ئایا ئەمەریکا پشت لەعەفرین دەکات؟
وتار/
22/01/2018
503 جار بینراوە
گۆران دوکانی
ئایا ئەمەریکا پشت لەعەفرین دەکات؟
گۆران دوکانی
ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی ئێسا لە عەفرین ڕوودەدەن پێدەچێت ڕووداوەکان درێژە بکێشن بەڵام هیچ کاتێک بەنیوەی کۆبانی و قامیشلۆ و مەنبەج بۆ ڕۆژئاڤاو شەڕڤانان سەخت نابێت، چونکە لەگەڵ ئەوەی تورکیا بەدرێژای گرژی و ئاڵۆزیەکانی سوریا سەرکەوتو نەبوە لەئێستاشدا ئەوەی دەیەوێت لەعەفرین ئەنجامی بدات پێچەوانەی ویستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بەگشتی و ئەمەریکا بەتایبەتی و هاوکات دژایەتیکردنی سەرسەختی بەرەی هاوپەیمانانە لەناوچەکەدا، هەربۆیەش ئەم هەڕەشانەی تورکیا تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان و وڵاتە زلهێزەکانی بە(ڕووسیا)شەوە هێناوەتە سەرخەت و ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکەن.
هاوکات دوێنێ نەتەوەیەکگرتوەکان و پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان بەپەیامێک گەیاندە دەسەڵاتدارانی تورکیاو لەلایەکی دیکەشەوە سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەپێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیاوە ڕایگەیاند "ئەوان تاکو ئێستا سەربازەکانیان لەعەفرین نەکشاندۆتەوە بەبیانوی ئەوەی کە تورکیا پابەند نەبوە بەو مەرجانەی کە لەسەری ڕێک کەوتون".
لەلایەکی دیکەوە پەیوەندیە سیاسی و دیپلۆماتیەکانی نێوان ئەنکەرەو واشنتۆن لەئێستادا بەدان پێدانانی بەرپرسانی باڵای هەردوولا پەیوەندیەکی تەواو ئاڵۆزو خراپە، هاوکات پڕچەک کردنی ۳٠ هەزار چەکداری سوریای دیموکرات لەلایەن ئەمەریکاوە لەم تەوقیتەدا ئاماژەیەکی دیکەی ڕوونە کەهیچ کات ئەمریکا پشتی گەورەترین هاوپەیمانی بەرنادات لەسوریادا کە کوردەکانن.
هەربۆیە زۆرێک لەچاودێران و میدیا جیهانیەکان پێیان وایە ئەم پەلاماردان و هەڕەشانەی ئەردۆگان و سوپاکەی، دواجار بەهەمان شێوەی هەڕەشەو پەلاماردانەکانی ڕابردوویان جگەلە قوڵبونەوەی زیاتری گرژیە سیاسی و دیپلۆماتیەکانی تورکیا لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت.
نوێترین نوسینەکانی گۆران دوکانی
-
گۆران دوکانی
22/01/2018
-
گۆران دوکانی
16/01/2018