بودجەی هەرێم، دوای شەش ساڵ !

وتار/ 29/09/2019 594 جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس

بودجەی هەرێم، دوای شەش ساڵ !

سەركۆ یونس*
حكومەتی هەرێم لەڕێگای وەزارەتی داراییەوە هەوڵ دەدات بۆ ساڵی دارایی (2020) بودجەی هەرێم ڕێكبخات و دوای شەش ساڵ حكومەتی هەرێم ببێتەوە بەخاوەنی بودجەی ساڵانە و هەوڵدەدرێت ببرێتە پەرلەمان و كوتلە پەڕلەمانیەكان گفتۆگۆی لەسەر بكەن و خەرجی و داهاتەكانی بودجە دیاری بكرێت و دەسەڵاتی جێبەجێكردن پابەندی یاساكە بكەن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا حكومەتی هەرێم دەتوانێت بودجەی هەرێم دابنێت؟!
لەئێستادا حكومەتی هەرێم نزیكەی (24) ملیار دۆلار قەرزدارە، كە(8)ملیار و (900) ملیۆن دۆلاری قەرزی مووچەخۆرانی خۆیەتی كەبەهۆی قەیرانی دارایی و پێنەدانی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دروست بووە و حكومەتی هەرێم بە سیستەمی پاشەكەوت ڕێژەیەكی بەرچاوی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی خۆی كەمكردەوە كە زیاتر لە چوار ساڵی خایاند و هەرێمی كوردستان بەبارودۆخێكی نائاسایی گوزەری كرد و بەشەكەی تری قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان و هەندێ قەرزی ترە بۆ دابینكردنی خەرجییەكانیان.

بەغداو قەرزەكانی سەر هەرێم:
تائێستا حكومەتی عیراق ئامادە نییە قەرزەكانی سەرهەرێم بداتەوە و پاكتاوی بكات، هەرچەندە لەڕێككەوتنی ساڵی ڕابردوودا بەغدا ڕێگەی داوە بە هەرێم نەوتەكەی بفرۆشێت تاكو قەرزەكانی دەداتەوە، بەڵام وادیارە تا ئێستا هەرێم نەیتوانیوە پاكتاویان بكات، پێمانوایە حكومەتی هەرێم هەوڵ بدات تاكو بەڕێز دكتۆر عادل عبدالمهدی سەرۆك وەزیرانە، بگەن بە ڕێككەوتن و ڕێككەوتنەكەش بۆ ساڵێك نەبێت و تەنانەت هەوڵ بدرێت تا كۆتایی كابینەكەی دكتۆر عبدالمهدی بێت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت تا هەڵبژاردنی داهاتوی پەڕلەمانی عیراق بخایەنێت و هەوڵ بدرێت لەپەرلەمانی عێراقەوە بە یاسا ڕێككەوتنەكە بكرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار بكرێن جێبەجێی بكەن، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عیراقی لەم بارەوە هیچ بڕیاریكی نەداوە و حكومەتی هەرێمیش چارەسەركردنی قەرزەكانی كردووە بەمەرج بۆ ڕادەستكردنی نەوت بەبەغدا و لەئێستادا ئەم بابەتە بەربەست و گرفتی سەرەكی بەردەم گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدایە. بۆیە پێویستە تیمی دانوستانكاری كورد تەنها گفتوگۆ لەَگەڵ بەرێز عبدالمهدی نەكات، بەڵكو پێویستە گفتوگۆكان فراوان بكەن لەگەڵ سەرجەم كوتلەكانی ناو پەرلەمان و تەنانەت مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانیش تا بتوانن پشگیرییەكی باش بۆ خواستەكانی كورد لەناو بودجەدا جێبكەنەوە، لەبەرئەوە ئێمە دەزانین كە بەڕێز سەرۆك وەزیران خاوەنی كوتلەی پەڕلەمانی بەهێز نییە.

گرفت و كێشەكان:
یەكێك لە گرنگترین كێشەكانی هەرێم و ناوەند پێنەدانی پشكی هەرێمە لەو قەرزانەی كە حكومەتی عیراقی لە وڵاتان و ناوەندە داراییەكانی كردووە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابورییەكان، ئەم گلەییانە لەحكومەتی هەرێمەوە چەندین جار ئاڕاستەی حكومەتی ناوەند كراوەو هەندێجار نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمەریكا و وڵاتانی كۆمەكبەخش و قەرزدەری لێ ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا هەرێم بێ وەڵام ماوەتەوە.
یەكێكی تر لە كێشە ستراتیژییەكان لەحاڵەتی پێدانی بەشە بودجەی هەرێم كەمكردنەوەی ڕێژەی (%17) ساڵانی دوای پڕۆسەی ئازادی بووە بۆ كەمتر لە (12.67%) ی كۆی گشتی بودجەی گشتی عیراق ئەمەش لەدوای بڕینی بودجەی هەرێم لە (2014) لەلایەن حكومەتی ئەوكاتی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری مالكی و نەدانی بودجە بە هەرێم .
یەكێكی تر لە كێشەكانی حكومەتی هەرێم ئەوەیە هەرێم ناتوانێت نەوت بە نرخی جیهانی بفرۆشێت و ڕەنگە حكومەتی عیراقیش هەندێ كێشەی یاسایی و سیاسی بۆ دروست بكات بەتایبەت كێشەی ئەو سكاڵایەی كە كابینەی نوری مالیكی لە توركیای كردووە بەوەی حكومەتی ئەنكەرە ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ هەولێر كردووە و بەغداش پێیوایە ئەمە پێشێلكردنی سەروەری دەوڵەت و حكومەتی عیراق دەزانێت و دوور نییە ئەمەش ببَیتە كێشەیەك لە داهاتوودا .
حكومەتی هەرێم هەر زوو ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند و ئامادەی خۆیان پیشان داوە بۆ ئەم ڕێككەوتنە و بەپێی دەستوری عیراق، تاكە ئومێد و هیوایەك هەبێت بە سەرۆك وەزیرانە كە پیاوێكی میانڕەوە و بەوە ناسراوە لەگەڵ ڕێككەوتندایە لەگەڵ هەرێم، كوردیش دكتۆر عبدالمهدی بە دۆست و خەمخۆر دەزانێ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئایا كابینەكەی عبدالمهدی دەتوانێت كوتلە سیاسی و لایەنە عیراقییەكان ڕازی بكات بەڕێككەوتن و پێدانی بەشە بودجە و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمدا، ئەوەی تێبینی دەكەین بەشێكی زۆری كوتلە سیاسی و لایەنە عیراقییەكان هەر لە ئێستاوە هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی دارایی (2020) بەئاسانی تێپەڕ نابێت لەپەرلەمان و بەشێكیان پێیانوایە ئەو بڕە پارەیەی عبدالمهدی وەك نیازپاكی لە (2019 ) ناردویەتی نابێت بەبێ بەرامبەر ببێت و داوای بڕینی دەكەن.
بەڵام ئەگەر هاتوو بەغداو هەولێر ڕێكنەكەوتن ئەمەش ئەگەرێكی لاواز نییە لەم حاڵەتەدا كورد هیچ ڕێگایەكی تری نامێنێت جگەلە فرۆشتنی نەوتەكەی بەسەربەخۆیی ئەوكاتەش بودجەی هەرێم پێك دێت لە فرشتنی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ هەندێ هاوكاری كە لەلایەن هاوپەیمانیانەوە دەدرێت بەبەشێك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، گومانی تێدا نییە لەم حاڵەتەدا ناتوانرێت هەرێم هەموو پێداویستیەكانی دابین بكات لەبەر زۆری خەرجییەكان و كەمی داهاتەكان.

هیوادارین حوكمەتی هەرێم بتوانێت پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی دوای شەش ساڵ ڕێكبخات و بڕواتە پەڕلەمانەوە و لایەنەكانی ناو پەڕلەمان گفتۆگۆیەكی زانستی و واقیعی لێ بكەن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت زۆر ئەستەمە لە ئێستادا بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا بتوانرێت بودجەی هەرێم دابنرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بودجەی گشتی عێراق و هەرێم زیاتر لە (%90) ی پشت بە داهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت كەهەمیشە و بەردەوام مەترسی لەسەرە و لەئێستادا بودجەی گشتی عیراق ساڵانە بە كورتهێنانێكی زۆرەوە تێدەپەڕێنرێت، كە ڕێژەكەی بە (22) ملیار دۆلار ساڵانە دەخەملێنرێت. ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئابووری عیراق پڕمەترسییە و بڕی قەرزەكانی (124) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و تەنها لە ساڵی (2019) بڕی (7) ترلیۆن دیناری لە سندوقی خانەنیشینی قەرزكردوە.

*ئابوریناس

نوێترین نوسینەکانی سه‌ركۆ یونس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌