بێکاری دەردە کوشندەکە

وتار/ 16/09/2020 894 جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس

بێکاری دەردە کوشندەکە

سەرکـــــۆ یونس*
بێکاری وەک دەردێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی چەندین ساڵە بەرۆکی کۆمەڵگای عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتوە و هاوشێوەی دەردی دواکەوتوی وپاشکۆیی ئابوری یەکێکە لە خەسڵەتەکان کە عێراقی پێدەناسرێتەوە.
لەدواین ئاماری بڵاوکراوەی فەرمی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی  سەبارەت بە بێکاری لەعێراقدا هاتوە کە ڕێژەی (40%) بێکاری زیادی کردوە و زیاتر لە (100) هەزار کرێکاری بینانیش لەعێراقدا هەن و کار دەکەن.
ئەم کرێکارە بیانیانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر بێکار بوونی دەستی کاری ناوخۆیی و هەر ئەمەش بووەتە هۆی زیاد بونی بێکاری لەعێراقدا و چونکە کرێکارانی بیانی ئامادەن بەکرێ وپاداشتت کەم کار بکەن و بازاڕی کاریان بۆ خۆیان قۆرخکردوە زۆرێک لەم کرێکارانە لەو وڵاتانەوە هاتون کە بەهای دراوی وڵاتەکەیان زۆر نزمە بەبەراورد بە دیناری عێراقی و هەر بڕە پارەیەک پەیدا دەکەن ڕاستەوخۆ دەیگۆڕنەوە و حەواڵەی وڵاتەکانیان دەکەن.
عێراق و هەرێم لەدوای شەڕی داعشەوە ڕوبەڕوی بارودۆخێکی نوێ بوەتەوە کە پێویستی بەوەبەرهێنانی گەورە هەیە لەکەرتە جیاجیاکاندا بەمەبەستی زیادکردنی دەرفەتی کارکردن بۆ دەیان دەرچووی خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانکۆیی بێکار.
بەپێ ی ئامارە نارەسمییەکان لەئێستادا زیاتر لە دوو ملێون ونیو خاوەن بڕوانامەی بەرز بێکارن و هیچ جۆرە کارێکیان دەست ناکەوێت بەتایبەتی دوای ئەوەی کە بڕیاری دامەزراندن لە کەرتی گشتی وەستێنراوەو پرۆژەکانی وەبەرهێنانیش زۆربەیان بەهۆی کەمبونەوەی بودجەی گشتیەوە وەستاون و کارکردن لەپرۆژەئابوریەکان بەتەواوی لاواز و سست بووە.
بێ گومان هەرێم ڕێژەی بێکاری بەبەراورد بە ناوچەکانی تری عێراق زیاتر نەبێت کەمتر نی یە و بگرە لەماوەی دوای ساڵی (2014)وە ئابوری هەرێم هیچ جۆرە سەقامگیریەکەی بەخۆوە نەبینیوە و کێشەو گرفت وقەیرانەکان زیاتر و گەورەتر بوون و ڕێژەی بێکاریش زیاتر بووە.
ئاشکرایە هەندێ هۆکاری سەرەکی و لاوەکی بوونەتە هۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری بۆ سەروو (40%) .
* بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە لەساڵی (2014)وە کەبووە هۆی کەمبونەوەی بودجە و داهاتی حکومی و تاکەکەس سەرئەنجام داتەپینی ئابوری و دارایی دروست بوو ئەمەش سەری کێشا بۆ لاوازبونی کارپێدان و دواتر بێکاری ڕێژەکەی بەرزبوویەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار کەزیاترە لە(40%) وجێگای وەبیرهێنانەوەیە پێشتر ساڵانە نزیکەی(12 بۆ 15) ترلێۆن دینار دەهاتە هەرێمەوە لەم گوژمەیە (70%)بۆ خەرجی بەگەڕ تەرخان دەکراو (30%) بۆ وەبەرهێنان دانرابوو.بەڵام لەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمەوە حکومەتی هەرێم ناچار بوو هەموو ئەو داهاتانەی کەدەستی دەکەوت تەنها بۆ پێدانی مووچە بێت ئەمە سەڕەرای دواکەوتن و پاشەکەوت کردنی ڕێژەیەکی بەرز لە مووچەی مووچەخۆران و نەبوونی بودجە بۆ بواری وەبەرهێنان ..
* لاوازی ئابوری هەرێمی کوردستان و پشت بەستن بە تەنها یەک سەرچاوەی داهات کەبریتی یە لە داهاتی نەوتی فرۆشراو وهەمیشە مەترسی نزمبونەوەی نرخی نەوت یەکێکە لەئەگەرەکان و هەموو ئەو خەرجییانەی کە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دروست دەبێت کەبەدەیان ملێۆن دۆلار دەژمێرێرن و بەپێ ی زانیاریەکان وەزارەتی دارایی هەرێم تەنها (30%)ی داهاتی نەوتی فرۆشراوی بۆ دەگەڕێتەوە هەرئەمەش گلەوگازەندەی خەڵک و لایەنەکانی دەرەوەی حکومەتە.
* سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و  دەرهاویشتەکانی ڤایرۆسەکە ودابەزینی نرخی نەوت  لەبازارەکانی جیهاندا، بوو بەهۆی کەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت لەم ناوەندەدا عێراق و هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم بوون چونکە بودجەی گشتی عێراق زیاتر (95%) پشت بە داهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت و بەمەش گرنگترین سەرچاوەی دەستکەوتنی داهات توشی گەورەترین مەترسی بووەتەوە عێراق مانگانە چەندین ملیار دۆلار زەرەر دەکات و لەلایەکی ترەوە گرنگی نەدان بە کەرتەکانی تری ئابوری بەگشتی و کەرتی کشتوکاڵ بەتایبەتی ئاستەنگێکی بەردەوامی گەشەپێدانی ئابوریە.
* قەیران وکێشە و گرفتەکانی تری کەڵەکە بوی دەیان ساڵەی لەپێشتر و چارەسەرنەکردنی لەسەرجەم کابینەکانی بەغدا و هەرێم وای کردوە ئابوری عێراق و هەرێم بەردەوام لەقەیراندا بێت بۆ نمونە کێشەکانی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکانی شارەوانی و ئاوو کارەبا وڕێگاوبان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەنیمچە تەواو کراوی ماونەتەوە.
*عێراق و هەرێمی کوردستان کۆمەڵگایەکی گەنجن و زۆربەی گرفت وکێشەکان بەرەوڕووی ئەم چینە دەبێتەوە و سادەترین ماف نەبوونی هەلی کارکردنیانە کە بەداخەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی و دەستەڵاتی حزبییەوە زۆریك لەگەنجانی خاوەن بڕوانامە لەکارکردن بێ بەش دەبن.هەرئەمەش هۆکاری سەرهەڵدانی خۆپیشاندان بووە لەبەغدادو زۆرێک لەشارەکانی تردا.
*بڵاوبونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی و سیاسی یەکێکی ترە لەهۆکارەکانی تەشەنەسەندنی دیاردەی بێکاری لەکۆمەڵگای عێراقدا،هەریەکە لە حکومەتەکانی بەغداو هەولێر چەندین ساڵە گەندەڵی بووەتە سیمای ناسینەوەی و لەیەکەم ریزبەندی لیستی گەندەڵترین وڵاتانی جیهانن و گەندەڵی بەهەموو شێوازەکانی لەهەرێم و عێراقدا بەربڵاوترینە.
*شەری داعش و دەرهاویشتەکانی کە گرنگترینیان ئاوارەبونی هەزاران هاونیشتیمانی و کاول بون وخاپوربونی چەندین شاروشارۆچکەو گوند و سەرئەنجام بارگرانی دروست بوو لەسەر هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند کە تائێستاش بەدەست لێکەوتەکانی ئەو شەڕەوە گیرۆدەین لەهەمووی قورستر خەرجیەزۆرەکانە.
عێراق و هەرێم لەبەردەم شەڕێکی نوێدان کە بریتی یە لە شەری بێکاری گەنجان ولاوان،پێمان وایە ئەگەر هەوڵی جدی نەدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەوا لەئایندەیەکی نزیکدا قەیرانی بێکاری ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات و مەترسی لەسەر سەقامگیری سیاسی وئاسایشی ناوخۆی وڵات دروست دەکات.
*ئابورینـــاس

نوێترین نوسینەکانی سه‌ركۆ یونس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌