2020 ساڵی‌ بێ‌ بودجه‌...... !

وتار/ 25/01/2020 555 جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس

2020 ساڵی‌ بێ‌ بودجه‌...... !
سه‌ركۆ یونس*

كۆتاییه‌كانی‌ ساڵی‌ (2019) له‌ عێراق دا به‌وپه‌ڕی‌ نائارامی‌ و ناسه‌قامگیری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ گوزه‌ری‌ كرد كه‌ تێدا كابینه‌كه‌ی‌ دكتۆر عبدالمهدی‌ ده‌ستی‌ پێ‌ له‌كاركێشرایه‌وه‌ و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ بووبه‌ كاربه‌ڕێكه‌ر و له‌چاوه‌ڕوانی‌ ڕێكه‌وتنی‌ لایه‌نه‌كان و شه‌قامدا بۆ كاندیدكردنی‌ كه‌سێك كه‌ مه‌رجی‌ هه‌مووی‌ لایه‌كی‌ تێدا بێت عێراق به‌م بارودۆخه‌وه‌ پێ‌ ی‌ خسته‌ ناو ساڵی‌ (2020) ه‌وه‌، هه‌موو لایه‌ك به‌گشتی‌ و كورد به‌تایبه‌تی‌ ئومێدی‌ زۆری‌ به‌م كابینه‌یه‌ هه‌بوو و تاڕاده‌یه‌كی‌ باش به‌ره‌وپێشچوون و له‌یه‌ك گه‌شتن هه‌بوو له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌تایبه‌ت له‌ڕووی‌ كێشه‌كانی‌ نه‌وت وباجی‌ گومرگی‌ و پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ساڵی‌ دارایی‌ (2020).

كابینه‌ ده‌ست له‌كاركێشراوه‌كه‌ی‌ دكتۆر عبدالمهدی‌ له‌كۆتای‌ ساڵی‌ ڕابردودا توانی‌ ڕه‌شنوسی‌ پرۆژه‌ی‌ بودجه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران په‌سه‌ند بكات و ئاماده‌بوو بینێرنه‌ په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن و په‌سه‌ندكردنی‌ به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ی‌ كه‌له‌ كۆتاییه‌كانی‌ ساڵی‌ ڕابردو ڕوویاندا كه‌ زیاتر به‌هۆی‌ داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران و ڕێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر كه‌سێك كه‌ په‌سه‌ندی‌ مه‌رجه‌عیه‌ت و شه‌قام و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بێت و ناكۆكی‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران و كوژرانی‌ قاسم سلێمانی‌ و ئه‌بومه‌هدی‌ موهه‌ندیس نه‌توانرا پرۆژه‌كه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان هه‌رچه‌نده‌ ناردنی‌ پرۆژه‌ی‌ یاسای‌ بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان ئه‌م كابینه‌ كاربه‌ڕێكه‌ره‌ ده‌یتوانی‌ بیكات چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران چه‌ند ڕۆژ پێش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌یان په‌سه‌ند كرد بوو.

به‌پێ‌ ی‌ سه‌رچاوه‌ حكومیه‌كان بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق بۆ ساڵی‌ دارایی‌ (2020) بڕه‌كه‌ی‌ له‌ نێوان (140 بۆ 145) ترلیۆن دینار ده‌بێت واته‌ نزیكه‌ی‌ (135) ملیار دۆلار ، وه‌ كورتهێنانی‌ پێشبینی‌ كراو به‌ نزیكه‌ی‌ (40) ترلیۆن دینار داده‌نرێت واته‌ نزیكه‌ی‌ (32) ملیار دۆلار، بۆ دابین كردنی‌ ئه‌م بودجه‌یه‌ حكومه‌ت پشتی‌ به‌ستوه‌ به‌ (%93) داهاتی‌ نه‌وتی‌ فرۆشراو.كه‌ پێویسته‌ ڕۆژانه‌ عێراق بڕی‌ (3.800) سێ‌ ملیۆن و هه‌شت هه‌زار به‌رمیل ڕه‌وانه‌ بكات و به‌شی‌ هه‌رێم له‌و ڕێژه‌یه‌ (250) دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل بێت ڕۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ سۆمۆوه‌ ڕه‌وانه‌ بكرێت.نرخی‌ نه‌وتیش بۆ هه‌ر به‌رمیلێك به‌ (53) دۆلار دانراوه‌ ...

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ تێبینی‌ ده‌كرێت و مه‌ترسی‌ یه‌ بۆ حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی‌ عێراق ئه‌گه‌رێكی‌ زۆر هه‌یه‌ ساڵی‌ (2020) عێراق پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ نه‌بێت و كاروچالاكی‌ پرۆژه‌ ئابوری‌ و خزمه‌تگوزاری‌ و بازرگانی‌ و وه‌به‌رهێنان له‌م ساڵه‌دا نه‌بێت و ته‌نها حكومه‌ت ده‌توانێت به‌پێ‌ ی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ (2019) كار بكات واته‌ یه‌ك له‌سه‌ر دوازده‌ی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ به‌و مانایه‌ حكومه‌تی‌ عێراق جگه‌ له‌ خه‌رجیه‌ ئاساییه‌كانی‌ وه‌ك مووچه‌ ناتوانێت ده‌ست بخاته‌ ناو بودجه‌ی‌ گشتیه‌وه‌ یان حكومه‌ت ده‌توانێت به‌شێوه‌ی‌ قه‌رز له‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ پاره‌ خه‌رج بكات بۆ پرۆژه‌ پێویستیه‌كان و مووچه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ بودجه‌كه‌ له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێت .

له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ گومان له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ دكتۆر عبدول مه‌هدی‌ نایه‌وێ‌ ڕه‌شنووسی‌ بودجه‌كه‌ بنرێته‌ په‌رله‌مان به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌وه‌ كه‌ له‌ بودجه‌كه‌دا هه‌یه‌ به‌گشتی‌ و به‌تایبه‌ت ئه‌و كورتهێنانه‌ زۆره‌ی‌ كه‌ به‌نزیكه‌ی‌ (40 بۆ 48) ترلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران نایه‌وێ‌ ئه‌م مه‌ترسیه‌ بیخاته‌ سه‌ر شانی‌ خۆی‌ هه‌ر بۆیه‌ دوای‌ خستوه‌ بۆ كابینه‌ی‌ نوێ‌.ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا عێراق (127) ملیار دۆلار قه‌رزاری‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ و ناتوانرێت له‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌دا جێگه‌ی‌ بكرێته‌وه‌ و بارگرانیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ر دارایی‌ و ئابوری‌ عێراقه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌وڵی‌ دانه‌وه‌ی‌ نه‌درێت ئه‌وا ساڵانه‌ به‌هۆی‌ زیادبونی‌ سوودی‌ قه‌رزه‌كه‌وه‌ بڕه‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت و بارگرانیه‌كه‌ قورستر ده‌بێت.

هه‌ر بۆیه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت عێراق خراپترین بودجه‌ی‌ هه‌بێت و ساڵێكی‌ مه‌ترسیدار ده‌بێت بۆ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان و چونكه‌ له‌لایه‌ك ده‌نگی‌ ناره‌زایی‌ شه‌قام هێشتا وه‌ڵامنه‌دراوه‌ته‌وه‌ و كابینه‌ی‌ نوێ‌ پێكنه‌هێنراوه‌ و فه‌وزایه‌كی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ ده‌گوزه‌رێت له‌عێراقدا ده‌نگی‌ میلیشیا زاڵتر به‌سه‌ر ده‌نگی‌ حكومه‌ته‌وه‌ و له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ و چه‌ندینی‌ تر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێشبینی‌ باش به‌دی‌ ناكرێت له‌ڕووی‌ داراییه‌وه‌ بۆ عێراقی‌ ئاینده‌ .
*ئابوریناس

نوێترین نوسینەکانی سه‌ركۆ یونس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌