ئایا هەڵبژاردن چارەسەرە؟

وتار/ 16/01/2018 1053 جار بینراوە

گۆران دوکانی

ئایا هەڵبژاردن چارەسەرە؟

گۆران دوکانی

لەگەڵ ئەوەی ڕۆژلەدوای ڕۆژ قەیرانە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماتیەکانی هەرێم قوڵتر دەبنەوەو ئاستی گوزەرانی خەڵکیش تادێت خراپتر دەبێت، کەچی هەرپێنج ڕکابەرەکەی دوو حیزبی دەسەڵات، (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هاوپەیمانی، نەوەی نوێ) زۆرترین قسەیەک کە لەئێستادا وەک کارتێکی فشار لەبەرامبەر پارتی و یەکێتیدا بەکاری دەهێنن (هەڵبژاردنە)، ئەوان پێیان وایە تاکە فریادڕەسێک بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێم هەڵبژاردنە، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا بەڕاست هەڵبژاردن دەبێتە هۆی چارەسەری ئەو هەموو کێشەو قەرزە کەڵەکەبوانەی هەرێم؟، یان پێویستە بیر لەئەڵتەرناتیڤێکی دیکە بکرێتەوە؟ لێرەدا وەک بیرخستنەوەیەک باس لەهەندێک لەو پۆستە هەستیارو باڵایانەی ڕابردووی هەرێم دەکەین کەبەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە لەژێر دەستی پارتی و یەکێتی دەرهێنران و کەوتنە دەستی ئۆپۆزسیۆنەوە بەڵام دواجار ڕەوشی هەرێم نەک هەرباش نەبوو بەڵکو بەم ڕۆژەی ئەمڕۆ گەیشت کەدەیبینین!.


۱. پاڕلەمان:

کاتێک پاڕلەمان دەکەوێتە دەستی ئۆپۆزسیۆنەوە، دروست لەو بەروارەوە دونیایەک یاسای گاڵتەجاڕی بەناوی پاڕلەمانەوە تێدەپەڕێندرێن، دیارترینیان (درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی)، دواجار پارتی بەهەمان شێوەی دوکانێکی بەقاڵی دەڕابەی ئەم دامەزراوە نیشتیمانیەی داخست و هەتا خۆشی خواستی لەسەرنەبوو بۆ تێپەڕاندنی یاسا گاڵتەجاڕیەکەی ڕیفراندۆم دەڕابەکەی نەکردەوە.


۲. حکومەت:

ئەوکاتەی کە (د. بەرهەم ساڵح) سەرۆکی حکومەت بوو هەمووان بیرمانە کەپارتی چەندە تەداخولی حیزبی لەئیشوکارەکانیدا دەکردو بڕیارەکانی ئەو زاتە هەتا بەردەرگای ئۆفیسەکەی خۆی بڕیان نەدەکرد، ئەمە لەکاتێکدا لەو سەردەمەدا ئینتیفاقیەی ستراتیژی یەکێتی و پارتی لەگۆڕێ بوو، کەچی جێگەی ڕامانە لەئێستادا بەتایبەت چواردەورەکانی د. بەرهەم دونیایەک هیوایان لەسەر ئەم پیاوە هەڵچنیوە بۆ گۆڕانکاری سیاسی لەهەرێمدا (بەتایبەت دوای ئەوەی دەنگۆیەکی گەورە هەیە لەهەڵبژاردنی داهاتودا خۆی دەپاڵێوێت بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم).


۳. وەزارەتەکان:

لەوکاتەوەی وەزارەتەکانی (دارایی و پێشمەرگە) لەدەستی یەکێتی و پارتیدا نەمان، دروست لەوکاتەوە بەرپرسانی ئەم دوو هێزە سیاسیەو چواردەورەکانیان دەوڵەمەندترو  بەهێزتربوون!، بەمانایەکیتر ئەم دوو وەزارەتە (دارایی و پێشمەرگە) بۆیەک چرکەش نەک هەر نەیانتوانی (پارەو هێز) لەیەکێتی و پارتی بسەننەوە بگرە دەوڵەمەندترو بەهێزتریش بوون لەجاران.


کەواتە (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو و هاوپەیمانی و نەوەی نوێ) ئەو هەموو خۆشنودیە چیە لەسەر هەڵبژاردن هەڵیان چنیوە؟! لێرەدا پرسیار ئەوەیە باشە واسبەی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بوبە سەرۆکی هەرێم، یان بەئیستیحقاقی هەڵبژاردن کرایە سەرۆکی حکومەت، گرەنتی ئێوە چیە کەپارتی ڕۆژێک لەڕۆژان بەهەمان شێوەی سەرۆکی پاڕلەمان ڕێگری لەسەرۆکی هەرێم ناکات و لەدێگەڵەوە ناینێرێتەوە بۆ ماڵەوە؟!، یان هەمان فیلمی گاڵتەجاڕی کابینەکەی د. بەرهەم دووبارە ناکەنەوە؟! ئەوکات وەک ڕابردوو بەتەپڵ کوتانی ناو پاڕلەمان، یان بەهەڕەشەی پوچەڵی خۆپیشاندان گۆڕانکاری سیاسی دەکەن؟!.

باشە خۆ ئەم کاندیدەی ئێوە ئەگەر ببێتە سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت ئەگەر سوپرمانیش بێت دەتوانێت هەرێم لەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابوری و دیپلۆماتیانەو هەروەها هەرێم لە ۲٠ ملیار دۆلار قەرزی کەڵەکەبوو ڕزگار بکات؟!


لەڕاستیدا ئێوەی (بەناو) ئۆپۆزسیۆن ئەگەر دوای ۲۷ ساڵ لەوهەموو ستەم و دزی و جەردەی و جەبەڕوتەی پارتی و یەکێتی تێنەگەن و هێشتا هیواتان لەسەر هەڵبژاردن هەڵچنیبێت و پێتان وابێت هەڵبژاردن دەبێتە فریادڕەس و کلیلی چارەسەری کێشەکانی هەرێم، ئەوا یان لەوپەڕی بێ ئاگایی دونیا بینی سیاسیتانە، یانیش بەئاگان و دەتانەوێت بەهەمان شێوەی دەسەڵات بۆ کۆمەڵێک بەرژەوەندی و ئیمتیازی تایبەتی خۆتان ئیدامە بەم ڕەوشە خراپەی هەرێم بدەن؟!.


نوێترین نوسینەکانی گۆران دوکانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌