ئەزهەریش کەوتە تەڵەی ڕەگەزپەرستی‌و ناهەقییەوە!؟

وتار/ 06/10/2017 797 جار بینراوە

ئەبوبەکرهەڵەدنی

ئەزهەریش کەوتە تەڵەی ڕەگەزپەرستی‌و ناهەقییەوە!؟
ئەبوبەکرهەڵەدنی
ئێمە لەمێژە دەزانین دامودەزگاو دامەزراوە ئاینیەکان لەوڵاتانی بەناوئیسلامی بەسیاسی کراون‌و هەرگیز بێلایەن نەبون‌و بەمەیل‌و خواستی دەسەڵاتداران جوڵاونەتەوەو فتوایانداوەو کارە ناڕەواکانی ستەمکارانیان شەرعاندوە، یاخود قوڕوقەپیان لێکردوە، باشترین نمونەش ئەو هەمو جینۆسایدو ئەنفال‌و کیمیاباران‌و سوتماککردنی خاکە بەسەر گەلی کوردا هات هەڵوێستی شەریفانەمان لەوبەناو دەزگا ئایینیانە نەبینی لەسەد ساڵی ڕابردودا.

ئاخر ئەزهەرێك لەبەرامبەر سەربڕینی دیموکراسی‌و ویستی گەل‌و کوشتارگەی ڕابعە ورتەی لێوە نەیەت، دەبێت ئێمە لەو دورەوە چ شاییەکمان پێی بێت.

لەدوا فەتوای ناشەریف‌و گوێ لەمستەکانی سیسی لەئەزهەرەوە لەبه‌رواری 2/10/2017 کە لەسەر ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان دەریانکردوە، شەکریان شکاند بەوەی ئەوە پیلانێکی ئیستیعماریەو ئامانچ پەرتەوازەکردنی ئومەتی عەرەبی‌و ئیسلامیە.

جارێ ئەوە ئێمەین قوربانی دەستی ئیستیعماری کۆن‌و نوێین‌و بەسەر چوار وڵاتدا دابەشیانکردوین‌و لەهەزارەی بیست‌و یەکیشدا هێندەی وڵاتی (مالاوی) کە دانیشتوانەکەی پڕگۆڕەپانی تیپێکی پلە سێی فتبوڵە، مافمان پێ ڕەوانابینن.

پاشان ئێمە هەرگیزاو هەرگیز بەشێک نین‌و نەبوین لەئومەی عەرەبی، ئەو ئومەی عەرەبیەی کە وەک شێخ مەحمودی نەمر لەنامەکەیدا بۆبەریتانیا دەڵێت: (ئێمە مافی خۆمانە سەربەخۆ بین، پاشان عەرەب هەرگیز قەدرو مافی ئەوانەیان نەداوە کە لەگەڵیاندا دەژین).

سەبارەت بەبالۆرەی ئومەی ئیسلامی ئەو ڕۆژگارە بەسەرچو کە کورد بەناوی برایەتی ئیسلامی بخەڵەتێت، ئەو برا تورک‌و عەرەب‌و فارسە ئیسلامیانەی ئەوەی خوا پێی ناخۆشە بەناوی ئاینەوە بەرامبەر کورد کردویانە.

کاتێک ئێمە بەشێکین لەئومەی بەناوئیسلامی کە ڕێز لەبەشداری کورد لەژیاری ئیسلامی بگیرێت کە چ ڕۆڵێکی کارای لەبواری زانستی‌و سەربازی‌و شارستانیەتی ئیسلامیدا گێڕاوە.

یەکێکی تر لەناماقوڵیەکانی ناشەریفەکانی ئەزهەر گوایە ئاڵای ئیسرائیل لەئاهەنگەکانی ڕیفراندۆم هەڵکراوە,ئەزهەر چاوی کوێرایی داهاتوە کە ئاڵای ئیسرائیل لەقاهیرەو شەرم ئەلشێخ‌و پایتەختی دەوڵەتانی عەرەبی نابینێ, یاخود ئەوە وڵاتانی عەرەبین یان کوردە کە دەیان ڕێکەوتنی سیاسی سەربازی‌و ئابوری پێکەوەیان دەبەستێتەوە لەگەڵ قەوارەی جولەکەدا.
نەزانەکانی ئەزهەر ئەو هەمو ئایەت‌و فەرمودە نابینن کە باس لەکەرامەت‌و ئازادی‌و شکۆی مرۆڤ دەکات، یاخود ئیرادی خوایی لەدروستکردنی گەل‌و نەتەوەو زمانە جیاوازەکان بۆ تەواوکاریی‌و یەکتر ناسینە نەک سرینەوەو نکوڵی لێکردن.

 لەکۆتاییدا ڕودەکەمە ئیسلامیەکانی کوردو دەڵێم با ئێمەش ئاین‌و دینمان بۆ پاریزگاری لەشکۆی گەلەکەمان‌و دروستکردنی قەوارەی پڕ دادو هەیبەتی خۆمان بەکاربێنین، وەک چۆن زڕ براعەرەب‌و تورک‌و فارسەکانمان دەیان دەولەتیان پێ دروستکرد، بەسە خەڵەتاندن‌و خۆشباوەڕی‌و فریودانمان بەناوی برایەتی ئاینییەوە.

نوێترین نوسینەکانی ئەبوبەکرهەڵەدنی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌