خه‌ڵكی مووچه‌یان بۆ چییه‌؟

وتار/ 07/10/2020 591 جار بینراوە

کەمال حەمزە

خه‌ڵكی مووچه‌یان بۆ چییه‌؟

كه‌مال حه‌مزه‌
له‌م ڕۆژانه‌ لێدوانی وه‌زیرێكی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانم خوێنده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: دواكه‌وتنی مووچه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی نییه‌، چونكه‌ زۆرینه‌ی مووچه‌خۆران خاوه‌نی كارێكی ترن!!

به‌پێی قسه‌ی جه‌نابی وه‌زیر بێت، ئه‌وه‌ نییه‌ زۆربه‌ی مووچه‌خۆران كاری دیكه‌یان هه‌یه‌؟! كار و كاسبی هێنده‌ زۆره‌ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ كاربكات ماتڵ نابێت و، شتێكمان نییه‌ ناوی بێ كاری بێت!! خۆ ئه‌وه‌ ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان و گه‌نجان و كاسبكارانی ئێمه‌ نین بێ كارن و، ئه‌وانه‌شیان كه‌ كار و پیشه‌یه‌كیان هه‌یه‌ ڕۆژانه‌ كاره‌كانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، كه‌واته‌ (خه‌ڵكی مووچه‌یان بۆ چییه)‌؟

تێناگه‌م به‌رپرس و پله‌ باڵاكانی ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌ ناتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست ئیداره‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی بده‌ن، بۆچی ناوه‌ ناوه‌ قسه‌یه‌ك فڕێ ده‌ده‌ن و یاری به‌ هه‌ستی هاوڵاتییان ده‌كه‌ن؟! ئایا ئه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ و بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ له‌ میلله‌ت له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان و داواكردنی مافه‌كانیان؟ یان ئاگایان له‌ بارودۆخی ژیانی خه‌ڵكی نییه‌ و هه‌ر له‌ گۆشه‌نیگای ژیانی شاهانه‌ی خۆیانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و به‌ خه‌ڵكی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر نان و ئاوتان ده‌ست نه‌كه‌وت كێك و شیر بخۆن؟!

كه‌ زۆرینه‌ی مووچه‌خۆران خاوه‌نی كارێكی ترن، ئه‌وه‌ مایه‌ی شانازی نییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و، خاڵێكی گه‌ش نییه‌ له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانێتییان!! چونكه‌ خه‌ڵكی له‌ خۆشی خۆیان نییه‌ كه‌ ئیسراحه‌تیان له‌ خۆیان هه‌ڵگرتووه‌و له‌سه‌ر حیسابی كاتی پشووی خۆیان و مافی ماڵ و منداڵیان مل ده‌ده‌نه‌ به‌ر كاسبیه‌كی دیكه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئیداره‌دانی شكستخواردووانه‌ی هه‌رێمه‌ له‌لایه‌ن بڕیار به‌ده‌سته‌كانیه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیان گه‌یاندۆته‌ ئاستێكی بژێویی هێنده‌ خراپ ناچار بن په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر كارێكی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاروو و پێداویستیه‌كانی رؤژانه‌ی ماڵ و منداڵه‌كانیان په‌یدا بكه‌ن. ئاخر پیاوێكی فه‌رمانبه‌ری قوڕبه‌سه‌ر كه‌ هاوژینه‌كه‌ی ئافره‌تی ماڵه‌وه‌یه‌ و كرێچیه‌ و تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێویشی ته‌نها ئه‌و مووچه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ حكوومه‌تی وه‌رده‌گرێ له‌ به‌رانبه‌ر مانگێك ده‌وام و ئه‌رك بینین، كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت به‌شێكی مووچه‌كه‌ی به‌ ناچاری بۆ پاشه‌كه‌وت كردوه‌ (كه‌ دیار نییه‌ ئاخۆ ڕۆژگارێك دێت بیداته‌وه‌ یان ئاو و ئاو چوو؟!)، كابینه‌ی نۆیه‌میش قوڕه‌كه‌ی خه‌ستتر كرد و پاشه‌كه‌وتی كرده‌ لێبڕینی مووچه‌ و هه‌ر به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ده‌ڵێ بڕیم و نایده‌مه‌وه (نه‌ قه‌رزه‌ و نه‌ پاشه‌كه‌وت)‌! هه‌ردوو كابینه‌ش به‌ پاشه‌كه‌وت و لێبڕینه‌وه‌، مووچه‌كه‌یان كرده‌ (45 - 60) ڕۆژ جارێك. كه‌واته‌ داهاتی تاكی مووچه‌خۆر كه‌مبوویه‌وه‌ بۆ ڕاده‌ی كه‌متر له‌ نیوه‌و خه‌رجیشی وه‌كو خۆی له‌سه‌ری مایه‌وه‌و ده‌بێ دابینی بكات. پێم ناڵێی ده‌بێت چۆن دابینی بكات؟ په‌نا بباته‌ به‌ر دزی یان به‌رتیل و قۆڵبڕی كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ تاوانبار؟ یان په‌نا بباته‌ به‌ر قه‌رزكردنێك كه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ری كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت و توانای دانه‌وه‌ی نابێت و سه‌ره‌نجام شه‌رمه‌زاری به‌رده‌م خاوه‌ن قه‌رزه‌كانی ده‌بێت؟ یان كارێكی شه‌ریفانه‌ بكات و پاره‌یه‌كی حه‌ڵاڵ په‌یدا بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانی؟ هه‌ر به‌ڕاست! ئاگاتان له‌ ئاماری ناو دادگاكان هه‌یه‌ چه‌ند خێزان له‌به‌ر نه‌بوونی هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌و ئاماره‌كانیش به‌رده‌وام له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دان؟! ئاگاتان له‌ ئاماره‌كانی دزی و تاوانی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ هۆكاری نه‌بوونی ڕوو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ن؟!

جه‌نابی وه‌زیر .. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ هێنده‌ی تر میزاجی جه‌ماوه‌ر بترشێنن و جامی تووڕه‌ییان پڕتر بكه‌ن، دان به‌وه‌دا بنێن كه‌ ئه‌وه‌ ماوه‌ی (29) ساڵه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست ئیداره‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌كه‌ن و له‌ حوكمڕانیدا شكستتان هێناوه‌، به‌خۆتاندا بچنه‌وه‌و ئه‌و هۆكارانه‌ دیاری بكه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌و قه‌یرانی داراییه‌ و خواردنی مافی مووچه‌خۆران و بێكاریی خه‌ڵك، ئه‌و كات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ داهاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ زۆر به‌ زیاده‌وه‌ به‌شی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات و لێیشی ده‌مێنێته‌وه‌و له‌ ده‌ستپانكرده‌وه‌و پاڕانه‌وه‌ له‌ به‌غداش نه‌جاتتان ده‌بێت و پێویست به‌وه‌ ناكات هێنده‌ ئه‌م ڕێگایه‌ بگرنه‌ به‌ر. ئێوه‌ چاره‌سه‌ری مووچه‌خۆرانی بندیوار بكه‌ن كه‌ هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ لێشاو داتانمه‌زراندوون بۆ ململانێی نێوان خۆتان و ئه‌ركی فه‌رمانبه‌رییش نابینن نه‌ك بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ و خاوه‌ن ماف، ده‌ستی حیزبه‌كانتان و به‌رپرسانتان له‌ قوڕگی داهاتی گشتی بكه‌نه‌وه‌ له‌ گومرگ و فڕۆكه‌خانه‌ و فه‌رمانگه‌ و وه‌زاره‌ته‌كان و ... به‌ ناوی كۆمپانیا و كه‌رتی تایبه‌ت به‌شێكی زۆری داهات بۆ خۆتان و حیزبه‌كانتان وه‌لا مه‌نێن، ڕێگه‌ بگرن له‌ قاچاخی و گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی و، دیوانی چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و كۆنتڕۆڵی جۆری كارا بكه‌ن، دارایی و سامانی ئه‌م میلله‌ته‌ بده‌نه‌ ده‌ستی پاك و ئه‌مین بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌‌ خزمه‌تی خه‌ڵك نه‌ك حیزب و خزم و به‌رپرسان و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان بۆ خۆیان ته‌خشان و په‌خشانی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر مووچه‌ به‌شی فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ ناكات ده‌ست هه‌ڵگرن له‌ دامه‌زراندنی ژێربه‌ژێر یان به‌پێی پێویستی و به‌ پێوه‌ر و به‌پێی سیڤی به‌ ئاشكرا دایانبمه‌زرێنن و چیتر خه‌ڵكی شایسته‌ مه‌حروم مه‌كه‌ن، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵ به‌رده‌وام قه‌ڵه‌وتر بن له‌ پۆسته‌كانیان دووریان بخه‌نه‌وه‌و سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن و بیانبه‌نه‌ به‌رده‌م دادگا بۆ ئه‌وه‌ی سزای دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان وه‌ربگرن و ئێوه‌ش متمانه‌تان لای خه‌ڵك بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌جیاتی بانگه‌شه‌ی چاكسازی له‌سه‌ر حیسابی چینی خواره‌وه‌ی خه‌ڵك و مووچه‌خۆری ڕه‌شوڕووت ده‌ست بكه‌ن به‌ چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ له‌ داهات و خه‌رجیدا و له‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن، به‌ها و متمانه‌ بگێڕنه‌وه‌ بۆ كه‌رته‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و كاره‌با و ئاوو ... به‌ره‌ به‌ره‌ و به‌ به‌رنامه‌ مه‌یانخه‌نه‌ به‌ر ده‌ستی كه‌رتی تایبه‌ت (كۆمپانیاكانی نزیك له‌ خۆتان) و باری سه‌ر شانی هاوڵاتییان قورستر بكه‌ن، كه‌ خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان له‌ هه‌ستی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ و له‌ خه‌می خه‌ڵك ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزانه‌تان لێ ده‌گرن ئێوه‌ ده‌ستخۆشییان لێ بكه‌ن نه‌ك په‌لاماریان بده‌ن و ناو و ناتۆره‌یان لێ بنێن و تۆمه‌تباریان بكه‌ن و ده‌ست بۆ ژیانی كه‌سی و خێزانییان ببه‌ن بۆ ناوزڕاندن و تۆڵه‌لێكردنه‌وه‌یان ...

به‌شێك له‌ نوێنه‌ران و به‌رپرسانی هه‌ردوو حیزب و میدیاكانیان ده‌رباره‌ی داهات و خه‌رجیی حكوومه‌تی عێراق به‌گه‌رمی له‌سه‌ر خه‌تن و لێدوانی باش ده‌ده‌ن و به‌رگری له‌ مافی خه‌ڵكی عێراق ده‌كه‌ن و كه‌م و كوڕییه‌كانی حكوومه‌ت ده‌خه‌نه‌ ڕوو، به‌ڵام له‌باره‌ی داهات و خه‌رجیی و ناهه‌قیه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم مته‌قیان له‌ خۆیان بڕیوه‌!! مه‌گه‌ر له‌ كاتی زه‌قبوونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌ریه‌كه‌یان تیشك بخاته‌ سه‌ر دزی و گه‌نده‌ڵی و یاساشكێنییه‌كانی زۆنی به‌رانبه‌ر. هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی سه‌قه‌ت بنیاتنراوه‌ته‌وه‌و چه‌نده‌ نغرۆی گه‌نده‌ڵیی دارایی و كارگێڕیی بووه‌و شیاوی ئه‌وه‌ نییه‌ دڵی پێ خۆش بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی ڕاسته‌وخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات حكوومه‌تی هه‌رێمه‌ نه‌ك به‌غدا.

سوپاس بۆ خوا ئێستا خه‌ڵك هۆشیاره‌ و به‌ دروشمبازی و قسه‌ی سۆزدارانه‌ ناخه‌ڵه‌تێ و ده‌زانێ (كه‌ر له‌ كوێ كه‌وتووه‌و كونده‌ له‌ كوێ دڕاوه)‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ی به‌ كردار سه‌لمێنراوی ده‌وێ و چی دیكه‌ قسه‌ی ڕووتی ناچێته‌ گیرفانه‌وه‌. تا زیاتر پێگه‌تان له‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر به‌غداش لاوازتر نه‌بووه‌و كار له‌ كار نه‌ترازاوه‌، ڕۆژێك زووتر ده‌ست هه‌ڵگرن له‌ گه‌نده‌ڵی و ده‌ست بكه‌ن به‌ چاكسازی ڕاسته‌قینه‌.

نوێترین نوسینەکانی کەمال حەمزە

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌