ئەگەر ئەمەریكا سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت !
وتار/
10/01/2020
631 جار بینراوە
سهركۆ یونس
ئەگەر ئەمەریكا سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت !
*سەركۆ یونس
دەرئەنجامی بڕیارە بەپەلەو عاتیفیەكەی پەرلەمانی عێراق كەبەبێ
ئامادەبوونی نوێنەرانی كورد و عەرەبی سوونە دەركرا پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنی
هێزە بیانیەكانی دەركرد و حكومەتی عێراقی سەرپشك كرد كە لەگەڵ لایەنە بیانییەكان بەگشتی
و لایەنی ئەمەریكی بەتایبەتی بگەنە ڕێكەوتنێك بۆ دەركردن و دەرچوونی هێزەكانیان بەیەكجاری
لە خاكی عێراق .
لەیەكەم كاردانەوەی ئەم بڕیارە (دۆناڵد تڕەمپ) سەرۆكی ئەمەریكا
تویتێكی هەڕەشە ئامێزی نارد بۆ حكومەت و سەركردەكانی عێراق بەوەی كە توندترین سزای
ئابوری و دارایی دەخاتە سەر عێراق كەقورس و كاریگەرن.
ئەوەی لێرەدا
گرنگە تیشكی بخەینە سەر لەحاڵەتی سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر عێراقدا ئایا
ئابوری عێراق چی بەسەر دێت و ئایا ئابوری ئەم وڵاتە پڕ قەیرانە بەرگەی هەموو ئەم
سزایانە دەگرێت ؟؟!
دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە ڕوونی بكەینەوە
1- لە
ئەگەری دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ،ئیدارەی ترەمپ داوای (1140) یەك ترلیۆن
و سەدو چل ملیار دۆلار دەكات وەك قەرەبوی هەموو ئەو خەرجیانەی كە ئەمەریكا لە ژێرخان
و كەرتەكانی ئابوری عێراق و شەڕی داعش لەدوای (2003)ەوە خەرجی كردون كە بێ گومان
ئەم گوژمەیە زۆر گەورەیە و لەسەر دارایی عێراق بارگرانییەكی لەڕادەبەدەر قورسە لە
كاتێكدا عێراق خۆی بەدەست چەندین قەیرانی ئابوری و دارایی و سیاسی و ئەمنی یەوە دەناڵێنێت،
چەندین ملیار دۆلار قەرزاری وڵاتان و ناوەندەداراییەكانی جیهانە و ساڵانە لە بودجەی
گشتی قەرزەكانی دەداتەوە كە بارگرانیەكی زۆر قورس بەسەر دارایی عێراقەوە.
2- بەسەپاندنی
سزاكان بەسەر عێراقدا ئەوا ڕاستەوخۆ بەهای دیناری عێراقی بۆ نزمترین ئاست بەرامبەر
دۆلار دادەبەزێت كە بێ گومان ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر نرخی كاڵاو شمەكەكانی
ناوبازاڕەكانی عێراق چونكە بەهەر بەرزبونەوەیەك لەبەهای دۆلاری ئەمەریكی واتە گران
بونی نرخی شتومەكەكان و دیاردەی هەڵاوسان زیاتر سەرهەڵدەدات و كەلە ئێستادا هەڵاوسان
لەبەرزترین ئاستدایە بەپێ ی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانی عێراق ڕێژەی هەڵاوسان
نائاسایی یەو بەم شێوەیە دیاری كراوە ( 104.8%) ی بەرزی ئاستی گشتی نرخەكانە.
3- ئەگەر
كۆشكی سپی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزاكان بسەپێنن بێ گومان یەكێك لەو سزایانە
ڕێگەنەدانی عێراقە بە فرۆشتنی نەوتەكەی لەبازاڕەكانی جیهاندا كە سەرچاوەی بژێوی و
داهات و بودجەی گشتی وڵاتە.ئەوەتا لەبودجەی گشتی ساڵی دارایی (2020) كە لە ئەنجومەنی
وەزیرانەوە پەسەند كراوە بە نزیكەی (140) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە و بەڕێژەی (%93 بۆ
%95 ) پشت بە داهاتی نرخی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت.
4- یەكێكی
تر لەو سزایانە كە لەوانەیە ئەمەریكا پەیڕەوی بكات دەست بەسەر یەدەگی دراوی عێراقی
لە بانكە جیهانیەكان بگرێت ئەمەش دەبێتە هۆی توانای دارایی عێراق كەم دەكاتەوە بێ
گومان بۆ باری دارایی عێراق مەترسیدارە.هەروەها
بانكی ناوەندی عێراق بە كاغەزی دارایی وەبەرهێنانی كردوە لە بۆرسەی ئەمەریكا بێ
گومان ئەم وەبەرهێنانەش بەرمەترسی دەست بەسارگرتن دەكەوێت.
5- یەكێكی
تر لەو سزایانە كە گومانی تێدا نی یە گەنجینەی ئەمەریكا دەیگرێتە بەر دەستەبەراگرتنی
سەروەت و سامان و دارایی سیاسیەكانی عێراقە لە بانكە نێودەوڵەتی یەكاندا و بلۆك
كردنی سامانی بەرپرسان دەبێت و كە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێن.
6- لە
دەرئەنجامەكانی سزاكان لەحاڵەتی سەپاندنیاندا چوونەدەرەوەی كۆمپانیا نەوتیە گەورەكانی
جیهانی یە كە ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و كەمبونەوەی
قەبارەی نەوتی بەرهەمهاتوو و دابەزینی ناردنە دەرەوەی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهانی .
7- بەهۆی
بوونی گرژیە سیاسیەكان و سزاكان لەسەر عێراق ئەگەر بسەپێنرێت كاریگەری هەیە لەسەر
پرۆسەی وەبەرهێنانی بیانی لەناوخۆی عێراق و چوونەدەرەوەی سەرمایەی نیشتیمانی هەموو
ئەمانە كاریگەری نیگەتیڤی هەیە لەسەر ئابوری عێراق،ئەوەتا عێراق خۆی بەدەست دیاردەی
بێكاری دەناڵێنێت و ڕێژەی (%22) ی دەستی كاری عێراق بێكارن و هەلی كاریان بۆ نەڕەخساوە
و سەرەڕای ئەوەش كە خزمەتگوزارییەكان لە عێراقدا لە نزمترین ئاستدایە.
8- ئەگەر
كۆشكی سپی سزا بسەپێنێ بەسەر عێراقدا ئەوا كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەرازوی
بازرگانی و لایەنی هاوردەو هەناردەكاری ،لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێكی هاوردەكارە و بۆ
پڕكردنەوەی پێویستیەكانی پەنا دەباتە بەر وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی و هەروەها لەبەرئەوەی
سەرجەم ئەم مامەڵانە بەدۆلار ئەنجام دەدرێت و لەهەمان كاتدا باری گوزەرانی دانیشتوانی
عێراق خۆی لە ئاستێكی زۆر لاوازدایە و داهاتی تاكەكەس زیاتر پشت بەو مووچەیە دەبەستێت
كە حكومەت مانگانە دەیدات بە مووچەخۆران و كەسو كاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و
خەرجیە كۆمەڵایەتی و هتد ،كەلە عێراقدا زیاتر لە (6) ملیۆن فەرمانبەری دەوڵەتی هەن
و بە سەدان مووچە خۆری تر هەن لەبەر ئەوە پێمان وایە بارگرانییەكە زیاتر لە سەر
شانی چینی هەژاران و موچەخۆرانی دەوڵەت دەوەستێت و ئەوەشمان لەبیر نەچێت ڕێژەی لە (%22)
دانیشتوانی عێراق هەژارن لە ژێر هێڵی هەژاریەوە ژیان دەگوزەرێن.
هیوادارین حكومەتی عێراقی و لایەنە سیاسی یەكان پێش ئەوەی
كار لەكار بترازێ حەكیمانە بڕیاری سیاسی بدەن و دوور بكەنەوە لە بڕیاری عاتیفی و
كە كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئابوری عێراق و لە نزیكترین ماوەدا ئابوری دادەتەپێت
و ڕەنگدانەوەی دەبێت بۆ چەندین ساڵی داهاتوو
گومانی تێدا نی یە لەبەر ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری
داوە و حكومەتیش فیدراڵی یە واتە هەر بڕیارێكی سیاسی و ئابوری لە حكومەتی عێراقەوە
دەربچێت بێ گومان هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و دەرئەنجامەكانی خراپتر بەسەر
ئابوری هەرێمەوە دەبێت چونكە ڕێژەیەكی زۆری بەشە بودجەی هەرێم بەپێ ی پرۆژەی یاسای
بودجەی عێراق لە بەغدادەوە دابین دەكرێت و حكومەتی هەرێم بەپێ ی دەستور پابەندی بڕیارەكانی
ناوەندە لەڕووی سیاسی و ئابوری و دارایی یەوە..
*ئابوریناس
نوێترین نوسینەکانی سهركۆ یونس
-
سهركۆ یونس
05/09/2021
-
سهركۆ یونس
05/09/2021
-
سهركۆ یونس
09/08/2021
-
سهركۆ یونس
22/07/2021
-
سهركۆ یونس
28/06/2021
-
سهركۆ یونس
10/06/2021