گەندەڵی وەک کلتور

وتار/ 02/10/2020 660 جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس

گەندەڵی وەک کلتور

ســــەرکۆ یونس*
ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەتازەترین ڕاپۆرتیدا عێراقی بەیەکێک لەگەندەڵترین وڵــاتانی جیهان داناوە لەکۆی (180) وڵــاتدا لەڕیزبەندی(162) دێت،لەکۆی(100)نمرەی پێوەری ڕێکخراوەکە تەنها (20)نمرەی پێدراوە.
گەندەڵـــی بەجۆرو شێوەکانی لەعێراقی دوای ڕژێمی صەدام حوسەین و حزبی بەعس وهاتنە سەرحکومی زۆربەی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیون بەگشتی سەری هەڵداو ڕەگی داکوتا و شۆڕبووەتەوە ناو دام و دەزگا حکومیەکانی ئەم وڵاتە شپرزەیە.
لەڕاستیدا دیاردەی گەندەڵی ئیداری دادەنرێت بەمەترسیدارترین دیاردە کەتوشی وڵــاتان دەبێت بەتایبەت وڵـاتانی دواکەوتوو کەدەبێتە ڕێگرو بەربەست لەبەردەم گەشەپێدانی ئابوری و بەچارەسەرنەکردنی دەبێتەهۆی لەناوبردن و داڕمانی ئابوری و توانای دارایی و کارگێڕی  سەرئەنجام بێ دەستەڵاتی دەوڵەت پیشان دەدات.
لەسەرجەم کابینەکانی حکومەتی عێراقدا چەندین بەرپرس لەئاستی وەزیر و بریکارو وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و تەنانەت فەرمانبەری ئاسایی تێوەگلاون بەگەندەڵی و بەسەدان کەیس و دۆسیە تۆمارکراون لە دادگاکانی دەوڵەتدا،
بەپێ ی ئامارەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق لەماوەی (15)ساڵی ڕابردودا زیاتر لە (320) ملیار دۆلار بەهەدەر دراو و دیار نەماوە.هەروەها لەکۆی (12) هەزار دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لەعێراق تەنها (1200) دۆسیە ڕەوانەی دادگاکان کراون و هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە کەشایانی باس کردن بێت.
سەرەڕای بوونی لیژنەی دەستپاکی و دادگاکان و چاودێری دارایی و لەماوەی رابردودا ئەنجومەنی باڵــا بۆ نەهێشتنی گەندەڵــی کە ئامانج لەدامەزراندنی ئەم دەستە ولیژنانە بەڕەنگاربونەوەی دیاردەی گەندەڵی و لێپرسینەوەیە لە گەندەڵکاران ،بەڵــام نەتوانراوە دیاردەی گەندەڵــی کەم بکاتەوە و کاریگەری دروست بکات لەسەر بەهەدەردانی سامان و داهاتی گشتی و بگرە تۆڕی گەندەڵکاران گەورەتر و فراوانتر بوون وهەندێ جاریش ئەم لایەنانەی سەرەوە خۆیان بەشێکن لە پرۆسە فراوانەکەی گەندەڵــی.
دیوانی چاودێری دارایی لەعێراقدا کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە لەبڕیاردان ئەویش توشی شەلەل و بێ دەنگی کراوە و لەئێستادا ئەدای کاری چاودێری کردنی لەوپەڕی لاوازیدایە و هیچی پێ ناکرێت و هەرچی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی یە لەعێراقدا پاشکۆی لایەنێکی سیاسی و کەسین و ئەوانیش ئەو ڕۆڵەیان نییە لە بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاراندا.
بێ گومان ئەم دیاردەیە لەهەرێمی کوردستانیش بوونی هەیە و جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا ڕێکخراوی شەفافیەت بەیەکچاو سەیری واقعی دیاردەی گەندەڵی لەهەموو عێراق دەکات و ڕاپۆرتەکانیان گشتگیرە.
ڕاستە بەنوسراو و بە فەرمی یەک کابینەی حکومی لەهەرێم هەیە بەڵــام کاریگەریەکانی دوو ئیدارەی لەهەولێر و سلێمانی و باڵادەستی هەردوو حزب(یەکێتی و پارتی) لەکاروباری حکومی ودیاردەی گەندەڵی واقیعە و نکولی لێ ناکرێت و بەداخەوە بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە بووەتە کلتور و بەناو جومگەکانی هەرێمدا ڕەگی داکوتیوە و بەهەمان شێوەی حکومەتی عێراق لەهەرێم تۆڕی گەندەڵکاران لەفراوان بوندایە و ساڵــانە بەسەدان ملیۆن دۆلار لەداهات و بودجەی گشتی بەهەدەر دەچێت و بەشێکی زۆری داهاتی هەرێم بۆ گیرفانی هەندێ بەرپرس و لایەنی سیاسی دەڕوات نمونە داهاتی نەوت و خاڵــە سنوریەکان وفرۆشتنی دۆلار و پرۆژەکانی وەبەرهێنان و مۆڵەتەتایبەتەکانی بازرگانی و هتد.
تەنها جیاوازیەک کە حکومەتی عێراقی هەیەتی و شانازییە بۆی و حکومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە دۆسیەکانی گەندەڵی بجوڵێنێت و بدرێن بە دادگاکان ئەمەش بەهۆی لاوازی ئەدای دەستەڵــاتی دادگاکان و بەحزبی بوونی دادوەران و پاڵپشتکردنی لایەنی سیاسی و هەندێ جار کۆمەڵــایەتی کەسی گەندەڵکار،بەداخەوە لەماوەی تەمەنی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمەوە تا ئێستا نەمانبینیوە کەگەندەڵکارانی حکومی لەهەر پلەوپۆستێکدا بوو بێت نەدراون بە دادگا و لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە و بگرە هەندێ جار بەرپرسیارییەتی زیاتر و بەرزتری پێدراوە..!
ئەم نەخۆشیە کە بووە بە کلتور زەمینەی ڕەخساندووە دەیان و سەدان کەس زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن لەسەرحسابی چیینەکانی تری کۆمەڵگا کە بەدەست نەبوونی مووچە و تەنانەت کارەوە دەناڵێنن،ئەوەتا بەپێ ی بڵاوکراوەکان لەماوەی سێ مانگی رابردودا (48) هەزار بندیوار لە (6) وەزارەتی عێراق دەرکراون .
بەپێ ی بڵاوکراوەیەکی تری ناڕەسمی (20%)ی مووچەخۆرانی عێراق بندیوارن بەمەش حکومەت ساڵـــانە نزیکەی(8 بــــــۆ 10) ترلیۆن دینار زەرەر دەکات.
بەهۆی گەندەڵی و دەستتێوەردانی حزبەکان پارەیەکی زۆر لە بودجەی گشتی عێراق بەفیرۆ دەچێت بۆ بندیوار و بەرپرسی حزبی وتەنانەت کارگەشتوەتە ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات و لەئێستادا گەنجینەکانی وەزارەتی دارایی نزیکن لە بەتاڵی و حکومەت ناچارە قەرزی گشتی بکات چونکە دابین کردنی پارە بۆ مووچەی مووچە خۆران قەبارەکەی زۆر گەورەیە لەئێستادا نزیکەی (4)ملێۆن فەرمانبەر هەیە و مانگانە حکومەت پێویستی بە (6) ترلێۆن و (200) ملیار دینار هەیە.
بەدڵنیاییەوە گەندەڵی لەدامودەزگاکانی حکومەتدا بووەتەهۆی بەفیرۆچوونی بودجەی گشتی وڵــات ڕێژەی (80%) زیاتری بودجە بۆ خەرجی بەگەڕ(النفقات التشغیلیة) و زۆربەی مووچەی فەرمانبەران دەچێت و لەم ڕێژەیە مووچەخۆرانی بندیوار ڕێژەیەکی گەورەی نەزانراون و بەپێ ی ووتەی وەزیری پلاندانانی حکومەتی عێراق نازانێت ژمارەی ڕاستی مووچەخۆرانی چەندە..؟!
بواری گەندەڵی خانەنیشینانیشی گرتوەتەوە بەپێ ی بڵاوکراوە ناڕەسمییەکان زیاتر لە(23)هەزار خانەنیشینی(بندیوار) مووچەی خانەنیشینی وەردەگرن بەبێ ئەوەی کەبوونیان هەبێت و تەنها ناوی وەهمین.!
لەلایەکی ترەوە گەندەڵی زۆر کراوە لەبواری تەندەری پرۆژەکانی دەوڵەت نرخی خەیاڵی و نادروست و پاشان فروشتنەوەی لەدەستی یەکەمەوە بۆ چەندین دەست و لەکۆتایدا یان پرۆژەکە جێ بەجێ نەکراوە یان بەپێ ی تایبەتمەندیەکان نەکراوە و گۆڕانکاری لەنەخشەکەدا کراوە.
شێوەیەکی تری گەندەڵی لەعێراقدا بریتییە لە مامەڵەکردن بە پلەو پۆستی ئیداری بەرز لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا،زۆرێک لەسیاسیەکان بۆ گەشتن بەئامانجەکانیان بەپارە پۆستی ئیداری دەکڕن و ئەم کارەش بووەتە دیاردەیەکی باو لەعێراقدا بۆ نمونە نرخی پۆستی وەزاری لە حکومەتدا لەنێوان (10 - 25) ملیۆن دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە و لە پلەنزمەکانی تردا نرخەکەش کەمدەبێتەوە .
جێگای خۆیەتی باسی گەندەڵی لە خاڵەسنوریە بازرگانییەکانی عێراق بکەین کە بەهۆی گەندەڵییەوە ساڵــانە دەوڵەتی عێراق نزیکەی (2.5) ملیار دۆلار زەرەری لێ دەکەوێت و ئەم داهاتە وون بووانە دەچێتە گیرفانی ملیشیاکانی خاوەن دەستەڵــات لە حەشدی شەعبی و حزبە سیاسیەکانی تر بەتایبەت لە باشوری وڵــــات..
نەگبەتی دەوڵەتی عێراق هەر بەگەندەڵییەوە نەوەستاوە لەم کاتەدا جگە لەقەیرانە سیاسییەکان بەهۆی سەرهەڵدانی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە ئابوری عێراق تووشی گەورەترین داڕمانی دارایی بووەتەوە ئەویش بەهۆی لێکەوتەکانی ئەم پەتا جیهانیە کەوای کردوە خواست لەسەر نەوت بۆ نزمترین ئاست داببەزێت بەمەش بودجەی عێراق کە زیاتر لە(95%) پشت بە داهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت کەم ببێتەوە و بودجە توشی گەورەترین کورتهێنان بووە و توانای دارایی حکومەتی بەرەو لاوازی بردووە.
لەهەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە ئەم دیاردەیە ببێتە کلتوری کۆمەڵــــگای عێراق و ئەو کاتە ڕزگاربون و زاڵبوون و کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی گەندەڵی هەروا کارێکی ئاسان نابێت و پێویستی بە یاسای تایبەت و دادگای سەربەخۆ و ئیرادەیەکی سیاسی گشتگیری دەوێت کە لە ئاسۆی دوورو نزیکی حوکمڕانی سەرکردەکانی عێڕاق و هەرێمدا نابینرێت ..
*ئابوریناس

نوێترین نوسینەکانی سه‌ركۆ یونس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌