بەکەلتورکردنی درێژکردنەوەی پەرلەمان!

وتار/ 25/10/2017 566 جار بینراوە

سالار مەحمود

بەکەلتورکردنی درێژکردنەوەی پەرلەمان!
سالار مەحمود
بەپێچەوانەی هەموو پەرلەمانەکانی دونیا بۆچی درێژکردنەوی تەمەنی پەرلەمان لە کوردستاندا بووەتە کەلتورو هەموو خولەکان دەستبراوە بۆ درێژکردنەوە؟
سەرەتا با بە پانۆرامای ئەمێژووەدا تێهەڵچینەوە.
ئەم خولەی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک درێژکراوەتەوە نەک هەشت مانگ.. لەدانیشتنی رۆژی ۲٤/۱٠پەرلەماندا لە ٦/۱۱/۲٠۱۷ەوە دوو خولی گرێدان درێژکراوەتەوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مادە(٥) پەرلەمانی کوردستان لە ساڵێکدا دوو خول گرێدەدات. واتە ئەم درێژکردنەوەیە تا ٦/۱۱/۲٠۱۸ یە.
ئەم بابەتی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان بووەتە عورفێکی ناشرین و لەیەکەم خولەوە کاری پێکراوە تا دوایین خول، واتە لەهیچ سەردەمێکدا لەماوەی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردن نەکراوە.
لەهەرچوار خولەکەی پەرلەماندا چەند جارێک پەرلەمان درێژکردنەوەی تێداکراوە. ئەمە بەبێ ئەوەی لە پەیڕەوی ناوخۆدا هیچ باسی درێژکردنەوەی تێدا بێ. یەکەم خول و لەساڵی ۱۹۹٥ بۆ ماوەی ساڵێک پەرلەمان ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە. لەساڵی ۱۹۹٦ بۆ ماوەی سێ مانگ پەرلەمان ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە. لەهەمان ساڵدا ۱۹۹٦پەرلەمان  بۆ جاری دووەم ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە تا ساڵی ۱۹۹۸.
لەساڵی ۱۹۹۸ جارێکی تر پەرلەمان درێژکراوەتەوە تا کاتێکی نادیار، خولی یەکەمی پەرلەمان تا ساڵی ۲٠٠٥ ی خایاند.
لە خولی یەکەمدا پەرلەمان چوار جار ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە.
لە خولی دووەمی پەرلەمانیشداو لە کۆتایی خولەکەدا جارێکی تر لە دانیشتنی رۆژی ٤/٦/۲٠٠۹ بۆ ماوەی هەڵبژاردنی ۲٥/۷/۲٠٠۹بۆ کەمتر لەدوو مانگ پەرلەمان ماوەکەی درێژکراوەتەوەو لەو ماوەیەدا پرۆژەی دەستوری کوردستان پەسەند کراوە.
هەر لە خولی دووەمداو لە هەمان دانیشتنی رۆژی ٤/٦/۲٠٠۹ ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بارزانی بە زۆرینەی دەنگ درێژکراوەتەوە چونکە لە ۱٤/٦/۲٠٠۹ ویلایەتەکەی کە بۆ چوار ساڵبووە تەواو بوە  لەو خولەدا.
لە خولی سێیەمی پەرلەماندا پەرلەمان درێژکرایەوە لە کۆتایی هاتنی خولەکە لە ۱/۷/۲٠۱۳ بۆ ۲٥/۸/۲٠۱۳ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەم بەبیانوی دروست نەبوونی بۆ شایی یاسایی لەنێوان دوو هەڵبژاردندا.
هەر لەو دانیشتنەدا ماوەی سەرۆکی هەرێم بۆ دوو ساڵ درێژکرایەوە.
ئەم خولی چوارەمەی پەرلەمانیش درێژکراوەتەوەو دوو خولی گرێدانی خراوەتە سەر واتە ساڵێک دەکات. خۆ ئەگەر وردتر بکرێتەوەو بەپێی مانگ حساب بکرێ ئەوا دەکاتە ساڵێک و دوو مانگیش.
لەماوەی چوار خولدا پەرلەمان حەوت جار ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە. واتە لەماوەی بیست و شەش ساڵدا پەرلەمان تەنیا چوار خولی هەڵبژاردنی بینیوە کە دەبوایە حەوت خولی ئاسایی بکردایەو دەبوو تەنگژەکان ببوونایەتە مایەی هەڵبژاردنی پێشوەخت واتە ئەو کاتە لە حەوت خول زیاتریش دەبوو لەماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەدا.
ئەم نەریتە نامۆو خراپە لە هیچ پەرلەمانێکی دونیادا نمونەی نەبووە جگە لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدا لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا بەهیچ جۆرێ باسی درێژکردنەوەی تیا نییەو لە مادە(۸) دا هاتووە ماوەی خولێکی پەرلەمان چوار ساڵە لە رۆژی دەسپێکردنی یەکەم دانیشتنیەوە.
تەنیا بە گوڕینی ریشەیی لە سیاسەت و گۆڕینی ئەم مۆدێلە ناشرین و دواکەوتوەی حزبایەتی دەتوانرێ حوکمڕانی باش و بەها بۆ پەرلەمان و نرخ بۆ راو دەنگی خەڵک و نوێنەرایەتیکردنی راستەقینە دروست ببێ و ئیدی کۆتایی بەو کەلتورە پڕ نەشازو پڕ ستەمە بهێنرێت.

نوێترین نوسینەکانی سالار مەحمود

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌