یەکگرتوی ئیسلامی لە چی ئەترسا ؟

وتار/ 28/01/2018 698 جار بینراوە

هه‌ڵمه‌ت حه‌سه‌ن

   یەکگرتوی ئیسلامی لە چی ئەترسا ؟


یەکگرتوی ئیسلامی هەر لەو کاتەوە کە دروست بوە تا ئێستا هەرگیز هەڵوێستێکی یەکلا کەرەوەو ڕونو ئاشکرای نەبوە  . هەمیشە وا خۆیان دەرخستوە کە ئەوان نایانەوێ لەنێوانی پارتیو یەکیەتی دا خۆیان بە لایەکدا ساغ بکەنەوە ،  بەڵام ڕۆژگار و مێژوی ئەم حیزبە وا ناڵێت ، ئەگەر چاوێک بە ڕابردوی ئەم حیزبەدا بخشێنینەوە  دە ردەکەوێت کە یەکگرتو هەمیشە لایەنگری پارتی بوە زیاتر لە حیزبەکانی تر . لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ،  کاتێک شەڕەکە  گەیشتە ئەوەی کە پارتی پەنای بردە بەر حکومەتی عێراق و لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ ڕژێمی بەعسی هێنایەوە هەولێرو حکومەتو پەرلەمانی خستە ژێر زنجیری دەبابەو پۆستاڵی سەربازەکانی ، دوا بەدوای ئەوەش دو ئیدارەیی دروست بو ، لەو کاتەدا یەکگرتوی ئیسلامی لەگەڵ لە حکومەتیەکەی پارتی بەشداری کرد بێ گویدانە هەڵوێستێکی کوردانە ، بێ گویدانە ئەوەی کە ئەم حکومەتە چۆنو لە کویێ و بەپاڵپشتی کێ دروست بوە ؟
 هەمیشە ڕای من لەسەر ٣١ ئاب بەو جۆرەبوە کە نابێ تەنها پارتی بە خیانەت کار ناو ببرێت بەڵکو هەمو ئەوانەی کە لە و حکومەتەدا بەشداریان کرد و هاو هەڵوێستی پارتی بون ، واتە شەرعیەتیان داوە بەو خیانەتەو بەشدار بون ،  کە یەکگرتوی ئیسلامی یەکێک بو لەولایەنانە .
کاتێک من ئەڵیم نەدە بو یەکگرتو بەشدار بێ لە حکومەتەکەی پارتی ، ئەمە بەو مانایە نایەت کە پێویست بو لە حکومەتەکەی یەکیەتی بەشدار بێت  .  یەکگرتو لەو کاتەدا ئەیتوانی  بەشداری هیچ یەکیک لەو دو حکومەتە نەکات ، بۆ ئەوەی بە ڕاشکاوی ڕاو سەرنجی خۆی لە سەر ڕوداوەکان دەر بڕێ . لە هەمو کاتە هەستیارەکاندا کە خەڵکو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوای هەڵوێست لە یەکگرتو ئەکەن ئەڵێ ترسی شەڕی ناوخۆمان هەیە ، ئەی ئەبێ ئەوکات ترسی چیان هەبوبێ خۆ ئەوکات گەرمەی شەڕی ناوخۆ بو !
یەکگرتوی ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی سیاسی خۆی هێندەی لایەنی پارتی گرتوە هێندە لایەنی خەڵکی نەگرتوە ، سەیرەکە ش ئەوەیە کە پارتی دژایەتی یەکگرتوی بەجۆرێک کردوە کە گەیشتۆتە ئەوەی چەند جارێک بارەگاکانیان بسوتێنێ و تەنانەت ئەندامی پلە بەرزیان بکوژێ یان تیرۆر بکات ، کە دوا جاریش بە سوڵحی عەشایەری و  بەوەرگرتنی پارە کۆتاییان بەکێشەکان هێناوە .
یەکگرتوی ئیسلامی هەر لەو کاتەوە کەبەشداری کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کرد ، بە ماوەیەکی کەم بۆی دە ر کەوت کە حکومەت هاوکارو پشتیوان نابێت بۆ ڕاپەڕاندن و ڕایی کردنی کاری ئەو وەزارەتانەی کە بەر یەکگرتو کەوتبون ، هەر بۆیە دوای ماوەیەکی کەم وەزیری کارەبا کە پشکی یەکگرتو بو دەستی لە کار کێشایەوە  . بەردەوامیش هەندێ لە بەرپرسەکانیان وەک حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن قسەیان ئەکردو ناڕەزایتەیان دەر ئەبڕی ، دەربڕینی ئەم ناڕەزایەتیانەش تەنها بۆ ڕازی کردنی جەماوەری یەکگرتو بو لەلایەک وە لەلایەکی تر بۆ ئەوە بو کە وا نیشانی خەڵکی کوردستان بدەن کە بەرگری لە مافەکانیان ئەکەن .
ستراتیجی یەکگرتو هەمیشە ئەوە بوە دەست بە بن باڵی پارتیەوە بگرێت و پشتیوانی بێت لە هەمو بڕیارەکانیدا هەر لەبەر ئەوەش بو کە هیچ کاتێک پارتی لە ڕاگەیاندنەکانیەوە وەڵامی هێرشەکانی یەکگرتوی نەئەدایەوە کە چەند ئەندام پەرلەمانێکیان ئەیانکردە سەر پارتی .
 ئەمە لە کاتێکدا بەردەوام پارتی وەڵامی توندی ڕەخنەو ناڕەزایەتیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ئەدایەوە و پێی ئەوتن ناکرێ پێیەکتان لەناو حکومەت بێو پێیەکتان لە ناو ئۆپۆزسیۆن بێت !
ناشرینترین هەڵوێستی یەکگرتو کە خەڵکی کوردستانو تەنانەت بەشێکی جەماوەری یەکگرتوشی توڕە کرد ، ئەو هەڵوێستە نابەرپرسیارانەیە ونا نیشتیمانیانە بو کە لە کاتی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ، یەکگرتوی ئیسلامی ئەندام پەرلەمانەکانی دابەشی دو کرد . کە بەم هەڵویستەی خزمەتی بە بەرژەوەندی پارتیو مانەوەی بارزانی کرد لەسەر کورسی سەۆکایەتی ، بە پاساوی ئەوەی گوایە کوردستانی لە شەڕی ناوخۆ پاراستوە !
یەکگرتوی ئیسلامی هیچ کاتێک هەڵوێستێکی وای نەبوە کە ببێتە جێگای د ڵخۆشیو دەست خۆشی . تەنانەت لە داخستنی پەرلەمانو ڕێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمانیش زۆر بێ هەڵوێستبو ، کەئەیتوانی سەنگو قورسایی خۆی لە زۆربەی ڕوداوەکان دیاری بکاتو ڕێڕەوی ڕوداوەکان بەجۆرێک بگۆڕێت کە ڕێگری لە هەندێ لەو کارانەی پارتی بکات کە بە ئاشکرا دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بو .
تەنانەت لەکاتی ڕیفراندۆمەکەشدا یەکگرتوی ئیسلامی وەک حیزبێکی سەر لێشێواو دوای پارتی کەوتبو ، بێ ئەوەی جورئەتی ئەوە بکات لە بارزانی بپرسێت ئەرێ ئەزبەنی بۆمان ڕون بکەرەوە بزانین جەنابت ئەم بڕیارە گرنگەت داوە هاوکاروپشتیوانمان کێیە ؟
ئایا ئەگەر یەکگرتو بەو شێوەیە بەشداری لە بەڕێوە چونی ڕیفراندۆم نەکردایە و دوای پارتی نەکەوتایە، خۆیان وتەنی شەڕی ناوخۆ دروست ئەبو ؟
هەڵوێستی یەکگرتو هەمیشە ترسنۆکانەو شەرمنانە بوە دوا هەڵویستیان کە کشانەوەیان بو لە حکومەت دوای ئەوەی کە کەوتبونە بەر ڕخنەو نارەزایەتیەکی زۆری خەڵکو ئەندامانی خۆیان ، نەیان ئەوێرا بڕیارێکی ئازایانە بدەن و بکشێنەوە ، کەوتبونە کۆبونەوەو دانیشتن لەگەڵ حکومەت و پێشکەشکردنی پرۆژەی چاکسازی و دانانی مۆڵەت بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکەیان . کەهەمو ئەم کات کوشتنو هاتو هاوارە بۆ ئەوە بو کە وا لە خەڵک بگەیەنن کە ئەوان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لە حکومەت ناکشێنەوە . پرسیاری خەڵکیش ئەوە بو ، ئایا حکومەت لە کاتێکدا کە خاوەنی ئابوری خۆی بوە  و توانای دارایی باش بوە هیچی نەکردوە ئێستا کە توشی چەندین قەیران بوەو ڕۆژ بەڕۆژ بەرەوداڕوخان ئەچێو لەسەرەمەرگدایە  پرۆژەی چی جێبەجێ بکات ؟
بەڵێ یەکگرتو لە حکومەت کشایەوە بەڵام کاتێک کشایەوە کە هیچ جێگای سەرنج یان سەرسوڕمان نەبو ! یەکگرتو کاتێک کشایەوە کە هیچ کاریگەریەکی لای خەڵکی کوردستان نەمابو !
ماوەتەوە بڵێین کە یەکگرتوی ئیسلامی نە لە خەلکو نەلە جەماوەرەکەی خۆی و نە لەئاینەکەشی نەترسا ، ئەوەی لێی ترسا دوکەرت بونی حیزبەکەی بو کە ئەگەر زوتر بکشایەتەوە بەرپرسەکانی دەڤەری بادینان هەڵویستێکی تریان ئەبو کە ئەگەیشتە جیابونەوە یان ، ئاشکرایە کە یەکگرتوەکان لەو دەڤەرە زیاتر لەپارتیەوە نزیکن ، هەر بەپێی دواین ڕاپرسی کە لەناومەڵبەندەکانی یکگرتو ئەنجام درابو کادرو لایەن گرانیان لەو دەڤەرە لەگەڵ کشانەوە نەبون . یەکگرتوش بۆ شاردنەوەی ئەو مەترسیە ناو بەناو دانیشتنی لەگەڵ حکومەت ساز ئەکردو مۆلەتی بۆ تازە ئەکردەوە ، بەناوی چاوەڕوان کردنی چاکسازیەوە بەلام ڕاستیەکەی بۆکات کوشتن بو تا حکومەت کاتی تەواو ئەبێت و نزیکی هەڵبژاردن ئەبیتەوە ، ئیتر ئەوکاتەش کشانەوەی یەکگرتو هیچ کاریگەریەک لەسەر حکومەت دروست ناکات .
پێ ئەچێ ئەم کشانەوەیە بە ڕێکەوتن بوبێت لەگەڵ پارتی ، ڕێکەوتن لەسەر کاتی کشانەوەکە کە بە جۆرێک بێت کاریگەری لەسەر حکومەت دروست نەکات .
یەکگرتوی ئیسلامی دڵی بەوە خۆش نەکا کە بە کشانەوەیان لە حکومەت گەراونەتەوە بۆ بەرەی خەڵک ، بەپێجەوانەوە ئەبی خۆیان ئامادە بکەن بۆ دانی باجی ئەو هەمو بێ هەڵوێستیەیان کە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا هەیانبوە ، کە لەم هەڵبژاردنەدا دەر ئەنجامەکەی ئەبینین .
هەڵمەت هەسەن


 


 
 

نوێترین نوسینەکانی هه‌ڵمه‌ت حه‌سه‌ن

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌