بۆ هێندە بێ ویژدانن ؟! چیتان لەم حکومەتە ئەوێت ؟!

وتار/ 12/01/2018 704 جار بینراوە

هه‌ڵمه‌ت حه‌سه‌ن

بۆ هێندە بێ ویژدانن  ؟!  چیتان لەم حکومەتە ئەوێت ؟!

بیستو شەش ساڵی ڕەبەقە ئەوەی ئەم خەڵکە بەم حکومەتە خۆ ماڵیەی ئەکەن کەس بەکەسی نەکردوە ! بیستو شەش ساڵە ئەوەی ئەم میللەتە بەم حکومەتە داماوەی ئەکەن با بەدەواری شڕی نەکردوە  . ئاخر من نازانم چیتان ئەوێ لەم حکومەتە ساوایە هەر هیچ نەبێت چاوەڕێ بکەن تا تۆزێک ئەکەوێتە سەر خۆی ، ئاخر هێشتا تەپو تٶزی شاخیان لێ نەبۆتەوە ، کەمێک ویژدانتان بێت ئاخر ئەم بەر پرسە هەژارو داماوانە چەندین ساڵ بە شاخەوە بون لەبەر خاتری ئێوە ، دەئێوەش تۆزێک پشو درێژ بن  ئاخر بە بیستو شەش ساڵ فریای چی ئەکەون  ؟!
نازانم ئێوە چ میللەتێکن ئاخر نازانن ئەوانەی ئەم حکومەتەیان بۆ دروست کردون و ئەم ڕۆژگارەیان بۆ بەدی هێناون چەند ماندو بون . ئێوە هاتونەتە سەر حازری بۆیە قەدری ئەم ئەزمونە نازانن و هەمو ڕۆژێ پەڵپو بیانوی پێ ئەگرنو سوکایەتی پێ ئەکەن . کەمێک ویژدانتان بێت بەرامبەر بەم حکومەتە  ، ئێوە سەیری خۆتان کردوە هە مو مل ئەستورو تەنگە قەوی لە تێریا خەریکن ئەتەقن  ، حکومەت و بەرپرسانیش مل باریکو لەڕو لاواز  ، حکومەتێک پاروی دەمی خۆی ئەدا بەم خەڵکە ، ئیوەش ئاوا چاکەی ئەدەنەوە ؟!
هەر لەم ماوە کەمەدا ( ٢٦) ساڵ هەمو ئەو وێرانکاریەی ئێوە بەسەر ئەم وڵاتەتانداهێنابو ، ئەها بیرتانە ئەوەی پێیان ئەوت ڕاپەڕین ، ئەم حکومەتە هەموی بۆ چاک کردنەوەو وڵاتی بۆ کردن بە دوبەی ! ئیتر بۆ وا ئەکەن ؟ ئەڵێی بزنی هارن ئەتانەوێ نانی شوان بخۆن .
ئێوە خەڵکێکی هێندە شەڕانگێزو ئاژاوە گێڕن هێشتا ئەم بەرپرسە خێر لە خۆ نەدیوانە ماندویەتی شاخیان نەحەسابۆوە کە توشی شەڕێکی خوێناویتان کردنو ،بە هیچو خۆڕایی چەندین بەرپرسی نازدار تان دا بە کوشت ، ماڵو منداڵیان هەموی سەرگەردان بو ، هەر بەوەشەوە نەوەستان چون ڕژێمی سەدامتان هێنایەوە سەر ئەو خاکەی کە ئەو بەرپرسە ئازایانە بەخوینی خۆیان ئازادیان کردبو ، حکومەتو پەرلەمانە ئازیزەکەیان کە بەری ڕەنجو خەباتی چەندین ساڵەیانبو هەموتان خستە ژێر زنجیری دەبابەکانی بەعس ، کەچی ئەم حکومەتە لە گوڵ کاڵتری بە ئێوە نەوت . ئێوەش میللەتێکی هێندە ڕو قایم بون وتتان بێ گوناهترین و بێ تاوانترین کەس ئێمەین .
 چ میللەتێک ئاوا نمەك بە حەرامە ئاوا دژی حکومەتو پەرلەمانی خۆی بێت ، کە بە خوێنی هەزاران مەسئول بەرهەم هاتوە ، کوڕە سەرهەڵبڕنو خوا بناسن ، ئێوە هەر ڕۆژەی دوژمنێک ئەهێننە سەر ئەم وڵاتە کەچی کە ئەم حکومەتە داماوە بۆڵە بۆڵیک بکات ئەڵێن ئەوانە تابوری پێنجن ، یان بە بەکرێگیراوی ئەملاو ئەولا تاوان باریان ئەکەن ، ئێوە خەڵکێکی زۆر دژە ئازادین ڕێگە نادەن حکومەت ڕای خۆی دەربڕێ .
لە سەر گۆی ئەم زەویە خەڵکی ئاوادڵ ڕەق وبێ بەزەییم نەبینیوە  ئەوەندە ڕقی لە حکومەتی خۆی بێت هەرچی خێرو بێری وڵات هەیە بۆخۆی بیخواتو هیچی نەدا بەو بەرپرسە هەژارو بێ کەسانە ی کە هەمویان وەک تاقانەیان لێ هاتوە چونکە کەسوکارییان هەموی ئەنفال کراوە ، بێ ویژدانیش بەو جۆرە ، خۆتان کارەبای بیستو چوار سەعاتیو حکومەتو بەرپرسەکانیش لەبەر چرا دانیشن ، ئاخر ئەی  مناڵەکانیان چۆن لە تاریکیدا بژین ، کەمێک ویژدانتان بێ ، خۆ ئەمانە شەمشەمە کوێرە نین !
ئەرێ ئێوە ج میللەتێکن ؟! کەڕن کویرن وا هەست بە هیج ناکەن ، ئەوەتا هەر میوانێکی بیانی دیتە ئەم هەریمە سەرسامە بە و پێشکەوتنانەی کە ئەم حکومەتە بەدەستی هیناوە ئیتر ئیوە بۆ بوختان بۆ ئەم حکومەتە ئەکەن ئەڵێن هیچی نەکردوە . ئاخرچیترتان ئەوێ وا هەمو ڕۆژێ سەر جادەی لێ ئەگرنو بە چەکی قورسو سوک هێرشی ئەکەنە سەر ، حکومەتی داماویش بە ناچاری بە بەرد وەڵامتان ئەداتەوە .
 ئێوە چ میللەتێکی خیانەت کارن هەر ڕۆژە ئەبنە بەکرێگیراوی وڵاتێک ، بۆ شەرم لە خۆتان ناکەن هەر ڕۆژە ی بە فیتی وڵاتێکی دراوسێ ئەتانەوێ ئەم ئەزمونە ساوایە لەناو بەرن ! ئێوە لە میللەت ناچن ،حکومەتیکتان هەیە هەتا بڵێی پتەو بە هیز، یەکگرتو ، کە چی ئێوەی خائین ئەتانەوێ لاوازی بکەن و لەناوی بەرن و بیکەن بە دو لەتەوە ، رۆژێک تورکیای بۆ ئەهینن وڕۆژێک ئێرانی بۆ ئەهینن چیە ئەمە عەیب نیە .
بیستو شەش ساڵە ئەم بەرپرسو حکومەتو پەرلەمانە ئەیانەوێ ئەم هەرێمە لە دوپارچەییو دو بەرەکی بپارێزن ، قوڕگیان دڕا هێندەی هاوار کەن کوڕە یەک گرن ئەی هاوار هەر بەیەکیەتی سەر ئەکەوین ، کە چی ئێوە هێندە حەز لە دوبەرەکی و ماڵ جیایی ئەکەن سنورتان کێشاوەو ئەم هەرێمە خۆشەویستەتان کردوە بە دوکەرتەوە ، هەر ناوچەیەکتان بە ڕەنگێک ڕەنگ کردوە بەرپرسێکی داماو ناوێرێ لە بەشە زەردەکە قسەیەک بكات فڕێی ئەدەنە بەشە سەوزەکە ! بەشێکتان داوە بە عەجەمو بەشێکتان داوە بە تورک ، ئاخر هیچ میللەتێک شتی ئاوای کردوە ؟!
ئێوە ش لە بەشە (سەوزەکە )خۆتان لەناو خۆتان ڕێک ناکەون ،  بەرپرسەکانتان هەموی دەست لەملانی یەک ، وەکو برا پێکەوە ئەژین ، ئەوەنە ڕێزی یەکتر ئەگرن نازانی کامیان سکرتێرەو کامیان جێگرە ، برا بچوکیان تیا نیە هەمویان هەر ئەڵێی برا گەورە ن دوژمنیان کوێر کردوە . ئێوەش خەڵکێکی بێ سەرەو بەرە لەسەر کورسی و دۆلارهەمیشە شەڕتانە ، ئەوەی ئێوە بە یەکتری ئەکەنو ئەڵێن هیچ دوژمنێک پێی نەوتونو نەکردون ، کوڕە ئەو بەرپرسە داماوانەشتان هیلاک کردوە هەرفریا ئەکەون ناو بژیتان بکەن ، ئەڵێی لەسەر میراتی شەڕتانە ، هەندێ جار ئەگاتە ئەوەی بە پەلە ئاغای حاجی (قاسمی سولەیمانی)عەزیەت بکێشێو بێت ڕێکتان بخاتەوە ، هەندێ جار سوکە هەڕەشەیەکیشتان لێ ئەکات ، ئەڵێ دانیشن بە ئاقڵی و گوێم لە دەنگتان نەبێ ، کەچی ناگاتەوە سنور ئێوە دەست بەچەلە حانێ ئەکەنەوە ، ئەڵێی نە باتان بینیوە ونە باران ، شەرمتان نیە ئەوەندە دەنگ هەڵئەبڕن دراوسیکانتان گوێیان لێتانە ، کە ڕۆژێکیش بەرپرسە دڵسۆزو نیشتیمان پەروەرەکانتان ناڕە زایی دە رئەبڕن و دێنە سەر جادە و داوای هەقی خۆیان ئەکەن ، ئەڵێن ئەمە دەستی دەرەکی لە پشتە ، ئەمە دەستی ئیتڵاعاتە .
 حکومەتێک شەوو ڕۆژ بخاتە سەر یەک بۆ خزمەتی ئێوە ، خوا قبوڵیەتی موچەی نادەیتێ  ؟! چەند خەڵکێکی بێ وەفاو سپڵە ن . ئەمە پاداشتی ئەو هەمو قوربانیەیە کە سێ ساڵ شەڕی داعشی بۆ کردن ، خۆ حکومەتو بەرپرسەکان نەبونایە داعش ئەی خواردن !
نازانم ئێوەی خەڵکی ئەم هەرێمە بۆ چاوتان بەم پە رلەمانە هەڵنایە وا زو زو دای ئەخەنو لەکاری ئەخەن ، چیان کردوە ؟ ئاخر نازانن ئەم پەرلەمانە بەدەنگی چەند بەرپرسو ماڵو منداڵیان و خزموکەسوکاریان دروست بوە ؟! ئەی کوا ئازادی کە ئێوەی میللەت باسی ئەکەن
ئەوەش قەیناکا ئەی باشە بۆ واتان لە سەرۆکی هەرێمەکەتان کرد ئەو هەر ئەیوت من ئەم ئیشە ناکەم ، ئێوە هەر ئەتانوت ئەبێ بیکەیت ،
بە زۆری زۆرداری و هەرەشەی ئەوەتان لێکرد ئەگەر نەیکەی پەرلەمان دائەخەین ، تا دوانزە ساڵی ڕەبەق لەسەر کورسیەکی ساردو سڕ و ڕەقو تەق داتاننا . باشە ئێوە ناترسن ڕۆژێک پردی تەحەمولی ئەو بەرپرسانەبپچرێوهەموتان بدەن بە دادگا ؟!
چەند میللەتێکی بێ بەڵێنن . بزانە سەرۆکی هەرێمەکەتان چەند دڵسۆزانە بەڵێنی خۆی بردە سەر و لە قسەتان دەرنەچو، لەسەر کورسی خۆی مایەوە ، کەچی ئێوەی بێ بەڵێن هەرپەرلەمانتان داخست .
ئاخر وتمان هەمو شتێک بەخوێ وخوێش بەمانا . ئاخر زۆڵمو زۆریش حەدی خۆی هەیە ،ئەی نەتان بیستوە ئەڵێ هەمو شتێک لە باریکیدا ئەپسێ بەڵام زۆرداری لە ئەستوریدا !
حکومەت دە می وشک بو ، کوڕە کاکە ئەو پەرلەمانە بکەنەوە ، ئەندام پەرلەمانەکان هەندێکیان مانیان لە خواردن گرت تا مردن ، ئێوەش مێش میوانتان نەبو !
وەڵا ڕۆژێک کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمان سەبرو تەحەمولیان نەما بەرامبەر بەو زۆڵمەی کەمیللەت لێی کردون ، بە جلو بەرگی کوردیو بە ئاڵای رەنگاو ڕەنگی کوردستانەوە، بە مارشی ئەی ڕەقیبەوە ،بە هوتاف کێشانەوە ئەیانوت ( خوا ئەمە قبوڵ ناکا ... میللەت پەرلەمان داخا) بێ سڵەمینەوە وەک ئینتیحاری خۆیان کرد بەهۆڵی پەرلەمانداو کردیان بەڕۆژێکی مێژوییو پەرلەمانیان کردەوە و سەرۆکێکیشیان لەگەڵ خۆیان هێنابو ڕێکو پێک لە شوینی ئەو سەرۆکەی کە ئێوە نەتان هێشت  بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان دایان نا ، وتیان ئەوا بەکوێرایی چاوی میللەتو دوژمنانی دیموکراتی پەرلەمانمان کردەوە . ئەرێ ئەمانە چ میللەتێکن وا دوا کەوتون ، وا پێ ئەچێ ئەمانە تا ئێستاش بە یاسای جەنگەڵ کار بکەن وا پەرلەمانمان لی دائەخەن!
ئینجا لە هەموی خۆشتر ئێوەی نانو دۆ بڕ ، ئێوەی نەفامو نەزان ! دوای ئەو هەمو کارەساتەی بەسەر ئەم حکومەتو پەرلەمانو حیزبانەتاندا هێنابو ، لە ناو ئەو هەمو نازو نیعمەتە کە خۆتان تێی کەوتبون لە ناو ئەو هەمو نەوت و خێرو بێرەی لە ژێر دەستان بو ، تۆزێکتان هەڵئەدایە بەردەمی حکومەتو ئەوەی تریشتان حەپەلوش ئەکرد ، حیزبوحکومەتو بەرپرسەکانیش زەقەی چاویان ئەهات ،   سەر باری ئەوەش ئەتان وت وەڵا لە عێراق جیا ئەبینەوە ! چونکە قەت شتی ئاواتان بە خۆتانەوە نەدیبو غرور ببون غرور .
ئاخر کە حکومەت نەرمو نیان بو ، ئەبێ ئاوا وەکو مەڕو ماڵات لێی خوڕن و ، بە ئارەزوی خۆتان بیدەن بە دارو بەردا، ئیوە چاوتان بەحکومەتو پەرلەمانێک هەڵنایە ئێستا باس لەدەوڵەت ئەکەن ، ئاخر میللەتی ئاوا چۆن دەوڵەتی پێ دروست ئەکرێ؟!
دەستان کرد بە هاتو هاواری گشت پرسی ،  دەوڵەت دروست ئەکەین دەوڵەت . سەرۆکی هەرێم وتی ئەگەر شتی وا بکەن بەبەر چاوی هەمو دنیاوە یەخەی خۆم دائەدڕم ! خۆ ئەگەر هەر بە قسەم نەکەن ئەوا ناچارم دەست لە کار ئەکێشمەوە .
بەوەشەوە نەوەستا پەنای بردە بەر دەوڵەتان ، تا تکا لەو خەڵکە بکەن کاری وا نەکەنو گشت پرسی نەکەن ، ماڵمان وێران نەکەن دەستم دامێنتان .
ئیوە چەند میللەتێکی بێ گوێن ، حیزب نە ما تکاتان لێ نەکا ، ئەمریکا ، ئەوروپا  ، دۆستو دوژمن وتی کوڕە بیکەن بە خاتری خوا دانیشن خوا نانێکی یاوە بیخۆن  ، واز بێنن و لە کەلی شەیتان وەرنە خوارەوە کەچی هێندە  لوت بەرز بون پەنجەتان لە ئەمریکا وهەمو دنیا ڕائەوە شاند . بەرپرسێکی قوڕ بەسەر نەی ئەوێرا بڵێ (نەخێر)ئەتان خستە خانەی خیانەتەوە . حکومەتی داماو هەر هاواری کرد کاکە پارەمان نیە کاکە چەکمان نیە ، ئێوەش هەر لەسەر فاکو فیکی خۆتان بون ئەتان وتئەگەر سەری گرت ئەوە خێری خوایە ئەگەر سەری نەگرت بڵێن ئەم میللەتە شێت بوە ! یەکێک نەیناسینایە ئەیوت ئەمانە چەکی نەوەویان هەیە !
وەڵامی کەستان نەدایەوە گشت پرسیتان کردو ماڵی حیزبو حکومەتو بەرپرسانتان بە قوڕ گرت ، ئەوەتا ئێوە ئێشی قۆڕ ئەکەن ، بەرپرسەکان باجەکەی ئەدەن ! ئەوەتا ئێوە هەر لەسەر بەزمی خۆتانن ، حیزبو حکومەت کەوتونەتە ناڕحەتیەوە و توشی قاتو قڕی بون.
سەرۆکتان خەجاڵەتی بەردەم ناحەزان کرد !
ئێوە چەند میللەتێکی خۆ فرۆشو خاک فرۆشن ، ئیوە هیچ نەما بەسەر ئەم ولاتەی نەهێنن، هەر ڕۆژەو لایەکی ئەم وڵاتە ئەفرۆشن
ئاخر ئەمە ڕەوای هەقە لەدژی ڕیفراندۆکەتان کەدوژمن هێرشتان بۆ ئەکات لە بری ئەوەی بەیەک گرتویی بەرگری بکەن ، کەچی بەشێکتان ژێر بەژێر لەگەڵ دوژمن ڕێک ئەکەونو بەشێکتان هەڵدێن ، بەرپرسە قارەمانەکانیش شێرانەومەردانە ئەجەنگان و نەیانئەزانی ئیوەی خائین خیانەتتان لێ کردون ، ئەوان ڕوبەڕوی دەبابەی دوژمن ئەبنەوەو ئیوەی خیانەتکاریش لەپشتەوە خەنجەری ژەهراوییان لێئەدەن
 ئەوەی ئەم حیزبانە ئەم بەرپرسە دڵسۆزوکوردپەروەرانە بە چەندین ساڵ بۆیان بەرهەم هێنابون بە چەند ڕۆژێک هەمویتان لەدەست دا .
کەرکوکی قودسی کوردستانیشتان لە دەست دا  ، سەرۆکی هەرێمیش لە داخا دەستی لە کار کێشایەوە وئەویشتان لەدەست چو، هەرێم هەتیو بو ! ماڵی چەندین بەرپرس وێران بو، ماڵو مناڵیان ئاوارەو بێ لانە بون، ئێوەی میللەتیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچون .

کەسیش پیی نەوتن پشتی چاوتان برۆیە .
 یەع  لەهەزار میللەتی ئاوا   ئەرێ ئێوە میللەتن یان عیللەتن ؟!
کەواتە   ، ترلی ترلی ترلیلە میللەت شەقی قابیلە !
بمرێ میللەت ....  پایەدار بێت سەرۆک وحیزب وحکومەت !

هەڵمەت  





   

 






نوێترین نوسینەکانی هه‌ڵمه‌ت حه‌سه‌ن

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌