانینێکی ئەمنیشیان بۆ سەرجەم کایەکانی سیاسەت و کۆمەڵگا هەیە.
ئەم دەسەڵات ئەمنییە لەناوچەکانی دهۆک و هەولێر بەتەواوی خۆی بەسەر کەشی سیاسی و حوکمی و حزبی ئەو ناوچانەدا سەپاندووە، بەڵام لە ناوچەکانی سلێمانی تا ئێستا بەهۆی ناکۆکی نێو خۆی بنەماڵەی تاڵەبانی و، نێوخۆی یەکێتی و، ئەو حزبە لەگەڵ لایەنەکانی تر و کۆمەڵگادا، نەیانتوانیووە بەتەواوی خۆی بسەپێنت، بۆیە تا ئێستا هەستدەکرێت کە جیاوازیەک لەنێوان هەردوو ناوچەکەدا( هەولێر – دهۆک، سلێمانی)دا بەدیدەکرێت.
ئەگەر لەم روانگەیەوە بڕوانینە ئەم پەرەسەندن و بارگرژیەی نێوان پارتی و پەکەکە، دەگەینە ئەو راستەیەی چەند ئەم بارگرژییە خەتاکەی بگەڕێتەوە بۆ فشاری تورکیاو پەیوەندیە نهێنی و هەمەلایەنەکانی نێوان پارتی و ئەو وڵاتە کە هەمیشە هەوڵدەدات ماڵی سیاسی کوردی تێکبدات و، هەر ئەویش هۆکارە بۆ راوەستانی گفتوگۆکانی نێوان ( ئەنەکەسە ) و ( پەیەدە ) لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام دیوەکەی تری خەتاکە بۆ ناوخۆی هەرێم دەگەڕێتەوە، لەم سۆنگەیەشەوە ناکرێت سەرشانی بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لە حوکمەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان لە بەرپەرسیارێتی گەورە لە گەیشتن بەم ئاستەی ئێستای بارگرژی نێوان پارتی و پەکەکە، نادیدە بگرین.  
 ماوەی ساڵ زیاترە هێزە ئەمنییەکانی هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر چالاکوان و سیاسی و رۆژنامەنووسی نزیک پەکەکە و حزبەکانی تر و سەربەخۆ دەستگیر دەکەن، رۆژێک لە رۆژان ئەم بابەتە نە لە ئەنجومەنی وەزیران و نە لە پەرلەمان و نە لە سەرۆکایەتی هەرێم، نابێتە بابەتێکی گفتوگۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، وێنەکە وا دەردەکەوێت کە پرسی دەستگیرکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان پرسێکە هەر سێ لایەنی نێو حوکمەت بەشداربن تیایداو لەسەری رێککەوتبن، ئەگەر بەو شێوەیەش نییە بۆ رۆژێک بەدرێژای ئەو ساڵەی تەمەنی ئەم کابینەیە ئەم پرسە نەبۆتە جێگای مشتومڕ، بۆ کەس بە نهێنی و بە ئاشکرا بە سەرۆکی حوکمەت مەسرور بارزانی ناڵێت: تاکەی ئەم دەستگیرکردن و ئازاردانە بەردەوام دەبێت، ئەم شێوازە لە حومکڕانی بە کوێمان دەگەیەنێت؟.
چاوپۆشین و بەشداری نەکردنی یەکێتی و گۆڕان لە بڕیارە سیاسی و ئەمنیی و سەربازییەکانی هەرێم، ئەم رۆژەی هێناوەتە ئاراوە، ئێستا دوای ساڵێک لەتەمەنی ئەم کابینە نوێیە، وێنەکە بەو شێوەیەیە: هەرچی گۆڕانە بەس خەمی پۆستیەتی و، هەرچی یەکێتیشە بە پلەی یەکەم لە خەمی ئەوەدایە کە پارتی خۆی لەقەرەی ناوچەکانی سلێمانی نەدەدات و خۆی ( کل فی کل ) بێت لە دەسەڵات و لە ئابوری لەو ناوچانەدا. خۆزیا ئەم دەسەڵاتەشیان باش بەڕێوەببردایە و ببوایەتە نموونەیەک بۆ ناوچەکانی هەولێر و دهۆک لە سەروەری یاساو کەمکردنەوەی گەندەڵی، هەفتە نییە خودی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان و یەکێتی باس لە گەندەڵی دەروازە سنوریەکان و داگیرکردنی موڵکی گشتی لە ناوچەکانی سلێمانی نەکەن.
پێدەچێت ئەم سێ لایەنە رێککەوتبن، سەرکوتکردنی ئازادی لەناوچەکانی دهۆک و هەولێر بۆ پارتی و، پۆست وەرگرتن بۆ گۆڕان و، ( کل فی کل ) یش لە دەسەڵاتی ئەمنی و ئابوری و دارایی ئەم ناوچەی سلێمانی بۆ یەکێتی وەک حیزب، نە بۆ حکومەتی هەرێم، تەنانەت نە بۆ حکومەتی خۆجێی سلێمانیش.
لەم پەرەسەندن و رووداوانەشدا، هەڵوێستەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش بێ خەوش و کەموکوڕی نین، پێش ئەوەی هەر قسەیەک لەسەر ئەم هێزە بکرێت، نابێت پەکەکە بە پەرچە کردار مامەڵە بکات و، بچێت بۆری نەوتی کوردستان لەناو خاکی باکوری کوردستاندا بتەقێنێتەوە، ئەو بۆریە چەند پارتی و تورکیا سوودمەندن بن لێی و گەندەڵی تێدا بکەن کە کارێکی قێزەون و مەحکومکراوە، بەڵام بەشێکی داهاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش هەر هێزێک بۆری نەوت بتەقێنێتەوە، زەرەو زیان بە ناو ناوبانگی خۆی دەگەیەنێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان کە هەمیشە خۆی وەک هێزێک پێشان دەدات کە تێڕوانێکی نەتەوەیی بۆ هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەیە، دەبێت هەڵوێست و کار و کردەوەشی لەوە گەورەتربێت کە بە پەرچەکردار کار بکات و بۆری نەوت بتەقێنێتەوە.
تابلۆکە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە، کوردستان لەژێر دەسەڵات و هەژموونی هێزێکی سەرکوتکاری وەک پارتی و، نا بەرپرسی وەک یەکێتی و گۆڕان و، حساب نەکردن بۆ کەسی وەک پەکەکەدایە، بۆیە دەبێت روو بکەینە ئاسمان و دوعا بۆ خەڵکی کوردستان بکەین تووشی چی بووەو، لە چ دۆخێکدا دەژی؟!. 

نوێترین نوسینەکانی شوان محه‌ممه‌د

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌