كەركوك لە شا ئیسماعیل سەفەوییەوە بۆ حاجی قاسم سلێمانی

وتار/ 29/10/2017 757 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

كەركوك  لە شا ئیسماعیل سەفەوییەوە بۆ حاجی قاسم سلێمانی
عەلی مەحمود محەمەد
548 ساڵ لەمەوبەر توركمانە سونییەكان لە رێگای سوپای  ئاق قۆینلوەوە هاتنە كەركوك  پاش داگیركردنی عێراق, دوای 39 ساڵ لەو مێژووە سەفەوییەكان بە سەرۆكایەتی ئیسماعیل سەفەوی  كەركوك داگیرە كەن بە بێ شەڕ  و توركمانە شیعە قزڵباشییە توركمانەكان دێنە ناوچەكەو جێگیر دەبن تیایدا, دوای 26 ساڵ كۆتایی بەدەسەڵاتی توركمانە قزڵباشیەكان " شیعەكانی ئێستا" هات, لە ساڵی 1534 كەركوك گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەكان تا داگیركردنی لە لایەن ئینگلیزەكانەوە لە جەنگی جیهانی یەكەم بەردەوام بوو, دوای 483 ساڵ  لە یەكەم داگیر كاری لە لایەن قزڵباشییەكانەوە, جارێكی دیكە ئێرانییەكان لە رێگای قاسم سلێمانییەوە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دەگەڕێنەوە شاری كەركوك وەك براوەیەك, لە قۆناغی دووەمدا پێشبینی ناكەم مانەوەیان وەك قۆناغی یەكەم  درێژ بێت و 26 ساڵی دیكە بەردەوام بێت.
لە گەڵ  هەڵدانی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركوك  وتمان  هەڵەیە, كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بڕیاری ریفراندۆمی دا, زانیمان تەڵەیەكی ترسناكەو كورد دەكەوێتە تەڵەی كەركوكەوە, چونكە پێكهاتەی دیمۆگرافی شارەكە , ئەوە نییە لە رێگای نمایشی تەلەفزیۆنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە یەكلا بكرێتەوە, رۆژەكانی پێش و دوای ریفراندۆم  زۆر تەڵەی شەڕی نەتەوەیی لە شارەكە نرایەوە باش بوو كەس تێی نەكەوت, هەرچەندە هەموو بۆمب هاویشتنەكان دەستكرد بوو, دەیەویست سەرجەم نەتەوەكان بسوتێنێت نەك كەسی دیاری كراو, بۆمبەكان  تەڵەیەكی مەترسیدارتر بوون لە كارەساتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر.
كەركوك شارێكی كۆسمپۆلیتیە  نەك نەتەوەیی, ئەوەی هەر یەكە لە نەتەوەییە كوردو توركمان و عەرەب و شیعەكان بانگەشەی بۆ دەكەن بە بێ شەڕی نەتەوەیی و قڕكردن نایاتە  دی,  بە پێی ئاماری ساڵی 1957 كە رێكترین و گونجاوترین  ئامارە تا ئێستا ئەنجام درابێت, پێكهاتەی شارەكە  وەك پارێزگا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: كورد"187592" 48,2%, عەرەب"109630" 28,2% و توركمان"83371" 21,4% ی پێكهاتەی شارەكەپێك دەهێنن, ژمارەكەی دیش سریان و ئەوانی دی, هەرچی ناوەندی شارە عەرەب 27127.كورد40047 و توركمان 45306 و كلدان و سریان 1509 پێك دەهێنن, واتا وەك پارێزگا كورد یەكەمە, وەك ناوەندی شاری كەركووك توركمان لەو كاتە زۆرینە بووە, وەلێ كۆچی هاووڵاتیانی لادێ بۆ شار لە قۆناغی سەرمایەداری كە لە دوای ساڵی 1958 بە هۆی بنج داكوتانی سستەمی سەرمایەداری و كۆتا كردنەوەی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی دیاردەیەكی سروشتی و  ئاساییە.
كەركووك لەبەر ئەوەی هێمای تێكۆشانی سیاسی ناسیۆنالستەكانی  كورد و توركمان و  شیعەكانە"بەهۆی بوونی مەزاری 3 ئیمامیان زەین عابدین و ئیمام قاسم و ئیمام عەباس" بۆیە هەستیارە بۆ نیشتەجێ بوونی خەَلكی دەرەوەی پارێزگاكە, واتا كەركوك شاری كۆسمپۆلێتی داخراوە بۆ هاوڵاتیانی خۆی, نەك هاووڵاتیانی دەرەوەی پارێزگاكە كە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی شارەكە بۆی دێن.

ئایا دەستیان لە كەركوك  هەڵگرت؟
ئەگەر شەڕو پەلامارەكانی قەرەتەپەو جەلەولا لە ساڵەكانی 2008 بە دواوەو  شەڕە بەردەوامەكانی دوزو  هەڕەشەكان فەریق روكن عەبدائەمیر زەیدی سەركردەی تیپی  دجلە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كەركوك  بە تەواوی لە بیری خۆمان ببەینەوە بیكەینە مێژوو,لێرەوە  دەست پێبكەین كە كەركوك شارێكی هەستیارە بۆ زۆرینەی پێكهاتەكان"كورد, توركمان شیعەو سونە, عەرەب شیعەو سونە", بۆیە دەست بردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە تەواوی  پارێزگاكەو بایكۆتكردنی لە لایەن توركمان عەرەبەوە بۆ خۆی پرۆسەكەی خستە ژێر پرسیارەوە, بڕیاردان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شاری كەركوك بە تەواوی پارێزگاكە هەڵەیەكی كوشندە بوو, دەبوایا لەوپەڕی  بەشێكی شارەكە ئەنجام بدرابایا,دەتوت حكومەتی كوردستان روسیایەو ریفراندۆم لە قرم ئەنجام دەدات, لەشكری سورو یەك لەسەر شەشی خاكی جیهان لە پشتێتی.
دەبوایا چارەنوسی شاری كەركوك بە پێی دەستور لە ساڵی 2007  یەكلا بكرابایاتەوە, وەلێ  لە 2017ەش  حكومەتی عێراقی رازی نەبوو, جارێكی دیكە گفتوگۆ لەسەر چارەنوسی كەركوك بكاتەوە, لەو كاتەی كورد خەونی بەوە دەبینی كەركوك بكاتە پایتەختی وڵاتەكەی, كەچی عێراق بە جێبەجێكردنی مادەی 140 رازی نەبوو, بەردەوام كات دەكوژێت بۆ ئەوكاتەی كۆتایی بە كێشەكانی لە گەڵ سونە دەهێنێت و هێزە نیمچە لیبراڵەكانی عێراق زیاتر پەراوێز دەكات, نەك مادەی 140  جێبەجێ  ناكات, بەڵكە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە فیدراڵیەتی كوردستان بێهێزو بچوك بكاتەوە.

چەند رۆژێك پێش ریفراندۆمەكە دادگای كارگێڕی عێراق  هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لە كەركووك هەڵوەشاندەوە, پێشتریش ویستی بێتەوە ئەو سەربازگایانەی كە لە ساڵی 2014 بەجێی هێشتبوو, هەرچەندە گەڕانەوە بۆ ئەو سەربازگایانە بە بونی شەڕی داعش بۆ ئەو گرنگ نەبوو, پێی باش بوو هەڵیبگرێت بۆ دوای شەڕی داعش بە تایبەتیش دوای گرتنەوەی حەویجە, بۆیە  كردییە دوا ویستگەی شەڕی خۆی بەرامبەر بە داعش.
لەو داواكارییەی هێزە ئاسایشەكانی عێراق  كە ئاراستەی  هاووڵاتیان كرا لە چەند رۆژی   پێش هێرشەكەی 16ی ئۆكتۆبەر  تیایدا نوسراوە: زۆر چاوەڕوانمان كرد بۆ گەڕانەوە بۆ كەركوك, كەواتا ویست كۆنتر بوو لە ریفراندۆم  بۆ گەڕانەوە بۆ شاری كەركوك ئەگەر ئاشتیانە بێت, داگیركردنی لە بارودۆخی شەڕدا,حەسەن تۆران جێگیری سەرۆكی بەرەی توركمانی رۆژی پێش هێرشەكەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 وتی : سەپاندنی دەسەڵات  بەسەر پارێزگای كەركوك و بیرە نەوتەكان پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە, پێش ریفراندۆم داڕێژرابوو,بەرپرسێكی باڵای نزیك لە  حەسەن روحانی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش  بە شەرق ئەوسەتی وت : رێگا نادەین كوردەكان لە رێگای نەوتی كەركوكەوە بچنە بازاڕی نەوتەوە, هەرچی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەرە وتی "قاسم سلێمانی نەیشاردەوە لە زوەكەوە حەشدی شەعبی و حكومەتی عێراق بە نیازی پەلاماری كوردستانن, هاوپەیمانی نیشتمانیش هەمیشە  رێگریان دەكرد لە جێبەجێكردنی مادەی 140, حەنان فەتلاوی راشكاوانە وتی 10 ساڵە رێگری دەكە....  هەموو ئەمانە دەریدەخەن كەركوك ناوچەكانی دیكە هەر یەكەی بە پێی گرنگییەكەی لە روانگەیەكەوە , شەنگار لەبەر هیلالی شیعییەكەی, داقوق لە بەر مەرقەد و پیرۆزییەكەی, تازە لەبەر خەڵكەكەی و نزیكی لە شاری كەركوكەوە  ..... یەك دەقەش لەبیر نەكرابوون, هەموو خەونەكان بۆ گەڕانەوە بوو بۆیان, لە بەیانامەیەكدا  ئاژانسی پاراستن و زانیاری –زانیاری هەرێمی كوردستان  دەڵێت ئەوەی دەگوزەرێت بەشێكە لە رێكەوتنی  حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغا لە ساڵی  2016  كە پەیمان لە نێوانیان مۆر كراوە, پێشمەرگە بكشێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە پێش 9ی حوزەیرانی 2014 لێی بوونە,كەواتا ویسترا لە رێگای ریفراندۆمەوە خۆ لەو ترسە رزگار بكرێت,كەچی كەوتنە تەڵەكەوە, تەڵەیك  ئێستاش نەبوایا لە پێش هەڵبژاردن خولێك لە شەڕ پێویست بوو بۆ عەبادی بۆ دەرچونەوەی لە هەڵبژاردنەكانی  مانگی ئازاردا.
بەڵام ریفراندۆم توركیای كردە نەیاری پارتی  و هەرێمی كوردستان و   رۆژئاواش وەك مناڵێكی لاسال سەیری كوردی كرد, ریفراندۆم نەبوایا حكومەتی عێراقی  ئەم هەموو پاكێجەی لە یەك قۆناغدا داوا ناكرد, ریفراندۆم دۆسیەیەكی  گەورە بوو, بەڵام كورد خاوەند  حیزب و سەركردەی عەقڵ  بچوك بەهۆی ئەوانیشەوە پەرت و بڵاو یەكنەگرتوو لە ئاستی پرۆسەكەو كاردانەوەكانیدا نەبوو, هەرچەندە شەوی 25ی مانگ  و رۆژانی پێشتر  پەرلەمان و سەرجەم پارتە سیاسییەكان و كەسە یەكەمەكانیان خۆیان یەكلا كردەوەو هەموو بە بەڵێ دەنگیان دا لە ژێر پاڵەپەستۆی شەقامدا, تەنانەت لە ریفراندۆم هێرۆخان  چووە كەركوك دەنگی دا, هەرچەندە پوچەڵكردنەوەی ریفراندۆم لە دەستپێكی بانگەشەكە  لە  لادانی وێنەی تاڵەبانی و بارزانی  لە شەقامەكانی سلێمانی, تا هەوڵی ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە كەركوك و كێشە نانەوە لە ماوەی 22 رۆژی دوای ریفراندۆم هەموو لوغمی زۆر گەورە بوون لە بەردەم پرۆسەكە, ترسناكتر لە هەڕەشەی وڵاتانی ناوچەكە.
ئێستا سڕ كردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم  خەونە, ریفراندۆم ویستی ئازادانەی خەڵكە لە ویژداندا چەسپیوەو ژمارەكە چووە مێژوەوەبە هیچ هەڵناوەشێتەوە.
حكومەتی عێراق جەخت لەسەر داخوازەكانی رابردووی خۆی دەكاتەوە  لە هەر گفتوگۆیەك پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق, رێزگرتن لە دەستور بۆ نەتەوەی ژێر دەست, دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بەسەر دەروازە سنورییەكان و  فرۆكەخانەكان,سامانە سروشتیەكان , هێزی پێشمەرگە و دەزگا  ئەمنییە كوردییەكان, كەمكردنەوەی بودجەی هەرێم بۆ 12% لە زۆرترین حالەتدا 13% و دابەشكردنی موچە لە رێگای ئەنجومەنی پارێزگاكان و دانی تەنها موچەی 600 بۆ 680 هەزار كەس و بڕینی موچەی نزیك بە 60%ی موچەی موچە وەرگران,....  ئەمانەش  هەموو  بۆ ئەوەی هەموو دەسەڵات و هەیبەتێكی  هەرێم نەهێڵێت, واتا  كورد خاوەنی هیچ نەبێت, جگە لە مەجلس تەشریعی و تەنفیزییەك لە ناو هەمان تەلاردا بە دەسەڵاتەكەی  ئەوكاتەوە.


داگیر كردنی كەركوك

حەشد لە دوزو تاوغ و تازە و بشیر بوون و كۆنترۆڵی تەواوی  تازەو بشیر لە ژێر دەستیانا بوو پێش 16ی ئۆكتۆبەر, كە تەنها چەند كیلۆمەترێك لە ناوەندی شارەوە دور بوون, كەچی ئەو شارۆچكانە ریفراندۆمیشیان بۆ رێكخرا لە كاتێكدا سندوقی دەنگدانیان بۆ دانەندرابوو.
دووشەمە  رەشەكەی 16ی ئۆكتۆبەر, سەنگەرە  بەهێزەكانی پێشمەرگە كە 3 ساڵ زیاتر بوو تیایدا شەڕی داعشیان كرد لە كەركوك  و نەیانتوانی بیبڕن ,ئەو بەرە  بەیانە  سەری ترامپ و قاسم سلێمانی لە مەنجەڵێكدا كۆكردەوە, هەر لایەنەیان لە قۆڵێكەوە  خەریكی دانوساندن بوون بە مەرجی خۆیانەوە, ماكۆرگ  دەیەویست  تەقە دەستپێنەكات بۆ ئەوەی پێشمەرگە رازی بكات بۆ گەڕانەوەی سوپای عێراقی بۆ كی 1, حاجی قاسم سلێمانیش گڵۆپی سەوزی بۆ عەبادی هەڵگرت  بۆ پەلاماردانی كەركوك و  پوچەڵ  كردنەوەی هەوڵەكانی مەكۆرگ, گڵۆپ بە دەستی حاجی قاسمەوەو فرمان لە گیرفانی عەبادی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان بوو , لەوكاتانەی سەرانی پدك و  ینك لە  دوكان كۆدەبونەوەو دەستیان لەناو دەست یەكتر بوو, هەندێكیان دەستەكانی دیكەیان لەناو دەستی سەنگەرەكانی بەرامبەریان بوو, واتا لە دوكان كۆبونەوە دەكرا,كەچی  دەستێكی دیكە لەناو دەستی بەغدا بوو لە قۆڵێكی دیكەوە مفاوەزات دەكرا, لێرەدا گرنگە شتێك باس بكەین , ئەوەی كرا شاراوە نەبوو, بەڵكە لە دوكان تاوتوێكرا,زۆرینە  ناڕازی بوون بۆی,پێشتر گفتوگۆكان لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبی و حكومی دەستیپێكردبوو,  هەر وەك پاڤێڵ تاڵەبانی دانی پێدا دەنێت و دەڵێت دوای رۆژێك دانوساندن لە گەڵ عەبادی رێكەوتین.
ئیتر پرسیارێك  لێرەدا سەر دەردێنێ, ئەگەر بمانەوێت و شیكارێكی بێلایەنانە بكەین , ئەویش رێكەوتنی ئەوان بە پێی هەوڵەكانی مەكگۆرك بووە, یان  هەوڵەكانی قاسم سلێمانی جیا بووە لەو هەوڵانە ؟؟؟, دەبێت یەكلا بكرێتەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو دانوساندنە چییە لە رۆژەكانی پێش گرتنەوەی كەركوك, ئەمە بۆ مێژوو و حوكم دان بەسەر كەسەكاندا گرنگە, هەرچەندە هیچ  لە ئەنجامەكان ناگۆڕێت كە لە دەستدانی كەركوكە.
كەواتە پێش پەلامارەكە رێككەوتن كراوە, ئەوەی لە دوكان ئەنجامدرا و ئەوەی لە بەرەكانی شەڕ لە سەرەتادا نمایش كرا تەنها شانۆگەریەك بوو, شانۆگەرییەكە بێ ئەو پێشەكیەش  دەتوانرا نمایش بكرێت,  قوربانیەكانی شانۆگەرییەكە مردنی راستەقینەی  ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان  بوون "84 بۆ100 شەهید دەقیق نییە كەمترە لەو ژمارەیە, ئەمە تەنها بۆ ئەوەیە بڵێن لە شەڕدا شكاوین, نەك بە رێكەوتنێكی نا گرنتی دۆڕاو شار تەسلیم كراوەتەوە,  تا ئێستا  بە ناو وێنەوە بڵاونەكراونەتەوە ژمارەی شەهیدەكان  چەندن؟", كە رێك كەوتوونە  ئەدی بۆ كوڕی خەڵكتان بەكوشتدا ؟؟, یان تەنها ویستتان بە خەڵك بڵێن  لە شەڕدا شكاوین و لە ژێرەوەش رێكەوتن لە گەڵ رێوە فێڵبازەكەتان كردووە, دەست بەتاڵ تیایدا دەرچوون, بێ ئاگا لەوەی بەغا پێویستی بە شانۆگەری وا نییە نمایشی راستییەكە دەكات, چونكە هەڵبژاردن پێویستی بەم چیرۆكانەیە, ناتانزانی حەسەن پلایس و جەماعەتەكەی ناتوانن نهێنی پارێز بن.
ئەگەر لە كەركوك 4 كاتژمێر شەڕكرابێت و لە قۆناغی یەكەمدا بەغدا تێك شكابێت, ئەوا لە دوز 4 دەقەش شەڕ نەكرا, كە چەند كیلۆمەترێك لە خوار بەرەی باشوری  كەركوكەوەیە و لەسەر هەمان راستە رێگای بەغدایە, لە خانەقین و  مەرگەسێر تەقە هەرنەكرا, لە هێرشی دووەمی سوپاو حەشد لە كەركوك رێكەوتنەكە  جێبەجێ كراو بێ تەقە پاشەكشەكرا, پێشمەرگە نەك بە تێ شكاوی بەڵكە بە چاوی پڕ فرمێسكەوە  پاشەكشەی پێكرا وەك مالكی وتی بە بێ دەستێوەردانی قاسم سلێمانی كەركوك ناگرترایەوە, عەبادیش وتی  پێشمەرگە هاوكاری هێزە هاوبەشە عێراقیەكانی كردووە نەك شەڕی كردبێت, ئیتر ئەو بەرەبەیانە پێشمەرگە زانیان دەستیان بەستراوەتەوە لە لایەن قاسم سلێمانییەوە, بۆیە كە بەرەبەیانی دنیا روناك بوەوە كە پاشەكشەیان دەكرد بە بەرچاوی هاووڵاتیانی شارەوە,  بینیان پێشوازییەكەی جارانیان لێ ناكرێت .
هاشم هاشمی نەیشاردەوە كە  رێككەوتن لە نێوان پاڤێڵ تاڵەبانی و قاسم سلێمانی و هادی عامریدا بووە, كەریم نوری وتە بێژی حەشدی شەعبیش وتی پێشمەرگە نەشكاوە بەڵكە هاوكاریمانیان كردووە لە شەڕەكە, ئیتر قسەو لێدون زۆر زۆرە لەم بوارە, دەسەڵاتدارنی شیعەش وەك كورد وان لە هەرچوارلاوە قسە دەكەن .
لێرەدا دەركەوت عەرابی گرتنەوەی  كەركوك قاسم سلێمانی بوو نەك عەبادی و  سوپا و حەشدی شەعبی, پرۆسەكەش شەڕ نەكردنی پێشمەرگە بووە نەك تێكشكان, چونكە هێزەكانی بەغدا لە شەڕی بەراییدا تێكشكان و پاشەكشەیان كرد, ئەگەر لە تێكشكان بەردەوام  بونایە ئەوا  نەخشەكەی هاوكاری كەران جێبەجێ ناكراو حاجی قاسم سلێمانیش بە دۆڕاو لە یارییەكە دەردەچوو, چونكە لە گەڵ  روناك بونەوەی دنیا  ئیتر نیگاكان دەكەوتنە سەر شەڕی كەركوك, شەڕێك چەند كیلۆمەترێك لە شارێكی ملیۆنییەوە دور بوو, كاردانەوە لەسەر شەڕی كەركوك  زۆر زیاتر دەبوو وەك لە هەندێك وردە شەڕی  دواتر,24  كاتژمێر شەڕیان  بكردبایا,  جیهان داوای راگرتنی دەكرد,ینك هێزی  یەكەمی شارەكەیە تا دەگاتە خانەقین, هێزی سەربازییەكەشی هێزی سەرەكییە, بۆیە ئەو رێكەوتنە بەرەكانی شەڕی لەو ناوچەیە ئارام راگرت.

رێكەوتنی پاڤێڵ تاڵەبانی و حەیدەر عەبادی و هادی عامری عەراب و ئەندازیارەكەی قاسم سلێمانییە, كاری مانگێك زیاتری ئەو بوو ئەو بەرەبەیانە بەری خۆی گرت, ئەو لە پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش بە درێژایی ئەو 22 رۆژە دەیەویست ئەو ئەركە پیرۆزە جێبەجێ بكات, تەنانەت تارمایی قاسم سلێمانی تەواوی رۆژی یەك شەمە 15ی ئۆكتۆبەر  لە دانوساندنەكانی دوكان بوو, ئەوەی لە 16ی مانگ رویدا سەركەوتنی قاسم سلێمانی بوو نەك عەبادی یان  تێكشكانی پێشمەرگە.
دوای روداوەكە شێخ  جەعفەر و كۆسرەت رەسول و  مەلا بەختیار چەند  كەسێكی  بنەماڵەی تاڵەبانیان تۆمەتبار كردبە ئەنجامدانی خیانەت وكەوتنی كەركوك و تەسلیم كردنەوەی, وەلێ لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەشاری سلێمانی رایگەیاند:  هیچ ریكەوتنێكیان لەگەڵ عێراق نەكردوە تەنها پێشنیازیان كردوە هێزەكانی هاوپەیمان بچەنە سەربازگەی كەیوان لەكەركوك, وەك ئەوەی زۆرینەی بەناو ئەو 38 سەركردایەتیەی واژۆیان لەسەر نامەكە كردووە, هەرچەندە ئەوانەی رێكەوتنەكەیان كردووە هیچ پێگەیەكی سیاسییان نییە لەناو ینك و رێكەوتنەكەیان بە رێگای شەرعی حیزبایەتیدا نەڕۆیشتووە, لە 52 ئەندامی سەركردایەتی ینك, تەنها ئاڵا تاڵەبانی بە كەیفی خۆی ئەمسەرو ئەوسەرە كات و قسە دەكات, ئەوانی دی ئەو رۆژانە تاسا بوون, هەندێكشیان پەشیمان بونەوە لە واژۆكانیان بەوەی لە خشتە براون یاخود واژۆیان نەكردووە لەسەر نامەكە.
بە پێی قسەی ئەوانەی كەركوكیان دابەدەستەوە, ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێك هاتبوو لە نێوانیان, لە راستیدا  ئەو ژوری ئۆپەراسیۆنە تەنها بۆ تەسلیم كردنی كەركوك بوو هیچی تر,دوای تەواو بوونی ئەركەكە دواتر دەست بەتاڵ دەركرانە دەرەوە. بە پێی رێكەوتنەكەیان بڕیاربو لیوایەكی معێراقی ام جەلال بێتە كەیوان لەكەركوك لەگەڵ هێزێكی هاوبەشی ئەمریكی و بەریتانی نیشتەجێ بكرێن و بەهاوبەشی پۆلیسی فیدراڵی چاودێری دۆخی ئەمنی بكەن, پارێزگارێكی كورد دابنێن , ئەنجومەنێكی نوێ دەستنیشان بكرێت ......وەلێ هیچی جێبەجێنەكرا.
باش بوو ئەو رۆژە تیرۆری ناوخۆیی و شەڕ روی نەدا,  لە كەلی سێكانی بە بەرچاوانەوە  بانگ دەكرا كێ  سەربە كۆسرەتە و كێ سەر بە ئاسۆ ئەڵمانییە, لەوێ هێزەكان جیا دەكرانەوە , ئیتر لە قۆڵی چیمەنەوە مەگەر خوا بزانێت چی گوزەراوە.
كەواتا كورد ئەو رۆژە  تەنها ئەمەریكاو رۆژئاواو جیهان  خیانەتیان لێی لێنەكرد, بەڵكە خیانەتی جەرگبڕ  ئەو خیانەتە بوو لەناو خۆوە لێیكرا, هەر ئەو خیانەتە  بوو جیهانی بێدەنگ كرد لەبەرامبەر ئەو تراژیدیانەی رویاندا, گرنگی ئەو خیانەتە بۆ بەغدا وایكرد هەر زوو وێنەكان بڵاو بكاتەوە بێ ویستی هاوكاری كەرانیان و ئەوەی لە ژێر بەڕەیە  بیهێنێتە سەر بەڕە دەستخۆشیەكان بگەیەنێت بە بیرو رای جیهانی بڵێ هێنراینەوە  نەك براوەی شەڕ بین, كە شەڕیش نەبێت قسە كردن لە كارەساتەكانی شەڕ بێ مانایە.ئەمەی خوراوە دەقی رێكەوتنەكەی بەناو سەركردایەتی ینك ە لەگەڵ عەبادی, ئەوەی شاراوەیە  ئەوەیە  ئەم رێكەوتنە كرا یان نا, كێ ئەنجامی نەدا؟, هۆكارەكەی چی بوو؟ : "  سلێمانی 14-10    بەهۆی ئەو بارودۆخە هەستیارو نالەبارەی هاتۆتە ئاراوە لە ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە گشتی و شاری كەركوك بە تایبەتی, وە بۆ ئەوەی ناكۆكییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان نەگاتە ئاستی شەڕێكی نەخوازراو لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان , كە زیانی گەورە بە هەرێم و عێراق دەگەیەنێت بۆ ئەم بابەتە كۆمیتەی سەركردایەتی بڕیاریدا:-
1-سەركردایەتی سەربازی هاوبەش لە سنوری كەركوك پێك بهێنرێت نوێنەرانی هێزەكانی ئەمەریكا و پێشمەرگەو سوپای عێراقی تێدا بێت , ئەركی سەرەكیان بریتی دەبێت لە دابینكردنی ئاشتی و ئارامی لەو ناوچانەو بارەگاكەشی لە سەربازگەی كەیوانی شاری كەركوك دەبێت.
2- هیچ هێزێكی سەربازی نەهێنرێتە ناو شاری كەركوك.
3-كێشەو ناكۆكیەكانی تر لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە رێگای دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستور چارەسەر بكرێت.
4-نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكا هاوكار و پشتیوان  بن  بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی سەرەوە . 38 ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی  ینك    "
زیرەكی ناوێ تا هەڵیبێنیت  كە ئەمەی لە 16ی ئۆكتۆبەر رویدا ,  31ی ئابێكی تر بوو بە سیناریۆیەكی ترەوە , هیزەكان لە بری بە ئاڵای زەردەوە لەسەر تانكەكانی كورد بن , كەچی ئەمان رۆڵەی هەژارانیان ناردە بەرەكانی شەڕ و بە كوشتیاندا و سوپای داگیركەریش  ئاڵای كوردستانیان لە ژێر پێ نا , 31ی ئابەكەی پارتی لە كاتێك رویدا 2 ساڵ بوو لە گەڵ ینك شەڕیان بوو, كەچی 16ی ئۆكتۆبەر لە كاتێك رویدا 15 ساڵە حكومەتی هاوبەشیان هەیە , لە 31ی ئاب حیزب بەكارەكە هەڵسا, لە 16ی ئۆكتۆبەر چەند كەسێك لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبی پێی هەڵسان, واتا لێرەدا ینك وەك دەزگایەكی حیزبی بەرپرس نییە, ئەوەی بەرپرسە فەرماندە سەربازییەكانە كە لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی خۆی فەرمانی وەرگرتووە, ئەمە بە رونی لە كۆبونەوەی كۆسرەت رەسول لە گەڵ فەرماندەكانی سەربازی دەركەوت, وەلێ تا كوردو كەركوك ماون, ناسۆرو ئاخی ئەو رۆژە رەشە دەمێنێت و ئەنجامدەرانی لە دەرگایەكی رەشەوە  دەچنە مێژووی شارەكەو و هەموو كوردەوە.
سیناریۆكانی  رۆژانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر ناتوانێت راستی روداەكە بشارێتەوە, نە پێشمەرگە شكاوە, نە تانكی ئەبرامزیش لە فلیمە خەیاڵییەكانەوە هێنراونەتە ئەرزی واقعی شەڕەكەوە نەشكێنرێت, ئەوە بوو لە پردێ و زومار لەو شەڕە بچوكانە بینیمان چۆن بە شكاوی جێهێڵران.
دەبێت  لێكۆڵینەوە بكرێت و راستیەكان ئاشكرا بكرێت  و  ئەو كەسانەش وەڵامی  دەسەڵاتدارانی عێراق  بدەنەوە كە دەڵێن شەڕ نەكراوە بەڵكە ئێمە براینە ناو كەركوكەوە, نەك بۆ رایگشتی كوردستانی پینەو پەڕۆی كارەكانیان بكەن, سەدان هەزار كەركوكی و دوزی و خانەقینی روداوەكان لە بەرچاویانن پێویست بە رونكردنەوە ناكات, چۆن وەڵامی كەناڵەكانی كەی 24 و  روداو دەدەنەوە, ئاواش راشكاوانە وەڵامی دەسەڵاتدارانی عێراق بدەنەوە كە ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەكان و پەیوەندییە مێژوییەكانیان دەكەن لە گەڵ ئەو چەند كەسە.

دەكرا شكانی سەرتاسەری نەبێت
بەیانی 16ی ئۆكتۆبەر كەلی سێكانی سەدان پێشمەرگەی پێوە بوو, لەودیو ئەوانیشەوە پێشمەرگە لە پاشەكشەدابوو, هێزەكانی بەرەی پێشەوە كشێنرایەوە  بۆ پشت كەلی سێكانی,ئەو رۆژە  هێزەكانی ینك بارودۆخیان وەك سەردەمی ئەنفالەكان بوو, متمانەیان بە یەكتر نەمابوو, لەناو شارەكان سوكایەتی زۆریان پێكرا كە ئەوان تاوانیان نەبوو, هەر كوڕە ئازاكانی ساڵانی پێشوتر بوون, زۆرینەی ئەوانەشی ئەوكارانەی دەكرد رێكخستنەكانی پدك و بە هاندانی كەناڵەكانی پدك بوو, خۆشیان بەو هەموو ئازایەتی و بوێرییەیانەوە كە 3 ساڵ و سێ مانگ بوو لە بەرامبەر داعش نواندبویان  لە ئاست روداوەكان  روخا بوون, فرمێسكیان بۆ شكان نەەبوو, بەڵكە بۆ ئەوە بوو 40 مانگ بوو خزمەتی ئەو سەنگەرانەیان دەكرد, ئێستا لەناكاو پێیان چۆڵكرا. بەڵام وەك ئاماژەم پێ دا,  هێزەكانی پارتی دەیانتوانی كەلی سێكانی بۆ پردێ كۆنترۆڵ بكەن و بەو ساناییە قەراغی شار بەجێ نەهێڵن و دور نەكەونەوە لێی و هەمیشە چاویان بەسەر شارەوە بێت, هێزەكەی بەغا ئەوەندە فشۆڵ بوون نایان توانی لە كەركوك بمێننەوە ئەگەر ئەو بەرزاییانە  بێ شەڕ چۆڵ نەكرابایان, ئەوەی رویدا هێزەكان پدك و كەركوك وەك رۆژەكانی سەرەتای شەڕی داعشیان لێ هاتبوو, هەر هەڵاتن بوو و ئاوڕ نەدانەوە بوو بۆ دواوە, دەیانتوانی هەزاران خۆبەخش بەسەر ئەو رەبایانەدا دابەش بكەن و بە چەكە  قورس و  نیوە قورسەكانەوە داكۆكی بكەن, ئەوەندە لە شار دور نەكەونەوە تا گەڕانەوە بۆی ببێتە خەون .
لە لایەكی ترەوە دەبوایا شەڕی سەرانسەری  دوای یەكەم تەقەی حكومەتی عێراقی  رابگەیەنرایا, ئاخر بەرگری تا سەر شكستییە لە شەڕدا.
حكومەتی عێراقی بە چەند تێسرەواندنێكی سەربازی بچوك لە پردێ و مەخمور و تەلەسقۆف و مەحمودیە و زومار  زریكەی لێ هەڵسا, هەرچەندە شەڕی سەرانسەری لەم بارودۆخە سیاسییە, بەم گەلەكۆمە هەرێمییەی خستویانەتە سەر كوردستان, بە مانەوەی حكومەتی هەرێمی ئەستەمە وەلێ لە مردن چارەسەرترە.

ئامانجە لاوەكیەكانی كارەساتی كەركوك

هەندێك شرۆڤەكار ئامانجی ناوخۆیی بەشداری هەندێك لە ماڵباتی تاڵەبانی لە هاوكاری سوپای عێراق لە گرتنەوەی كەركوك  دەبەنەوە  بۆ  كودەتای ناو ینك و دەستبەسەرداگرتنی ئەم حیزبە لە كودەتایەكی بنەماڵەیی بێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرە " لادانی نەجمەدین كەریم  پارێزگاری كەركوك, دەركردن و لاوازكردنی نەیاران لەناو هێزی  پێشمەرگەی ینك یەكەی 70, بە تایبەت  " كۆسرەت رەسوڵ , شێخ جەعفەر, مەحمود سەنگاوی", لاواز كردنی خەتی نەیارانی بنەماڵە لە رێكخستنەكانی  ناو كەركوك بە تایبەت خەتی  كۆسرەت كە ناسراوە بە كوتلەچی, مەترسی هەبوو ئەم كودەتا ناوخۆییە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر بە تەسفیات بگات لە كاتێك زۆربەی ئامانجە دەستنیشاكراوەكان لە كەركوك بوون.
هەرچی بەرامبەر بە پارتییە  هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا, كە پارتی لە پێگەی جەماوەری خۆی زۆر زیاتر ئەندامی لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیەو وەرگرتنەوەی  بیرە نەوتەكان لێی, وە دەركردنی یەكجارەكی لە شار پاش ئەوەی بەهۆی ئیمكاناتەوە هێزی زیادی كردبوو لە شارەكە تەنانەت هێزی لە گەڵ پێگەی دەنگەكانیشی یەكی ناگرتەوە,وە لاواز كردنی لە سەرتاسەری كوردستان ,  ئامانجە ناوخۆییەكان جگە لە دەركردنی دكتۆر نەجمەدین پێی گەیشتن ئەوی دیكە لەم قۆناغەدا بە روكەش پێی نەگەیون, لێ هێشتا ململانێكان بە كۆتا نەگەیشتوونە,دەركردنی دكتۆر نەجمەدینیش  ئامانجەكەی سەری نەگرت, لەبەر ئەوەی كاندیدەكەیان رزگار عەلی  لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە   رەتكرایەوە, مەترسی هەیە خودی پۆستەكە لە دەست كوردەكان دەبچێت و بەر پێكهاتەكان تر بكەوێت.
هەندێك كەس ئەم ئامانجە لاوەكیانە بە ئامانجی سەرەكی دەزانن و پێیان وایە ئامانج لێی دوو كودەتای سیاسی بوو بەسەر نەخشەی سیاسی كوردستان و  هەرەمی دەسەڵاتداری لەناو ینك, بەڵام من پێم وایە ئامانجی سەرەكی لای ئەمان نەبوو, چونكە كارەكتەری سەرەكی نەبوون لە نمایشەكە, بەڵكە تەنها هاوكاریكەرێك بوون لە كۆتادا سوپاسی خۆیان وەرگرت, بەڵكە ئامانجی سەرەكی گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتی بوو لەسەر پرۆسەی بە كوردستانیكردنی كەركوك و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی, داگیركردنەوەی كەركوك لە ئێستادا ئەو ئامانجەی پێكا.
دیارە ململانێكانی ماڵباتی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد  لە گەڵ هەرەمی دەسەڵاتی ناو ینك  كۆبونەوەكەی 24ی ئۆكتۆبەر گوایا یەكلای كردۆتەوە, سەرەتای ململانێكانە, ئەگەر شەرعیەت لای هەرەمی شەرعی " مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی "بێت , ئەوا دارایی و گۆڕی تاڵەبانی و دەزگا ئەمنییەكان و  راگەیاندن و ..... لای ئەمانە.
سەیركەن لاهور شێخ جەنگی بەرامبەر بە  سەعدی پیرە چی دەڵێت “لای ئێمە جێگەی قبوڵكردن نیە سەعدی پیرە بەناوی یەكێتیەوە لێدوان بدات، ئەو سەردەمە تەواو بوو چیتر رێگە نادەین چەند كەسێكی بێ دەسەڵات و كەمینە یەكێتی بكەن بەكلكی پارتی”.
پێش كۆبونەوەی ئەنجومەنی ناوەند شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی " ئەنجومەنی ناوەندی  ینك بڕیار لەسەر كۆنگرە  دەدات"لاهور شێخ جەنگیش لە دیداری رۆژنامەنووساندا  جەختی لەوە كردوە لەماوەی دوو مانگدا كۆنگرە دەبەستن و تەواوی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بەكۆمەڵێك گەنج‌و خوێنی تازە نوێ دەكەنەوە وجارێكیتر لەناو یەكێتیدا متمانە نادەنەوە بەو ئەو هەڤاڵانەی ریفراندۆمیان كرد”.
لێرەوە دەردەكەوێت, ئەگەر چەند ساڵێك بێت ینك نەیتوانیبێت كۆنگرە ببەستێت بەهۆی باڵ باڵێنەوە, ئەوا زیاتر ینك بەرەو یەكدەست بوون دەڕوات و لە كۆنگرەدا دوا بزمار لە تابوتی نەیاران دەدرێت و هەموو دەسەڵاتەكان دەكەوێتە دەست ماڵباتی تاڵەبانی و  لایەنگرانیان.


جیاوازی 31ی ئاب و  16ی ئۆكتۆبەر
بیرۆكەی  وەرگرتنەوەی سەربازگەی   كی 1 ی كەركوك  لە پێشمەرگە  و رازی بوون بە هاتنەوەی سوپای عێراقی بۆی و بەڕێوەبردنی هاوبەش لە لایەن هەردولایانەوە, بیرۆكەی نێردەی تایبەتی  سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر  ماكگۆرك بوو, ماكگۆرك چەند كاتژمێرێك پێش پەلامارەكەی كەركوك  داوای رۆژێكی دیكەی كرد بۆ درێژەدان بە هەوڵەكانی, بۆ ئەوەی شەڕ رونەدات, وەلێ عەبادی گوێی پێ نەدا و لە نیوەشەوی كۆتایی هەفتەی مەكگۆرك هێرشەكەی  دەستپێكردو یەكەم تەقەی خۆی كردو بڕیاری شەڕی دا بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن حاجی قاسمی سلێمانییەوە.
سێ جیاوازی لە نێوان 31 ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبەر هەبوو , ئەوانیش :
1-     لە 31 ی ئابدا پارتی وەك حیزب كارەكەی ئەنجامدا, شتی شاراوە نەبوو, تانكەكانی بەعس چەكداری پارتی بە ئاڵای زەردەوە بەسەرەوە بوو , وەلێ لە 16ی ئۆكتۆبەردا حیزب ئەو كارەی نەكرد, گروپێك پێی هەڵسان پێگەی بڕیاردانیان نەبوو, رێكەوتنەكان لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبییەوەو بە دزییەوە ئەنجامدرابوو.
2-     لە 31ی ئابدا هەولێر لە ینك سەنرایەوە درایە پارتی , وەلێ لە 16ی ئۆكتۆبەردا كەركوك لە ینك و پدك سەنرایەوە  و حكومەتی عێراقی دەستی بەسەردا گرت .
3-     لە كۆبونەوەی دوكانی پدك و ینك , یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆ ئەم دۆسیەیە بوو, واتا پارتیش ئاگاداری ئەم بژاردەیە بوو و بە نهێنی ئەنجام نەدرا, دەبوایا ئاگاداری ئەگەری جێبەجێكردنی ئەم بژاردەیە بونایا.
لە گەڵ لە  ژێر پێنانی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركوك , هەموو رێكەوتنەكانیش لە ژێر پێ نرا, شێوازی  گرتنەوەی كەركوك و  هەڵسوكەوتەكانیان نیشانی دا ئەوان سەیری كورد و ئاڵای كوردستان  وەك عێراقی ناكەن, رازی بوون بە هژمۆنیای  عێراقی لەو ناوچانەی بێشەڕ كشانەوە  وەك دوز و خانەقین و تراژیدیاكەی كەركوك ,  بۆخۆی بزمار بوو لە تابووتی رێكەوتنەكە, ئاڵا تاڵەبانی لە تەلەفزیۆنی ئافاقی سەر بە مالكی وتی "كەركوك گەڕایەوە باوەشی عێراق, حكومەتی عێراقیش كاندیدی ینك ی  بۆ پارێزگاری كەركوك رەتكردەوە , دەبێت كورد ئیتر   داوای مافەكان و  گفتوگۆ لە  ئەبوەكانی پلایس و عوزرائیل بكات, گرنگی بە پێگەی ینك  نەدرا, كە هاوبەشی گرتنەوەی شارەكە بووە, هاوكات خەڵكیش  زوو رێكەوتنەكەیان شەرمەزار كرد, پرۆسەكەیان بە لەدەستدان و داگیركردنی كەركوك ناساند, بۆیە ینك بەم ستافەوە زیان لێكەوتەی یەكەم دەبێت لە شارەكە, هاوكات توركیاو ئێران لەبەرامبەر كورد لە كەركوك یەكگرتوو بوون, كە كورد دەركرا, هاوپەیمانیەكەشیان فەلسەفەی مانی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە .
تەنانەت توركیا و عێراق وشەی هەرێمی كوردستانیان لە نوسین و ئاماژەكانیان  سڕییەوە, باكوری عێراقیان لە بری دانا, پێشمەرگە بە چەكداری هەرێم و گەلی كوردستان بە هاووڵاتیانی باكوری عێراق ناسێنرا, هەمو ئەمانە  وامان لێدەكەن بڵێین  ئەمجارە مناڵەكانی تاڵەبانی و بلەی ئەحە رەش بە پێچەوانەی رێكەوتنی سێو وپرتەقاڵی  بارزانی لە گەڵ بەغدا1964 لە 10ی شوباتی 1964 , ئەمجارە ئەوان كەركوك و كوردستانیان بە سێوو پرتەقاڵێكی كرماوی گۆڕییەوە , مێژوو دیسان بە شێوە كۆمیدییەكەی  دوبارە بوەوە, ئەو كێكەی خستیانە بەردەستیان ژەهراوی بوو, فریای خواردنی نەكەوتن.
 شكستی سەربازی مافی گەلی كورد ناسڕێتەوە, ناسنامەی شاری كەركوك و شارۆچكەكانی دی ناگۆرێت, هەرچەندە كوردیش نەیتوانی بە باشی فەرمانڕەوایی بكات,توركمان و عەرەبەكانی كەركوك  بە بەرچاویانەوە نەوتی شارەكە  دەڕۆیی بۆ هەرێمی كوردستان, هیچ دەستكەوتێكی بۆیان نەبوو, وەك دەست سبەسەر گیراو سەیریان دەكرد, هاوكات لە دوای شەڕی داعشەوە, هەموو شتێك لە بەڕێوەبردنی شارەكە گۆڕا,تەنانەت مزایەدەی روكەشی تەندەرەكانیش نەما, زەوی داگیر كردن پەرەی سەند, دزی زیادی كرد, پرۆسەی سیاسی چووە دواوە لە شارەكە, ئەمەو زۆری دی وەك ئەوەی شەڕی داعش نیعمەت بێت بۆ فەرمانڕەوا كوردەكانی شارەكە, ئەوەی كردیان بای ئەوە هەبوو هاووڵاتیان هەست بە لە دەستدانی دەسەڵاتێك نەكەن لە دەستیان چوبێت .
لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێن قزڵباشییەكانی قاسم سلێمانی لەم خولەدا  چەند ساڵ لە كەركوك دەمێننەوە؟.

نوێترین نوسینەکانی عەلی مەحمود محەمەد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌