هەناری هـەڵەبجە
وتار/
29/10/2020
671 جار بینراوە
سهركۆ یونس
هەناری هـەڵەبجە
ســــەرکۆ یونس*
پایزی هەموو ساڵێک تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵــەبجە و لایەنەپەیوەندیدارەکانی
کشتوکاڵی هەڵەبجە بەهاوکاری میدیا و میدیاکاران کەرنەڤاڵ و ڤیستیڤاڵێکی ناوازەی هەنارو
بەرهەمە پاییزیەکان وهەندێ کاری دەستڕەنگینی و خۆراک و خواردەمەنی پێشکەش بەخەڵکی هەڵەبجە و میوانەکان دەکەن...
هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەتایبەتی
زەوی وکەشوهەوایەکی لەبارو گونجاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەنار بەشێوەیەک کە تام و
ڕەنگی تایبەتی هەیە و لەهەناری ناوچەکانی ترو هەناری هاوردەی وڵــاتان جیاوازترە.
لەم سنورە (11) جۆر هەنار بەرهەم دەهێنرێت و نزیکەی (30)
هەزار تەن بەرهەمی ساڵــانەی پارێزگای هەڵەبجەیە و ڕووبەری هەشت هەزارو پێنج سەد دۆنم
باخی هەنار هەیە و بەردەوام لەزیادبووندایە.
هەڵـــەبجەو هەنار دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاون و بەدرێــژایی
مێژووی کشتوکاڵــــی ناوچەکە هەنار هەڵەبجەی بێ بەش نەکردوە لە جوانی و لەتەنیایـــدا
بەجێ ی نەهێشتوە تەنانەت لە کارەساتی کیمیابارانکردنی (16 ئازاری 1988) هەنار هەر
بەپێوە بووە و شاهێدحاڵێکی نەبیستراوی کارەساتەکەیە..
خواستی خەڵک و بەکاربەران بۆ هەناری هەڵەبجە خواستێکی تایبەتە
و ساڵــانە لەشارەکانی تری کوردستانەوە خەڵکێکی زۆر وەک میوان و گەشتیار و کڕیاران
دێنە هەڵەبجەوە پێوسیتیەکانیان لە هەناری سازان و گوێزی هەورامان و زەیتی زەیتونی ڕاسان
و دۆینەو کەشک و ترخێنە و مرەبای میوەکان و هەنجیرو تووی ووشک و بنێشتی کوردی ڕەسەنی
ناوچەی بۆین و دۆشاوی هەنار و توو و بەرهەمە پایزییەکانی تر پڕدەکەنەوە بەدیاری
ناوازەی دەستڕەنگینانی ڤیستیڤاڵەکە دەگەڕێنەوە.
خواستی بازاڕەکانی شارەکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراق
خواستێکی گەورە و هەمیشە و بەردەوامە بەتایبەت لەم وەرزەدا ئەمەش بۆ لایەنی بەبازاڕکردن
و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵــــی گرنگە و جێگەی بایەخە.
هەنار یەکێکە لەو حەوت میوەیەی کە خواستی بەردەوامی لەسەرە
و بەهۆی ئەو سوودە تەندروستیانەی کەلە هەنارەوە دەست دەکەوێت بۆ لەشی مرۆڤ لەوانە
بەرگری لەش بەهێز دەکات و سەرچاوەی سەرەکییە بۆ ڤیتامین(C) و بۆ خوێن و دڵ بەسوودە و یارمەتی زوو هەرس کردن دەکات و بۆ دابەزینی کێشی
لەش بەسوودە..
خۆشبەختانە وەزارەتی کشتوکاڵـــی حکومەتی عێراق لە(22 ئۆکتۆبەر)
هاوردەکردنی هەناری لەسەرجەم خاڵەسنورییەکان قەدەغەکرد و حکومەتی هەرێمیش هەمان بڕیاری
دەرکرد،بێ گومان ئەم بڕیارە گرنگە و سوودی دەبێت بۆ خاوەن باخ و بەرهەمەکان ،بەڵــام
بەداخەوە سەرەڕای دەرکردنی بڕیاری قەدەغەی هاوردەی هەنار هێشتا بە قاچاخ دێتە بازاڕەکانی
هەرێمەوە بەتایبەت هەناری سووری و میسری،بۆیە پێویست دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان
هەنگاوی باشتر لەم لایەنەوە بنێن،لەگرنگترین هەنگاو سەپاندنی باجی گومرگی زیاترە بۆ
هاوردەی ئەم بەرهەمە بۆ ئەوەی لەناوخۆ نرخی بەرز ببێتەوە و خواستی کەم ببێت..
گەورەترین گرفت ساغکردنەوەو بەبازاڕکردنی بەرهەمی هەنارە
لەبازارەکانی کوردستاندا و لەئێستادا کێشەو گرفتەکانی ئەم بەرهەمەیە و بەداخەوە تا
ئێستا چارەسەرنەکراوە،خۆشبەختانە بەپێ ی لێدوانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی
هەرێم بڕیارە کۆمپانیایەک هەنار هەناردەی دەرەوە بکات .
هەماهەنگی و بوونی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی کشتوکاڵــی
و بازرگانی و دارایی هەرێم و بەغدا گرنگە و پێویستە بەتایبەت بۆ ئاسانکاری گواستنەوەی
بەرهەمی ناوخۆی عێراق بۆ سەرجەم شاروشارۆچکەکان بەبێ باجی گومرگی و روسومات.
هەروەها نەبوونی ساردکەرەوە(براد) بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی هەنار
یەکێکە لە ئاریشەکانی تر چونکە بەرهەمی هەنار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زۆرە و بەڕێژەی
گەورەیە و لە خواستی ناوخۆیی سنورەکە زیاترە...
ڤیستیڤاڵـــی هەنار و پایزی هەڵەبجە لەڕووی ئابوری و کۆمەڵـــایەتییەوە
چەندین سوودو کەڵکی هەیە لەوانە:-
* ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی
بەرهەمی ناوخۆی ناوچەکە کەساڵــانە خۆشبەختانە زیاد لە پێویستی خواستی دانیشتوانی
هەڵەبجەی هەیە و خاوەن باخ و بەرهەمەکان بەدوای خواست و بازاری نوێ دا دەگەڕێن ئەمەش
دەرفەتێکی باشە لەم لایەنەوە و دەبێتە دەرچەیەک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
* سەردانکردن و هاتووچۆی
هاونیشتیمانیان لە شاروشارۆچکەکانی ترەوە پەیوەندی کۆمەڵــایەتی دانیشتوانی هەڵەبجە
و شوێنەکانی تر پتەوترو بەهێزتر دەکات .
* ئەم ڤیستیڤاڵە سەرچاوەیەکە
بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و لاوانی بێکارو بێ داهاتی شارەکە،بەتایبەتی ژنان
و کچانی دەسترەنگین بەداخەوە لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕێژەی بێکاری بەرزە بەتایبەت
لەناو چینی خاوەن بڕوانامەی زانکۆیی و دەرفەتی کارکردن لەم شارە کەمە بەهۆی دانەمەزراندن
لەکەرتی گشتیدا و لاوازی کەرتی تایبەت لەشارەکە..
* جوڵــان و جموجوڵی
بازاڕ بەگشتی و چێشتخانەو چایخانە و مارکێت و کافتریاکان،بەهۆی هاتنی میوان و گەشتیارو
کڕیارو سەردانیکەرانی ڤیستیڤاڵــــەکە بەشێوەیەک چالاکی ئابوری لەبازاڕی هەڵەبجە پەیدا
دەبێت.
* ناساندن و ئاشنابونی
شوێنە گەشتیاریەکانی سنوری پارێزگای هەڵــــەبجە بە میوانەکان و کڕیاران بەتایبەتی
ئەو شوێنەگەشتیاریانەی لەشارەوە نزیکن وەک چاوگی باوەکۆچەک و عەبابەیلێ و گوڵان.
* پیویستە هەموو هەوڵێک
بدرێت بۆ هەناردەکردنی بەشێک لەم بەرهەمە ناوازەیە کە بەدڵنیاییەوە لەبازارەکانی دەرەوە
خواستی باشی لەسەر دەبێت و نرخێکی بەرز دەکات بۆ ئەمەش هاوکاری و پاڵپشتی حکومەت
گرنگە.
* پێویستە وەزارەتی
کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی پلانی تایبەتیان هەبێت بۆ بەپیشەسازی کردنی بەرهەمی
هەنار بەتایبەتی کارگەی شەربەت و سرکەی هەنار بۆ ئەوەی سودی زیاتری هەبێت بۆ خاوەن
باخ و جوتیارەکان.
* ئەنجامدانی چالاکی
هونەری وەک گۆرانی و مۆسیقا و خستنەڕووی وێنەکان و هونەری شێوەکاری و هتد هەموو ئەمانە
هۆکارن بۆ راکێشانی زیاتری گەشتیارو میوانی ڤیستیڤاڵــــەکە.
هیوادارین ئەم ڤیستیڤاڵـــە ببێتە هەنگاوێک بۆ ئاوڕدانەوەی
زیاتر بەم پارێزگایەو حکومەتی هەرێم بەپلان و بەرنامەی درێــژ خایەن و ستراتیژی
گرنگی بدات بە لایەنەکانی ئابوری بەگشتی و کەرتی کشتوکاڵی و باخداری بەتایبەتی بۆ
ئەوەی بتوانرێت فرە سەرچاوەی داهات بۆ خەڵک برەخسێنرێت...
*ئابوریناس
نوێترین نوسینەکانی سهركۆ یونس
-
سهركۆ یونس
05/09/2021
-
سهركۆ یونس
05/09/2021
-
سهركۆ یونس
09/08/2021
-
سهركۆ یونس
22/07/2021
-
سهركۆ یونس
28/06/2021
-
سهركۆ یونس
10/06/2021