ئـابـــوری‌ ڕه‌مـــــه‌زان

وتار/ 11/05/2019 609 جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس

ئـابـــوری‌ ڕه‌مـــــه‌زان

سه‌ركۆ یونس*
له‌مانگی‌ ڕه‌مه‌زاندا زیاتر له‌یه‌ك ملیار موسڵمان به‌ كاتژمێری‌ جیاواز له‌نزیكه‌ی‌(57) وڵاتی‌ موسڵماناندا و جگه‌ له‌ موسڵمانانی‌ وڵاتانی‌ تر به‌ڕۆژوو ده‌بن. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ باش و خراپی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئابوری‌ ئه‌م وڵاتانه‌.
بێ‌ گومان ئه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتارانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌كاربه‌رو كڕیارانی‌ به‌ڕۆژوو له‌م مانگه‌دا پێ‌ ی‌ هه‌ڵده‌ستن وئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ن ،له‌ هه‌ندێ‌ وڵات به‌هۆی‌ گۆڕانكاری‌ كه‌شوهه‌وا و داب ونه‌ریتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وئایینه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات له‌وانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كاتژمێره‌كانی‌ كاركردن له‌كه‌رتی‌ گشت و تایبه‌ت ودواخستنی‌ كردنه‌وه‌ی‌ دوكان و ماركێت و شوێنه‌بازرگانی‌ و پیشه‌سازییه‌كان و له‌هه‌مانكاتدا زووداخستنیان، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ نێگه‌تیڤی‌ ده‌بێت به‌سه‌ر گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ ناوخۆیی‌ و چالاكی‌ بازرگانی‌ وسه‌رئه‌نجام به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ئابوری‌ هه‌موه‌كی‌
له‌ڕاستیدا كاریگه‌ریه‌كانی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زان له‌سه‌ر ئابوری‌ جیهانی‌ به‌ گشتی‌ و ئابوری‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌
زۆر و جۆراو جۆرن و وه‌ بوه‌ته‌ جێگای‌ سه‌رنج و تێڕامانی‌ ئابوریناسان ئه‌وه‌تا به‌پێ‌ ی‌ ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ (2015) ده‌رچوون ، ده‌ركه‌وتووه‌  ساڵانه‌ موسڵمانان نزیكه‌ی‌ (1.8) ترلیۆن دۆلار خه‌رج ده‌كه‌ن.له‌چه‌ند ساڵی‌ ڕابردودا هه‌ندێ‌ توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ له‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ ئه‌نجامدراوه‌ و ده‌ركه‌وتوه‌( ئه‌گه‌ر بێت و كاتژمێره‌كانی‌ به‌ڕۆژوو بوون درێژه‌ بكێشێت ئه‌وا كاریگه‌ری‌ نێگه‌تیڤی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئابوری‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌گشتی‌ و وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ به‌ تایبه‌ت و ئه‌گه‌ر هاتوو تێكڕای‌ كاتژمێره‌كانی‌ به‌ڕۆژوبون له‌ (12) كاتژمێره‌وه‌ به‌رزببێته‌وه‌ بۆ (13) كاتژمێرئه‌وا ڕێژه‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ له‌و وڵاتانه‌دا كه‌مده‌بێته‌وه‌ بۆ (%7) !
كه‌مبونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مداری‌:
به‌هۆی‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ تێگه‌شتنه‌وه‌ له‌ مانگی‌ پیرۆزی‌ ڕه‌مه‌زان به‌وه‌ی‌ كه‌ موسوڵمانان كردویانه‌ به‌ مانگی‌ پشوو و پاڵدانه‌وه‌ و نوستن به‌ڕۆژ و خواردن و خواردنه‌وه‌  و به‌سه‌ربردنی‌ كات به‌ پیاسه‌كردن و سه‌ردانه‌كان به‌شه‌و واده‌كات به‌رهه‌مداری‌ یه‌كه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌ئابوریه‌كان كه‌مببێته‌وه‌ و ڕێژه‌ی‌ كاروچالاكیه‌ ئابوری‌ و بازرگانیه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌ به‌پێ‌ ی‌ هه‌ندێ‌ ئاماری‌ زانستی‌ پێوه‌ره‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زاندا له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ داده‌به‌زێت و ئه‌وه‌تا به‌پێ‌ ی‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتوه‌ ئاستی‌ به‌رهه‌م و به‌رهه‌مداری‌ به‌ڕێژه‌ی‌ (%20 بۆ %40) دابه‌زیوه‌ له‌و كێڵگانه‌ی‌ كه‌ كرێكارانی‌ هیندی‌ به‌ڕۆژو ده‌بن.له‌به‌شێكی‌ تری‌ وڵاتانی‌ ئیسلامیدا كاروچالاكییه‌كان ده‌خرێنه‌ كاته‌كانی‌ شه‌وه‌وه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ سیسته‌می‌ كاركردنی‌ ئابوری‌ ئه‌م وڵاتانه‌یه‌.
ڕۆشنبیری‌ به‌كاربردن :
به‌هۆی‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ تێگه‌شتنه‌یه‌وه‌  زۆربه‌ی‌ خێزانه‌كان له‌ پێش هاتنی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زان بۆ دابین كردنی‌ پێداویستیه‌كانی‌ ئه‌و مانگه‌ له‌ خۆراك و خوارده‌مه‌نی‌ و ته‌نانه‌ت جلوبه‌رگیش ڕوو ده‌كه‌نه‌ بازاڕه‌كان ئه‌مه‌ وا ده‌كاته‌ جموجوڵ بخاته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ وخه‌رجی خێزانه‌كان به‌ هۆی‌ خواستی‌ به‌كاربردنه‌وه‌ زیاده‌ ده‌كات و وا له‌ فرۆشیاران ده‌كات ورده‌ ورده‌ نرخه‌كانیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌ وبه‌ده‌رفه‌تێكی‌ له‌باری‌ ده‌زانن بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن..! كه‌ ده‌چینه‌ ناو ڕه‌مه‌زانه‌وه‌  دیارده‌كه‌ گه‌وره‌تر و فراوانتر ده‌بێت به‌تایبه‌ت له‌ئابوری‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ ده‌زگای‌ به‌رهه‌مهێنانیان توانای‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و خواسته‌یان نی‌ یه‌ وه‌ك ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عێراق بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ ناچار په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر هاورده‌كردنی‌ بڕێكی‌ زیاتر له‌ بابه‌تی‌ خۆراك خوارده‌مه‌نی‌ و میوه‌ به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ ،ئه‌م ناڕۆشنبیرییه‌ی‌ به‌كاربردن له‌لایه‌ن زۆربه‌ی‌ ڕۆژوه‌وانانه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ نێگه‌تیڤی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئابوری‌ به‌گشتی‌ و كه‌رتی‌ بازرگانی‌ به‌تایبه‌تی‌ ،ئه‌مه‌ واده‌كات جارێكی‌ تر ته‌رازوی‌ بازرگانی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاورده‌كردن بێت و سه‌روه‌ت و سامانی‌ ناوخۆیی‌ له‌پێناو پڕكردنه‌وه‌ی‌ پێداویستیه‌كان جارێكی‌ بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم.ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ خراپ ده‌خاته‌ سه‌ر بودجه‌ی‌ خێزان و زۆربه‌ی‌ داهاته‌كانیان بۆ لایه‌نی‌ خه‌رجی‌ به‌كاربردن ته‌رخان ده‌كرێت و هه‌ندێ‌ جار ڕێژه‌یه‌ك له‌ خێزانه‌كان له‌ پێناو دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كانیان په‌نا بۆ قه‌رز ده‌به‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش بارگرانیه‌كی‌ تره‌ به‌سه‌ر شانی‌ كۆمه‌ڵگاوه‌.

•    زیاده‌رۆیی‌ له‌ به‌كاربردندا :
له‌ڕاستیدا مانگی‌ ڕه‌مه‌زان ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ تاك و خێزانی‌ موسڵمانان به‌سیسته‌م و شێوازی‌ به‌كاربردنیاندا بچنه‌وه‌ و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌دیارده‌ی‌ به‌فیرۆدان و زیاده‌خه‌رجی‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی‌ نارۆشنبیری‌ به‌كاربردنه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كان توشی‌ دیارده‌ی‌ زیاده‌ به‌كاربردن و زیاده‌ خه‌رجی‌ ده‌بنه‌وه‌ و زیاد له‌ پێویستی‌ ڕۆژانه‌ پێداویستی‌ ده‌كڕن و بۆ هه‌ردوو ژه‌می‌ ئێواران و پارشێو داده‌نرێت كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ زیاده‌یه‌ و سه‌رئه‌نجام به‌فیرۆ ده‌چێت و ده‌خرێته‌ ناو زبڵدانه‌وه‌ ئه‌وه‌تا به‌پێ‌ ی‌ ئامارێكی‌ ناڕه‌سمی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ له‌ساڵانی‌ ڕابردودا نزیكه‌ی‌ له‌ (%60 بۆ%70) ی‌ زبڵ و خاشاكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بریتی‌ بووه‌ له‌ مادده‌خۆراكیه‌كان و سه‌وزه‌ و میوه‌ ! هه‌رچه‌نده‌ له‌ئاینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلامدا زیاده‌به‌كاربردن و زیاده‌رۆیی‌ ڕێگه‌ پێنه‌دراوه‌ و ده‌چێته‌ بواری‌ حه‌رامكراوه‌كانه‌وه‌ .
له‌ڕاستیدا به‌رۆِژوو بون بۆخۆی‌ هه‌ندێ‌ ڕه‌هه‌ندی‌ ئابوری‌ گرنگی‌ هه‌یه‌ بۆ موسڵمانان یه‌كێك له‌وانه‌ پاراستنی‌ ته‌ندروستی‌ خودی‌ مروڤه‌ كه‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌تاو كۆتایی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ئابوریه‌ بۆ مرۆڤ خۆیه‌تی‌ به‌داخه‌وه‌ له‌م لایه‌نه‌یشه‌وه‌ تاكی‌ موسڵمان هه‌ست به‌وه‌ ناكات و پشت گوێ‌ ی‌ خستوه‌ به‌سه‌ردانێكی‌ شه‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ فریاگوزارییه‌كان تێبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ زۆربه‌ی‌ زۆری‌ توشبوان كه‌سانی‌ ڕۆژوه‌وانانن.!
هۆكاره‌كانی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخه‌كان له‌ ڕه‌مه‌زاندا:-
لێره‌دا به‌كورتی‌ باس له‌و هۆكاره‌ ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌بنه‌هۆی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ شمه‌ك وكاڵاكان،گرنگترین هۆكار خودی‌ ڕه‌فتاری‌ به‌كاربه‌ری‌ ڕۆژوه‌وان خۆیه‌تی‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌به‌ڕۆژوو ئه‌بێت برسی‌ و تونیو ده‌بێت و حه‌زی‌ بۆ زۆرێك له‌ خواردن و خوارده‌مه‌نی‌ یه‌كان ئه‌جوڵێت ئه‌مه‌ وا ده‌كاته‌ ببێته‌هۆی‌ زیاد بونی‌ خواست و سه‌رئه‌نجام به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخه‌كان،هه‌روه‌ها زێده‌به‌كاربردنی‌ ڕۆژوانان یه‌كێكی‌ تره‌ له‌ هۆكاران،گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ پێدانی‌ مووچه‌ و نه‌مانی‌ پاشه‌كه‌وت به‌شێوه‌یه‌ك بووه‌ هۆی‌ زیاد بونی‌ داهاتی‌ نه‌ختینه‌یی‌ تاك و خێزانه‌كان بووبه‌هۆی‌  زیاد بونی‌ خواست و خه‌رجی‌ به‌كاربردن ، هه‌روه‌ها ئه‌و پێشبینی‌ یه‌ نادروسته‌ی‌ كه‌به‌كاربه‌ران هه‌یانه‌ كاریگه‌ری‌ ناڕاسته‌وخۆی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخه‌كان و ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت هۆكاره‌ ئاینییه‌كان له‌ خێرو سه‌ده‌قه‌و سه‌رفیتره‌ی‌ ڕه‌مه‌زان و پێدانی‌ زه‌كاتی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندان له‌م مانگه‌دا ده‌بێته‌هۆی‌ زیادیونی‌ داهاتی‌ چینی‌ هه‌ژاران و ڕاسته‌وخۆ خه‌رج كردنی‌ له‌بازاڕه‌كاندا و سه‌ره‌ئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخه‌كان ،هه‌روه‌ها زۆر به‌داخه‌وه‌ فرۆشیاران و بازرگانانی‌ هه‌رێم به‌چاوێكی‌ ته‌ماحاوی‌ له‌بارودۆخه‌كه‌ ده‌ڕوانن و هه‌مو هه‌وڵێكیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ قازانجه‌.!
باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یران و دیاردانه‌ بونیاد نانی‌ ئابورییه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ و پته‌و و پشت به‌ستو به‌ سامانی‌ نیشتمانی‌ كه‌رته‌كانی‌ نه‌وت وكانزاكان و كشتوكاڵ وگه‌شتوگوزاره‌وه‌ هه‌رێم ده‌توانێت به‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخانه‌دا زاڵ ببێت ...
*ئابوریناس


نوێترین نوسینەکانی سه‌ركۆ یونس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌