لە پێشخاپوور رێگەیان نەدا بچمە رۆژئاوا
وتار/
10/02/2018
610 جار بینراوە
سالار مەحمود
لە پێشخاپوور رێگەیان نەدا بچمە رۆژئاوا
سالار مەحمود
ئەمڕۆ وەک وەفدی پەرلەمانی کوردستان دوای گەیشتنمان بۆ دەروازەی
پیشخاپور ، بەڕێوبەری مەرزەکە رایگەیاند سالار مەحمود ناتوانێ بپەڕێتەوە! سەرەتا بیانویان
ئەوە بوو کە ناوم نەهاتوەتە بەردەستیان. پاشان سەرۆکایەتی پەرلەمانمان
ئاگادار کردەوە کاک جەعفەر ئیمینکی قسەی لەگەڵ
بەڕێوبەرەکە کرد و داوای کرد رێگا بدات و وتی نابێ و ناکرێ رێگا لە پەرلەمانتار
بگرن، وڵامی دایەوە کە ئەمری پێکراوە ! پاش هەوڵی جیاجیای پەرلەمانتارەکانی هاوڕێم
لەناو پارتی و دەرەوەیشی هەوڵدرا هەر بێ هودە بوو. دواتر هاوکارەکانم وتیان بەبێ تۆ
ئێمەش ناڕۆین و دەگەڕێینەوە. داوام لێکردن لەبەر گەورەیی رۆژئاواو عەفرین ئەوان بڕۆن،
چونکە لەو بەرەوە هەڤالانی رۆژئاوا چاوەڕێیان دەکردو ئێمە دەرمانیشمان پێ بوو. دواتر بەمودیری مەرزەکەو جێگرەکەیمان راگەیان ئەگەر
گرفتەکە نوسراوە هەوڵدەدەین نوسراو لەپەرلەمانەوە بکرێ و بە ئینتەرنێت بۆتان دەنێرین..
لە وڵامدا وتیان تەنیا دەبێ حەمید دەربەندی کە گوایە لەسەرۆکایەتی هەرێمە پێمان بڵێ ئینجا دەتوانی بڕۆی. پاشتر کاک فوئاد حسێن پەیوەندی
پێوەکراو ئاگادار کرایەوە ئەویش دیارە ئەمری بەدەست نەبوو. وتم من دەچمەوە دهۆک و
سبەینێ نوسراوی پەرلەمانتان بۆ دەکەین وتیان بڕوا ناکەین ئەنجامی هەبێ! چونکە حەمید
دەربەندی لەدەرەوەی کوردستانەو دەستناکەوێ بەئاسانی.
خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دیارە ئەو سنورە بەدەستی تەنیا
گروپێکەوە بێ نەک پارتیش! ئەگینا زۆر کەس لەناو پارتیش بەجدی و تێگەیشتن لەو بڕیارە
نا یاسایی و بێباک و خوێنساردە هەوڵیانداو ئاکامی نەبوو.
هاوڕێ پەرلەمانتارەکانم جوهدی زۆریان کرد و دوایش وتیان
بەبێ تۆ هەر ناڕۆین بەڵام لەبەر رۆژئاواو دۆخەکەی عەفرین گوتم ئێوە دڵنییام دەتوانن
پەیامەکەی باشور بگەیەنن و هیوادارم بەسەلامەتی بێنەوە .
بەداخەوە ئەوە راستیە کە سنور نەکراوەتەوە من بۆ خۆم سەرۆکایەتی یەکەم وەفدم کرد کە چووە
کۆبانێ لە ۲٠۱٥ شانازی دەکەم پرۆژە بڕیاری ناساندنی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە بیرۆکەی ئێمە بووە. پێشەنگایەتی خەباتی نەتەوەییمان
کردوە لەگەڵ هاوڕێکانم دژی داگیرکاری تورکیاو بابەتی خەندەق و پشتیوانی بۆ پارچەکانی
کوردستان. دەشێ هۆکار چی بێ؟!؟
نازانم دڵخۆشبووم کە دە رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ هاوكاره مکەڵوێستی
پەرلەمانی کوردستانمان نوسیەوە لەیەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە پێویستە سنوری نێوان
باشورو رۆژئاوا کراوە بێ. بەڵام بەداخەو بۆ ئەو عەقڵە نەگۆڕەی دوای ئەو شکستە ناوخۆییەو
ئەو هەموو هەڕەشەی تورکیاو ئێران و عیراق لەسەرمان ئاوا تەلبەندی نێوان دوو هەرێمی
نیشتمانێک نەکرێتەوە.
سبەینێ بە نوسراوێک پەرلەمان و هەموو لایەک لەوردەکاریی
ئەو رووداوە ئاگادار دەکەمەوە.
ئەم رونکردنەوەیەم لە ئێستادا بەپێویست زانی.
سەرکەوتوبێ ئیرادەی گەلی رۆژئاوا، پێویستە دەروازەکان لەدەستی
کەس و گروپ بسەنرێتەوە. نەفرەت لە داگیرکەرانی کوردستان. سەرکەوتوبێ هەوڵەکانی کۆتایی
هاتن بەم مۆدێلە شکستخواردوەی حزبایەتی موزەیەف و سازشکار بۆ ئیرادەی داگیرکەران و
حوکمڕانی کەس و میزاجی نا نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان.
*ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
نوێترین نوسینەکانی سالار مەحمود
-
سالار مەحمود
25/08/2021
-
سالار مەحمود
16/08/2021
-
سالار مەحمود
03/08/2021
-
سالار مەحمود
07/07/2021
-
سالار مەحمود
08/06/2021
-
سالار مەحمود
07/06/2021