گرنگی پشکنینی DNA لەدۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا

وتار/ 19/02/2020 728 جار بینراوە

سالار مەحمود

گرنگی پشکنینی DNA لەدۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا
سالار مەحمود
لە ساڵانی رابردوودا کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال داوای زەوی و خانوویان دەکرد، داوای مووچەو باشکردنی ژیانیان دەکرد، داوای سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان دەکرد.
بەشێکی کەم لە داخوازیەکانیان جێبەجێ کران. بەتێپەڕبوونی رۆژگار حکومەتەکان نەک ئەرکەکانی سەرشانیان لە دۆسیەی ئەنفالدا بەجێ نەهێنا، بەڵکو بە فشارو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی کەسوکاری قوربانیانیش بەدەنگەوە هاتن بۆ داخوازیەکانیان زۆر کەم بوو.
ماوەیەک داوای هێنانەوەی ئیسک و پروسکی قوربانیەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان دەکرد. ئەوە بوو ساڵ نا ساڵێک بەبێ فەحسی  Deoxyribonucleic acidدی ئین ئەی DNA (الحمض النووی). چەند روفاتێک هێنرانەوە لەگەرمیان و چەمچەماڵ و دوکان و بارزان بەخاک سپێردرانەوە.
لە ئێستا بەگشتی و دوای هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەماوە کە ۱۷۱ ژن و مناڵی لێ دەرهێنران.
بابەتی فەحسی دی ئین ئەی ئیتر ئەو ئەرکەیە کە نابێ پشتگوێ بخرێت.
نابێ نەزانرێ ئەو ئیسک و پروسکانە کێن و لەچ خێزان و گوند و دایک و خوشک و براو باوکی کێن؟
چەندین ساڵەو لە بۆنەی جیاجیادا داوای وەرگرتنی سامپڵی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی دەرهێنانی ئیسک و پروسکی ئەنفالکراوەکاندا بەراورد بکرێن.
ئەم کارە ئەرکی هەردوو حکومەتی عیراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
بەتایبەتیش لەهەرێمەوە دەبوو ئەم ئەرکە جێبەجێ بکرایە، چونکە کەسوکاری قوربانیەکان لەهەرێمن. بەشێکیان لەناوچە دابڕاوەکانن.
لەهەردوو کۆنگرەی نێودەوڵەتی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی  دووەم و سێیەم لە راسپاردەکاندا ریزبەند کراوەو داواکراوە کە فەحسی DNA بۆ کەسوکاری قوربانیەکان بکرێ. جگە لەناسینەوەی ئیسک و پروسکەکان بۆ بابەتی بە جیهان ناساندن و لەیادنەکردن و ناسراوی گۆڕەکان و ناونیشانیان و بە زانستی کارکردن لەو دۆسیەیە گرنگی زۆری هەیە.
لەناو گۆڕەکاندا زۆرینەی روفاتەکان ناناسرێنەوە بەکۆمەڵ و بەبێ تەسکەرەو جنسیە. کەمیان نەبێ.
تەنیا بەجل و بەرگ و هەندێ بەڵگەی تردا کە دەزانرێ کوردن و خەڵکی کوردستانن لەوە زیاتر نازانرێ.
بەبێ پشکنینە سەرەکیەکە هەروا دەهێنرێنەوە کوردستان، بەس ژمارە کراون. بەخاک دەسپێردرێن بەکێلی بێ ناوونیشانەوە!
ئەم بابەتە ئیتر  دەبێ جدی کاری لەسەر بکرێ
وەک چۆن لە کۆنگرەی دووەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەهەولێر ساڵی ۲٠٠۸  بە راسپاردە لە خاڵی (۱۱)دا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
ئەمەش دەقەکەیەتی وەک خۆی (
11- دعوة الحكومة العراقية لإعداد البنى التحتية للتنقيب عن المقابر الجماعية بتوفير مختبرات فحص الحمض النووي وقواعد البيانات).
بەهەمان شێوە لە کۆنگرەی سێیەمی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە ساڵی ۲٠۱۱ی نەجەف بە راسپاردە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم ئەرکە ئاگادار کراونەتەوە.
ئەمەش دەقی راسپاردەکەیە. (
11-  دعوة الحكومة العراقية الى تكثيف الجهود من أجل جلب مختبرات (DNA) وتأهيل كوادر وطنية لاستعمالها ، استكمالاً للإجراءات الفنية الخاصة بملف المقابر الجماعية ).
کەواتە چەندین ساڵە هوشیاریی دەدرێتە حکومەتەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە.
ئەم بەبیرهێنانەوەم بەپێویست زانی، چونکە هێشتا درەنگ نیە. لەو روانگەوەی سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ ماون هەڵبدرێنەوەو سەدان هەزار مرۆڤ ماون لە ژێر خاک دەربهێنرێن کە بەکۆمەڵ کوژراون.

نوێترین نوسینەکانی سالار مەحمود

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌