لیستی عەلی باباكان

وتار/ 30/04/2018 695 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

لیستی عەلی باباكان
عەلی مەحمود محەمەد
تەمویلی دادپەروەرانە و ئاشكرا یەكێكە  لە پێوەرە سەرەكی و بنچینەییەكانی دادپەروەری هەڵبژاردن ,  پێویستە خەڵك بزانێت كێ لە پشت ئەم پارتانەوەیە, پارە لە كوێ دێنن؟, بۆ كێ كار دەكەن؟,  چەند خەرج دە كەن لە پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن؟, لێرەشەوە بزانرێت كارەكانی ئەم فراكسیۆن و لیستانە  دوای هەڵبژاردن  لە بەرژەوەندی كام قارون و كام كۆمپانیادایە.
لە  كوردستان پارت و لیستەكان, نە بودجەی پارتەكان و نە بودجەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانیان دیار نییە, لە كاتێكدا 4 ساڵ و نیوە  پارتە سیاسییەكان كوردستان بودجەیان لێ بڕاوە,كەچی سەتەلایت و ماشینی راگەیاندن و  خەرجی بێشوماری هەڵمەتی هەڵبژاردنیان رانەوەستاوە, خەرجییە زۆرەكەش  كرێی مەراقیبەكانی سەر سندوقەكانە  بەڕێوەیە, هاووڵاتیان بە گشتی و ئەندامان و دەنگدەرانی ئەم لایەنانە مافی خۆیانە سسەرچاوەی دارایی لایەنەكانیان بزانن, دەوڵەمەندەكان پارەیان زۆرە بەهۆی بەخششەكانیانەوە ویستی خۆیان بەسەر كاندیدەكان دەسەپێنن لە دوای هەڵبژاردن, هاوكات ئاشكرا كردنی سەرچاوەی داهاتی پارت و خەرجی هەڵبژاردنەكان بەشێكە لە شەفافیەت, ئەگەر پایەی پارتێك لەسەر ناشەفافیەت دامەزرابێت, چۆن دەتوانێت لە ئایندەدا حكومەتێكی شەفاف بنیات بنێت,كە شەو رۆژ شیوەن و رۆ رۆو قژ رنینیانە بۆی,  ئایا دەنگدەری  حیزب ئاگاداری خەرجیەكانی حیزبەكەیەتی, كە مافی خۆیەتی بزانێت كێ هاوكاری دەكات, كام لۆبی قاچاخچییە دەستی دەگرێت, قاچاخچی نەوتە  یان تلیاك؟, پارەی بەكار هاتوو  رەشە یان سپی؟, سەرچاوەی دیارە یان نەزانراو؟,سەرچاوەكەی كوێیە؟, ناوخۆییە یان دەرەكی؟, دزییە یان هەواڵگری وڵاتان؟, هەرێمی یان نێونەتەوەیی؟,  ئەمە هەمووی ئەگەرەو هەمووشی لەگەڵ  پرۆسەی سیاسی كوردستان دێتەوە كە مەحرەم زۆر كاڵبۆتەوە.
پارتی سیاسی پێویستی بە پارەیە بۆ راییكردنی كارەكانی, بە تایبەتی لە كوردستان, ئەمە حەقیقەت و هاشا هەڵنەگرە, لێ ئەم پارەیە لە كوێ دێنێت؟, چۆن پەیدای دەكات؟, ئەمە  هەمووی پرسیارە, خەڵك لە مێشكیاندا دەیهێنن و دەیبەن, وەلێ تا ئێستا  نەكراوە,پارە رەگی گەندەڵییە,تا خەرجییەكان هەڵبژاردن زیاد بێت, شەفافیەت دەبێتە زەروری, وە قەبارەی پارە هاتووە جێی گومانەكان گەورەتر دەبێت, تا دەزگا حكومیەكان لاواز بن وەك هەنووكەی كوردستان, ئەوا دەوڵەمەندەكان باشتر دەتوانن پارەكانیان بۆ ئاراستەكردنی پارتە سیاسییەكان بەكار بهێنن, بۆ ئەوەی بڕیارەكان لە بەرژەوەندیان دەربچێت لە داهاتوودا, ئەوان زۆریان ناوێت, تەنها هێشتنەوەی چەند بۆشاییەك لە وەبەرهێنان و چەند شەڕێك بە بریكاری لە پەرلەمان بۆ لادانی ركابەرەكانیان, یاخود گەیاندنی  چەند زانیارییەك لەسەر پرۆژەكانی داهاتوو, یاخود گەیاندنی زانیاری بە كۆمپانیا بیانییەكان لە كاتی بوونی كێشە  وەك بینیمان.
دەمانەوێت بزانین كام كۆمپانیا  و دەوڵەمەند هاوكاری پارتەكان دەدەن, چۆن كۆمپانیا و دەوڵەمەندەكانیان دابەشكردووە لە نێوان خۆیاندا,  كێیە  ماشینی راگەیاندنەكەیان تەمویلە كات, لە كام وڵاتەوە پارە خۆی دەكات بە كوردستاندا ؟؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە  راستەوخۆ پەیوەستن بە هەڵبژاردنەوە, چونكە پیویستە دەنگدەران بزانن ئەم پارانە لە كوێ دێن كە پارتە سیاسیەكانیان بەكاری دەهێنن, كە كاندیدە بەسزمانەكانیش زۆرینەیان نازانن, ئەو پۆستەرەی بۆیان دروستكراوە بە پارەی تلیاكە یان باجی جامخانەیە....... ئەمەو  یەك دنیا پرسیاری دیكە.
دەمانەوێت بزانین ئایا  سستەمی سیاسی لە كوردستان دیموكراسی یان بلۆتۆكراسییە؟, هەڵبژاردن و سستەمەكەی  لە ژێر كاریگەری  پارت و بۆچونە سیاسییەكانە, یان لە ژێر هیژمۆنیای پارەدایە, كە بێشك ئەوی دووەمە و ئەوەی لە كوردستان  دەگوزەرێت بلۆتۆكراسییەو پارە ئاراستەی هەموو كارێك دەكات.
كەمەیاتی فرە دەوڵەمەند لە كوردستان  راگەیاندن لە بەرژەوەندەی سیاسی خۆیان بەكار دەهێنن, بۆ مسۆگەركردنی سەرچاوەی داهات و تاڵانی سەروەت و سامان, دواتر بەو دەستكەوتە سیاسی و ئابورییەی  بەدەستی دەهێنن كەناڵەكانیان بەڕێوە دەبەن, بەمەش  پارەو كورسی و راگەیاندن كۆنترۆڵە كەن,  سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا برلسكۆنی لەوەدا كارامە بوو, هاوكات نوخبەی دەسەڵاتداری ئەوروپای رۆژهەڵاتیش هەمان كاریان كرد, توركیا و كوردستانیش  بەو ئاقارەدا رێ دەكەن و گەیشتونەتە دوا مەنزەڵ.
راگەیاندن چەندە مەترسییە لە دەست دەسەڵاتی ستەمكارو گەندەڵدا بێت, بەهەمان ئەندازە مەترسیدارە لە دەست ملیاردێرەكاندا بێت, ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن نەك خەڵك., بۆیە كاتێك  قارونەكان ئاراستەی سیاسەت دیاریدەكەن لە رێگای پارەو راگەیاندنەوە, هیچیان لەبەرچاو نییە جگە لە قازانج, سیاسەت لای ئەوان لقێكە لە بزنس, نەك بۆ چاكەی گشتی و گۆڕانكاری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری .
بۆیە  دەبێت  پارتە  سیاسیەكانی  كوردستان ناچار بكرێن, سەرچاوەی داهاتیان ئاشكرا بكەن, دەسەڵاتی پارە لە پرۆسەی سیاسی بەتایبەت هەڵبژاردن كورت بكرێتەوە, كە  تا ئێستا هەمووی لە تاریكییە و گۆڕەپانیش بۆ دەسەڵاتی پارە ئاوەڵا بووە, هیچ هێزێكی سیاسی  لەم بارەیەوە دەستپێشخەری نەناوەندووە, كەس نازانێت  ئەم پارەو سامانە لە كوێوە دێت و بە كوێدا دەڕوات, یاسایەك نییە بۆ رێكخستنی خەرجی پارتەكان و دیاریكردنی سەرچاوەكانیان و  رێكخستنی بەخششەكان و .... لەپاڵ رێكخستنی ئەوانە  پێویستە  كۆمپانیاكانیش  ناچار بكرێن بەخششەكانی خۆیان ئاشكرا بكەن.
سوید و سویسرا دوو جەزیرەی نا شەفافی كاری سیاسین لە روی پارەدان بە حیزب و خەرجی هەڵبژاردن لە ناو ئەوروپا, بەردەوام لەبەر چەقۆی تیژی رەخنەدان, سستەمە سیاسییەكەیان بەو هۆكارەوە  كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە, لەم دوو وڵاتە یاسای نیشتمانی بۆ تەمویلی حیزبەكان و هەڵمەتی هەڵبژاردن نییە, سەرچاوەی بەخششەكان لە تاریكیدایە, وەلێ  پێچەوانەی  كوردستان پارتەكانی ئەوان پێش هەڵبژاردنەكان بودجەی خۆیان بڵاو  دەكەنەوەو رایدەگەیەنن, سەیر بكەن پارتەكانی سوید 8 مانگ پێش  هەڵبژاردن بودجەی پارتەكانیان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دیاریدەكەن, پارتی سۆسیال دیموكراتی دەسەڵاتدار 100 ملیۆن كرۆن, تەنانەت شێوازی  خەرجی ئەو بودجەیەش دیاریدەكەن, نموونە 70 ملیۆنی بۆ ریكلام  دیاریكردووە, پارتی ناوەند 70 ملیۆن كرۆن, 50%ی بۆ ریكلام, پارتی دیموكرات 50 ملیۆن.
بەهۆی دابەزینی ژمارەی ئەندامانەوە , ئابونەوەی حیزبی تەنها 3%ی داهاتی پارتەكان دیاری دەكات لە سوید,لە ساڵی 1989 رێژەی 13%ی هاووڵاتیان ئەندامی پارتەكان بوون, ئێستا كەمتر لە 5%., بۆیە بەشداری ئابوونەوەی حیزبی كەمترە لە 5%ی خەرجیییەكان كە شەرعیترین رێگای پارە پەیداكردنی حیزبی سیاسییە.
كەموكڕی لە سستەمی دیموكراتی سویسری ئاشكرا نەبوونی خەرجییەكانە, بەم هۆیەوە  كەوتۆتە بەر رەخنەی توندی رێكخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی سەبارەت تەمویلی سیاسی پارتە سیاسییەكان, جگە لە پارتی گەلی  راستگەرا, هەموو پارتەكان  بودجەی خۆیان پێشتر بۆ هەڵبژاردنەكان بڵاو كردۆتەوە " پارتی سۆسیالست 1و4 ملیۆن فرەنك, پارتی لیبراڵی رادیكاڵ 3 ملیۆن فرەنك, پارتی دیموكراتی كریستان 2 ملیۆن فرەنك, پارتی سەوز 200 هەزار فرەنك, پارتی بۆرجوازی دیموكراتی 500 هەزار فرەنك, سەوزە لیبراڵەكان 300 هەزار فرەنك".
تەنانەت پارتە سیاسییەكانی سویسرا كە لەبەردەم تیغی رەخنەدان, ناڕاستەوخۆ سەرچاوەی داهاتەكانیشیان دیاریكردوە" حیزبی لیبراڵی سویسری بودجەكەی 3 ملیۆن فرەنك"65%ی لە كۆمپانیاكانەوە", پارتی دیموكراتی كریستان 2 ملیۆن "50%ی لە كۆمپانیاكانەوە", پارتی گەلی سویسری 2 ملیۆن "35%ی لە كۆمپانیاكانەوە " پارتی سۆسیالست 2,5 ملیۆن فرەنك "75%ی لە ئابونەوەیە,  سۆسیالستەكان لە یەك كۆمپانیا بەخشش وەردەگرن  ئەویش  ئاشكرای ناوەكەی كردووە, تاكە پارتە ئاشكرای ناوی كۆمپانیاكەی كردووە لەناو ئەو پارتانەی ئامادەن بەخشش لە كۆمپانیاكان وەربگرن ".
پارتی سەوزی  سویسری بەخشش لە بانكی كریدی سویس و یو بی ئێس  وەر ناگرێت, پارتی سۆسیالستیش كۆمەك لە بانكەكان و كۆمپانیاكی دڵنەوایی وەرناگرێت, بەمەش  ساڵانە زیانی 400 هەزار فرەنك زیان  لە خۆی دەدات, بانكەكانی یو بی ئێس, كریدی سویس و رایفایزن و  كۆمپانیاكانی سویس ئێر و ئەكسا فینترتور و ..., ئەو پارانە ئاشكرا دەكەن داویانە بە پارتە سیاسیەكان, كریدی سویس ساڵانە ملیۆنێك فرەنك  دەدات بەو پارتانەی 5 كورسی زیاتریان هەیە جگە لە سۆسیالستەكان بەخششی لێ  وەرناگرێت وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا.
  نیو سەدەیە چەپەكان داوای شەفافیەت دەكەن لە تەمویلی پارتەكان و هەڵبژاردن,پارتە چەپەكان لە گەڵ شەفافیەتن, راستگەراكان لەبەر ئەوەی پارەی زۆر وەردەگرن لە كۆمپانیاكان و بەستراون بەو بەرژەوەندیانەوەو  زۆرینەن لە پەرلەمان  ناهێڵن ئەم داواكارییە جێگای خۆی بگرێت بە یاسا بەخشش و خەرجییەكان و سەرچاوەكانیان و ئاشكراكاری لە داهاتەكان جێی خۆی بگرێت.
چەپەكانی سویسرا هەڵمەتێكیان راگەیاندووە بۆ ئاشكرا كردنی بەخششی سیاسی ئەوەی لە 10000 فرەنك زیاترە, بۆ ئەم مەبەستە  120 هەزار هاووڵاتی واژۆی لەسەر كردووە.
ئەگەر  سویسراو سوید لەبەر رەخنەی توندا بن بەهۆی ناشەفافیەتی خەرجی حیزب و هەڵبژاردنەكان و نەزانینی سەرچاوەی داهاتەكان و لێڵبوونی سەرچاوەی پارەكان, ئەوا لە تاریكسانی پارەی رەشی پارتەكان لە كوردستان شەوەزەنگی سستەمی بلۆتۆقراتی دا, هەڵبژاردنەكان  جگە لە شەڕی لۆبییەكانی پارە شتێكی دیكە نییە.

نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌