پرسیارێک کراوە لێم

وتار/ 24/05/2019 774 جار بینراوە

سۆران خدری

پرسیارێک کراوە لێم
سۆران خدر
هۆکاری چی یە، کە مافە تاکگەراییەکان لە ئەوروپا وەها بەر چاون کەچی لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوین هێشتاکە لە ململانێدان.

یەکەم: مێژووی ململانێ لەسەر دەسەڵات وە بە دەست هێنانی ئازادی لەم دوو بەشەی دوونیا لەسەر دوو بنەمای جیاواز بوون. هەموو مێژووی رۆژئاوا، بگرە بەم رۆشەوە ململانێ لە نێوان ئەرباب وە کۆیلەدا بووە. واتە دوای ئەوەی کە کۆیلەکان ململانێ خۆیان سیاسی کرد، چیتر هەوڵی ئەوەیان نەدەدا لە دەرەوەی سیستەمی بەرێوەبەرایەتی ئەربابەکان سیستەمێک خۆماڵ خۆیان جێگیر بکەن. واتە چیتر ململانێ ئەوان لەسەر رووخانی سیستەمی ئەرباب نەبوو، بەڵکوو هەوڵدان بوو بۆ وەرگرتنی هەندێ ماف لەناو ئەو سیستەمەدا، واتە چاک کردنی باروودۆخی ژیانی کۆیلەکان بۆ ئەوەی بتوانن کە بە شێوەیەکی گوونجاو خزمەت بە ئەربابەکانیان بکەن. پێش ئەوەی ململانێ کۆیلەکان سیاسی بکرێت، کۆیلەکان نە هەوڵی گۆرانی سیستەمیان دەدا، نە داوای چاکر کردنی سیستەمیان دەکرد. بەڵکوو هەرکات کە نارەزاییەتی یان دەر دەبرێ هەڵ دەهاتن دەچوون بە ناو شاخو جەنگەلەکاندا خۆیان دەشاردەوە، تا ئەو سەردەمەی کە دەمردن. ئەمرۆکە، ئەم ململانێ یە لە نێوان زۆرینەی خەڵکی کاریگەرە وە کەمینەی سەرمایەدار. ئەگەر بە ووردی سەیری نارەزاییەتەکانی خەڵکانی رۆژئاوا بکەین، هەمیشە داوا دەکەن کە باری کار کردن، وە ژیان کردنیان چاک بکرێت. یا ئەوەی کە کۆمپانیاکان هەندێ لە سیاسەتەکانیان بگۆرن بەرانبەر بە کار مەندەکانیان.

دووەم: لە رۆژهەڵاتی ناوین، دوای بڵاو بوونەوەی ئیسلام لە ناوچەکە، بە خستنە رووی پرۆژەیەکی درێژ خایەن، ململانێ نێوان، ئەرباب وە کۆیلەی کەم رەنگ کردەوە. واتە خاوەن چارەسەری یەک بوو بۆ ئەو کردەوەیە، ئەگەر چی مەرجی بۆ دانابوو. بەڵام خۆی لە خۆیدا هۆکاری کەم رەنگ کردنەوەی ململانێ نێوان ئەرباب وە کۆیلە بوو. واتە نەک هەر ئەوەی کە پرۆژەی هەبوو بۆ چاک کردنی بواری ژیان وە مافی کۆیلەکان، بەڵام خاوەن پرۆژەش بوو، بۆ کۆتایی هێنانی ئەو دیاردەیە.

سێ یەم: لەو سەردەمەوە، ململانێ لەسەر دەستەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوین لە چوارچێوەی کۆیلەو ئەرباب گۆردرا بۆ ململانێ نێوان دوو سیستەم، کە هیچ کامیان هیچ کامیانی قەبووڵ نەکردوە وە نایکات. واتە ململانێ نێوان دوو سیستەم کە بوونی یەکیان بە واتای نەبوونی ئەوی کە بووە وە دەبێت. بەڵام لە ململانی نێوان کۆیلە وە ئەرباب، بوونی سیستەمی ئەرباب، بە واتای نەبوونی کۆیلە نەبووە، بەڵکوو هەر وەکوو چۆن لەسەرەوە ئاماژەم پێ کرد، دوای بە سیاسی کردنی ململانێ نێوان کۆیلە وە ئەرباب، کۆیلە هەوڵی لا بردن، یا گۆرانی سیستەمی ئەربابی نەداوە، بەڵکوو هەوڵی چاک کردنی ئەو سیستەمی داوە، کە هەندێ لە مافە سەرەتاییەکانی بپارێزێت بۆ بەردەوام بوون وە مانەوەی خوودی سیستەمەکە. ئەگەر ئەمرۆکەش بەراوردی ململانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین بکەین لەگەڵ دەستەڵات داران لە چوارچێوەی دەوڵەتی سیکیولاری ئەمرۆکەدا لە ناوچەکە، لەسەر هەمان رێچکەیە. واتە لا بردنی سیستەمێک وە دامەرزاندنی سیستەمێکی نوێ یە. بە پێچەوانەی رۆژئاواییەکان کە تەنها وڵاتێک سیستەمی پێسووی خۆی سری یەوە، شۆرشی فەرەنسی بوو. بۆ نموونە، ئەگەر جی لە بەریتانیا هەمان شۆرش کرا، وە پاشا لە سێدارە درا، بەڵام لە سێدارە دانی پاشا، نەبوو بە هۆکاری دامەرزاندنی سیستەمێکی نوێ وەکوو ئەوەی فەرنسا. بە پێچەوانە، لۆردەکان، دووبارە سیستەمی پاشایەتییان دامەرزاندەوە. یەک لە هۆکارەکانیش، ئەو شەرە ناوخۆیەی بەریتانیا، شەری کۆیلە وە ئەرباب نەبوو، بەڵکوو شەری ئەربابەکان خۆیان بوو. واتە شەری نێوان لۆردەکان وە بنەماڵەی پاشا.

چوارەم وە کۆتایی: ئەو شێوازە ململانێ نێوان کۆیلە وە ئەرباب، ئەمرۆکە وا خەریکە لەلایان کوردەوە نەهادینە دەکرێت. واتە بۆ ئەوەی کە کورد ململانێ خۆی بە سیاسی بکات، پێویستە، هەوڵی ئەوە دەدات لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کە ئەو سیستەمانەی کە لەسەر دەستەڵاتن چاکیان بکات. واتە ململانێ کورد، تازە وا خەریکە بە سیاسی دەکرێت لە چوارچێوەی ململانێ ئەربابو کۆیلەدا. چاککردنی باروودۆخی ژیان گەلی کورد وە وەرگرتنی هەندێ مافی سەرەکی لە چوارچێوەی هەمان سیستەمدا. بەپێی خوێندنەوەیەک کە کردوومە لەسەر ئەوەی کە هۆکاری جی یە، کە کورد خاوەن دەستەڵاتی سیاسی نی یە لە سەر مەعرەفەیەکی خۆماڵی، بۆم دەر کەوتووە کە کورد بە درێژایی مێژوو لەبەر سرووشتی ئەو جوگرافیای کە تێیدا دەژیت، نە ئەرباب بووە وە نە کۆیلە. بەڵکوو بە درێژایی مێژوو لە نێوان ئەم دوو جینەدا بووە. ئەمەش یەک لە هۆکارەکانە کە تاوەکوو ئەمرۆکەش نەیتوانیوە ببێت بە خاوەن دەستەڵاتی سیاسی. وەکوو ووتم، ئیستاکە وا خەریکە چیتر لەو باروودۆخە بێتە دەرەوە، وە ململانێ خۆی سیاسی بکات لە چوارچێوەی ململانێ ئەرباب وە کۆیلە، بە چاککردنی باروودۆخی ژیانی لە چوارچێوەی سیستەمی ئەربابانی باڵا دەست.

بۆیە، ئەگەر مرۆڤ بە ووردی مێژووی پەرەسەندنی ئاڵووگۆرەکان تەماشا بکات لە ناوچە جوداکانی دوونیا، بۆی دەردەکەوێت کە سرووشتی ململانێ سیاسی لە ناوچەکاندا لە یەک جێوازە، وە ئەستەمە تەجرووبەی ناوچەیەک لەو ناوچەکەی کە سەرکەوێت حەتا لە رێگەی بەکارهێنانی تووندو تیژی یەوە. واتە ئەو شێوازە تاکگەراییە کە لە رۆژئاوا هەیە، قەت لە رۆژهەڵاتی ناوین نەهادینە ناکرێت، لە حاڵێکدا نەبێت کە زاکیرەی مێژووی سیاسی گەلانی ناوچەکە بە یەکجاری بسرێتەوە. ئەویش تەنها لە رێگەی ئەنجام دانی جینوسایدەوە دەکرێت، کە مەحاڵە سەرکەوتوو بێت.

نوێترین نوسینەکانی سۆران خدری

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌